بۆچی تره‌مپ هیچی پێناكرێت؟
دۆناڵد تره‌مپ و ته‌نانه‌ت تیمی بانگه‌شه‌كه‌ی له قسه‌كردن نه‌كه‌وتوون. ته‌نانه‌ت تره‌مپ دوێنێ 10ی تشرینی یه‌كه‌م له تویتێكدا به پیتی كه‌پته‌ڵ نووسی: (ئێمه بردمانه‌وه).
له رووی تیۆرییه‌وه تره‌مپ راست ئه‌كات كۆمارییه‌كان هه‌ڵبژاردنیان بردۆته‌وه، به‌ڵام له رووی پراكتیكی و كه‌وانتنه‌وه تره‌مپ دۆڕاوه له هه‌ڵبژاردن.
ویلایه‌ته‌كانی (میشیگان، نێڤادا، بنسلڤانیا) ئه‌و سێ ویلایه‌ته‌ن كێشه و ته‌نانه‌ت گومانی گه‌وره‌ی ساخته‌ی تێدایه به‌تایبه‌تی له‌و ده‌نگانه‌ی له رێگه‌ی پۆسته‌وه گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه و له رۆژانی دوای 3ی نۆڤێمبه‌ره‌وه جیاكرانه‌وه.
ره‌نگه ئه‌م دۆخه هه‌مان دۆخی هه‌ڵبژاردنی سه‌ره‌تای ساڵانی 1900 بێنێته‌وه ناو بیره‌وه‌ری ئه‌مه‌ریكاییه‌كان كه چۆن كۆمارییه‌كان له ویلایه‌ته‌كانی خۆرهه‌ڵاتی باكووری ئه‌مه‌ریكا په‌نایان بۆ ساخته ده‌برد و تا ئێستاش ئه‌و ویلایه‌تانه نایه‌ته‌وه دۆخی خۆی و كۆمارییه‌كان له چله‌كانه‌وه تێیاندا ده‌نگیان بۆ كۆناكرێته‌وه.
ره‌نگه تێڕوانینی من جودا بێت له تێڕوانینی كه‌سێك له كوردستانه بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌ریكا. من به‌حه‌ز ناجوڵێمه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده هه‌یه ئه‌گه‌ر دۆناڵد تره‌مپ نه‌بوایه هه‌ر سه‌رۆكێكی تر بوایه ئێستا ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن له به‌رژه‌وه‌ندی قڵب ئه‌بۆوه، چونكه دادگای باڵا زۆر به‌ئاسانی ده‌توانێت هه‌موو ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه له رێگه‌ی پۆسته‌وه دراون پووچه‌ڵی بكاته‌وه. ئه‌وكات 42 ده‌نگی كۆمه‌ڵه‌ی هه‌ڵبژێردراو بۆ دۆناڵد تره‌مپ ده‌گه‌ڕێته‌وه و سه‌رۆكایه‌تی 2020 له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و كۆتایی دێت.
ده‌شێت پرسیار بكرێت: "چۆن دادگای باڵا ده‌توانێت ئه‌و ده‌نگانه هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه؟" له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌مانگی حوزه‌یران كاتێك كۆمارییه‌كان داوای ده‌نگدانی پێشوه‌خت و له رێگه‌ی پۆسته-وه‌یان كرد، دۆناڵد تره‌مپ دژی وه‌ستایه‌وه و ره‌تیكرده‌وه ته‌نانه‌ت له هه‌ندێك ویلایه‌ت و كاونتی كه كۆمارییه‌كان باڵا ده‌ست بوون به سه‌دان سندوقی پۆست-یان لابرد. به‌شێوه‌یه‌ك وا لێهاتبوو هاتن و رۆیشتنی پۆست ته‌گه‌ره‌ی تێكه‌وتبوو. كێشه‌كه گه‌یشته دادگای باڵا. دادگای باڵا بڕیاری دا كه ده‌نگدان له رێگه‌ی پۆسته‌وه بدرێت. به‌مه تره‌مپ شكستی یه‌كه‌می هێنا و ته‌نانه‌ت له‌وكاته‌وه باسی له‌وه‌كرد كه ئه‌مه جۆرێكه بۆ رێخۆشكردن بۆ ساخته‌كاری.
پرسیار ئه‌وه‌یه: ئایا دادگای باڵا ده‌نگی ئه‌و (3) ویلایه‌تانه هه‌ڵەوه‌شێنێته‌وه كه له رێگه‌ی پۆسته‌وه دراون؟
راستی هه‌موو هێز و هیوای تره‌مپ له‌م ئه‌گه‌ره كۆبۆته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی من تێبگه‌م دادگای باڵا 95% ئه‌مه ناكات. 5% ئه‌گه‌ر هه‌یه و ئه‌گه‌رێكی لاوازه، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی دژی تره‌مپ بن یان له‌به‌ر دڵی بایدن، به‌ڵكو له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ئاسایشی گشتی ناوخۆی ئه‌مه‌ریكا.
ره‌نگه بڵێن بۆچی؟ لێره‌وه ئه‌بێت به بابه‌تێكی دیكه و پێویسته وردتر تێی بڕوانین: ئێواره‌ی 25ی ئادار كاتێك جۆرج فلۆید -ی ره‌شپێست گیانی له‌ده‌ستدا له كاوتنی مه‌نیئاپلس-ی ویلایه‌تی مینیسۆتا، سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی دابه‌شبوونی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكی بوو. سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی خستنی ئیداره‌ی تره‌مپ بوو. له رووی فۆرمدا خۆپیشاندان دژی تره‌مپ نه‌بوو، به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا بۆ رووخاندنی ئیداره‌ی تره‌مپ بوو.
ئێواره‌ی دواتر ئه‌وه‌ی من له مه‌نیئاپلس بینیم خورپه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌دڵمدا هێنا، له یه‌ك راسته‌ڕێی ناوه‌ندی شاردا زیاتر له 20 دوكان پێكه‌وه گڕی تێبه‌ردرا. ئێواره‌ی 27 ئایار كه دیمه‌نی شاری ئه‌تله‌نتای ویلایه‌تی جۆرجیام بینی كه زیاتر له 40 ئۆتۆمبێلی پۆلیس گڕی لێبه‌رزده‌بێته‌وه و هه‌ر كۆگای گه‌وره‌یه تاڵانده‌كرێت و ته‌نانه‌ت باره‌گای ته‌له‌ڤزیۆنی سێ ئێن ئێن تێك‌و پێكدرا ده‌ركه‌وت كاره‌كه له‌كۆنترۆڵ ده‌رچووه، قسه‌كانی كیشا لانس بادم مایه‌ری ئه‌تله‌نتا ته‌واو بێئومێدی كردم كه سه‌ركرده‌یه‌كی دیاری دیموكراته‌كانه. هه‌مان دیمه‌نم له واشنتن - سیاتل خراپتر به‌دیكرد، ته‌نانه‌ت خۆپیشانده‌ران چه‌كی قورسیان به‌ده‌سته‌وه بوو.
كار گه‌یشته به‌رده‌م كۆشكی سپی. شه‌وی 29 ی ئایار خۆپیشانده‌ران چه‌ند هه‌نگاوێكیان مابوو بچنه ناو كۆشكی سپی، مارك ئیسپیر وه‌زیری به‌رگری رۆژی 3ی حوزه‌یران ده‌ركه‌وت له‌ده‌وری كۆشكی سپی. به‌كورتی له‌ماوه‌ی 15 رۆژدا بۆنی شه‌ڕی ناوخۆ له ئه‌مه‌ریكا ده‌ستی پێكردبوو. ئه‌گه‌ر زیره‌كی خه‌ڵكی كۆماری و به‌تایبه‌تی وه‌زیری به‌رگری و هه‌یئه‌ی ئه‌ركانی سوپا و به‌رپرسی ئێف بی ئای نه‌بوایه، ئه‌وا دۆخه‌كه قڵب ئه‌بۆوه به‌سه‌ر تره‌مپ-دا و ئه‌مه‌ریكا ئه‌كه‌وته لێواری پارچه پارچه بوون. به‌كورتی له‌مانگی ئایاره‌وه، ناوخۆی ئه‌مه‌ریكا كه‌ڵكی ئه‌وه‌ی نه‌مابوو تره‌مپ سه‌رۆكی بێت. ته‌نانه‌ت زۆرێك له‌سه‌ركرده كۆمارییه‌كانیش دركیان به‌و هه‌قیقه‌ته كردبوو، ئیدی ئه‌وه‌ی تری سه‌باره‌ت به سیاسه‌تی تره‌مپ به‌رامبه‌ر ئه‌وروپا و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌مووی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و هیچ له‌مه‌ودای مانه‌وه‌ی تره‌مپ-ی نه‌ئه‌گۆڕی. ته‌نیاو ته‌نیا ناوخۆی ئه‌مه‌ریكا به‌رگه‌ی مانه‌وه‌ی تره‌مپ-ی نه‌ده‌گرد.
ده‌شێت كه‌سێك بڵێت: ئه‌وه چ په‌یوه‌ندی به هه‌ڵبژاردنه‌وه هه‌یه؟ پرسیاره‌كه ته‌واوه. به‌ر له هه‌ڵبژاردنی 3ی نۆڤێمبه‌ر من له‌چه‌ندین چاوپێكه‌وتنی ته‌له‌فزیۆنی كاتێك پرسیاریان ده‌كرد چی رووده‌دات ئه‌گه‌ر بایدن ده‌رچێت، ئه‌ی چی ده‌بێت ئه‌گه‌ر تره‌مپ ده‌رچێت؟ ئه‌موت ئه‌گه‌ر بایدن ده‌رچێت ئه‌وه هیچ نابێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر تره‌مپ ده‌رچێت ئه‌وا له‌یه‌كه‌م شه‌وی راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كان له نیویۆركه‌وه خۆپیشاندان ده‌سپێده‌كات و كڵپه ئه‌سه‌نێت بۆ توندوتیژی و سه‌رئه‌كێشێت بۆ كاولكاریی و ته‌نانه‌ت شه‌ڕی ناوخۆ.
كه‌واته هه‌رگیز دادگای باڵا ئاماده نابێت له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی تره‌مپ، به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ریكا بخاته مه‌ترسییه‌وه!