كاروان سه‌ڵاح
پەیامنێر
په‌یامه‌كانی هه‌نارده‌كردنی هه‌نار بۆ به‌ریتانیا
شتێك دروست بووه هه‌موو شتی خۆمانی پێ ناشرینه و باوه‌ڕی به‌وه نه‌ماوه ئیتر كوردستان بتوانێت ده‌سكێك سڵق به‌رهه‌م بهێنێت، به‌ڵام ناردنی ئه‌و هه‌ناره بۆ به‌ریتانیا تا ئاستێك ئه‌و بێ ئومێدیه‌ی ره‌وانده‌وه.
هه‌رێمی كوردستانی عێراق یان سه‌به‌ته‌ی خۆراكی عێراق و ناوچه‌كه، ده‌یه‌وێت به كه‌مترین زیان له‌و دۆخه ئابوورییه ناسه‌قامگیرییه‌ی كه له عێراق و جیهان هه‌یه كه به هۆی سه‌رهه‌ڵدانی نه‌خۆشی كۆرۆنا و دابه‌زینی نرخی نه‌وت له جیهاندا هه‌یه بێته ده‌ره‌وه و ئه‌و كوردستانه‌ی كه پێش سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و بارودۆخه بانگه‌وازی ئابووری سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵگرتبوو و به‌و نه‌وته‌ی كه ئێستا شرۆڤه‌كارانی سیاسی و ئابووری ده‌ڵێن كه جگه له كێشه هیچی ئه‌وتۆی بۆ هه‌رێمی كوردستان نه‌بووه.
هه‌رێمی كوردستان كه‌وتۆته ناوچه‌یه‌كی بازرگانی ستراتیجی گرنگ، كه بۆته خاڵی ترانزێتی كاڵا و شتومه‌ك له وڵاتانی ئه‌وروپا و توركیا بۆ عێراق، ده‌كرێ سوود له هه‌مان خاڵ وه‌رگرین بۆ ناردنی كاڵا و به‌رهه‌می خۆماڵی هه‌رێمی كوردستان به تایبه‌تی به‌رهه‌مه‌كانی كشتوكاڵی بۆ عێراق و وڵاتانی كه‌نداو و ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌وروپاش، له میدیاكان بینیمان هه‌ناری هه‌ڵه‌بجه بۆ یه‌كه‌مجار بۆ به‌ریتانیا هه‌نارده‌كرا، ئه‌م هه‌واڵه بۆ هه‌ندێكمان وه‌كو هه‌ر ههواڵێكیتر تێپه‌ڕی، به‌ڵام بۆ ئابووریناسان یه‌كێك بوو له رووداوه گرینگه‌كان به تایبه‌تی كه ئه‌و هه‌نگاوه فۆبیای هه‌نارده‌كرنی به‌رهه‌می خۆماڵی و ترسی هه‌وڵدان بۆ هه‌نارده‌كرن نه‌هێشت و بیری بازرگانی پێچه‌وانه دێنێته كایهیهوه، هه‌رچه‌نده به پێی پێویست له میدیاكان و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ به تایبه‌تی ئه‌و گرنگیه‌ی پێنه‌درا كه پێموابوو ده‌بووایه وه‌كو ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌ی وه‌زاره‌ت و ئه‌م كابینه‌ی حكومه‌ت نیشان درابا.
به‌رهه‌می خۆماڵی ماوه‌ی سووڕانه‌وه‌ی پاره له ناو بازاڕ درێژده‌كاته‌وه واده‌كات كه دراو زیاتر ئه‌وده‌ست و ئه‌مده‌ست بكات پێش ئه‌وه‌ی بڕێكی كه‌می لێبچێته‌وه ده‌ره‌وه بۆ هاورده‌كردنی كه‌ره‌سته‌ی خاو.
زیاتر له 90% ی خۆراكی پێویست له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان هاورده ده‌كرێت كه به جه‌ندین ملیار دینار مه‌زنده ده‌كرێت ساڵانه، جگه له‌و زیانه ئابووریه‌ی كه به هه‌رێم ده‌كه‌وێت له‌م پرۆسه‌یه، ئه‌و هاورده‌یه هیچ هه‌لێكی كار دروست ناكات و ئه‌و خۆراكه‌ی هاورده ده‌كرێت ده‌خورێت و هیچ نایه‌ته‌وه جێگای، له به‌رامبه‌ردا هه‌ر به‌رهه‌مێكی خۆماڵی كه به‌رهه‌م دێت به‌سه‌دان كه‌س و بزنز تیایدا به‌ژدارن، بۆ نموونه له به‌رهه‌مهێنانی مریشك جگه له‌و كرێكارانه‌ی له ناو گێلگهكان راسته‌وخۆ كار ده‌كه‌ن، هه‌لیكار بۆ ئه‌ندازیاری كشتوكاڵی و ڤیتیرنه‌ری و كارگه‌كانی ئالیك و گه‌نم و كه‌ره‌سته‌ی ئالیك و ئه‌و جوتیارانه‌ی كه دهیچینن و شۆفێری بارهه‌ڵگر و حه‌مباڵ و گاز فرۆش و مریشك فرۆش و وه‌ستای كاره‌با و مولیده و هتد... هه‌روه‌ها به‌شێكی به‌رهه‌مه‌كه ده‌بێته كه‌ره‌سته‌ی خاو بۆ جه‌ندین كارگه‌ی دیكه‌ی ناوخۆ كه ئه‌وانیش به سه‌دان كارمه‌ند كاری لێده‌كه‌ن، كه‌واته ئه‌گه‌ر حكومه‌ت زمینه‌سازی بكات بۆ وه‌گه‌ڕخستنی كه‌رتی په‌له‌وه‌ر ئه‌وا به هه‌زاران هه‌لیكار بۆ خه‌ڵكی بێكار ده‌ڕه‌خسێت، ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و به‌رهه‌مه‌ش هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه بكه‌ین ئیتر ئابووری كوردستان ده‌بێته فره‌چه‌شن و به‌رهه‌می مریشكی خۆماڵی نه‌ك ناردنی دراوی بیانی بۆ ده‌ره‌وه راده‌گرێت به‌ڵكو داهاتی ناوخۆش زیاد ده‌كات، ئه‌م نموونه‌یه بۆ هه‌موو به‌رهه‌مه ناوخۆییه‌كانی دیكه راسته.
باسی زه‌مینه‌سازیمان كرد بۆ بووژانده‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵ، گرنگترین خاڵ پێش ئه‌وه‌ی باسی لایه‌نه پراكتیكیه‌كان بكه‌م ئه‌وه‌یه كه حكومه‌تی هه‌رێم پێویسته باوه‌ڕی ته‌واوی هه‌بێت كه ده‌كرێت كوردستان ببێته‌وه سه‌به‌تی خۆراكی ناوچه‌كه و كشتوكاڵ ده‌بێته جێگره‌وه‌ی نه‌وت. له وڵاتان سێكته‌ری كشتوكاڵ ده‌بێته هۆی دروستكردنی هه‌لیكاری زۆر بۆ خه‌ڵك، له توركیا بۆ نموونه سێكته‌ری كشتوكاڵی 25% ی كۆی هێزی كاری توركی پێكده‌هێنن، كه له هه‌موو سێكته‌ره‌كانی دیكه زیاتره و به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و چینه نه‌ك توركیایان تێره‌خۆر كردووه، به‌ڵكو توركیایان كردۆته حهوتهمین وڵات له سه‌ر ئاستی دونیا بۆ هه‌نارده‌كردنی به‌رهه‌می كشتوكاڵی و ساڵانه توركیا به ملیار دۆلار له هه‌نارده‌كرنی به‌روبوومی كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵی ده‌ستده‌كه‌وێت، بۆیه به هه‌موو لێكدانه‌وه‌یه‌كی ئابووری و پێوه‌ری زانستی سیكتهری كشتوكاڵی له هه‌رێم ده‌بێته فریادڕه‌سی حكومه‌ت بۆ نه‌هێشتنی بێكاری و دروستكردنی هه‌زاران هه‌لیكار، به‌ڵام یه‌كه‌م قۆناغ ئه‌وه‌یه حكومه‌ت باوه‌ڕی ته‌واوی به‌وه‌وه هه‌بێت.
هه‌نگاوه‌كان زۆرن بۆ ئه‌و ئاراسته‌یه، ده‌بێ حكومه‌ت به فه‌رمی رایبگه‌یه‌نێت كه هه‌رێمی كوردستان كشتوكاڵییه و كشتوكاڵ ده‌كه‌ینه سه‌رچاوه‌یه‌كی ستراتیجی ئابووری، ئه‌و كاته‌ش هه‌موو كابینه‌ی حكومه‌ت ده‌بێ ئاراسته‌بكرێن بۆ كاركردن بۆ گه‌یه‌شتن به‌و ئامانجه. ئه‌و كات كار و كێشه‌ی جۆتیارێك هه‌ر له وه‌زیرێكه‌وه تا ده‌گاته كارمه‌ندێكی بازگه به ئاسانی چاره‌سه‌ر ده‌كرێت. ئه‌و كات ئه‌رزی كشتوكاڵی نادرێت به پرۆژه‌ی نیشته‌جێبوون یان سنووره‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی چه‌ند بازرگانێك ناخرێته سه‌رپشت. یان مامه‌ڵه‌ی دروستكردنی پرۆژه‌یه‌كی كشتوكاڵی مانگ و ساڵ ناخایه‌نێت، ئیتر ده‌بێ به توندی و بوێری ئه‌م هه‌نگاوانه بنرێت، به مانای ئه‌وه ناڵێم كه هه‌نگاو نه‌هاوێژراوه به‌و ئاراسته‌یه، به‌ڵام ده‌بێ ئیعلانی بۆ بكه‌ی هه‌تا بۆ هه‌موو لایه‌ك روون بێت و كه‌س له‌ناو حكومه‌ت نه‌توانێت دژی ئه‌و ئاراسته‌یه مه‌له بكات.
گۆڕانكاری له سیسته‌می ئابووری باخه‌ڵی گه‌رم و پڕی چه‌ند كه‌سێك سارد ده‌كات، سرووشتی گۆڕانكاری وایه، بۆیه ئه‌وه‌ی كه ناشاردرێته‌وه ئه‌وه‌یه كه هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت و به تایبه‌تی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم به‌م ئاراسته‌یه رووبه‌ڕووی چه‌ندین به‌ربه‌ست بوونه‌ته‌وه كه زۆربه‌یان له رێگه‌ی كهسانێكێن كه سوودمه‌ندبوون له‌م سیسته‌مه ئابوورییه كه پشتی به هاورده‌كردن به‌ستابوو، ناحه‌قیشیان ناگرم چونكه ئه‌و سه‌دان ملیۆن دۆلاره‌ی كه له هاورده‌كردنی به‌روبوومی كشتوكاڵی ده‌ستیان ده‌كه‌وت ئێستا به‌سه‌ر سه‌دان و هه‌زران كه‌س دابه‌ش بووه و به هه‌مووان ئه‌و به‌رهه‌مه ده‌هێننه بازاڕ كه كاكی بازرگان به ته‌نیا هاورده‌ی ده‌كرد و له بازاڕ ساغی ده‌كرده‌وه و به ته‌نها قازانجی لێده‌كرد، به‌شێكی دیكه له دژه گۆڕانكارییه‌كان هه‌ر وه‌كو ئه‌وه‌ی سوێندیان خواردبێ دژی هه‌موو بڕیارێكی حكومه‌ت بن ئینجا راست یان خوار.
بۆ نموونه حكومه‌تی هه‌رێم بریاری دا بڕی 10 سه‌نت باجی گومرگی له‌سه‌ر یه‌ك هێلكه‌ی ترووكاندنی هاورده زیادكرد، كه به‌و بڕیاره ده‌یان پرۆژه‌ی خۆماڵی ده‌كه‌ونه‌وه كار و هه‌نگاوێك نزیك ده‌بینه‌وه له گه‌یه‌شتن به ئاسایشی خۆراك، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای داخه له چه‌ندین ده‌رفه‌ت به‌ڕێز وه‌زیری كشتوكاڵ و به‌رپرسانی ئه‌و وه‌زاره‌ته ده‌ڵێن كه زه‌ختێكی زۆرمان له‌سه‌ره بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م بڕیاره، دانانی ئه‌م بڕه باجه به دیراسهبووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌كات له قسه‌ی بازاڕ هیچی تری پێنیه، ئینجا ئه‌ندام په‌رله‌مانێك ده‌ڵێت كه ئه‌و باجه زۆره، نازانرێت له‌سه‌ر چ ئه‌ساسێك ئه‌و پێوه‌ره‌ی بۆ داناوه و پێی زۆره، وه‌كو ئه‌وه‌ی باجه‌كه بۆ حكومه‌تی هه‌رێم نه‌بێت، بۆیه حه‌قی خۆمانه بپرسین ئه‌و پاره زۆره‌ی كه بۆ هاورده‌كردنی هێلكه‌ی ترووكاندن ده‌چێته ده‌ره‌وه‌ی وڵات زۆر نییه؟ بۆ ئه‌گه‌ر له كاتی هاورده‌كردن گومرگ بدات به حكومه‌تی هه‌رێم پێتان زۆره؟ ئینجا ئه‌گه‌ر ئه‌ندام په‌رله‌مانێك ئه‌وه دیدگای بێت له‌سه‌ر ماهیه‌تی دانانی باج كه به مه‌به‌ستی پاراستنی به‌رهه‌می خۆماڵی دانراوه و پێیوابێت به‌مه كاڵا گران ده‌بێت له بازاڕ و پێوه‌ر لای ئه‌و ته‌نها هه‌رزانی و گرانی بێت، ئه‌وا ئه‌و دیدگایه ده‌مانگه‌یه‌نێته داخستنی ته‌واوی پرۆژه‌كانی ناوخۆ و زیادبوونی رێژه‌ی بێكاری، دواتر هه‌مان ئه‌ندام په‌رله‌مان به حكومه‌ت ده‌ڵی كه خه‌ڵك بێكاره و هانی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی ده‌دات، بۆیه ئه‌گه‌ر پرۆژه و كارگه‌ی خۆمان نه‌پارێزین هه‌لیكاریش په‌یدا نابێت، باج زیادكردن له‌سه‌ر هاورده یه‌كێكه له‌و كاره سه‌ره‌تاییانه‌ی كه حكومه‌ت ده‌بێ بیكات بۆ دروست كردنی ژینگه‌ی دروست بۆ وه‌به‌رهێنان له ناوه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و وه‌به‌رهێنه‌ران دڵنیا ده‌كات كه ده‌توانن كێبركێ بكه‌ن له‌گه‌ڵ كه‌لوپه‌لی هاورده. پێویسته حكومه‌ت زۆر به راشكاوانه و به توندی به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌سانه راوه‌ستێت و روونكردنه‌وه‌ی پێویست بدات له‌سه‌ر ئه‌ساسی زانستیانه تا ئه‌و بابه‌تانه چیتر بڕیاره‌كان بۆ پاراستنی به‌رهه‌می خۆماڵی نه‌كرێته كه‌ره‌سته‌ی موزایه‌ده‌ی سیاسی.
له هه‌موو وڵاتێكی پێشكه‌وتوو سێكته‌ری كشتوكاڵ بوونی هه‌یه و به گرنگیه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر بۆ قازانجی ئابووریش نه‌بێ بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراكه، هه‌ر له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه بگره تا ئیمارات و سعوودیه كه بیابانیشن و به هه‌ردوو وڵات هێنده‌ی هه‌رێم خاكی به‌پیتی كشتوكاڵیان نییه، به‌ڵام كشتوكاڵیان له ئاستێكی باشدایه، بۆیه هه‌ڵه‌یه و ناكرێت به چاوێكی بچووك ته‌ماشای گرنگی ئه‌و كه‌رته بكه‌ین له هه‌رێمی كوردستان و گومانمان له توانای ئه‌و سێكته‌ره هه‌بێت كه ببێته داهاتێكی سه‌ره‌كی بۆ هه‌رێم. كه ئه‌مه‌ش راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به ژیان و كاری خه‌ڵكی هه‌یه و داهاتوویان بۆ مسۆگه‌ر ده‌كات و له هه‌موو ئهگهرێكیشدا خۆراكی پێویستی بۆ به‌رجه‌سته ده‌كات. هه‌ندێكجار خۆراك وه‌كو كارتێكی گوشار به‌كار هاتووه بۆ ملكه‌چكردنی وڵاتان و یان به ده‌ستهێنانی ده‌سكه‌وتی سیاسی، بۆیه ده‌بێت بابه‌تی بووژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵ به نیشتمانی بكرێت.
به‌رده‌وامبوون له هاورده‌كردنی كه‌ره‌سته‌ی خۆراكی به ناوی ئه‌وه‌ی كه هه‌رزانه و بۆ هه‌ژاران باشه، له دیوه‌كه‌ی تره‌وه گه‌وره‌ترین تاشی له هه‌ژاران داوه به‌وه‌ی ئه‌و هاورده بێسه‌روبه‌ره هه‌لیكاری كه‌مكردووه بووه‌ته هۆی داخستنی كارگه‌كانی خۆماڵی، ئاخر هه‌ژار به‌رده‌وام بێكاربێت هه‌ژارتر ده‌بێت و توانای كڕینی شتومه‌كی ههزرانیشی نامینێت، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ هه‌ر ته‌نگژه‌یه‌ك كه كاریگه‌ری بكاته سه‌ر بازرگانی ئه‌وه ژیانی به ته‌واوه‌تی ده‌كه‌وێته مه‌ترسیه‌وه.
رووی ناشرینی بازرگانی ئه‌وه‌یه كاتێك له‌سه‌ر حیسابی به‌رهه‌می خۆماڵی و كارگه و پرۆژه‌كانی خۆماڵی ده‌بێت كه به ده‌یان هه‌زار كه‌س كاری تێدا ده‌كه‌ن، هه‌ندێكجار جگه له زیانی ئابووری، وڵاتانی هه‌نارده‌كار به‌و بازرگانییه دهستوهردهنهوه سیاسه‌ت و كولتوور و هه‌موو شتی میلله‌ته‌كه‌مان، كۆمپانیا هاورده‌كاره‌كان كۆنتڕۆڵی میدیا و سه‌ر شه‌قام و هه‌موو شوێنێكیان كردووه، له هه‌موو شوێنێك رێكلام ده‌كه‌ن و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك سه‌رنجی خه‌ڵكی بۆ خۆیان راده‌كێشن تا كار گه‌یشتۆته ئه‌و راده‌یه‌ی به‌رهه‌می خۆماڵیان له‌به‌ر چاوی خه‌ڵك ناشیرین كردووه، به پلان و به‌رنامه ده‌ستیان كردووه به ناشرینكردنی به‌رهه‌می خۆماڵی و به‌داخه‌وه كه‌ناڵێكی زۆری میدیایی به‌شدارن له‌و پلانه. به كورتی نه‌وه‌یه‌ك دروست بووه هه‌موو شتی خۆمانی پێ ناشرینه و باوه‌ڕی به‌وه نه‌ماوه ئیتر كوردستان بتوانێت ده‌سكێك سڵق به‌رهه‌م بهێنێت، به‌ڵام ناردنی ئه‌و هه‌ناره بۆ به‌ریتانیا تا ئاستێك ئه‌و بێ ئومێدیه‌ی ره‌وانده‌وه.
وه‌به‌رهێنان به تایبه‌تی له كه‌رتی كشتوكاڵ كارێكی قورس و پر له مه‌ترسیه (ریسك)ه، له به‌رامبه‌ر دا بازرگانی كارێكی ئاسان و كه‌مترین مه‌ترسی هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داران وا لێبكه‌ین وه‌به‌رهێنان بكه‌ن ده‌بێ حكومه‌ت كار ئاسانی بۆ وه‌به‌رهێن بكات و ئاسانتر و مسۆگه‌رتری بكات له كاری بازرگانی، باج و توندكردنی مه‌رجه‌كان و پشكنین و كوالیتی كۆنتڕۆڵی به هێز وا ده‌كات كه كه‌لوپه‌لی هه‌رزان و كوالیتی نزم هاورده نه‌كرێت، ئیتر كردنه‌وه‌ی كارگه‌یه‌ك له كاری بازرگانی ئاسانتر و قازانجی مسۆگه‌رتر بێت، كه ئه‌وه‌ش هیچ كاریگه‌ری له‌سه‌ر بازاڕی ئازاد نیه، به‌ڵكو كۆنترۆڵكردنی بازاڕه، ئێستا ئێمه له‌و قۆناغه‌داین، پێویسته حكومه‌ت زیاتر قسه بۆ خه‌ڵك بكات و وابكات خه‌ڵك به روونی له گرنگی ئه‌و هه‌نگاوانه تێبگات، به تایبه‌تی له سێكته‌ری كشتوكاڵی، چونكه هه‌ر بڕیارێك بۆ پاراستنی به‌رهه‌می خۆماڵی ده‌درێت كاتی ده‌وێت تا ئه‌نجامه‌كانی ده‌بینین، ئه‌گه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه لای هه‌موو كه‌س دروست بوو، ئه‌وه هه‌نگاوه‌كانی گۆڕانكاری سیاسه‌تی ئابووری به ئاسانی ده‌ڕواته پێشه‌وه و پاراستنی به‌رهه‌می خۆماڵی ده‌بێته بابه‌تی رای گشتی و كه‌س ناتوانێت تانه له بڕیاره‌كانی حكومه‌ت بگرێت، په‌یامه‌كانی هه‌نارده‌كردنی هه‌ناریش ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن كه هه‌نگاوه‌كان به ئاراسته‌یه‌كی باش رۆیشتوون.
*كاروان سه‌ڵاح/ ماسته‌ر له كارگیری كار و شاره‌زا له بواری گه‌شه‌پێدانی كشتوكاڵی