زۆزان تەقییەدین
نووسەر
گرنگیی یەکخستنەوەی هێزە سەربازییەکان لە فەرماندەیی دەڤەر، لە کابینەی نوێی 10ـەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
ڕۆژانە، لە چەندین باسی کۆمەڵگەیی کوردی'ـدا دەبیستین، کە خواستێکی زۆر لە یەکگرتنەوەی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان، لە ژێر ناونیشانی "هێزی نیشتیمانیی هەرێمی کوردستان"ـدا هەیە. ئەمەش لە کاتێکدایە، کە ناڕەزایی خەڵک لەهەمبەر ڕووداوە یەک لەدوای یەکەکانەوە دێت لە نێوخۆی هەرێمدا. بۆ بە نیشتیمانیکردنی دامەزراوەکان دوور لە سیاسەت و پلانی ئاژاوەگێڕانەی دەستە دەرەکییە سیاسییەکانی هەرێم، لە هەرچوار پارچەی کوردستانەوە.
ئەمە جگە لەوەی، لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردووی ئەمساڵدا، دەستپێشخەرییەکی دڵخۆشکەربوو، بۆ هێزەکانی یەکەی 80 و یەکەی 70، کە بەفەرمی گوێزرانەوە بۆ فەرماندەیی جیاکراوەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، بە نازناوێکی شیاو و نیشتیمانی وەک (فەرماندەیی دەڤەر).
شایەنی باسە، کە پێکهاتەی (فەرماندەیی دەڤەر) بەم جۆرە داڕێژراوە:
· فەرماندەیی دەڤــەر-یەك: فەرماندەییەکە لە سنوورێکی دیاریکراوی ڕێکخراودا، بە فیرقەی (یەک، سێ، پێنج، حەوت، نۆ و یانزە)ـی تاک ژمارەیی، لە هەرسێ پارێزگاکانی هەولێر و دهۆك و نەینەوا دەبێت.
· فەرماندەیی دەڤــەر-دوو: فەرماندەییەکە لە سنوورێکی دیاریکراوی ڕێکخراودا، بە فیرقەی (دوو، چوار، شەش، هەشت و دوانزە)ـی جووت ژمارەیی، لە هەرسێ پارێزگاکانی سلێمانی و کەرکووک و دیالە دەبێت.
باس لە چەند خاڵێکی هەنووکەیی بکەین، لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم و خاڵە دەستووری و کۆمەڵایەتییەکان لە پێکهێنانی ئەم فەرماندەییەدا. جێی سەرنج و دەستخۆشییە، کە فەرماندەیی دەڤەر، لەم پرۆسێسە هەستیارە سیاسییەی ناوچەکەدا کە ساتی پێکهاتنی لایەنە کوردییەکانە، دەبێتە هەوێنی ئاشتەوایی زیاتر و یەکترقبووڵکردنی زێتری هاوڵاتییان لەناوخۆی کوردستاندا.
لە ڕاستییدا، یەکخستنەوەی هێزە سەربازییەکان، دەستپێشخەرییەکی گونجاو و لەبارە لەم کاتەدا، چونکە دەست دەگرێت بەسەر چەند برینێکی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمدا، بەوەی چەندین ساڵە؛ سەرەڕای گورجوگۆڵیی هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام بە ئاشکرا کەمتەرخەمیی پێوە دیارە لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە لە مەبەستی هاریکاری و پاڵپشتی دارایی و ڕاهێنان و کەلوپەلە جەنگییەکان. دەبێت تا ئێستا گەنجانی هەرێم لە ڕووی سەربازییەوە، ڕاهێنانیان بە وڵاتانی دەرەوە کردبایە، کە ئەمە خەونێکی بەندەیە و دڵنیام بەدی دێت!
ئینجا، خاڵی گرنگ لەبەردەم ئەم یەکگرتنەی هێزەکاندا، بریتین لە:
· زیادکردنی توانای ئەمنی(سیکیوریتی) و سەربازی(فەرماندەیی)، بۆ هەرێم و گەنجانی وڵات.
· بەرزکردنەوەی مۆراڵی تاك، لە هەمبەر پرسی نیشتیمانخوازی.
· یەکییەتیی فەرماندەیی، دەبێتە هۆکاری یەکایی یاسایی و یەکایی سیاسی و یەکییەتیی کۆمەڵایەتی.
· بە ئەنجام گەیاندنی ئەرکەکان، خێراتر و بە کوالێتی بەرزتر.
· شەفافیەت و ڕوونئاسایی کارەکانی حکوومەت، بەوەی بە ئاسانتر کۆنترۆڵی ئاژاوەگێڕی و دەسەڵات و ئەوبەر و ئەمبەری تاكەکان لە هێزەکان دەکرێت لە مەترسی.
· خزمەتگوزاری زیاتر لەنێو فرقە سەربازییەکان.
· کەمکردنەوەی پەیوەندیی سەربازی(عەسکەری) بە کایەی سیاسییەوە.
· دابینکردنی سیستەمێکی نیشتیمانی لە سەرووی حزبایەتیەوە.
· دامەزراوە حکوومی و سەربازی و ئەمنی'یـەکان، زیاتر دەبن بە جێی متمانەی هاووڵاتی و نا یەکسانی کەمتر دەبێتەوە.
· جیاکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە چەکداریی و سەربازی و ئەمنیەکان لە هزری سیاسی.
· زیاتر یەکسانی لە پلەبەندییەکانی ئەفسەران و پۆست و مەقامییاندا دەکرێت.
· فراوانبوونی ڕێگاکانی چاودێری سیکیوریتی، بە بچووکردنەوەی ڕووبەری مەترسی. هاوکات، یەکخستنەوەی هەرێمێکی کۆنترۆڵکراو.
· کەمکردنەوەی دژەبەرەکێ و گروپە چەکدارییە نایاساییەکان.
· کەمکردنەوەی لۆبیی لەسەر هاووڵاتی و حزبە دەسەڵاتدارەکان.
· ستاندارترکردنی چەك و تاقم و ئامادەسازیی سەرباز، جگە لە پێدانی دەرفەتی زیاتر بۆ ئافرەتان، لە نێو ڕیزەکانی هێزە سەربازییەکاندا.
· بەرزکردنەوەی پشتیوانیی نێودەوڵەتی لە کوردستان.
ئاشکرایە، ئەگەر بێت و بەپێی ئەو ڕێکخستنەوەی کە کراوە، مەرج و ڕێنمایی و کارەکان ئەنجام بدرێن، ئەمن و ئاسایشێکی زیاتر لەنێو کۆمەڵگەدا بەرقەرار دەبێت.
لە ئێستادا، چاوی هاوڵاتی لەسەر پێکهێنانی کابینەی 10ـی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، کە ئەگەر فەرماندەیێکی پتەو و یەکگرتووخواز لە هەرێمدا بونیاد بنرێت، دیسانەوە دەبێت دەستێکی باڵای ڕێکخراوی وەک (حکوومەت) سەرپەرشتیار و بیسەری ڕووداو و بەرکارەی پێشهاتەکان بکات. هەربۆیەش، لێرەدا بە پێویستی دەزانم، کە چەند پێشنیارێکی هەنووکەیی و فرەکرداری بگریتە بەر لە کابینەی نوێدا و زیاتر دەوڵەمەندکردنی نازناوی پێشمەرگەی کوردستان لە جیهاندا، وەک دەستکەوتێکی مرۆیی و کوردایەتیی و خۆشەویستی زیاتریش بۆ ئەرکی مەرجەعی باڵا، سەرۆك مەسعود بارزانی. چونکە پێشڤەچوونەکانی سەربازی لەسەر دەستی ڕێزداریان چونەتە قۆناغێکی جیاوازتر و ئێمەش وەک توێژەر و هاوڵاتی کاری زیاتر بۆ برەودان بەو پێشڤەچوونانە دەکەین. وەک قەڵغانێک ناوی پێشمەرگە دەخەینە بەردەم دیدگای دوژمنان.
لێرەدا، بەندە ئاراستەی قسەکانی خۆی دەباتە لای چەند پێشنیارێکی مرۆیی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەرچەند بەشێکیان، پێویستیان بە بڕیاڕی یاسایی هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتواندرێت ئاسانکاری بکرێت بۆ پێگەیاندنی زێتر، بەمەستێکی نیشتیمانی و سیاسی و ئەمنی و سەربازی گونجاوتر لە هەرێمێکی قەشەنگی وەک کوردستانی لە دڵدا شیرین. کە ئەمانەن:
· دروستکردنی یەکەی هەستیاریی هاوبەش(Rapid Response Unit)، لە نێوان هەردوو فەرماندەیی یەک و دوو، بەتایبەتی لە سنووری نێوان پارێزگاکان، بەڵام بە چوار شێوازی تاکتیکی؛ یەکەی ناوەندی، یەکەی کرداری، یەکەی چاڵاکی و یەکەی خێراکاری.
· دروستکردنی بۆردی چاودێریی لە پسپۆڕانی؛ سیاسی و ئەمنی و سەربازی و ئابووری. بە بەشداری بەشێک لە هاوڵاتیی زیرەک لە خوێندنەوەی گۆڕانکارییەکان.
· کارکردن و پاڵپشتیی گەنجانی کورد لەنێوان هێزە سەربازییەکاندا، بە مەشق و ڕاهێنانی شێوە جۆربەجۆر.
· کارکردن بە شێوازێکی تۆکمە لەسەر سیستەمی دیجیتاڵی، لە نێوان فرقەکانی نێو هەردوو فەرماندەیی دەڤەر. بە یەک ئاست و یەک پرۆسەی جێگیر.
· مۆدێرنیزەکردنی ئامراز و تاقمەکانی هەردوو فەرماندەییی یەک و دوو، لە یەکسانکردنی چەک و تاقمەکان لە دەڤەرەکان بەپێی پێویستی (ژمارەی سەرباز و ناوچەی هەستیار)!، دروستکردنی تەقەمەنیی نێوخۆیی بە مۆرک و سووتەمەنیی کوردستانەوە بۆ ناوخۆ و دەرەوە کە ئەمەیان زیاتر کاتی دەوێت.
· بڕیاردانی سەرەتا لەسەر بەمەرجکردنی ڕێنمایی و پێکهاتنی بڕیاڕە کورتمەودا و درێژمەوداکان، لە پێشهاتە مەترسی و تیرۆرستییەکان لە دژی کوردستان.
· دامەزراندنی ناوەند(Center) یان مەکۆی ڕاهێنان، وەک سەکۆی گەیاندن، بۆ گشت پلەبەندییەکان، لە سەرەتایی تا ڕانکە بەرزەکانی ئەڕکان. و ماوەی دیاریکراوی ڕاهێنانەکانیش بەپێی ئەرک و ڕانکی سەربازی بێت. هاوکات، برەودان بە قۆناغی پڕۆگرامینگ و فێرکاریی سەربازی لە ناوەندە حکومییەکاندا لە بوارەکانی؛ تاکتیک، فەرمانداری، چاودێری، پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاری ئەمنی. هەرچەند بە سوپاسەوە وێڕای دەستخۆشی لە حکوومەتی هەرێمدا، ئەم بابەتە تا ئاستێکی زۆرباش هاتووە.
· پێکبەستنەوەی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستی و وەزارەتی پێشمەرگە، لە بەشێکی ئەکادیمیدا، بۆ هەماهەنگی زیاتر و بەرنامەی نێودەوڵەتی بە ئۆنلاین و ئۆفلاین، بۆ پۆلیس و سەرباز. ئەمەشیان دیسانەوە بڕیاڕی ڕژدی و یاسایی دەوێت.
· ساڵانە، کونسووڵخانە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمدا، وەک دەستپێشخەرییەک بۆ دەستی هاریکاریی فەرماندەیی دەڤەر لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە پاڵپشتی داراییەوە مەشقی مانگانە بۆ سەربازان بخاتە ڕوو، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ'ـشدا بۆ ڕانکی پۆلیسی، بە شێوازێکی یاسایی و یاداشتی فەرمیی هەماهەنگی.
· دامەزراندنی سیستەمێکی تۆکمەی تۆمارکراو لە پلەی شەهید و بریندار، وەک مەرجی فەرمانی بۆ هەرێم، لەبابەتی بیمەی تەندروستی و یەکسانکردنی پرسی بە هاوڵاتییبوون لەلایەن حکوومەتەوە؛ ئا لێرەدا دەسەڵاتی زیاتری حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان بەدیار دەکەوێت.
ئینجا، پێکەوەیی فەرماندەیی دەڤەر لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ لە بڕگە هاوبەشەکانی ئاسایشی نیشتیمانیدا، ڕێخۆشکەرێکی فرەئەندازەیە لەو مەودایەدا. بۆیەش لە چەند خاڵێکدا لەگەڵ ئەفسەری سەربازی تیشکم خستە سەر ئەفسەری پۆلیس.
لە کۆتاییدا، بەندە دڵنیایە لەوەی کە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ڕژدی کار لەسەر پرسە سەربازی و ئەمنییەکان دەکات، چونکە لە ئێستادا ژێرخانێکی ئابووری پتەو و کوردستانێکی تەژی لە لە پڕۆژەمان هەیە. کەواتە پرسی فەرماندەیی دەڤەر شوێنگەیێکی گشگیرانەتر و جێگیرانەتر فەراهەم دەکات لە کابینەی نوێدا.