فهرحان جهوههر
نووسەر
ئەم هەموو جنێوە بۆ ژنە نووسەرێک دوای مردنی
"هەموو ئەخلاقی کوردەواری وابووە، هەر بەمنداڵی هەموو دایک و بابێکی کوردەواری منداڵەکانییان وا پەروەردە کردوونە و پێیان گووتوونە: کە مرۆڤ دەمرێت شەیتان ئیدی دەستی لێ هەڵدەگرێت"
میللەتێک بەشێکی خوێندەوارەکانی تا ئەو ئاستە جنێو فرۆشبن، مرۆڤ تەنها ئەوەی بۆ دەمێنێتەوە و بڵێت: خودا رەحم بکات، نەک هەر بە ئێمە، بەڵکو بەنەوەی داهاتووش.
دوای بڵاو بوونەوەی هەواڵی مەرگی خانمە ژنی شاعیر و نووسەر مههاباد قەرەداغی لە راگەیاندنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئیدی وەک ئەوەی هەواڵی مەرگی ترسناکترین بوونەوەری سەر ئەم زەمینە راگەیاندرابێت، بە سەتان و بگرە هەزاران کۆمێنتی پڕجوێن بۆ مەرگی ئەو خانمە ژنە شاعیر و نووسەر و زیندانی سیاسییە نووسرابوون. کە هەر لە پێناوی ئەو جنێوفرۆشانەدا سەردەمێک گەنجایەتی خۆی لە تێکۆشان و زیندان بردەسەر.
بەشێک لەو کۆمێنتانە بەناوی بەرگری بوون لە ئیسلام و دین، گوایە ئەو ژنە دژی دین بووە و داوای یەکسانی ژن و پیاوی کردووە، هەندێک لە کۆمێنتەکانی تریش پەیوەندیان بە بەشداری ئەو بووە لە دەسەڵات، ئەوەی من بەمەترسی دەبینم نەک لە ئێستادا، بەڵکو لە داهاتووشدا ئەوهەڵە تێگەیشتنە مەترسیدارەیە لە دین، لەلایەن بەشێکی زۆری گەنجانی وڵاتەکەمان، ئاخر ئێمە هەر لە منداڵییەوە وافێرکراوین کە دوای مردنی کەسێک، جگە لە رەحمەت بۆ ناردن و بەچاکە باس کردنی هیچ شتێکی خراپی لەبارەوە نەبێژین، ئەگەر لە ژیانی خۆشیدا چەندە خراپ بووبێت.
کە دەڵێم: ئێمە وا فێرکراوین مەبەستم هەموو ئەخلاقی کوردەواری وابووە، هەر بەمنداڵی هەموو دایک و بابێکی کوردەواری منداڵەکانییان وا پەروەردە کردوونە و پێیان گووتوونە: کە مرۆڤ دەمرێت شەیتان ئیدی دەستی لێ هەڵدەگرێت، بۆیە نا بێت بەهیچ شێوەیەک بە خراپە باسی کەسی مردوو بکەن، ئەمە ئەخلاقی دینی و کوردەواری بوو، ئەی ئێستا گەنجەکانمان بۆچی دەستبەرداری ئەم ئەخلاقە و ئەم دینە جوانە بوون؟ پێموایە ئەو تێگەیشتنە خراپەی ئەمڕۆ لە دین و نەمانی ئەو کولتوورە کوردەوارییە جوانەی خۆمان، بەشێکی زۆری پەیوەندی بە پەروەردەی ئیسلامی سیاسی و حزبەکانیانەوە هەیە، دەیانەوێت ئەم تێگەیشتنە دینییە کوردەوارییە لە ناو بەرن، وەک چۆن لە ناویان بردووە، راستە هەموو ئەوانەی ئەو جێنوانە دەدەن ئەندام و لایەنگری حزبە ئیسلامییەکان نیین، بەڵام بە نائاگاییەوە بەشێکی زۆر گەنجەکانمان و ئەندامانی حیزبەکانی غەیرە ئیسلامیش کەوتوونەتە ژێر هەژموونی ئەو دینە سیاسییەی لایەنە ئیسلامییەکان، کە سەرچاوە سەرەکییەکەی ئیخوانی میسرو قەتەر و سەلەفییەکانی عەرەبستانی سعودیەن، ئەمە ئەخلاقی ئیسلامی سیاسییە، خەڵکی غەیرە خۆیان بەکافرو زەندیق دەزانن و خۆیان زۆر پێ لە خەڵکی تر باشتر و ئیسلامترە، لە کاتێکدا دینی راستەقینە و دوور لە سیاسەت شتێکی جیاوازترمان پێدەڵێت: ئەویش ئەوەیە تەنها خودای مەزن دەزانێت کێمان لە کێ باشترین و هەر زاتی ئەعلاش دەزانێت کێ دەچیتە بەهەشت یان دۆزەخ، ئەوانەی خۆیان پێ لە خەڵک باشتر و موسڵمانترە و بڕیار لەوەدەدەن چ کەسێک بەهەشتی و چ کەسێک دۆزەخییە، ئەمانە لە هەموو کەسێک زیاتر لای باری تەعالا ناخۆشەویستن.
میللەتانی تر هەرلە دەوروبەرمان نەک باسی ئەوروپا بکەین، چۆن رێز لە رەمزە رۆشنیر و نووسەر و هونەرمەندەکانیان دەگرن، یەک رۆژ پێش مردنی خاتوون مههاباد قەرەداغی، هونەرمەندی بەناوبانگی ئێرانی شەجەریان مرد، کە بهیانی ئهمڕۆ بهخاك سپێردرا، سەیرکەن خەڵکی ئەو وڵاتە ئیسلامییەی کە موزیکی حەرامکردووە چ بۆ ئەو هونەرمەندەی خۆیان دەکەن، بەهەزاران هەزار کەس بێ گوێدانە مەترسی ئەو پەتایە وەک رێزو پەرۆشی بۆ مەرگی شەجەریان کۆبوونەتەوە، کەس ناپرسێ شەجەریان ئاینداربووە یا بێ ئایین، پیاوی دەوڵەت بووە یا ئۆپۆزیسیون، لای ئەوان گرنگ ئەو خزمەتەیە کە بە هونەر و ناوبانگی میللەتەکەی کردووە، دە سەیرکەن ئەوە لە پێش چاوتانە و دراوسێتانن، ئەرێ بەڕاست ئێمە تۆزیک بەسەرخۆماندا ناشکێینەوە؟ لە بەیانییەوە تا درەنگانی شەو هەر خەریکی جوێندانین بەیەکتر و رۆژی دواتریش هەر ئەو کارە دووبارە دەکەینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەزانین هیچ ئەنجامێکیشی نییە و نابێت، کەسێکیش رۆژانە کارێکی بێ ئەنجام بکات و رۆژی دواتریش هەمان ئەو ئیشە دووبارە بکاتەوە لە شێت زیاتر هیچی تر نییە.