لوقمان غه‌فوور
نووسەر
لای ئه‌مه‌ریكا ده‌ستبردن بۆ پارتی هێڵی سووره
ئه‌بێت به جۆرێكی دیكه خوێندنه‌وه بۆ به‌یاننامه‌كه بكرێت
K24 – مینیسۆتا - ئه‌مه‌ریكا
هه‌میشه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێست و سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا له رووداوێكدا بخوێنمه‌وه، په‌نا ئه‌به‌مه به‌ر پێگه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا یان پێگه‌ی كۆشكی سپی. هه‌رچییه‌ك به روونی و پێ پێچ و په‌نا باسكرا له‌و دوو پێگه‌یه، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌مه‌ریكا نیگه‌رانه له‌و كاره.
له‌ماوه‌ی 4 ساڵی رابردوودا زۆر رووداو له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌گشتی و له عێراق به تایبه‌تی رویانداوه، به‌ڵام له هیچ بۆنه‌و له هیچ رووداوێكدا (حزبی سیاسی) لای ئه‌مه‌ریكا نه‌بووه به فیگه‌رێكی پێكراو و تارگێت و ناوی بهێنرێت له به‌یاننامه و بڵاوكراوه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا. بۆیه له‌دوای روودانی هێرشكردنه سه‌ر نوسینگه‌ی به‌غدادی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئه‌مه‌ریكا به دۆست و دوژمنی پارتی وت: "پارتی هێڵی سووره".
به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌ده‌ق ده‌ڵێت: "ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به توندی ئیدانه‌ی هێرشی به‌ڵته‌جییه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌كات بۆ سه‌ر نوسینگه‌ی لقی به‌غدادی پارتی دیموكراتی كوردستان".
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا هیچ پێچ و په‌نایه‌كی له به‌یاننامه‌كه نه‌هێشتووه‌ته‌وه بۆ ئیرانچییه‌كانی ناو عێراق و هۆشداریان ده‌داتێ.
هه‌ندێك پێیانوایه به‌یاننامه‌كه له‌به‌رخاتری پارتی نییه، به‌ڵكو له‌دژی حه‌شدی شه‌عبییه. ئه‌مه دیدێكی كلاسیكییه بۆ سیاسه‌ت. چونكه سیاسه‌ت وا ناخوێندرێته‌وه. رووداوی مووشه‌كبارانكردنی هه‌ولێر له‌لایه‌ن ئێرانچییه‌كانی ناو عێراقه‌وه له چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا، رووداوێكی گه‌وره‌تر و ترسناك تر بوو، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا بێده‌نگی هه‌ڵبژارد.
ئه‌مه‌ریكا شه‌رمی نییه هه‌رچی بڵێت و بڵاویكاته‌وه، بۆیه ئه‌بێت به جۆرێكی دیكه خوێندنه‌وه بۆ به‌یاننامه‌كه بكرێت. ده‌توانین بڵێین:
*لای ئه‌مه‌ریكا، پارتی یه‌كسانه به هه‌ولێر. واته ده‌ستبردن بۆ پارتی له به‌غدا به‌و مانایه‌یه ده‌ستبردنی به‌غدایه بۆ سه‌ر هه‌ولێر.
*به‌دیوێكی تریشدا ده‌ستبردن بۆ پارتی له به‌غدا ده‌ستبردنه بۆ سه‌ر كورد، چونكه من زۆر جار وتوومه، ئه‌مه‌ریكا په‌یوه‌ندی نییه به ململانێی حزبایه‌تی له كوردستان. ئه‌و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه ده‌كات. دامه‌زراوه یاسایی و ده‌ستووری و جێبه‌جێكارییه‌كان لای كێ بێت، ئه‌و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌كات. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر سبه‌ی، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان یان كۆمه‌ڵی ئیسلامی، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی لابێت، ئه‌و به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو لایه‌نه ده‌كات كه چۆن ئێستا له‌گه‌ڵ پارتی ده‌كات. كه‌واته ئه‌و سیاسه‌ته كلاسیكییه‌ی كه پێی وایه له‌دژی حه‌شدی شه‌عبییه شكست ده‌هێنێت.
*دیوێكی تر، ئه‌مه‌ریكا پێی باش نییه به‌هۆی ململانێ سیاسی و چه‌ند به‌ڵته‌جییه‌كی حه‌شدی شه‌عبی، پارتی به‌غدا جێهێڵێت، چونكه پارتی له به‌غدا كوتله‌یه‌كی گه‌وره‌یه. به‌كشانه‌وه‌ی له‌به‌غدا ئاڵۆزی و گرژی نێوان هه‌رێم و به‌غدا زیاد ده‌كات. ئه‌مه‌ش لای ئه‌مه‌ریكا نه‌ك باش نییه، به‌ڵكو مه‌قبول نییه.
هه‌ر ئه‌م به‌یانییه له رێگه‌ی زوومه‌وه گفتووگۆی به‌یاننامه‌كه‌م له‌گه‌ڵ مارك جۆهه‌نسن مامۆستا له كۆلێژی ته‌كنیكی مینیسۆتا، كرد. ئه‌و هه‌ندێك بیره‌وه‌ری به یاد هێنامه‌وه كه نابێت بیرمان بچێت. پێیوابوو سه‌ردانه‌كه‌ی مایك پێنیس بۆ هه‌ولێر له‌ساڵی 2019 و پێشوازیكردنی سه‌رۆك تره‌مپ له سه‌رۆكی هه‌رێم دوای ئه‌و سه‌ردانه و ئه‌م به‌یاننامه‌یه هه‌مووی ته‌واوكه‌ری یه‌كترن و ئاماژه‌ن بۆ بایه‌خی ئه‌مه‌ریكا به كورد و هه‌ولێر.
به‌ڵام كاتێك لێم‌پرسی به‌یاننامه‌كه ئاراسته‌یه بۆ حزبێكی دیاریكراو، له‌وه‌ڵامدا وتی، ئه‌مه‌ریكا، بارزانی وه‌ك كاره‌كته‌رێك سه‌یر ده‌كات كه شه‌ڕی داعش-ی كردووه، ئه‌ویش سه‌رۆكی حزبه‌كه‌ی، له كرۆكیشدا ئه‌مه‌ریكا پێیوایه هێرشه بۆ سه‌ر كورد.
ره‌نگه وه‌ڵامه‌كه‌ی مارك بۆ من كه‌مێك لاستیكی بێت، چونكه پرسیارێك به بیرمدا هات كه ئایا ئه‌گه‌ر له به‌غدا هێرش بكریاته سه‌ر باره‌گایه‌كی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، ئه‌مه‌ریكا هه‌مان هه‌ڵوێستی ده‌بوو؟ ئه‌م پرسیاره به كراوه‌یی جێده‌هێڵم كه ره‌نگه مادام من له‌ئه‌گه‌ری یه‌كه‌مدا وتوومه (پارتی یه‌كسانه به‌هه‌ولێر لای ئه‌مه‌ریكا) كه‌واته ئه‌گه‌رێكی كه‌مه هه‌مان هه‌ڵوێستی هه‌بوایه.