لە نێوان لۆژیکی دەوڵەتداری و عەقڵیەتی ئینکاردا.. خوێندنەوەیەک بۆ دژایەتییەکانی باخچەلی

سەرۆک بارزانی
سەرۆک بارزانی

لە کاتێکدا ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاری سیاسی و ئەمنییدا تێدەپەڕێت و پێویستیی بە زمانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی هاوبەش هەیە، سەردانە مێژووییەکەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ شاری (جزیرێ)ی بۆتان و بەشداریکردنی لە سیمپۆزیەمی زانای مەزن (مەلای جزیری)، پەیامێکی ڕوونی ئاشتیخوازانە و هەوڵێکی ستراتیژی بوو بۆ بەهێزکردنی کۆڵەکەکانی پێکەوەژیان، بەڵام بەداخەوە، لێدوانە دژبەرییەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، جارێکی دیکە پەردەی لەسەر ئەو ڕاستییە تاڵە هەڵمایەوە کە عەقڵیەتی شۆڤێنی و ڕەتکردنەوەی بەرامبەر، هێشتا وەک بەربەستێکی گەورە لەبەردەم هەر جوڵەیەکی شارستانیانەدا ماوەتەوە.
دووفاقی لە پیادەکردنی پڕۆتۆکۆلی نێودەوڵەتی
ئەوەی لە لێدوانەکانی باخچەلی بەدی دەکرێت، نەخوێندنەوەی دروستی پڕۆتۆکۆلە سیاسی و ئەمنییەکانە، وەک لە ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانیدا جەختی لێ کراوەتەوە، سەرجەم ئەو ڕێوشوێنە ئەمنییانەی بۆ پاراستنی سەرۆک بارزانی گیرابوونە بەر، دەرهاویشتەی بڕیارێکی تاکلایەنە نەبوون، بەڵکو بەرجەستەکردنی (تەوافوقێکی پڕۆتۆکۆلی) بووە لە نێوان دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی تورکیادا.
لێرەدا پرسیارێکی جەوهەری دێتە پێشەوە، ئایا بۆچی کاتێک بەرپرسە باڵا سیاسی و سەربازییەکانی تورکیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و بەپێی عورفی دیپلۆماسی یەکە سەربازییە تایبەتەکانی خۆیان دەهێنن، ئەمە وەک مافێکی سروشتی تەماشا دەکرێت و هیچ گرفتێک دروست ناکات؟ بەڵام کاتێک نۆرە دەگاتە سەرکردەیەکی کوردی کە خاوەن پێگەی نێودەوڵەتییە، هەمان پڕۆتۆکۆل دەبێتە جێگای مشتومڕ؟ ئەم جۆرە مامەڵەیە ئاماژەیە بۆ بوونی پێوەرێکی دووفاقی (Double Standard) کە سەرچاوەکەی بۆ هەمان عەقڵیەتی ڕەت کردنەوە دەگەڕێتەوە.
سەردانێک بۆ ئاشتی، نەک وروژاندنی هەستی نەتەوەپەرستی
سەردانی سەرۆک بارزانی هەڵگری پەیامێکی سیاسی و کولتووریی قووڵ بوو بۆ پشتیوانی لە (پرۆسەی ئاشتی)، ئەو پرۆسەیەی کە خودی باخچەلی بانگەشەی پشتیوانی لێ دەکات، بەڵام دژایەتیکردنی ئەم سەردانە دەریخست، تێگەیشتنی باخچەلی بۆ ئاشتی، تێگەیشتنێکی ڕووکەشە و لە چوارچێوەی سەپاندنی ئیرادە تێپەڕی نەکردووە، ناکرێت باس لە ئاشتی بکرێت و لە هەمان کاتدا هێرش بکرێتە سەر کەسایەتییەک کە کلیلی چارەسەر و سیمبولی نەتەوەییە، ئەم دژایەتییە خزمەت بە هیچ ئەجێندایەکی نیشتمانیی تورکیا ناکات و تەنها برینەکان قووڵتر دەکاتەوە.
گورگە بۆرەکە و وەهمی گۆڕانکاری
لە ماوەی ڕابردوودا، هەندێک جووڵەی تاکتیکی وایکردبوو چاودێران پێشبینی گۆڕانکاری لە زهنیەتی سیاسیی مەهەپەدا بکەن، بەو ئومێدەی کە قۆناغی ڕەگەزپەرستی تێپەڕێندرابێت، بەڵام وەڵامەکەی بارەگای بارزانی بە دەستەواژەیەکی سیاسیی زۆر ورد و پڕمانا کۆتایی بەو وەهمە هێنا: "ئێمە وامان دەزانی خودا دەوڵەت باخچەلی هیدایەت کردووە... بەڵام دیارە هێشتا گورگە بۆرەکەی جارانە ئێستا لە پێستی مەڕدا."
ئەم دەستەواژەیە (Wolf in sheep's clothing) لە فەرهەنگی سیاسیدا ئاماژەیە بۆ ستراتیژیی خۆشاردنەوە بەبێ گۆڕینی ئایدۆلۆژیا، دەرکەوت کە گۆڕینی گوتارەکان تەنها بۆ بەکاربردنی کاتی بووە و لە ناخدا، هەمان ئەو عەقڵیەتە زاڵە کە ناتوانێت بوونی کورد وەک هاوبەش و دراوسێیەکی ڕێزلێگیراو قبووڵ بکات.

لە ئەنجامدا، دەبێت هەموو لایەک ئەو ڕاستییە بزانن کە، سەردانی سەرۆک بارزانی ئەنجامدرا و ئامانجەکانی خۆی پێکاوە، لێدوانە شۆڤێنییەکان ناتوانن مێژوو بگۆڕن، بەڵکو تەنها دەبنە بەڵگەیەک بۆ ئەوەی کە کێ لەگەڵ ئاشتییە و کێ هێشتا دیلی دەستی عەقڵیەتی ڕابردووە، سیاسەتی هەرێمی کوردستان و جەنابی سەرۆک بارزانی، سیاسەتی کرانەوە و ئاشتییە، بەڵام ئەم ئاشتییە هەرگیز لەسەر حسابی کەرامەت و پێگەی نەتەوەیی نابێت.