ڕۆژ حەیدەر
نووسەر
ڕۆڵی مەسرور بارزانی لە گۆڕینی مۆدێلی (کڵاینتەلیزم) بۆ (پرۆگراماتیك) لە هەرێمی کوردستان
گەشە سەندنی سیستەمی دیموکراسی گۆڕانکاریی گەورەی دروستکردووە لەسەر گەشەسەندنی مۆدێلی سیاسی و پارتی سیاسی، چونکە پارتەکان ململانێ دەکەن بۆ بەهێز بوونی پەیوەندیان لەگەڵ دەنگدەردا، لەم ناوەندەدا زانستوانی سیاسی ئەڵمانی - ئەمەریکی (هێربەرت کایتشێڵت) پۆلێنکارییەکی نوێ دێنێتە بوون لەسەر داینامکییەت و گۆڕانکاریی پارتی سیاسی نوێ و پەیوەندییەکانی نێوان پارتی سیاسی و دەنگدەر، کە پارتەکان دابەش دەکات بۆ دوو جۆر، پارتی کڵایەنتەلستیك (بێ پرۆگرام یاخود کڕیار گەرا) و پارتی پرۆگراماتیك ( بە پرۆگرام).
(کایتشێڵت) ئاماژە بەوە دەکات (کڵایەنتەلستیکەکان) کار بۆ گرووپێکی دیاریکراو دەکەن، پارتی گرووپ گەران بەو واتایەی کە ئەم جۆرە لە پارتی سیاسی کاردەکات بۆ ئەو گرووپەی کە دڵسۆزیی سیاسی هەیە بۆی، بە دامەزراندنیا، پێدانی پارە و دروستکردنی بەرژەوەندی. لە ڕوی پلانەوە ئەم جۆرە لە پارتی سیاسی لاوازە و پشت نابەستن بە پرۆگرامی بە هێز و دید و ڕوانگەی تۆکمەی سیاسی. لە ڕووی دامەزراوەیەوە لاوازن و پشتدەبەستن بە بنەما کەسیەکان، وەك لە بنەمای دامەزراوەی. دەنگدارانی باوەڕی بە هێزیان بەم جۆرە پارتە نییە، لە کاتی پێشکەشکردنی بەرژەوەندی زیاتر لەلایەن هەر پارتێکی تر واز لەم پارتە دەهێنن، ئەم جۆرە لە پارتە پشت بەستووە بە دروشم و گوتاری گەورە.
(کایتشێڵت) ئەم جۆرە لە مۆدێلە بە لاواز دەبینێت چونکە مەودای گەشەی لە ناو سیستەمی دیموکراسیدا کەمە. لە فەلسەفەی ئەم مۆدێلەدا حزب ناوەندە نەوەك خەڵك.
لەبەرامبەردا (کایتشێڵت) مۆدێلێکی تریش دەخاتە ڕوو کە ئەویش پارتی (پرۆگرامتیکە)، کە ئەم جۆرە پشت دەبەستێت بە پەیوەندییەکی بە هێز لەگەڵ دەنگدەر لەسەر بنەمای ئامانجی سیاسی گەورە، دیدگای فراوان و پێشکەشکردنی خزمەت بۆ کۆی گشتیی خەڵك نەوەك ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندی کورتخایەن.
لەم بازنەیەدا پارتەکان خاوەن بیرۆکەی سیاسی قوڵن، سەرنجی ئەم پارتانە لەسەر کۆی گشتیی گرووپەکانە لە بری گرووپێکی دیاریکراو. ئەم جۆرە پارتانە خاوەن پلان و ستراتیژی دوور مەودان، لەبری کارەکتەر، کار بۆ بەهێزکردنی دامەزراوە دەکەن. لەم مۆدێلە شەفافیەت و لێپرسینەوە ئەرکی سەرەکین، چونکە دەنگدەر ڕۆڵی دەزگای چاودێری دەبینێت بۆ هەڵسەنگاندنی حزبەکان.
پەیوەندی دەنگدەر و حزب لە دروشم دەچێتە دەرەوە و دەبێتە خزمەت و لەسەر بنەمای خزمەتکردن پارتەکان پەیوەندی لەگەڵ هەموو دەنگدەرێك دەبەست، بەو واتایە لەبری هاوبۆچوونی و ئایدۆلۆژیا، پڕۆژەیەکی ستراتیژی یان خزمەتگوزاری دەبێتە پردی نێوان خەڵك و حزب.
بە تێڕوانینی (کایتشێڵت) ئەم مۆدێلە سەرکەوتترین مۆدێلە، چونکە پارتە دیموکراسیە مۆدێرنەکان بەم شێوازە براوە بوون؛ لە فەلسەفەی ئەم مۆدێلەدا خەڵك ناوەندە نەوەك حزب، خەڵك هەست دەکات کە دەنگی هێز و خزمەتی پێشکەش دەکات نەوەك دڵسۆزیی حزبی.
لە دنیای ڕۆژهەڵاتی و لە ناو عێراق مۆدێلی (کڵایەنتەلستیك) ئەو مۆدێلە زاڵەیە هەتا ئێستا بەردەوامە، لە ناو ئەم ژینگەیەدا مەسرور بارزانی لە کابینەی نۆیەم ئەم مۆدێلەی گۆڕی بۆ مۆدیلی (پرۆگراماتیك)، ، لە 2019دا تا ئێستا سەرۆکی حکوومەت کاری لەسەر بنەما پرۆگرامتیکیەکان کردووە بە مەبەستی گۆڕینی مۆدێلی حکوومڕانی و سیاسی بەرەوە دامەزراوەیی، ئەمە گەورەترین وەرچەرخانی مێژووییە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، کە لەکاتێکدا نەك عێراق، بەڵکو بەشێکی وڵاتانی ئەم ناوچایە ناتوانن هەنگاو بنێن بەرەو ئەم مۆدێلە؛ ئەوەی مەسرور بارزانی ئەنجامیدا بۆ گۆڕینی مۆدێلی حوکمڕانی ئەمانە لە خۆدەگرێت :
چاکسازیی دامەزراوەیی و دیجیتاڵیزەکردن: یەکێک لە ڕەهەندە سەرەکییەکان بریتی بوو لە پڕۆژەی حکوومەتی دیجیتاڵی و بە بانکی کردنی سیستمی دارایی کە بۆ بەشێکی زۆر لە خەڵك ئەم جۆرە لە خزمەتگوزارییە واتەی ئەوە بوو، کە ئیتر هێڵی دوورو درێژی سەرەگرتنی مووچە نەما .
کاتێک دابەشکردنی خزمەتگوزارییەکان لە ڕێگەی سیستەمێکی دیجیتاڵییەوە بەڕێوەدەچێت، دەسەڵاتی ئەکتەرە سیاسییە ناوخۆییەکان بۆ دابینکردنی "خزمەتی کەسی" و کڕینی دڵسۆزی کەم دەبێتەوە، ئەم خزمەتگوزارییە دیجیتاڵیانە هەم کات و هەم شکۆ دەگەڕێنێتەوە بۆ خەڵك.
سەنتراڵکردنی دارایی: هەوڵەکان بۆ چاکسازیی مووچە، خانەنشینی و بەڕێوەبردنی بودجە بە شێوەیەکی سەنتراڵ، دیسان ئامانجی بەهێزکردنی دامەزراوە گشتییەکان (وەک وەزارەتی دارایی) بوو بەسەر دەسەڵاتی پەرشوبڵاوی لایەنە حزبی و سەربازییەکاندا، کە ئەمەش هەنگاوێکە بەرەو حوکمڕانییەکی زیاتر پڕۆگراماتیک.
بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێز: مەسرور بارزانی پەیوەندی بەهێز و متمانەی بەهێزی لەگەڵ دەنگدەر دروستکرد لە ڕێگەی پێشکەش کردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ستراتیژی کە بەشێکی سەرەکین لە بەهێزکردنی ژێرخانی کوردستان وەك (پرۆژەی ڕوناکی) دابینکردنی کارەبای24 کاتژمێری، (هەژماری من) بە بانکی کردنی سیستەمی دارایی، پرۆژەی فریاگوزاریی گەیاندنی خێرای ئاوی هەولێر و چارەسەرکردنی کێشەی کەم ئاوی، دروستکردنی ڕیگەوبان و هاتوچۆ، دروستکردنی پارك و بەرزکردنەوەی ڕێژەی سەوزای، دروستکردنی پۆند و بەنداو بۆ ڕووبەڕووبونەوەی قەیرانی کەمی ئاو و بە هێزکردنی ئاوی ژێر زەوی، فرەچەشن کردنی ئابووری بە پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و هەناردە کردنی بۆ دەرەوەی کوردستان وپێشخستنی کەرتی پیشەسازی بە دروستکردنی کارگەی جۆراو جۆر ، بەرزکردنەوەی دەرفەتی کار و کەمکردنەوەی ڕێژەی هەژاری. ئەم پرۆژانە ڕەوایەتی سیاسی لە باوەڕی هەڕەمەکیەوە دەگوازنەوە بۆ ڕەوایەتی بنەمادار لەسەر کارای لە کارکردن.
سەرەڕای هەوڵە پرۆگراماتیکیەکانی مەسرور بارزانی، ئەم کاروانە خزمەتگوزارییەی کابینەی نۆهەم بە ئاستەنگی زۆردا تێپەڕی، چونکە بەشێك لە حزبە سیاسییەکانی هەرێم بەردەوامن لە درێژەپێدانی مۆدیلی (کڵایەنتەلستیك)، بەڵام ڕێبازە چاکسازییەکەی مەسرور بارزانی لە کابینەی نۆیەمدا نوێنەرایەتیی هەوڵێکی ئەقڵانی و پڕۆگراماتیک دەکات بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە دامەزراوەییەکانی هەرێم کە بەهۆی باڵادەستیی کلینتێلیزمی دروست بوون.
ئەم هەوڵانە ئامانجیان کەمکردنەوەی ڕۆڵی ئەکتەری کەسی و زیادکردنی هێزی یاسا و سیستەمی گشتییە، ئەم گۆڕانە لە مۆدێلی حزبی سیاسی و شێوازی حوکمڕانی نەك گۆڕانکاریی سیاسی دروست دەکات، بەڵکو متمانە و شکۆ و دادپەروەری دەگەڕێنیتەوە بۆ پەیوەندی نێوان خەڵك و حکوومەت، گواستنەوە و گۆڕینی ئەم مۆدێلە لە حوکمڕانی پێویستی بە ئیرادە و بەردەوامی و پشتگیری بە هێزی ڕای گشتی هەیە؛ بە بەردەوام بوونی ئەم کاروانە، حکوومەتێکی تەواو پرۆگراماتیك دێتە بەرهەم.