ئومێد خۆشناو: سەرۆک بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆدەبێتەوە

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پاش کەمێکی دیکە سەرۆک بارزانی لەگەڵ ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 5ـی ئەیلوولی 2025، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا و لە پارکی ئۆندرێ سیترۆێن، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی پەردەی لەسەر تابلۆی پێشمەرگە لادا، هەر لەو ڕێوڕەسمەدا، سەرۆک بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد، تێیدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و لە گوتارێکدا گوتی: فەرەنسا بە درێژایی مێژوو، هەموو کات هەڵوێستی مرۆڤایەتی و دۆستایەتیی بەرانبەر بە گەلی کوردستان بووە و لە سەردەمی ژەنەراڵ دیگۆل تا ئەمڕۆ هەموو کات فەرەنسا پشتیوانی دۆزی گەلی کوردستان بووە و یەکەم وڵات بووە ڕێگەی داوە ئەنستیتۆی کوردستانی لە پاریس بکرێتەوە.
سەرۆک بارزانی هەر لە گوتارەکەیدا گوتی: جێی خۆشحاڵییە کە بە گۆرینی حکوومەت، هەڵوێستی فەرەنسا بەرانبەر بە دۆزی گەلی کوردستان نەگۆڕاوە. لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەند گۆرانکاریمان بینی؛ سەرۆک هاتن و سەرۆک چوون بەڵام هەڵوێستی فەرەنسا بەرانبەر بە گەلی کوردستان نەگۆرا. یەکەم سەرۆکی ئەوروپا، سەرۆک میتەران، یەکەم سەرۆک بوو کە سیاسییەکی کورد ببینێت ئەویش ساڵی 92 بوو کە پێشوازیی لە من کرد؛ ئەوە بۆ من سەربەرزییەکی گەورە بوو. یەکەم خانم یا کەسێکی ئەورووپی کە من دیتم فرمێسک بۆ قوربانییانی گەلی کوردستان بڕێژێت، مادام میتەران بوو ساڵی 1989 و ئەمە هیچکات لە بیر ناکرێت.