لەبارەى "وردەکولتوور"ەوە

لەبارەى "وردەکولتوور"ەوە
لەبارەى "وردەکولتوور"ەوە

چەمکی وردەکولتوور - Subculture بۆ یەکەمجار لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەیەکى سۆسیۆلۆگى ئەمەریکى فرێدریک تراشەر-Frederic Trasherوە لەسەر باندەکانی شیکاگۆ لە ساڵی 1927 سەریهەڵدا، بەوپێیەى کردەوەکانى باندەکان جۆرێک لە لادانیان تێدابوو کە نامۆ بوون بە نەریت و بەها هاوبەشەکانى کولتووریی گشتى، ئەوان لەناو ژینگەیەکى هەژارنشینى دابڕاوى پەراوێزخراو لە بازنەى ئاسایى کۆمەڵایەتى مامەڵەیان دەکرد.

 "کرۆبەر و کلوکۆن" پێیانوایە وردەکولتوور ئەو نموونە و نەخش و هێمایانەیە چ بە ئاشکرا یان ناڕاستەوخۆ، گرووپ و کۆمەڵگە مرۆییەکان جیا دەکاتەوە لە جەوهەری ڕەسەنایەتى ئەو کولتوورە گشتییەى کە لە پاشخانى کۆمەڵایەتى و بەها مێژووییەکانی کۆمەڵگەیەکەوە وەرگیراوە.

سەبارەت بە تێگەیشتنى زیاتر لە وردەکولتوور لە دیدى (داونز)ەوە "کۆمەڵێک بەها و پێوەرەکانی ڕەفتارى و شێوەى جۆراوجۆرى هێمایى کە گرنگییان هەیە بۆ ژمارەیەک کارەکتەر، بە شێوەیەکی کاریگەر کارلێک دەکەن و ڕووبەڕووی کێشەی هاوسەنگی هاوبەش دەبنەوە، بەڵام هەندێجار چارەسەری کاریگەر بۆ ئەو کێشە هاوبەشانە نادۆزنەوە کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە".

كەواتە : وردەکولتوور بریتییە لە کۆمەڵێک کەس لە ناو کولتوورێکی گەورەتردا، واتە کۆمەڵە گرووپ و کۆمەڵگەی بچووك کە لە ناو کولتوورە گەورەکەدا خۆیان مانیفێست دەکەن، بۆیە وردەکولتوور بە لقێکی کولتووری دایک دادەنرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا هەڵبژاردە، هەڵسوکەوت و فەرهەنگی تایبەتی خۆیان هەیە، ئەوان بە شێوەیەکی کەسی یان گرووپی هەستی جیاوازى، یان دژبەرى، یان هاوبەشبوون لەگەڵ کولتووری گشتی دروست دەکەن، ئەوان خۆیان لە کولتوورە گەورەکە جیا دەبنەوە کە لە بنەڕەتەوە سەر بە خۆیەتی. 

وردەکولتوور بە بەها، نۆرم، بیروباوەڕ، یان بەرژەوەندی هاوبەش تایبەتمەندن کە لە کولتووری سەرەکی جیایان دەکەنەوە، زۆرجار نۆرم و بەها و بەرژەوەندی و شێوەژیانى خۆیان پەرەپێدەدەن، کە ڕەنگە جیاواز بن لە کولتووری زاڵى باو، یان تەنانەت دژایەتیشى بکەن.

هەروەها کلاود فیشەر – Cloude S.Fischer پێیوایە "یەکێک لە دەرئەنجامەکانى درووستبوونى وردەکولتوور بریتییە لە سروشتی شار و شارنشینی، چڕی دانیشتوانی ناوچە شارییەکان دەبێتە هۆی سستبوونى پەیوەندی کۆمەڵایەتی و لاوازی بەهاکان و بێهێزکردنى پێکهاتەی کۆمەڵایەتی لە ئەنجامی ئەو کردەیەى کە ناویانناوە کۆنترۆڵکردن و ئۆرگانیزەکردن، ئەمەش وادەکات بەشێک لە گرووپە کۆمەڵایەتییەکان بەرەو هەڵسوکەوتی نائاسایی ببات، لێرەدا هەر گرووپێکی جیاواز پەنا بۆ پێکهێنانی وردەکولتوورى خۆی دەبات، تا لە هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی بیپارێزێت و هەستی ئینتیمابوون بۆ سەربەخۆبوون و بەهێزی پێ ببەخشێت. 

ئەم کولتوورە ڕەنگە لەگەڵ کولتووری گشتیی کۆمەڵگەدا هاوڕا بێت یان جیاواز بێت لێی، بەڵام وردەکولتوورەکەى ناوى ناتوانێت بۆ ماوەیەکى درێژ بمێنێتەوە ئەگەر بەر ململانێی بەردەوامى کۆمەڵگە بکەوێت". 

وردەکولتوور دەتوانێ لەدەورى چەند هۆکارێک خۆى جیابکاتەوە لە کولتوورى گشتى، لەوانە: (شوێنی جوگرافی، تەمەن، ئیتنیک، ڕەگەز، دۆخی ئابووری کۆمەڵایەتی، بەرژەوەندی یان خولیای هاوبەش، بیروباوەڕی سیاسی، بیروباوەڕی ئایینی).

پارادایمەکانى وردە کولتوور:

1.    وردە کولتووری تەمەن Age-based Subculture - 

بۆ نموونە: کولتووری گەنجان youth culture-کە خۆى لە تایپى تایبەتى موزیک، شێوازى پۆشینى جلوبەرگ و شێوازى تایبەتى ژیانیاندا دەبینێتەوە. یان وردەکولتووری نەوە کۆنەخوازە بەتەمەنەکان.

2.    وردە کولتووری گرووپ - پۆلى کۆمەڵایەتی  Social Class Subculture

وەک وردەکولتووری تایبەت بە ژیانى کۆمەڵایەتى دەرەوەى شارەکان، لەوانە وردەکولتوورى خێڵ و هۆز و گوند و گرووپە بچووکە گەڕۆکەکان.

3.    وردە کولتووری پۆلیتیکی – سیاسى  Political Subculture

ئەو گرووپانەی کە باوەری سیاسى هاوشێوەیان هەیە وەک: گرووپی دژ بە سیستەمە حکوومەتی و حکومڕانێتى.

4.    وردە کولتووری فەرهەنگی یان ئیتنیکى  Ethnic or Cultural Subculture 

کاتێک گرووپێک لە نێو کولتوورە گشتییەکەدا فەرهەنگی تایبەتی خۆی پاراستووە، بۆ نموونە: کولتووری ئێزیدیان لە نێو کولتوورە گشتییە کوردییەکەدا. یان کولتووری نەتەوەى کورد لە نێو وڵاتێکی فرە ئیتنیکى وەک عێراق.

5.    وردە کولتووری ئایینى Religious Subculture – 

ئەو گرووپانەی کە میتۆد و باوەری تایبەتیان هەیە وەک: بیروباوەڕى ئایینزاکان، یان کۆمەڵە خۆبەختکەرە ئایینییەکان.

6.    وردە کولتووری پیشەیی Occupational Subculture - 

ئەو گرووپانەی کە بە شێوەیەکی تایبەتی کاردەکەن، بۆ نموونە: وردەکولتووری پزیشکان، وردەکولتووری هونەرمەندان، وردە کولتوورى ئەدیبان.

7.    وردە کولتووری ئارەزوومەندان Interest-based Subculture - 

بۆ نموونە: وردەکولتوورى یارییەکانى ناو گەڕەکێکى دیاریکراو، وردەکولتووری وەرزشوانان، وردەکولتووری گەیمەرەکان - یاریکەرەکان.

8.    وردە کولتووری دژبە کولتوور Counterculture as Subculture - 

ئەو گرووپانەی کە بەشێوەیەکی تایبەتی دژی کولتوورە گشتییەکە هەوڵدەدەن و دەیانەوێ گۆڕانکارى تێدا بکەن.

(تالکۆت پارسۆنز) بە یەکێک لە پێشەنگانى کۆمەڵناسى دادەنرێت کە لە سەرەتای پەنجاکاندا جەختی لەسەر گرنگی وردەکولتوورى گەنجان کردەوە، چ وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و چ وەک قۆناغێک لە قۆناغەکانی کۆمەڵایەتیبوون. 

ئەم وردەکولتوورە پەیوەستە بە ناڕەزایەتی هەرزەکار-Teenager لە خێزان و فشارەکانی سیستەمی پەروەردەیی، وردەکولتووری هەرزەکاران، وەک لە گرووپەکانی هاوتەمەن و شێوازی ژیانی هاوبەشدا دەردەکەوێت، لە پەیوەندی لەگەڵ بازنەى کۆمەڵگە گەورەکەدا تا ڕادەیەک پەراوێزخستنى تێدا دەبینرێت. 

ئەم کولتوورەى مەودای نێوان هەرزەکار و ژینگەی خێزانەکەی فراوانتر دەکات، هەندێکجار دەبێتە هۆی جیابوونەوەیەکی توندوتیژانە لە بازنەی سنووردارکراوی خێزان و چوونە ناو جیهانی دەرەوە. 

بە شێوەیەکی گشتی ئەوان ژینگەیەکی جیاواز و ناسنامەیەکی تایبەت بە خۆیان لەناو فەزاى گشتیى کۆمەڵگە دروستکردووە، بۆیە بۆ کۆمەڵگە لەخۆگرتنی وردەکولتوورەکان گرنگە، چونکە ئەوان دەروازەیەکی نوێیان بۆ لێکۆڵینەوە و قبوڵکردنى جیاوازى بۆ خۆیان و دنیاى دەرەوەى خۆیان واڵاکردووە.