ئازار وایە ئیتر.. سیما ئارامەکان دەشێوێنێت!

پەڕۆکان سیمای شاریان شێواند؟

ئازار وایە ئیتر.. سیما ئارامەکان دەشێوێنێت!
ئازار وایە ئیتر.. سیما ئارامەکان دەشێوێنێت!

"شەوباش

من ناوم کراسی ژنانەیە

ئەوەی نیشتیمان پێی شەرمە بیکاتە بەری خۆی

منم "

شێرکۆ بێکەس وای وتووە ...

هەڵواسینی ئازارەکانی ژنان لەڕێگای کراس و جلوبەرگەکانیانەوە لە سلێمانی نوێ نییە !

دوابەدوای راپەڕین و ئازادکردنی سلێمانی و دەستگرتن بەسەر ئەمنە سوورەکەدا کابینەیەک دۆزرایەوە کە تایبەت بو بە دەستدرێژی کردنە سەر ژنان و کچانی پێشمەرگە و کەسوکاری پێشمەرگە و ئەنفالەکان.

پێشمەرگەکان بە شەرمەوە کراس و دەلینگ و ژێرکراسە پوولەکە و سوورمە و جەلسەکانیان بە دەرگای کابینەکەدا هەڵواسیبوو،

ئێمە بە هەنگاوی پڕ فزووڵەوە چووینە لای کابینەکەوە، پێشمەرگەکان بە چاوێک پێیان وتین زۆر نەچینە ژوورەوە، ئەوان چاویان پڕ بوو لە شەرمەزاری و ئازارەکانیان ئاوەڵا کردبوو وەک برینێکی تەڕ کە خوێن و کێمی لێ بچۆڕێ.

دیارە هاونیشتمانییەکان ئەو ئازارەیان ئەوەندە داپۆشیوە تا ئەو ڕادەیەی کە بیریان چووەتەوە کە ئەو برینە ژنانەیە هێشتاش خوێنی لێدەچۆڕێ، هەر بۆیەش دوای سی ساڵ لە هەڵواسینی دەلینگ و دەرپێ و سوخمەی ژنەکان بە هەڵواسینی پارچە جلەکانیان کۆمەڵ ڕادەچڵەکێت و هیستیریا دەیگرێت!

ئەوەی کە کراسەکانی ئەمڕۆ و ئەوانەی دوێنێ جیادەکاتەوە سەرچاوەی ئازارەکەیە!

ئەوەی ئەمنە سوورەکە سەرچاوەکەی بەعسییەکان بوون و بەڵام ئەمەی ئەمڕۆ سەرچاوەکەی برا و مێرد و برایە ...

سووتاندنی کراسەکانیش دەلالەتە بۆ ئەوەی پرۆژەکە ئامانجەکەی پێکا و گەیشتە ناخی کۆمەڵگا ...

لە کوێوە کۆمەڵ گەیشت بەم ئەنجامەی کە شەرم لە ئازارەکان نەکات، بەڵام شەرم لە نمایشکردنی ئازارەکان بکات و تووڕە ببێت؟

ئەو پارچە پەڕۆیانە مێژوویەک دەگێڕنەوە کە بە بیانووە جیاوازەکانی کۆمەڵ و نەریت و ئایین و فەرهەنگ و کولتووری جیاکاری بەرانبەر ژنان خودی ژنان و کچانی ئەم وڵاتەیان کردووە بە قوربانی .

بەداخەوە سوپایەکی تیکتۆکەر و سناپەر هەیە کە ئەرکی ئەوەیە رووخسارێکی ساختە بەم نیشتمانە ببەخشێت و بڵێت ئەم وڵاتە مەنزڵگەی ژنانی ئازادە و بە ناوی مۆدێل و ژنی ئازادەوە ئازارەکان داپۆشراون و بە ڕووتکردنەوەی لاق و لەتەری کۆمەڵێک کچ و ژنانی پاتاڵ و بەتاڵ کەیسی راستەقینەی ژنان بەنوکتە بکات و بڵێت ژن دنیایان خوارد !

ئەوەندەش بە ڕێکخراوی ئەمانە کاری خۆیان دەکەن کە چیتر کۆمەڵ بە ڕانی ڕووتی لەشفرۆشەکان ڕاناچڵەکێت، بەڵام بە سەرپۆشی قوربانییەکان دەهەژێت .

سەیرە کە هێرش دەکرێتە سەر کراس و پەڕۆکان کە گوایە جوان نین؟

جا کێ وتویەتی دەبێت ئازار جوان بێت؟

بە چ پێوەرێک دەبێت برینەکان دڵگیر بن؟