گوتەبێژی دەم پارتی بۆ کوردستان24: نیگەرانین لە خاویی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ئاشتی
بەرپرسانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ڕەخنە لە حکوومەتی تورکیا دەگرن و بە خاوکردنەوەی هەوڵەکانی ئاشتی تۆمەتباری دەکەن. بە گوتەی ئەوان، سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر دەستپێکردنی قۆناغەکە، هێشتا هیچ هەنگاوێکی یاسایی بۆ چارەسەری پرسی کورد نەنراوە.
ئاییشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی "دەم پارتی" بە موراد ئەکنجی، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، خاوبوونەوەی پڕۆسەکە گومان و نیگەرانیی زۆری لای هاووڵاتییان دروست کردووە. جەختی کردەوە، چارەسەری ڕاستەقینە بەبێ چاکسازیی یاسایی و داننان بە ناسنامە و باوەڕ و زمانی پێکهاتە جیاوازەکان مەحاڵە و دۆخەکە بەو شێوەیە دەمێنێتەوە.
هاوکات ئەحمەد فارووق ئونسال، پەرلەمانتاری پێشووی "ئاکپارتی" بۆچوونی وایە، ئەم پڕۆسەیە پڕۆژەیەکی دەوڵەتی تورکیایە و بە دیاریکراوی مەهەپە سەرپەرشتیی دەکات. ئونسال ئاماژەی بەوە دا، ئاکپارتی و مەهەپە ڕۆڵی جیاواز دەگێڕن و مەهەپە خراوەتە پێشەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە کاردانەوەی دەنگدەرانی نەتەوەپەرست بکات.
سیاسەتمەدار و چاودێرانی سیاسی لە باکووری کوردستان دەڵێن، سەرەڕای ئەوەی لە 27ی شوباتی ڕابردوودا عەبدوڵڵا ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کردووە ستراتیژیی خۆیان بگۆڕن و خەباتی چەکداری بۆ سیاسی و مەدەنی بگوازنەوە، بەڵام حکوومەت تەنیا بە قسە باسی ئاشتی دەکات و هیچ کۆمیسیۆنێک یان دامەزراوەیەکی فەرمی بۆ سەرپەرشتیی دۆخەکە دروست نەکردووە.
دەستپێکردنی ئەم قۆناغە نوێیەی نێوان حکوومەتی تورکیا و کورد، دەگەڕێتەوە بۆ تشرینی یەکەمی 2024، کاتێک دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا تەوقەی لەگەڵ پەرلەمانتارانی دەم پارتی کرد و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد بێتە پەرلەمان و کۆتاییهاتنی "تیرۆر" ڕابگەیەنێت.
دواتر ڕێگە بە عومەر ئۆجەلان درا سەردانی ئیمراڵی بکات، ئەوەش یەکەم دیدار بوو دوای 43 مانگ لە گۆشەگیریی توند. لەو کاتەوە تا ئێستا، چەندان کۆبوونەوە و گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ کراون، بەڵام نەبوونی هەنگاوی کردەیی وەک ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و چارەسەری دەستووری، وای کردووە متمانە بە پڕۆسەکە لاواز بێت.
