سیاسی
پ. د. هاوڕێ مەنسووربه‌گ -  ئەندازیار/ ماهیر ئه‌مین
پ. د. هاوڕێ مەنسووربه‌گ - ئەندازیار/ ماهیر ئه‌مین

نووسەر

ژاوەژاوی دوبەی.. یان بزەی سەر لێوی ئەبووزەبی ؟!

"دوبەی کە خێراترین گەشەی ئاوەدانکردنەوە و تەلارسازی بە خۆیەوە بینی"

ژاوەژاوی دوبەی.. یان بزەی سەر لێوی ئەبووزەبی ؟!
ژاوەژاوی دوبەی.. یان بزەی سەر لێوی ئەبووزەبی ؟!

دوبەی و ئەبووزەبی دوو ناسراوترینی ئەو حەوت ئیمارەتەن کە وڵاتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبییان پێکهێناوە.

شاری دوبەی کە خێراترین گەشەی ئاوەدانکردنەوە و تەلارسازی بە خۆیەوە بینی. لە دوای دۆزینەوەی نەوت لەو ئیمارەتە لە ساڵی 1966، دەستکرا بە هەڵمەتی بنیاتنان و لە ماوەیەکی پێوانەییدا، لە بیابانێکی بە لم داپۆشراو، بوو بە شارێکی زیندووی پڕ لە چالاکی و یەکێک لە گەورەترین سەنتەرە بازرگانییەکانی دنیا.

لە سەرەتادا، بەرزی پلەکانی گەرما لە ڕۆژدا و نەبوونی سەرچاوەی ئاو، ئاستەنگی گەورەبوون لە ڕێی ئەو هەڵمەتەدا. جگە لەوەی لە ڕووی ئەندازیارییەوە کارێکی ئەستەم بوو لە سەر ئەو لمەدا بناغەیەکی پتەو بۆ تاوەرە هەوربڕەکان بنیات بنرێ.

بەڵام دوای لێکۆڵینەوەیەکی وردی جیۆلۆجی، چەندین بەڵگە دەرکەوتن کە لە کۆندا ئەو شوێنە وشک و بیابان نەبووە بەڵکو ئاوی لێ بووە، بەڵام ئاوەکە خزاوەتە ناو قووڵایی زەوی و هەر لەو ناوچەیەدا ماوەتەوە. بۆیە دۆزینەوەی ئاوی ژێر زەوی، موژدانەیەکی پڕ خێر بوو بۆ بوژانەوەی بیناسازی و ئابووری. لەوەش زیاتر، وایکرد هەوڵ بۆ پەیدا کردنی سەرچاوەی ئاوی دیکەش بدرێت لە ڕێگەی دروستکردنی چەندین وێستگەی پاڵاوتن و شیرینکردنی ئاوی سوێری دەریا. تا ئەمڕۆش دروستکردنی ئەو وێستگانە لە ئیمارات بەردەوامن و لە ئێستادا گەورەترین پرۆژەی ژینگەدۆست لە جیهاندا بۆ شیرینکردنی ئاو، لە ئیمارەتی ڕەئسی خەیمە دروست دەکرێت.

ئاستەنگی پلەی گەرما لە ڕێگەی کارکردن لە شەواندا چارەسەر کرا. توێژینەوەی بێ وچانی زەویناس و ئەندازیارانیش لەسەر جۆری بەردەکان بۆ هەڵبژاردنی شوێنی دروست بۆ بیناکردن و دیزاینکردنی بناغەکان بە شێوەیەک کە گەرەنتی دانەکەوتنی ئەو تاوەرە هەوربڕانە بکات، دوا ئاستەنگی نەهێشت.

دوبەی لە ماوەیەکی پێوانەییدا بوو بە قیبلەی وەبەرهێنەران و هەڵمەتی بنیاتنان و تەلارسازی تیایدا گەیشتە ئاستێک کە تەواوی شارەکە وەک گالەرییەکی گەورەی تەلارسازی بێتە بەرچاو. لە هەموو قۆناغەکانیشدا ڕووناکییەکی میدیایی بێ سنوور دەخرایە سەر ئەو پرۆژانە و دەسەڵاتدارانی وڵات لە ڕێگەی خستنەکاری چەندین کەناڵی میدیایی و لۆبی کردنی جۆراوجۆر، مەبەستیان بوو بە هەموو دنیا بڵێن کە موعجیزەیان لەو ناوچەیەدا خوڵقاندووە و گەشتیار و وەبەرهێنەری زیاتر لە هەموو جیهاندا پەلکێشی بەهەشتە دەسکردەکەی ناوجەرگەی بیابان بکەن. بۆیە بیریان لە دروستکردنی سەرحێکی تەلارسازیی مەزن و ناوازە کردەوە. ئەویش پرۆژەی بنیاتنانی هەوربڕێکی ۱٦۳ نهۆمی بە بەرزیی ۸۲۸ مەتر، جگە لە ۳ نهۆمی ژێرزەمین و بە گوژمەی ملیارێک و پێنجسەد ملیۆن دۆلار. ئەوە بەرزترین تاوەرە تا ئێستا مرۆڤ دروستی کردبێت لە سەر گۆی زەوی و لە ۲٠٠٤دا لە ژێر ناوی (تاوەری دوبەی) دەسکرا بە کارکردن لەو پرۆژە بێوێنە و دەگمەنەدا.

تەلارسازی ناوداری جیهان (کێن شەتڵیوۆرس) دەربارەی تاوەرەکە دەپرسێت: "بە ڕاستی دەتانەوێ ئەو هەموو بەرزییە بچن بە ئاسماندا؟! خۆ ئێمە بە هۆی نەبوونی زەوی پەنا بۆ بینای شاقووڵی دەبەین، نەک لە بیاباندا.. بەڵام ڕوونە کە لە تاوەری دوبەیدا مەبەست دروستکردنی مەعلەمێکە بۆ ناوبانگ و چوونە ناو مێژوو".

کشانی ئەستێرەی دوبەی بەردەوام بوو، تا وایلێهات نرخی مەترێک زەوی لەو شارەدا گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی و خەیاڵی.

بەڵام زۆری نەخایاند و بەیانییەک هەموو جیهان بە دێوەزمەی قەیرانێکی ئابووریی جیهانیی وێرانکەر ڕاچڵەکی، کە لە شێوەی سونامییەکی بە هێز و لە ماوەی هەژدە مانگدا سەدان بانکی زەبەلاحی کاریگەر بەسەر ئابووریی جیهان و دەیان دەزگای ئابووریی پتەوی دیکە و کۆمپانیای دڵنیایی و بیناسازی، لە ئەمریکا و ئەوروپا و شوێنی دیکەی جیهاندا لوولدا. سەرەتای قەیرانەکە لە شوباتی ۲٠٠۷ بە شێنەیی لە ئەمریکا دەستی پێکرد و دوای دوو مانگ نیشانەکانی بە تەواوەتی دەرکەوتن و ئەوروپاشی گرتەوە و لە ۱٥ی ئەیلوولی ۲٠٠۸ دا گەیشتە لووتکە، کاتێک چوارەم گەورەترین بانکی ئەمریکی بە ناوی (لیمان برازەرس) کە تەمەنی ۱٥۸ ساڵ بوو و ژمارەی کارمەندەکانی لە هەموو جیهاندا گەشتبووە ۲٥۹۳٥ کەس.. مایەپووچبوونی خۆی ڕاگەیاند.

دوبەی کە تا ئاستێکی زۆر، کاریگەر  بوو بە سیستمی ئابووریی ئەمریکی و سەنتەرێکی گەورەی بزنسی ئەو بانکانە و هەزاران کۆمپانیای دیکە بوو، زەبرێکی کەمەرشکێنی بەرکەوت و لە خەوێکی قووڵ ڕاچڵەکی و لە چاوترووکانێکدا ئابوورییەکەی وەک باڵۆنێک کە لە بەرزاییەکی زۆرەوە بتەقێت، زۆر بە خێرایی کەوتە سەر زەوی و نوقمی قەرزێکی زۆر بوو.

ئەو زەبرە وەک جەڵتەی مێشک، ئابووریی دوبەی تووشی ئیفلیجی کرد و وردە وردە لە ڕووخان و داڕمان نزیکی دەکردەوە، بەڵام لە دوا چرکەدا، ئەبووزەبیی دەستەخوشکی گەورە هاتە سەر هێڵ و لە ڕێگەی بەخشینی ۲٥ ملیار دۆلار لە یەک حەواڵەدا،  بانکەکان و بازاڕی دراو و زەوی و زاری لە دوبەی بووژاندەوە.

هەوربڕی دوبەی لە یەکەمین هەفتەی ۲٠۱٠دا لە مەراسیمێکی ناوازەدا بە فەرمی کرایەوە، بەڵام لە ژێر ناوی (تاوەری خەلیفە) وەک ئاماژەیەک بۆ ناوی شێخ خەلیفە بن زاید ئال نەهیانی فەرمانڕەوای ئەبووزەبی،  کە پێدەچێت فەرمانڕەوای دوبەی دۆش دامابێت و لە ژێر فشاری دانەوەی قەرزێکی مەعنەوی بەرامبەر بە هەڵوێستی شێخ خەلیفەدا، پێی نابێت بە جەرگی خۆیدا و بە ناچاری ناوی گەورەترین مەعلەمی ئیمارەتەکەی لە (دوبەی)ەوە گۆڕیبێت بۆ (خەلیفە). کە ڕەنگە ئەم هەنگاوە لە دوورمەودادا زیانی ئابووری و سیاسیی گەورەش لە ئیمارەتی دوبەی بدا.

ئێستا دوای دروستبوونی قەیرانێکی دیکەی دارایی لە جیهاندا، بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا و خۆڕاگرنەبوونی مۆدێلی دوبەی لە بەرامبەر ئەم تەنگژە نوێیەشدا.. دووبارە باس لە هاوکاری و پاڵپشتیی دارایی ئەبووزەبی بۆ دوبەی دەکرێت.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە: بۆچی ئەبووزەبیش هاوشێوەی دوبەی تووشی تەنگژەی قووڵ نابێت؟!

لە وەڵامدا دەڵێین: هەرچەندە ئەبووزەبی ئیمارەتێکی دەوڵەمەندە بە نەوت و کۆمپانیای نیشتیمانیی ئیمارەتەکە کە ناسراوە بە (ئادنۆک)، ڕۆڵێکی بەرچاو و کاریگەری هەیە لە دروستکردنی هەزاران دەرفەتی کار و سەرچاوەی سەرەکیی دراوی قورسە بۆ وڵات. هەروەها وەک دەستەڕاستی بنەماڵەی حوکمڕان، ئادنۆک هۆکارێک بووە بۆ بوونی ئەبووزەبی بە چەقی قورسایی لە بڕیاری سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و شێخ خەلیفە بن زاید بە یەکێک لە ۲٥ کاریگەرترین سەرۆکەکانی دنیا دادەنرێت و چوارەمین دەوڵەمەندترین پاشایە لەسەر گۆی زەوی.

بەڵام لە دەرەوەی هەموو ئەو هاوکێشانەدا، بیرتیژی و حیکمەتی کاربەدەستانی وڵات، لە هەمەجۆر کردنی سەرچاوەکانی داهات و هاندانی وەبەرهێنان لە جۆرەها سێکتەری دیکەی سەرخان و ژێرخانی وڵاتدا، سەنگی مەحەک بوو بۆ نەکەوتن و خۆڕاگریی ئەو ئیمارەتە. دەبینین ھاوتەریب لەگەڵ گەشەی ئابووریی درێژخایەن و خۆڕاگردا، پرۆژەکانی مۆزەخانەی لۆڤەر، (فۆرمولا وەن) بۆ پێشبڕکێی تیژڕۆیی ئۆتۆمبیل، دروستکردنی دوورگە دەستکردەکانی ناسراو بە (سەعدییات) و شاکارە تەلارسازییەکانی تەلارسازی عیراقی ـ جیهانی (زوھا حەدید)و.... ھتد. بەڵگەن بۆ ھەڵکشانی ئەبووزەبی بەرەو لووتکە، بەڵام بە شێنەیی، بە بێ ژاوەژاوی میدیایی و بە ھەنگاوی خەمڵیوی ژیرانە.

ساڵانێکە لێرە و لەوێ دەبیستین کە هەولێری پایتەخت، خەونی بوون بە دوبەی هەیە. ئەگەرچی کۆپی کردنی دەقاودەقی مۆدێلی شارێک لە شارێکی دیکە بۆچوونێکی لۆژیکی نییە، بە هۆی بوونی دنیایەک جیاوازی و تایبەتمەندیی مێژوویی، جوگرافی، ناسنامەی کەلتووری و ئێتنی...... هتد. بەڵام ئەگەر بڕیارە سوود لە مۆدێلێکی پەرەسەندوو و مۆدێرن وەربگیرێت، ئەوا نابێت دوای قەرەباڵغی بکەوین و سواری شەپۆلی پڕ ژاوەژاوی میدیا بین. بەڵکوو دەبێت قووڵتر و دوورتر بڕوانین.

دەشێت مۆدێلی ئەبووزەبی دەرمانی دەردی ئێمە بێت، نەک مۆدێلی تاوەر و هەوربڕەکانی دوبەی.

 

ماهیر ئەمین/ ئەندازیاری ڕاوێژکار

هاوڕێ مەنسوربەگ/ پرۆفیسۆری زەویناسی