
پاوان تهتهر نێروهیی
نووسەر
"عێراق ئەو وڵاتەی دەیەوێت فیدراڵ بێت، بەڵام تەنیا لەسەر کاغەز"

ئەمڕۆ عێراق لە چوار ڕیانێکی چەقبەستوو، وەستاوە کە زیاتر لە بازنەیەک دەچێت: بە دەور یەکدا دەسوڕێنەوە، بەڵام هەرگیز دەریچەیەک نادۆزیتەوە. سیستەمی وڵات بە فەرمی فیدراڵییە، بەپێی دەستووری ساڵی 2005، بەڵام لە پراکتیکدا وەک ئەوەی بەغدا لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە هێشتا لە سێبەری ناوەندگەراییدا دەژی و بەڕێوە دەچێت.
لە کاتێکدا سیاسەتمەدارانی عێراقی بە گەرمی باس لە دیموکراسی و یەکسانی و دابەشکردنی سەرچاوەکان دەکەن، کە لە ڕاستیدا واقیعەکە ئەمەیە: سیاسەتێکی ئەمنی کە لە نێوان میلیشیاکان و دەوڵەتدا دەخولێتەوە، ئابوورییەک کە بەردەوام دەکەوێتە ناو هەمان چاڵە قەیرانەکانەوە و دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کە جیاکارییان لەگەڵ دەکرێت هەرچەندە بەپێی دەستوور، هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی یاسایە و بە پێ دەستوور بڕیارە هاوڵاتییان بە یەکسان سەیر بکرێن.
"ئاسایش: ئەو وڵاتەی کە ناتوانێت ڕێکوپێکی بپارێزێت"
دۆخی سیاسەتی ئەمنی عێراق وەک زنجیرەیەکی تەلەفزیۆنی خراپ وایە کە کارەکتەرە سەرەکییەکانی زۆرن: سوپا، پۆلیس، میلیشیا جۆراوجۆرەکانی شیعە سەر بە هێزە سیاسیەکانی عێراق و ئێران کە بە جیا زیاتر لە 27 گرووپی چەکداری جدا، جگە لە عەشیرەتە سوننەکان. هەمووان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بەرگری لە وڵات دەکەن، بەڵام لە واقیعدا زیاتر بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەن. دەرئەنجامەکەی دەوڵەتێکە کە قۆرخکاریی لە توندوتیژیدا نییە، چونکە هەموو ئەو لایەنانە بەشدارن لە توندوتیژی.
لە عێراقدا زۆرجار دەوڵەت تەنیا ڕووبەرێکی بیرۆکراتییە لە کاتێکدا میلیشیا چەکدارەکان بڕیار دەدەن کێ دەتوانێت بە سەلامەتی بخەوێت و کێ ناتوانێت.
"ئابووری: نەوت وەک نیعمەت و نەفرەت"
ئابووری عێراق تەواو لەسەر نەوت وەستاوە، زیاتر لە %90 داهاتی دەوڵەت لەو نەوتەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام لەبری ئەوەی وەبەرهێنان لە پەروەردە و تەندروستی و گەشەپێدانی پیشەسازیدا بکرێت، پارەکە لەناو کونە ڕەشی گەندەڵیدا ماوەتەوە. بۆیە قەیرانی ئابووری دەرئەنجامی کەمی نەوت نییە، بەڵکو لە تەماحی سیاسییە. جێگای سەرسوڕمانە، بەغدا زیاتر لە گازینۆ دەچێت نەک پایتەخت: حکوومەت قومارێکی قورس لەسەر داهاتوو دەکات، بەڵام ئەوە خەڵکە کە هەر جارێک لێی دەدرێت و قوربانی ئەم یاریەیە. ڕوونترین نموونە دانانی بەشە بودجەی زیاتر لە چوار ترلیون دینارە بۆ حەشدی شەعبی ئەو هێزە فەرمان لە حکوومەتی عێراقی وەرناگرێت و بودجەکەی لە پێنج وەزارەتی خزمەتگوزاریی عێراق زیاترە.
"فیدراڵیزمی عێراق: دەستوورێکە لە ئیستسناء"
کاتێک دەستوور لە ساڵی 2005 نووسرا، وەک گرێبەستێکی نوێ لە نێوان هاووڵاتیانی عێراقی نوێ – عەرەب، کورد، تورکمان و ئەوانی دیکە دەنگی لەسەر درا، بەڵام لە پراکتیکدا فیدراڵیزم بووەتە تەماشایەک و هیچ ڕێزێک وەکو سیستەمی بنەڕەتی ئەم وڵاتە تەماشای ناکرێت.
بەغدا خۆشحاڵە بە داننان بە بوونی هەرێمی کوردستان تا ئەو کاتەی کورد داوای مافی خۆی نەکات، بۆ پشکی شایستە داراییەکانی وەکو بودجە، یان فرۆشتنی نەوت یان بۆ پشکی ڕاستەقینەی دەسەڵات. فیدراڵیزم لە عێراقدا کەمێک وەک کراسێکی فەرمی کاردەکات: کاتێک سەردانێکی نەتەوە یەکگرتووەکان یان ئەمەریکا هەیە، دەهێنرێتە دەرەوە و نمایش دەکرێت، بەڵام لە ژیانی ڕۆژانەدا و لە ڕاستیدا لە پشتەوەی دۆڵابەکەدایە و ڕێزی لێ ناگرێت.
"غەدری بەرانبەر بە کورد"
سەرەڕای ئەوەی کورد لە ڕووی دەستوورییەوە یەکێکە لە پایەکانی وڵات، بەڵام زۆرجار وەک تێبینییەکی ژێرەوەی بێزارکەر مامەڵە لەگەڵ کورددا دەکرێت. کاتێک بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبردرێت، پێی دەوترێت "دیسیپلینی بودجە". کاتێک مافی کورد بۆ فرۆشتنی نەوت بلۆک دەکرێت، پێی دەوترێت “سەروەری یاسا”. کاتێکیش پێشمەرگە لە پەیکەربەندی بەرگری و ئەمنی وڵاتدا پەراوێز دەخرێت، بە "یەکێتی وڵات" ڕوون دەکرێتەوە. ئەمە ڕیتۆریکەکە ڕەسەنە، بەڵام لە پراکتیکدا جیاکارییە بەرانبەر بە کورد کە دەیانەوێ کورد تەنیا لە قوربانیداندا بەشدار بێت نەک لە وەرگرتنی ماف و شایستەکانی.
کەواتە عێراق بەرەو کوێ دەڕوات؟ وڵات مەترسی ئەوەی لەسەرە کە ببێت بە ڕێک ئەوەی کە هەمیشە لێی دەترسێت: دەوڵەتێک کە لەسەر کاغەز دیموکراسی و فیدراڵی بێت، بەڵام بە کردەوە گۆڕەپانێکە کە گروپە جیاوازەکان شەڕی دەسەڵات و پارە و سەرچاوەی تێدا دەکەن. بۆ خەڵک جا لە بەسرە، مووسڵ یان هەولێر بژین ئەمە بە واتای ژیان لە چاوەڕوانییەکی بەردەوامدا بۆ چاکسازییەک کە هەرگیز بەدی نایەت، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان نایەوێت ببێتە بەشێک لەو سیاسەتەی کە لە عێراق جێبەجی دەکرێت و ببێتە بەشێک لە ئامرازی دروستکردنی ئایندەیەک کە تەنیا تاریکی بەدواوەیە، هەر بۆیە حکوومەتی عێراق و میلیشیا شیعەکان بە هەموو هێزیانەوە دژیایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.
"وشەی کۆتایی – پرسیاری ڕیتۆریک"
کەواتە با ئەو پرسیارە سادەیە بکەین: بۆچی دەستوورێک بنووسیت ئەگەر بە هەر شێوەیەک بێت ناتەوێت پەیڕەوی بکەیت؟ بۆچی باس لە فیدراڵیزم بکەین لە کاتێکدا ناوەندگەرایی لە پراکتیکدا حوکمڕانییە؟ و لە سەرووی هەمووشیانەوە: تا کەی دەتوانیت جیاکاری لە دژی تەواوی نەتەوەیەک بکەیت و هێشتا چاوەڕوانی سەقامگیری نەتەوەیی بکەیت؟ ئەگەر ئەمە هەمووی هەیە بوچی دژی سەربەخۆی گەلێکی کە خوت حەزت لێ نییە بەشێک بێت لەم وڵاتە؟
بێگومان وەڵامەکەی وەک هەر شتێکی تر عێراقییە: “ئینشاڵا، ساڵی داهاتوو باشتر دەبێت”. بەڵام ساڵی داهاتوو لە عێراق مەیلێک هەیە کە هەرگیز بەدی نایەت. بەڵام یەک شت دیار و ئاشکرایە کە هەرێمی کوردستان بە سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی هیچ کات نابێتە بەشێک لە وڵاتێک کە سیاسەتیان پەیڕەوکردنی سیاسەتی تاریکی میلیشیا بێت، نەک یەکترقبووڵکردن و سیستەمی هاووڵاتی بوون.