سەفەرێکی هێمایین و واتادار

سەفەرێکی هێمایین و واتادار
سەفەرێکی هێمایین و واتادار

سەفەرەکەی ڕێزدار جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ شرنەخ و بەشداریکردنی لە چوارەمین سیمپۆزیۆمی مەلای جزیری لە زۆر لایەنەوە جێگەی هەڵوەستەیە. ئاخاوتنەکەی سەرۆک بارزانی سەرەتا تەرخانکرا بۆ باسکردن لەسەر ژیان، کەسایەتی، شیعر و هزری مەلای جزیری. جەنابیان زۆربەی هەڵبەستەکانی مەلای جزیریی لەبەر بوو و گوتەکانیشی دەربارەی ڕسەنایەتیی شیعر و هزری مەلای جزیری، بۆ توێژەرانی وێژەی کلاسیکی کوردیی سەروو سەرنجڕاکێش بوون. 

هەروەها، بەڕێزیان چەندین شوێنی گرنگی بەسەر کردەوە، وەک مەزارگەی مەم و زین، مەزاری مەلای جزیری و دبستانا سۆر، کە هێمای نەتەوەیین بۆ هەموو کوردێک. 

بەشداری و ئاخافتن لە سیمپۆزیۆمێکی لەو چەشنە و سەردانکردنی ئەو شوێنە مێژووییانە لە جزیرا بۆتان، بەر لەوەی پیشاندەری ڕوانگەی بەڕێزیان بێت بۆ پێگەی بەرزی زمان، ئەدەب و هونەری کوردی، دەربڕی دەوری گرنگی بیرگەی مێژووییە بۆ کورد. 

مەلای جزیری یەکەم کەس بووە غەزەڵی بە کوردی داڕشتووە و عەلی تەرەماخی یەکەم کەس بووە پەخشانی بە کوردی نووسیوە و مەدرەسەی سۆر یەکەم دامەزراوەی زانستی بووە لە سەردەمی میرنشینە کوردییەکاندا. هونەرەکانی تریش وەک شێوەکاری و تەلارسازی و تەنانەت دیرۆکزانی لەسەر کورد یەکەم جار لەم قۆناغەدا دەستیان بە درەوشانەوە کرد. بۆیەش ئەم سەفەرە هێمایەکی ئاشکرایە بۆ سەرلەنوێ بنیاتنان و بنەڕەتسازی و هەوڵێکی سەرکەوتووە بۆ زیاتر هەڤگرتنی ڕۆحیی کورد. 

لە گۆشەنیگایەکی ترەوە، ئەمە سەفەر بوو لە ئەدەبەوە بۆ سیاسەت، لە دڵپاکی و خۆشەویستی و عەشق لای مەلای جزیرییەوە بۆ ئاشتیخوازی و سەقامگیری لە تورکیا و کوردستان. 

ئاماژەی جەنابیان بۆ ڕەوتی ئاشتی کە پرسێکی هەنووکەییی سیاسییە لە نێوان ئانکارا و قەندیل لە کۆڕێکی ئەدەبی و ژینگەیەکی ئەکادێمیکدا و لە شوێنێکی واتاداری وەک جزیرا بۆتان دەلالەتی چەندلایەنەی هەیە. یەکەمین میرنشینی گەورە و کاریگەری کوردی لە سەدەی شانزەدا و لە سەردەمی خالدییەکاندا لە جزیرا بۆتان دامەزرا کە بوو بە هۆی گەشانەوەی چاند و زانست نەک هەر لە جزیر، بەڵکوو لە سەرتاسەری باکووری کوردستان و دواتر کاریگەرییەکانی بەشەکانی تریشی گرتەوە.

لە پاڵ ئەمانەشدا، گوتەی بەشداربووانی سیمپۆزیۆمەکە کە هەموویان بە جۆش و خرۆش و بەوپەڕی ڕێز و شاگەشکەییەوە بەخێرهاتنی جەنابی سەرۆک بارزانی-یان کرد و هاوکات ئەو پێشوازییە گەرمە جەماوەرییە لە شرنەخ و جزیرا بۆتان، سەنگی کورد لە هاوکێشە هەرێمییەکاندا زیاتر مسۆگەر دەکات و لە ئەنجامدا کاریگەریی ئەرێنی بۆ دۆزی کورد لە تورکیا و لە هەموو پارچەکانی کوردستان بەرهەم دەهێنێت. بۆیەش ئەم سەفەرە، لە ڕوانگەی منەوە، کردەوەیەکی گوتارساز و هاندەرێکی بەهێزە کە پەرە بە گوتاری ئاشتیخوازی و برایەتی و ڕێزی دوولایەنە دەدات و پێناسەکردنەوەیەکی سەرلەنوێیە بۆ چەمکی ئازادیخوازی لە شوێنکاتی ئێستادا. پارێزەری ئەم گوتارەش لە سەردەمەدا خودی جەنابی سەرۆک بارزانییە کە وەک هێمای نەتەوەیی بۆ کورد سەیر دەکرێت.