ده‌روونناسیی جنێودان

بۆچی جنێودان له‌ سۆشیال میدیا زیاتره‌؟

ده‌روونناسیی جنێودان
ده‌روونناسیی جنێودان

 جنێودان به‌ده‌ر له‌وه‌ی ڕه‌فتارێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه و پابه‌نده به بێزاریی تاکه‌وه، لێ هاوکات ره‌فتارێکی ده‌روونییشه و پابه‌نده به رقه‌وه. ره‌گی ئه‌م بێزاریی و رقه زۆر له‌وه قووڵتره، که مرۆڤ بیری لێده‌کاته‌وه. جنێودان له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا بوونی هه‌یه، لێ له کولتوورێکه‌وه بۆ کولتوورێکی دی جیاوازییان تێده‌که‌وێت. له هه‌ندێک کولتووردا به ئاشکرا جنێو ده‌درێت و له هه‌ندێکی تریشدا که‌متر. له هه‌ندێک کولتووردا به هۆی سۆشیال میدیاوه جنێودان زیاتره وه‌ک له هه‌ندێک کولتووری تر. ده‌شێت له هه‌ندێک کولتووردا جنێودانی سۆشیال میدیا به‌هیچ شێوه‌یه‌ک سنووری نه‌بێت، لێ له هه‌ندێک کولتووری تردا مۆڕاڵی تاک و کۆ سنوورێک بۆ جنێودان داده‌نێت.

جنێودان له کولتووری کوردییدا ئاشکرایه، تاکی کورد چ له‌سه‌ر شه‌قام بێت، له ماڵه‌وه، له داموده‌زگاکاندا بێت، چ ئۆنڵاین له سۆشیال میدیادا بێت جنێو ده‌دات. له‌م سه‌رده‌مه‌دا جنێودان جۆرێکه له رێکلامکردن بۆ خود. خودێک که هه‌ست به بێنرخیی خۆی ده‌کات. خودێک که هیچ رێگایه‌کی ژیانی نییه، خودێک که خۆی نییه، به‌ڵکو وێنایه‌کی نامۆ کراوه، واتا خه‌ڵکانی تر وێنه‌یه‌کیان پێداوه. تاک بێزاره به‌م وێنه‌یه و له ڕێگای ئه‌م وێنه‌یه‌وه بووه‌ته خاوه‌نی ڕقێکی گه‌وره. ئه‌م بێزاریی و رقه نائاگایه، هه‌تا تاک ئاگایانه‌ش بیر له‌م دۆخه‌ی نه‌کاته‌وه گۆڕان تێیدا کارێکی مه‌حاڵه.

به‌ده‌ر له جیاوازیی کولتووره‌کان، تاکه‌کانیش جیاوازن له جنێوداندا. هه‌ندێک جنێو ده‌ده‌ن و تووڕه‌ییان داده‌مرکێننه‌وه، له‌م ڕێگایه‌وه تاک ده‌یه‌وێت رێگربێت له ده‌ستوه‌شاندن و خستنه‌وه‌ی زیان. لێبه‌ڵێ به‌دواداچوونه‌کان له کۆمه‌ڵگای کوردییدا ده‌یسه‌لمێنن، که به‌شێکی گه‌وره‌ی ئه‌وانه‌ی جنێوده‌ده‌ن هه‌مانکات ده‌ستوه‌شێنینشن هه‌تا سنووری کوشتن.

تووڕه‌یی هه‌سته، هه‌ستێک که بناغه‌ی خۆی له‌سه‌ر ڕق داده‌نێت. تاک ڕقی له که‌سێکه، شتێکه، خواردنێکه و دیارده‌که، ئه‌وا جنێوی پێده‌دات. ئه‌م هه‌سته یان ئه‌وه‌تا به وشه‌یه و فیزیکییه‌ن پراکتیزه ناکرێت، یان ئه‌وه‌تا هه‌ردووکیانه. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که ئاخۆ جنێودان قازانجی چیمان پێده‌گه‌یه‌نێت؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ئیندیڤیدوێله، واتا پابه‌نده به کا‌ره‌کته‌ری تاکه‌وه. ئاستی هۆشیاریی و خوێنده‌واریی هیچ پابه‌ند نییه، به‌و هه‌سته‌وه، که تاکی ڕق هه‌ڵگرتوو هه‌یه‌تی. ئه‌مه‌ش به به‌ڵگه‌ی زانستی مێشک، زانستی نۆیرۆلۆگیی ده‌سه‌لمێنرێت. بۆ نموونه مێشکی تاکێکی سایکۆپات جیاوازتر کارده‌کات وه‌ک له مێشکی تاکێکی تر. هه‌سته‌کان له مێشکی تاکێکی سایکۆپاتدا سانا له سنوری فرۆنتال لاپندا ده‌په‌ڕێنه‌وه و ده‌گه‌نه هێڵه‌کانی توێکڵی مۆتۆر و له‌وێشه‌وه ده‌گه‌نه توێکڵه‌کانی زێنزۆر و ده‌بنه مامه‌ڵه. واتا هه‌موو کردارێک سه‌ره‌تا له هه‌ستێکه‌وه ده‌ستپێده‌کات هه‌تا پراکتیزه‌کردنی. بۆ نموونه تۆ حه‌ز ده‌که‌یت ده‌ستێک به پرچتدا بهێنیت، ئه‌وا ئه‌م هه‌سته ده‌چێته فرۆنتال لاپن له‌وێوه بۆ ناوه‌ڕاستی مێشک به‌شی سه‌ره‌وه‌ی، که به توێکڵی مۆتۆریک ناوده‌برێت، واتا ئه‌م هه‌سته ده‌یه‌وێت ببێته جووڵه. لێره‌وه ئه‌م توێکڵی مۆتۆریکه رێگا به هه‌سته‌که ده‌دات و ده‌یگه‌یه‌نێت به توێکڵی زێنزۆریک، که ئه‌ویش له به‌شی سه‌ره‌وه‌ی ناوه‌ڕاستی مێشکدایه، ئیدی لێره‌دا ده‌ست ده‌جوڵێت و ده‌چێته ناو پرچه‌وه. نموونه‌یه‌کی تر، کاتێک تۆ تووڕه‌یت و ده‌ته‌وێت زلله‌یه‌ک له که‌سێک بده‌یت. ئه‌م ویسته هه‌ستێکه و ده‌گاته فرۆنتال لاپن (ئه‌و به‌شه‌ی پێشه‌وه‌ی مێشک، له نێوچه‌واندا)، به‌ڵام لێره له‌سه‌ر سنوور راده‌گیرێت و بۆی نییه تێپه‌ڕێت، هه‌ربۆیه تۆ زلله‌که ناهاوێیت. ده‌شێت چه‌ند جنێوێک بده‌یت و بڕۆیت، به‌ڵام که‌سێکی تر چ زلله‌کان ده‌هاوێت و چ جنێوه‌کانیش ده‌دات. ئه‌مه‌ش پابه‌نده به‌وه‌وه، یان ئه‌وه‌تا، دوگمه‌ی کۆنترۆڵی هه‌سته‌کان له فرۆنتال لاپندا تێکچووه یان ئه‌وه‌تا تاک له گه‌شه‌ی پێشینه‌ی منداڵییدا هه‌تا ته‌مه‌نی پێش سێ ساڵیی، کۆمه‌ڵێک هه‌ستی تووڕه‌ی به سنووردا په‌ڕاندۆته‌وه. ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی، که مێشک ئه‌و هه‌ستی تووڕه‌ییانه بناسێت، وه‌کئه‌وه‌ی که ڤیزای هه‌میشه‌ییان پێدرابێت، که به‌رده‌وام به ئاره‌زووی خۆیان به سنووردا بپه‌ڕنه‌وه. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه، که مرۆڤ له له‌دایکبوونیدا هێشتا ته‌واو نه‌بووه، به‌ڵکوو له ده‌ره‌وه‌ی سکی دایکیشدا کۆمه‌ڵێک پرۆسه‌ی گه‌شه‌‌ی فیزیکیی و ده‌روونیی هه‌یه، که ساوا پێیدا تێده‌په‌ڕێت. یه‌کێک له‌وانه سه‌نته‌ری مۆڕاڵه له مێشکدا، که هه‌تا ته‌مه‌نی سێ ساڵیی ده‌خایه‌نێت بۆ ته‌واوبوونی. دوگمه‌ی کۆنترۆڵی هه‌سته‌کان له فرۆنتال لاپندا هه‌مانشێوه. هه‌ربۆیه سێ ساڵی یه‌که‌می ژیانی ساوا گرنگتریین ساڵه‌کانی ژیانیه‌تی له پێکهێنانی که‌سایه‌تییدا. به‌شێکی گه‌وره‌ی دایک و باوکان به‌ئاگا نین له‌وه‌ی، که ساوا چ توانایه‌کی کۆگنێتیڤیانه‌ی هه‌یه، چ توانایه‌کی مێشکی هه‌یه. ساوا سه‌رنج ده‌دات، گوێده‌گرێت و فێرده‌بێت. دایک و باوک جنێوده‌ده‌ن، میوان جنێوده‌ده‌ن، خزم و که‌سوکار جنێوده‌ده‌ن، ساوا ته‌ماشای تێلێڤیزیۆن ده‌کات، له ڕێگای فیلم و کاریکاتێره‌وه گوێی له جنێوه، ڕه‌فتاری تووندوتیژیی ده‌بینێت ...هتد. هه‌موو ئه‌مانه به سانایی ده‌گه‌نه سه‌نته‌ری سێله‌کانی مێشک، چونکه کۆنترۆڵ هێشتا دروست نه‌بووه. ساوا گه‌شه ده‌کات و سێ ساڵی یه‌که‌می تێده‌په‌ڕێنێت. ساوا فێری قسه‌کردن ده‌بێت و ئه‌و جنێوانه‌ی فێربووه، به‌کاری ده‌هێنێت. هه‌ندێک له‌م جنێوانه هه‌ر دایک و باوک به ویست و به ئاگا خۆیان فێریان کردووه، چونکه پێیانوایه، که کۆمێدییه منداڵه‌که‌یان جنێو بدات. هه‌تا ته‌مه‌نی منداڵه‌که هه‌ڵبکشێت، زیاتر جنێوده‌دات و جنێوی نوێتر فێرده‌بێت.

که‌مته‌رخه‌میی دایک و باوک به‌رانبه‌ر به ساوا، له هه‌ر فازه‌یه‌کدا بێت به‌بێ لێکه‌وتنه‌وه نابێت. ئه‌مه‌ش به واتای زیانی ڕۆحیی، ئه‌م زیانه ڕۆحییه‌ش ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی بێزاریی و ڕق له ساوادا، ساوا فازه به فازه‌ی قۆناغه‌کانی ژیانی ئه‌م بێزاریی و ڕقه له نائاگاییدا هه‌ڵده‌گرێت و ده‌یگوێزێته‌وه بۆ ئاینده. له ئاینده‌دا ساوا ده‌بێته ئه‌و تاکه‌ی که هه‌یه، زۆرجار به ده‌رکه‌وتنی سیمپتۆمه‌وه، نیشانه‌ی نه‌خۆشیی و هه‌ندێکجاریش به‌بێ ده‌رکه‌وتنی سیمپتۆم. له کۆتاییدا له ڕێگای جنێودان و سیمپتۆمه‌وه تاکی نه‌خۆش ده‌ناسینه‌وه.

سه‌رنج بده فیلم و کورته فیلم و زنجیره‌ تێلێڤیزیۆنییه کوردییه‌‌کان، که چه‌ند خاوه‌نی جنێو و سووکایه‌تییپێکردنن. نووسه‌رانی ئه‌م تێکستانه، ئه‌و منداڵانه‌ن که قسه‌یان له‌سه‌ر ده‌که‌ین. ئه‌و منداڵانه‌ن، که ئێستا مرۆڤی گه‌ییوون و پێگه‌یشتوون، ئه‌کته‌رن، ده‌رهێنه‌رن ...هتد. منداڵانی ئێستاش، ساوایانی ئێستاش ته‌ماشای ئه‌وان ده‌که‌ن. له ده‌ بۆ دوانزده ساڵی ئاینده‌دا نه‌وه‌یه‌کی نوێی جنێوده‌رمان هه‌یه، که به مۆدێلێکی تر جنێوده‌ده‌ن.

ده‌ته‌وێت کۆتایی به جنێودان بێت، ئه‌وا له ساواکه‌ی ناو سکی خۆته‌وه ده‌ستپێبکه. خۆت ده‌ستبه‌رداری جنێودان و مۆبکردنی خه‌ڵکیی به. ڕێگربه له‌وه‌ی، که منداڵه‌که‌ت گوێبیستی جنێوبێت له خێزاندا، له ده‌ره‌وه ...هتد. ڕێگربه له‌و‌ه‌ی، که ساواکه‌ت ته‌ماشای تێلێڤیزیۆن بکات هه‌تا ته‌مه‌نی دوای سێ ساڵیی. ساواکه‌ت له سه‌ره‌تاوه فێربکه، که جنێودان کارێکی باش نییه

ئه‌و تاکه‌ی له پێشینه‌ی گه‌شه‌ی ده‌روونیی منداڵییدا، زۆرتریین هه‌ستی تووڕه‌یی به فرۆنتال لاپندا گوێزاوه‌ته‌وه، له هه‌موو ته‌مه‌نه‌کانی تری ژیانیدا ئاسان تووڕه ده‌بێت و ئاسان جنێوده‌دات، ئاسانیش ده‌توانێت فیزیکییه‌ن زیان به خه‌ڵکیی بگه‌یه‌نێت. ڕێژه‌یه‌کی له سنوربه‌ده‌ر تاکی کورد جنێوده‌ری ئاشکرایه. تاک به ناوی خۆیه‌وه ئۆنڵاین جنێوده‌دات، به ناوی خۆیه‌وه کۆمێنتی جنێوده‌نووسێت، به ناوی خۆیه‌وه تێکستی جنێو له‌ژێر ناوی وتاردا ده‌نووسێت، ڵایڤ ڤیدیۆ په‌خش ده‌کات و جنێو ده‌دات ...هتد. هه‌موو ئه‌مانه پێمانده‌ڵێن، که به‌شێکی گه‌وره‌ی هاووڵاتییانی کورد، خاوه‌نی گه‌شه‌یه‌کی شێواوی ده‌روونیی پێشینه‌ی منداڵیین. به‌شێکی گه‌وره‌ی هاووڵاتییانی کورد ده‌توانن به داوایه‌کی کۆماندۆیانه، ئێستا و ئالێره‌دا جنێوبده‌ن. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، بۆچیی؟ وه‌ڵام، چونکه خاوه‌نی ڕقێکی گه‌وره‌ن له‌ناو خۆیاندا. پرسیار، ئه‌م ڕقه له کوێوه دێت؟ وه‌ڵام، له گه‌شه‌ی ده‌روونیی پێشینه‌ی منداڵییدا.

دواجار بوونی ده‌سته‌ڵات و پارته‌کان ته‌نها ئارگوومێنتێکی هه‌رزانن بۆ جنێودان. مرۆڤی زانا به زانایی تێده‌کۆشێت بۆ باشترکردنی ژیان، نه‌ک به جنێو. به‌شێک له جنێوده‌ران دانیشتووی کوردستانیش نین، لێ زۆر زیاتر و تووندتر له هاووڵاتییانی کوردستان جنێوده‌ده‌ن. کولتووری جنێودانی ئۆنڵاین ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کۆتایی نه‌وه‌ده‌کان نه‌ک دیارده‌یه‌کی نوێ بێت. ئه‌م کولتووره‌ش له ئه‌وروپاوه گه‌یشت به کوردستان، واتا سه‌ره‌تا کوردانی هه‌نده‌ران ده‌ستیانپێکرد و له‌گه‌ڵ پۆپۆلێره‌بوونی فه‌یسبووکدا، ئه‌م مۆده کۆمه‌ڵایه‌تییه زیاتر گه‌شه‌ی کرد. بوونی ئه‌و ئازادییه فیرتوێله بۆ تاکی جنێوده‌ر وه‌ک ئاوێنه‌یه‌ک وه‌هایه، که خۆی تێیدا وه‌ک خۆی ده‌بینێت. ماوه‌ته‌وه بڵێم، بیربکه‌ره‌وه پێش ئه‌وه‌‌ی جنێو بده‌یت، یاخوود هه‌تا ده‌ بژمێره، ئه‌م چه‌ند چرکه‌یه‌ت به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی کۆنترۆڵی خۆت بکه‌یت.