
ئیسماعیل سیرینی
نووسەر
کابينەی نۆيەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ هەڵسەنگاندنێک بە داتا و زانياری
وەکو چاودێرێک بەسەر کارەکانی کابينەی نۆيەمی حکوومەت و بەڵێنەکانی لەسەرەتای دەستبەکاربوونیدا، لەبەر ڕۆشنايی داتاو زانیاریی و ويژدانەوە ئەم توێژينەوەيەمان ئەنجامداوە. مەبەستمە هاونیشتیمانییان بەرچاوڕوونیيان هەبێ تا لە حەقیقەت و واقیعی ئیدارە و ڕوئیای بەرفراوانی ستراتیجیەتی پلان و کارنامەی کابینەی نۆيەم تێبگەن.
ئەم توێژينەوە گرنگە بۆ ئەوەیە هاووڵاتییان بە ويژدانەوە بڕيار لەسەر ئەم کابينەیە بدەن و نەکەونە هەڵەوە، ياخود لە ژێر کاريگەریی هیچ کەس و لايەنێک کە لە بەرژەوندييان دراوە بڕیار نەدەن!
پلان و ستراتیجیەتی کارکردن و ڕوئیای جەنابی سەرۆکی حکوومەت ڕێزدار کاک مەسرور بارزانی بۆ بنياتنانی دەوڵەتێکی سيستەماتيک و پێشکەوتووە، زياتر لە هەرێمێک لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی وەک عيراق کە پڕە لە قەيران و کێشەی جۆراوجۆر..
توێژينەوەکەمان کە بە داتا و زانياری پشتڕاستکراوەتەوە، دەرخەری ئەو ڕاستيانەيە چۆن ئەم کابينەيە تواناکانی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی ئەم هەرێمە وەک دەوڵەتێکی سيستماتيک و پێشکەوتوو دەربکەوێ.
پێويستە سەرەتا باسی ئەو ئاڵنگاریی و ئاستەنگانە بکەين کە هاتنە بەردەم کابينەی نۆیەم لەماوەی دەستبەکاربوونیدا، بۆ وێنە: (بڵاوبوونەوەی ڤايرەسێک بەناوی کۆڤيد ١٩، بەردەوامی بڕینی بودجەی کوردستان لەلایەن حکوومەتی فيدڕالی عێڕاق، کشانەوە و پەکخستنی بەشێکی سەرەکی حکوومەت لەلايەن تيمی وزاری يەکێتی نيشتیمانی کوردستان وەک هاوبەشی سەرەکی کابينەکە، ڕووبەڕووبوونەوەی بەهێز لەسەر ئاستی باڵای ئیقلیمیی و ناوخۆ بەرامبەر پرۆسەی چاکسازیی و چاکەخوازان تا ڕادەی هەڕەشەکردن و جوڵاندنی هێز دژ بە دەزگا جێبەجێکاريیەکانی حکوومەت لەهەندێ ناوچە بەتايبەت لە دەڤەری سلێمانی. دژايەتيکردنی بەغدا بەئاشکرا لەهەموو لايەنەکانەوە، هەروەها دروستکردنی تەگەرە و لەمپەر دانان بۆ چاڵاکیی و بەرنامەکانی حکوومەتی هەرێم لە ناوخۆ و دەرەوەی ووڵاتدا، بڕياری بە ناياسايی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بۆ بەندەرەکانی جيهان لەلايەن دادگای پاريس، چەندین ڕووبەڕووبوونەوەو شەڕی قورسی نێوان ووڵاتە زلهێزەکانی وەک "ڕوسیا و ئۆکرانیا، ئیران و ئیسرائیل" کاریگەری خراپی لەسەر ئابووری جیهان هەبووە و کوردستانیش بەدەرنەبووە لەم کاریگەریانە، سەرەڕای کردنە ئامانجی هەرێم لەلايەن دەوڵەتانی دراوسێوە بەتێکدانی ئارامیی و ئاسايشی هەرێمی کوردستان. دەيان ئاستەنگ و کێشە هاتووەتە بەردەم کابينەی نۆیەم) بەڵام سەرباری ئەم قەیران و کێشانە، سەرەڕای ئاڵنگارييەکان، با بزانین ئەم کابينەیە توانيويەتی چی بکات؟ ئایە لە ئاست بەڵێنەکانی دابووە؟
با بەزمانی داتا قسە بکەین و ئاماژە بەم کارانە بدەين کە کابينەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێی کردوون و ئەنجاميداون لەماوەی دەستبەکاربوونيدا:
يەکەم: دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، لە کاتێکدا لە عێڕاق وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ کارەبای ٢٤ کاتژمێری نيە؟! ئەم هەنگاوەی کابينەی نۆیەم، بووەتە هۆی پاککردنەوەی ژينگە لە هەرێم بە لادان و کوژاندنەوەی يەکجارەکی هەموو ئامێرەکانی کارەبا دروستکردن وەک مۆليدە ئەهلییەکانی ناوشار.
دووەم: بە دیجیتاڵکردنی دامەزراوەکانی حکوومەت (پۆرتاڵی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەپلیکەیشنی کوردپاس، دەروازەی حەج، سیستمی بەڕێوەبردنی بەڵگەنامەکان، سیستەمی پرۆژەی ڕووناکی، سیستەمی ناوەندی مووچە، سیستەمی هەژماری من).
سێیەم: پڕۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆران و دامەزراندنی بانكی نيشتيمانی لەهەرێمی كوردستان، تا ئێستا نۆسەت هەزار (900,000) هەزار هەژماری بانكی بۆ مووچەخۆران كراوەتەوه لە پڕۆژەی هەژماری من.
چوارەم: پڕۆژەی چارەسەرکردنی کەمئاوی لە تەواوی هەرێمی کوردستاندا، کۆی گشتی پڕۆژەکان 2,956 پڕۆژە کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردن لەم کابينەيە وەکو (پڕۆژەی ئاوی دهۆک، پڕۆژەی ئاوی ئاكرێ، پڕۆژەی ئاوی ڕانيه، حاجياوا، چوارقوڕنە، پڕۆژەی ئاوی دەربەنديخان، پڕۆژەی فرياگوزاری ئاوی خێرای هەولێر، پڕۆژەی ئاوی قوڵتەپە، پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە چەمچەماڵ، پڕۆژەی تۆڕی ئاوی هەولێر، پڕۆژەی گەياندن و دانانی تۆری ئاو بۆ ٤١ گوندی دەڤەری بارزان، پڕۆژەی ئاوی پيرمام و دەوروبەری).
پێنجەم: دروستکردنی چەندين جوتسايد، ڕێگەی سەرەکی دەرەوەی شارەکان (Highway) و تونێلەکان، 1,119 پڕۆژەی ژێرخانی ڕێگەوبان لەم کابينەيە کەوتنە بواری جێبەجێکردن (718 پڕۆژە تەواوکراون، 401 لە جێبەجێکردندان) شەقام و پردی ناوشارەکان 2,168 پڕۆژە کەوتنە بواری جێبەجێکردن.
پڕۆژەی ستراتيجی ڕێگەو بانەکانی دەرەوەی شارەكان:
-هەولێر 271 پڕۆژە
2,2 ترلیۆن دينار
- سلێمانی 365 پڕۆژە
468 مليار دينار
- دهۆک 127 پڕۆژە
986 مليار دينار
- هەڵەبجە 40 پڕۆژە
162 مليار دينار
-سۆران 102 پڕۆژە
94،1 مليار دينار
- گەرميان 69 پڕۆژە
227 مليار دينار
- ڕاپەرين 97 پڕۆژە
87،2 مليار دينار
-زاخۆ 13 پڕۆژە
60،1 مليار دينار
شەشەم: دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان بۆ نموونە (دووین، دێوانە، گۆمەسپان، بەستۆرە، خنس، ئاقوبان، تووڕە جاڕ، شەوگێڕ، چەمرگە). پۆندەکان 81 پۆندن (دروستکراوەکان 23 پۆند، 58 لەجێبەجێکردندان)
حەوتەم: سەوزکردنی بازنەی دەرەوەی پايتەختی هەرێمی کوردستان - هەولێر بەپشتێنەی سەوزایی زياتر لە حەوت مليۆن درەختی زەيتون و فستق (دروستکردنی 10 پۆند بۆ هەمان پرۆژە).
هەشتەم: ئەم کابينەيە زۆر ئازايانە کاری لەسەر يەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە کردووە، تا ڕادەی يەکگرتنەوەی تەواوەتی. هەنگاوی ناوە و زۆرترين کاری بۆ ئەم مەبەستە کردووە. بەو هۆيەوە ڕووبەڕووی ئاڵنگاری گەورە بووەتەوە لەناوخۆ و دەرەوەی هەرێم.
چاکسازیی كارگێرييەكان: 88،900 ئەفسەرو پێشمەرگە لەچوارچيوەی 34 ليوا سەر به 7 فيرقەو 2 فەرماندەی هێزەکانی پشتيوانی جێگيركراون و هاتوونەته سەر وەزارەتی پێشمەرگە. تا ئێستا 17،805 دۆسيەی خانەنيشينی لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە گواستراونەتەوە بۆ وەزارەتی دارايی و ئابوری.
نۆيەم: پڕۆژەی ئاسایيشی خۆراک، دروستکردنی سایلۆکان بۆ نموونە (سايلۆی هەولێر، سايلۆی سلێمانی، سايلۆی دهۆک، سايلۆی هەڵەبجە) هەروەها ئەم سايلۆيانەش دروست دەكرێن: (زاخۆ، کفری، كۆيە، هەرير)
دەيەم: چەند پرۆژەیەکی دی لەبوارە جیاکانی وەبەرهێنان کە بريتين لە 596پرۆژەی وەبەرهێنان (پیشەسازی، گەشتیاری، بازرگانی، نیشتەجێبوون، کشتوکاڵ).
یازدەم: بەرەو پێشخستنی بەرچاوی کەرتی کشتوکاڵ و گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆیی کە یەکێکە لە دەستکەوتە هەرە گرینگ و بەرچاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. پاشان هەناردە کردنی بەرهەمە ناوخۆییەکان بۆ دەرەوەی وڵات، هەنگاوێکی ستراتیژی گرینگە بۆ هاندانی بازاڕ و جێبەجێکردنی سیاسەتی ڕەشید لە کەرتی کشتوکاڵدا کە تا هەنووکەش سەرکەوتووانە و بەردەوامە.
دوازدەم: بە سيستمکردنی تەواوی دام و دەستگەکانی حکوومەت، بووەتە هۆی کەمکردنەوەی ڕۆتينات و خێراتر ڕاييکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان.
سێزدەم: چاکسازیی و ڕێگریکردن لە گەندەڵیی و دوورخستنەوەی گەندەڵکاران لە دامودەستگەکانی حکوومەت. لەم بارەوە 4،189 حاڵەتی دوو مووچەی نایاسایی بڕدراون، هەروەها پێداچوونەوە بە ١,478 دۆسیەدا کراوە کە بەرپرسانی پلە باڵا و تایبەت لەخۆدەگرێت. چاکسازی دەکرێت و بەردەوامە.
پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەم کە کۆی گشتی ژمارەی پڕۆژەکان بەپێی پارێزگا و يەكە ئيداريیەكان:
-هەولێر 2،519 پڕۆژە
-سلێمانی 772 پڕۆژە
-دهۆک 1،450 پڕۆژە
-هه ڵەبجە 94 پڕۆژە
-گەرميان 167 پڕۆژە
-ڕاپەرين 212 پڕۆژە
-سۆران 144 پڕۆژە
-زاخۆ 91 پڕۆژە
لە کارە ناوازەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەت لە کردنەوەی هەر پڕۆژەيەکدا، بنەماڵەی شەهیدان و زانا و کەسايەتییە ئایینيی و پێکهاتە نەتەوەییەکان لەپێشەوەی پڕۆژەکانن.
لێرەدا، پێویستە عەقڵ و حیکمەت، ويژدان، مەحەک بێت وەک پێوەر و پێودانگێک بۆ هەڵسەنگاندنی کارەکانی کابينەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم و باسکردنی دەستکەوتە مەزنەکانی.
لەکۆتایيدا، داوای لێبوردن لە تەواوی دام و دەستگەکانی حکوومەت دەکەم ئەگەر نەمتوانی بێت ئاماژە بەتەواوی پڕۆژە و کاروچاڵاکییەکانی بدەم. بەدڵنيايیەوە بە دەيان و سەدان پڕۆژەی دیکە هەن لەبواری جێبەجێکردندان لەبواری ئاسايیش و ئاوەدانکردنەوە.
سوپاس بۆ هەموو ئەو بەڕێزانەی ئاسانکاریی و دەستبارگرو يارمەتيدەربوون لە دەستەبەرکردنی داتاو زانيیاريیەکان.