د. باساک بەرزنجی
نووسەر
خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی دوایین شەڕی ژەنەڕاڵ
نەتەوە و ئەفسانە دووانەی هاوبەشن نەتەوەکانی دونیا هەریەکە و ئەفسانەیەکی خۆی هەیە، نەتەوە بێ بوونی ئەفسانە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی قارەمانەکانی و سەرکەوتنە مەزنەکانی نەتەوە نیە.
جان دۆست باسی ڕووداوێکی خەیاڵی ناکات وەکو چیرۆکە ئەفسانەیە باوەکان کە قارەمان بە تەنها ڕووبەڕووی لەشکرێک دەبێتەوە یان دێوێک هەلا هەلادەکات، جان باسی ژەنەڕاڵێک دەکات کە بە هێز و ورەیەکی زۆرەوە بە بڕوایەکی پتەو و پشت ئەستوور بە هاوەڵەکانی و میللەتەکەیەوە خەبات بۆ ئازادی خاک و گەل دەکات.
جان مێژووی گەلێک دەگێڕێتەوە لە زاری ژەنەڕاڵێک کەنەفتی سەر جێگا لە چاوەڕوانی مەرگ دا ئاواتی بە پێوە شەهید بوون بووە نەک نەخۆشی ڕۆحی هەڵکیشێ بۆ ئاسمان.
هێزە ئەفسوناویەکەی ژەنەڕاڵ لەزاری هاوەڵ و هەڤاڵانی ڕێی سەختی ئازادی دەگێڕێتەوە کە بەچاوی خۆیان بینیویانە کە چۆن برسیەتی و سەرما و شەڕ، لە سێ لاوە دەورەدران بە دووژمن لە سێگۆشەی سنووری خاکی داگیرکراو ورەی بە هەڵۆی چیاکان بەرنەداوە ،بەردەوام ورە و هێزی بەخشیوە بە پێشمەرگەکان بەبیری هێناونەتەوە کە ئەم چیا سەرکەشانە پشت و پەنان، ڕێی ئازادی لێرەوە دەست پێ دەکات.
نووسەر هەر باسی پێشمەرگە و هەڵۆی چیاکان ناکات کە تەنها هەستەکانی لای بڕۆنۆکەیەتی، دیوێکی تری ئەفسانەی ژەنەڕاڵ دەردەخات بە تێک هەڵکێشان لەگەڵ خەیاڵی فراوانی جان دا ئەویش دیوە مرۆڤ بوونەکەی هەڵۆی چیا سەرکەشەکانە.
ژەنەڕال وەک مرۆڤێک عاشقە و سەودای دولبەرەکەیەتی دڵی لای خێزانەکەیەتی، سەرسامی جوانی سروشتە، ژینگە دۆستە، دار بەڕوو لە ناو رۆحی چەقێنراوە و وەک دار بەڕووی ڕێی ئازادی وەڵات و خاک ژەنەڕاڵ خۆی داکوتیوە، وورد سەرنجە لە وەسفی جوانی، شەیدای هونەرە لەکاتی پشووی پێشمەرگانەدا داوای گۆرانی و گۆڤەند دەکات هەمیشە کاوێس ئاغا و گەنج خەلیلەکەی خەج و سیامەندی عیسا بەرواری هاودەمی ڕێی خەباتی بووە، لەغوربەتیش دا لەڕادوێی ئێریڤانەوە داوای کردووە گەنج خەلیل لێ بدرێ تاکو لەهەر جێیەک بێت لەکاتی دیاری کراوی پەخش گوێیەکانی بە ئاواز و سۆز و چیرۆکی میللەتەکەی بزرینگێتەوە.
هەستەکانی خۆی دەربڕیوە
هەر چەندە خودان فەرموویەتی کە کە گریانی پیاو عەورەتە بەڵام وەک هەرمرۆڤێک لەکاتی فیراقی خۆشەویستەکانی، گوزەر بەناو یادگاریە تاڵەکانی ڕێی سەختی خەبات و هەوراز و نشێوەکانی ژیانی بەکوڵ فرمێسکی ڕشتووە بە پەنهانی تا کەس چاوە تیژەکانی هەڵۆ بە ئەسرینەوە نەبینێت قسەی خودان نەشکێنێ.
کوردۆ خاینۆ کاوێس ئاغا لە خۆڕا نەی چڕیوە، ژەنەڕاڵ خەمی گەورەی وەشاندی خەنجەر بووە لە پشتی لەلایەن دۆستەکانی دوێنێی و دوژمنەکانی ئەمڕۆی کە هەزاران خەنجەریان لێ داوە، بەڵام دڵی بەبارتەقای چیاکان گەورەبووە ئەوانەی بە دڕکەزیی ڕێی ئازادی هەژمارکردووە لێیان خۆش بووە.
دیوێکی تری مرۆڤ بوونی ئەفسانە وەفاداری بووە بۆ خاک، هاوەڵەکانی، ئەوانەی چاکەیان لەگەڵ کردووە خۆی بە قەرزباریان زانیووە تا مردن ژەنەڕاڵ خۆی بە قەرزار باری گوندیەکی سەر ڕووباری گادەر دەزانێ کە لە تەنگانەدا پەنای داون و نان و پارەی داونەتێ.
دواین شەڕەکانی ژەنەڕاڵ ڕۆمانێکی مێژوویە ڕووداوەکانی هەڵهێنجراوە لە چیرۆکی ڕاستەقینەی کارەکتەرانی بە پشت بەستن بەو بەڵگە و یاداشت نامە و چاوپێکەتنانەی لەگەڵ هاوەڵانی ژەنەڕال هەن، دەست ڕەنگینی جان دۆست لە تێکەڵی کرۆنۆلۆجیای ڕووداوەکان و فرە کارەکتەری دایە.
پێشمەرگە و هاوەڵانی ژەنەڕاڵ ملی ڕێی حەق و ئازادی دەگرن و دوای قافڵەی ئەفسانەیی دەکەون نە برسییەتی، سەرما، ترس، بێخەوی، تاریکە شەوی سەختی زستان، گەرما و تۆپ باران لەناو گەرمەی شەڕدا و نە کێچ و ئەسپێ و نەترس، هەموو ئەمانە ئەو 500 قارەمانەی تینوی ئازادی ساردناکەنەوە، ڕێی دوومانگەی پڕ لە ناسۆری تاگەیشتن بە ڕووباری ئاراس دەگرنە بەر.
یاداشتەکانی ژەنەڕاڵ و هاوەڵانی ڕۆمانەکەی کردووە بە دۆکیومێنتێکی مێژوویی، دەتوانین ڕۆمانەکە وەک سەرچاوەیەکی مێژووی ورد پشتی پێ ببەستی چونکە ڕێگا و جێگا و ناوی گوند و شاخ و دەشت و ناوی ڕێبوارانی قافڵەی سەختی ڕووباری ئاراسی بەووردی تۆمارکردووە.
قافڵەیەکی 500 کەسی بە توولە ڕێیەکدا بڕوات، لەبناری لووتکەی چیایەکی سپی پۆشی سەرکەشدا و فڕۆکەی دووژمن بۆردوومانیان بکات، پاشان لە دەشتێکی سەوزی پڕ گوڵ و گوڵزار وچان بدا و دوژمن تۆپ بارانی بکات،
لەشەوێکی هاویندا لەپاڵ پردێکدا تانک و تۆپ خەوت لێ حەرام بکات و پاشان لەبن دارێک دا لەبرسان خەو بتباتەوە و خەبەرت بکەنەوە پارچە گۆشتێکت بدەنێ و لە وچانێکی پاش سەرکەوتن گۆرانی بڵێیت و نۆشی سەرکەوتن بکەی و ژەنەڕاڵ لە ڕۆخی ڕووباری ئاراس لەسەر بەردێک دانیشتووە، لە چاوەڕوانی یەک بەیەک پەڕینەوەی هاوەڵانی بێت و لەناکاو هاوەڵێکی تەوژمی ئاو بیبات و پەلەقاژەی مەرگی بێ و ژەنەڕاڵ خۆی بهاوێتە ناو ڕووبار و فریای بکەوێت و لەمەرگ نەجاتی بدات.
پاش دڵنیا بوون لە پەڕینەوەی هەمووان ئنجا بڕنۆکەی بخاتە سەر سەر سەری و ئاوڕ بداتەوە کەس لە پاشی بە جێنەماوە خۆی بە ڕووباردا بدات و بگاتە کەناری دڵنیایی کە تەماشا دەکات ئاو دوو دەفتەری یاداشتی لە سێیان بردووە ، سیامەندی ڕێی ئازادی و حەق چوار گەڵای دار بەڕوو لەناو دەستە ماندووەکانی دایە و چاوەڕێی خۆر ئاوابوون دەکات ! چ مەشهەدێک ی سینەماییە !!
ئەگەر ئەم ڕۆمانە بکرێت بە فیلم زۆر لە سپارتا 300 و چەندان فیلمی مێژووی تر جوانتر و بەهێزتر دەردەچێ.