شلێر باپیری
نووسەر
هەڵبژاردنی كەمالا هاریس لە ڕوانگەیەکی "ژنان"ـەوە
"ئەستێرەی مێژووی ئەمەریكا، چۆن ئەنجامی هەڵبژاردنی بۆ بەرژەوەندی دیموكراتەكان گۆڕی؟
دوای 100 ساڵ لە وەرگرتنی مافی دەنگدان، بۆ یەکەمجار ژنێک وەک جێگری سەرۆک کۆماری ئەمەریكا هەڵبژێردرا لە دوای بێهیواییەکی زۆری دیموکراتەکان لە دوو هەوڵی سەرنەکەتوو لە هەڵەبژاردنی جێراڵدین فێرارۆ لە ساڵی 1984 و سەرنەكەوتنی هیلاری کلینتۆن لە ساڵی 2016دا. کارتی بەهێزی دیموکراتەکان بۆ شکستهێنان بە ترەمپ، جۆ بایدن نەبوو، بەڵکو كەمالا بوو کە توانی هاودەنگییەکی زۆر لە نێو ژنان دا بە تایبەت ژنانی رەشپێست دروست بکات کە بۆ یەکەمجار هەست بکەن کەسێک لە رەگەزی خۆیان کاندیدە و دەتوانێ دەنگ و ڕەنگی ئەوان بێت.
دێموکراتەکان بەو دروشمەی کە “ئیدی کاتی ئەوەیە ژنان، نەک تەنیا ژنانی سپی پێست، پێگەی خۆیان لە پۆستی باڵای سیاسیدا بەدەست بهێنن” وایانکرد کە ژنان دەرئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمساڵی ئەمەریكا دیاری بکەن. بزووتنەوەی ژنان لە ئەمەریكا کە بە هەڵبژاردنی ترەمپ، بێهیوایی رووی تێکردبوون کە هێشتاش دوای 100 ساڵ وڵاتەکەیان ئامادەیی هەڵبژاردنی ژنێکی وەک رێبەر نەبوو، هەر لەوکاتەوەش تووڕەبوون و لە رووی سیاسییەوە چالاکتربوون کە نیشانیدەن کاتی ئەوەیە رێبەرێکی ژن هەبێت.
كەمالا لە بابێکی جامایکایی و دایکێکی هیندی لە دایکبووە، کە كەمالا دەڵێت هەمیشە دایکم پێیدەگوتم: “كەمالا رەنگبێ یەکەم کەس بی کە زۆر کاری مەزن ئەنجام بدەی، بەڵام بە دڵنیاییەوە دوایین کەس نابیت”. شیامالی دایکی ڕاستی دەکرد، کچەکەی چەند جار یەکەم بوو. لە ساڵی 2010 هاریس یەکەم ئەفریقایی-ئەمەریكایی بوو کە وەک داواكاری گشتی کالیفۆرنیا خزمەتی کرد و لە ساڵی 2016ش یەکەم ژنی هیندی-ئەمەریكایی بوو کە بوو بە نوێنەر لە سێناتی ئەمەریكادا. لە ساڵی 2020یشدا یەکەم ژنی رەشپێستی ئەمەریكایی وەک کاندیدی جێگری سەرۆکی ئەمەریكا بێت و ببێتە یەکەم ژن وەک جێگری سەرۆک کۆماری ئەمەریكا.
وێنایەک کە هەموومان لە ڕێبەڕایەتی و هێز لە ئەمەریكا دیتومانە زۆرتر روخسارێکی پیاوانە و رەنگێکی سپی پێست بووە، كەمالا بەم شێوەیە هاوکێشەی دەسەڵات و پێکهاتەی کۆمەڵگەی گۆڕی کە دەتوانێ لە داهاتوودا ئیلهامبەخشی کچان بێت. منداڵانی کچ دەبێ لە کرداردا ژنان لەو پۆستانە بببینین کە باوەڕیان لەلا دروست بێت و ئەو ژنانەش دەبنە ئۆلگو بۆ نەوەکانی داهاتوو.
بەرپرسایەتی كەمالا ئاسان نابێت لەکاتێکدا بەڵای کڕۆنا پانتایی دنیای بە ئەمەریكاشەوە گرتوەتەوە و نزیکەی دوو سەد هەزار ئەمەریكایی گیانیان لە دەست داوە. بە پێی ئاماری ناوەندی کاری ئەمەریكا ڕێژەی ژنانی بێکار لە چاو پیاوان سێ هێندەیە کە زیاتر لە 800 سەد هەزار ژن بێکار بوون و ئاماری پیاوان 200 هەزارە. بۆیە هەڵبژاردنی كەمالا واتە بوونی ژنێک لە ئاستێکی بەرزی فێدرالدا کە پێشتر پیاوان لەو پۆستانەدا بوون و دەرکی پێویستیان لە دۆخی ژنان نەبووە. بۆیە لەمڕۆوە لەوبارانەوە هەموو چاوەکان لەسەر كەمالا دەبێت و گوشارێکی زۆرتری لە چاو پیاوەکان لەسەر دەبێت.
جگە لەمانەش بە شێوەیەکی باو خەڵک تایبەتمەندی ڕێبەری زۆرتر بە پیاوانەوە پێوەند دەدەنەوە بەهۆی بوونی کڵێشەی وەک( کردار و ئەقڵانیەت) و کڵێشەی ( کۆمەڵگە و هەستیش) بە ژنانەوە. هەر بۆیە كەمالا و ژنانی وەک كەمالا ئەو ئەرکە گەورەیان دەکەوێتە سەرشان کە جوابێک لە پراکتیکدا بەو کڵێشانەوە بدەنەوە کە ژنانیش خاوەن تایبەتمەندی ڕێبەڕین.
هەرچەندە بوونی ژنان و گەیشتن بە پۆستی باڵای سیاسی بە واتای بوونی کۆمەڵگەیەکی یەکسان نایەت لە کاتێکدا زۆر بواری دیکەمان هەیە کە ماوەیەکی زۆرە گۆرانکارییەکی بەسەردانەهاتوە و قەڵشتێکی گەورەی نایەکسانیشی تێدایە وەک موچەی جیاوازی نێوان ژن و پیاو و کاری ناوماڵیش. بەڵام دەتوانین نێوی لێ بنێین “پێشکەوتن بەرەو یەکسانی ڕەگەزی”.
لەگەڵ هەموو ئەو نایەکسانیانەش، دەبێ تەجلیلی هەڵبژاردنی كەمالا بکەین کە میچی شوشەیی لەو بوارەدا شکاند و ژنانی رەنگی پێستی هێنایە سەنتەری باسە سیاسییەکانەوە و بەرهەمێکیش بۆ خەباتی چەندین دەیەی فێمینیستان.