د. قهیس كاكل تۆفیق
نووسەر
قەیرانى (ئیسلام) یان قەیرانى (موسڵمانان)
"ئایین لەسەرەتادا لە تاکە کەسێکەوە دەست پێدەکا. دواتر فراوان دەبێت"
لەسەر ئەو گرژیەى نێوان ماکرۆن و موسڵمانان دەیان وتار و چاوپێکەوتن ئەنجام دراوە. من نامەوێ قسە لەسەر ئەو گرژییە بکەم. ئەوەى لەم وتارەدا دەمەوێ تیشکى بخەمە سەر تەنیا زاراوەكانى (ئیسلام) و (موسڵمان)ە.
زۆربەى دەزگا و رێکخراو کۆمەڵە ئایینییەکان و لەسەر ئەوە کۆکن کە ئاساییە وشەى قەیران یان هەر وەسفێکى ترى رەخنە ئامێز بۆ موسڵمان بەکار بێت، بۆ نموونە ئاساییە بگوترێ (موسڵمان لە قەیراندایە) (موسڵمان هەڵەى کردووە)، بە دڵفراوانییە وەریدەگرن و رەنگە خۆشیان ئەو رەخنانە و رەخنەى زیاتریش ئاراستەى موسڵمان یان پەیڕەوانى ئەو ئایینە بکەن. بەڵام بەلایانەوە هێڵى سوورە، ئەگەر ڕەخنە لە ئایینەکە بگیرێ و ئەو دەربڕینانە لەگەڵ ئایینەکە بەکاربێت. ئەم جیاکارییەش زۆر بە زەقى لە وتار و چاوپێکەوتنە تەلەڤزیۆنییەکانیاندا دەبینرێ، کە نابێ ماکرۆن بڵێ ئیسلام لە قەیراندایە ئەگەر بیگوتبایە موسڵمان لە قەیراندایە ئاسایی بوو.
ئەوەى من تێبینى دەکەم و لەم وتارەدا دەمەوێ جەختى لەسەر بکەمەوە، ئەوەیە کە (ئیسلام) بەبێ (موسڵمان) بوونى نییە. ئەگەر پەیڕەوکارانى ئەو ئایینە نەبێت ئەوا ئایینەکە تەنیا بریتى دەبێت لە چەند دەقێکى مردوو و بێبەکارهێنان لە سنوورى کتێبەکان دەرناچێت. بۆیە هەمیشە موسڵمانەکان دەبنە ناسنامە بۆ ئایینەکە و دەقەکە بە پەیڕەوکارانییەوە دەناسرێتەوە.
ئایین لەسەرەتادا لە تاکە کەسێکەوە دەست پێدەکا. دواتر فراوان دەبێت. ئەگەر فراوان نەبێت و خەڵک پەیڕەوى نەکەن ئەوا ئایینەکە وەک دەقێکى مردووى لی دێت و خوێندنەوەیەکى سۆسیۆلۆژیانەى بۆ ناکرێت. ئەوە نەک هەر لە بارەى ئایینى ئیسلام بەڵکو هەموو ئایدیاو بۆچوونەکانى تریش بە هەمان شێوە. بۆنموونە (مانەوى، زەردەشتى، کۆنفۆشیوسى...) لە کوردستاندا قسە لەسەر قەیرانەکانیان ناکرێ لەبەر ئەوەى پەیڕەوکەریان لە کوردستاندا نییە.
ئەوەى سەرنج راکێشە ئەوەیە ئەم تێگەیشتنەى دەزگا ئیسلامییەکان بۆ ئەو جیاکارییەى لە نێوان پەیڕەوکەران و (دەقەکان) کە بۆ خۆیان جیاى دەکەنەوە هێلێکى جیاکەرەوەى زۆر زەق لە نێوانیان دادەنێن. کە ئیسلام وەک دەق لە موسڵمان جیا دەکەنەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا خۆیان ناتوانن ئەو جیاوازییە بۆ بەرامبەرەکانیان دابنێن و بیر، یان ئایدیاى بەرامبەریان لەگەڵ پەیڕەوکەرانى بەرامبەریان بە یەک پاکێچ دەبینن و بۆنموونە (پارتى، یەکێتى، بەعس، ئیشتراکى، عهلمانى...) ئەوانەش دەقى تایبەت بەخۆیان هەیە و دەقەکانیان زۆر ئاشتىخواز و مرۆڤدۆستە، بەڵام خۆیان کە قسە لە بارەیانەوە دەکەن ئەم جیاکارییە لە نێوان دەق و پەیڕەوکەران ناکەن. بە هەمان شێوەش ماکرۆن و فەرەنسا بە یەک پاکێچ دەبینن و ناتوانن لە یەکترى جیاى بکەنەوە.
لە ئایین و بۆچوونەکاندا ئەگەر پەیڕەوکار نەبێت ئەوا خودى ئایینەکە وەک دەقێکى مردوو لە چوارچێوەى چەند لاپەرەیەکدا دەمێنێتەوە. دەشى کۆمەڵێك ئایدیا و بۆچوونى جوان کە شایستەى ئەوە بوون، بکرێن بە ئایدیۆلۆژیا یان شێوازیکى ژیان و جیهانبینى، بەڵام لەبەر ئەوەى کە دەزگایەک یان کۆمەڵە کەسێک دروست نەبوون، کە بیکەن بە رێبازیک، ئەوا مێژوو تەنیا لە چوارچێوەى لاپەرەکاندا ئەرشیفیان کردووە. هەر بۆ نموونە: (مەسعود محەمەد، خانى، ئەفلاتون، حاجى قادرى کۆیی، سارتەر، تەنانەت بابەیەکى نهخوێندهواریش قسەکانى خاڵى نین لە فەلسەفە و ئایدیاى جوان)، ئەوانەش ئەگەر دەزگایەک هەبووایە کارى لەسەر بە ئایدیۆلۆژیا کردنیان بکردایە ئێستا وەکو بیرى مارکسیزم و لیبراڵى و نازیزم. دەبوون بە خاوەنى پەیڕەوکاران. کە ئاسایی بوو ئەوکات رووبەڕووى قەیرانیش دەبوونەوە.
بە باوەڕى من کە دەگوترێ موسڵمان لە قەیراندایە ئەوە ئەو چەمکە دەگەیەنێ کە ئیسلام لە قەیراندایە. بە هەمان شێوەش کە قسە لەسەر ئیسلام دەکرێ، وەک لایەنى فکرى و راڤەى دەقەکان کە ئەمەش کڕۆکی قەیرانى ئایینەکەیە. ئیتر قەیرانى دەقەکەش واتە قەیرانى ئیسلام. ئەمەش بۆتەوە بە قەیرانى موسڵمانان و ئاشتى کۆمەڵایەتى کەوتۆتە قەیران، تەنانەت شەڕ و کوشتاریش لە نێوانیان روویداوە. هەروەک لە سەرەتاکانى ئیسلام لە نێوان ئەشعەرى و خەواریج وقەرامیتەکان هەروهها لە سەردەمى ئێستاشدا لە نێوان باڵە فکرییەکانى وەک داعش و ئیخوان و تاڵیبان و سەلەفى و ...هتد دەبینرێ. بۆیە کە دەگوترێت ئیسلام لە قەیراندایە ئەوە دەگەیەنێ کە موسڵمانان لە قەیراندان.