د. سامان سۆرانی
نووسەر
فەلسەفەی سەقامگیری لە چوارچێوەی تێگەیشتن لە قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
واقیعی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت وەکوو ساتێکی مێژوویی تەماشا بکرێت، کە تێیدا نەبوونی سەقامگیری بە مانا فراوان و قووڵەکەی بەرجەستە دەبێت، دوای ئەوەی توانای دەوڵەت و حکوومەتەکان بۆ ڕاپەڕاندنی ڕۆڵی خۆیان وەکوو پارێزەری سیستەمی گشتی ڕووی لە لاوازی کرد و هێزی میلیشیا و گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کرد.
دروستبوونی ئەم دۆخەی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووداوێکی سەرپێی نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی کەموکوڕییەکە، کە لە ڕابردوودا کاریگەری لەسەر پێکهاتەی فیکری و ئەخلاقی و سیاسی کۆمەڵگا هەبووە و ئێستاش ئەو کاریگەرییەی هەر هەیە و وای کردووە گەڕانەوە بۆ فەلسەفەی سەقامگیری ببێت بە پێویستییەکی بەپەلە بۆ تێگەیشتن لە ڕەگ و ڕیشەی ئەو قەیرانە ئاڵۆزە و کارکردن بۆ بونیاتنانی ڕوانگەیەکی نوێ، کە لایەنی کەم هاوکاربێت لە گەڕاندنەوەی هاوسەنگی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە فیکری فەلسەفی هاوچەرخدا سەقامگیری ئاماژەیە بۆ حاڵەتێك لە هاوسەنگی، تێیدا پێکهاتە مەعریفی و ئەخلاقی و سیاسییەکان، بەبێ گەیشتنە قۆناغی هەڵچوونێکی توند، پارێزراون.
بێ گومان، سەقامگیری بێدەنگییەکی ڕەق نییە، بەڵکو توانای سیستەمێکە بۆ پاراستنی یەکگرتوویی و کاریگەرییەکانی، سەرەڕای گۆڕانکارییەکانی کە ڕووبەڕووی دەبنەوە.
ژمارەیەك لە فەیلەسوفان سەقامگیری بە مەرجی پێشوەختە دەزانن بۆ هەر ڕابوون و ڕێنێسانسێکی مرۆڤ.
بۆ نموونە، جۆن دیوی فەیلەسوف (1859-1952) پێی وایە، مەعریفە خۆی پێویستی بە بناغەیەکی جێگیر هەیە، کە ڕێگە بە مرۆڤ دەدات ئەزموونێکی نوێبووەوە، بەڵام نائاژاوەگێڕانە پێکبهێنێت.
لە کاتێکدا ئیمانوئێل کانت (1724-1804) جەختی لەوە کردەوە، کە ئەخلاقی جێگیر لەسەر بنەما گشتییەکان بنیات نراوە، کە بۆ هەموو کەسێك ڕەوایە، ڕێزی مرۆڤیش بۆ خۆی و ئەوانی دیکە جێگیر دەکات.
لە فەلسەفەی سیاسیدا، تۆماس هۆبز (1588-1679) زۆر بە ڕوونی پێی وایە، کە ئامانجی سەرەکی سیاسەت ڕێگریکردنە لە خزان بۆ ناو "جەنگی هەمووان دژی هەمووان" و ڕەوایەتی دەوڵەت تەنها لەوەیە، کە زامنی سەرەکی سەقامگیرییە.
دواتر ئەم بیرۆکەیە لەلایەن فەیلەسوفی لیبرالی ئەمریکی جۆن ڕاوڵزەوە (1921-2002) پەرەی پێدرا، ڕاوڵز ئاماژەی بەوە کردووە، کە سەقامگیری تەنها لە ڕێگەی هێزەوە بەدەست ناهێنرێت، بەڵکو لەوەی کە مرۆڤ کاتێ هەست بکات سیستەمی سیاسی دادپەروەرە، ئینجا پابەندبوونی بە دەوڵەتەوە لە قەناعەتەوە سەرچاوە دەگرێت، نەك لە ترس و زۆرەملێ.
بە درێژایی مێژوو چەمکی سەقامگیری هەمیشە تەوەری سەرەکی فیکری سیاسی بووە. ئەفلاتون پێی وابوو شار تەنها کاتێک گەشەدەکات، ئەگەر هاوئاهەنگی لە نێوان چین و توێژەکان سەردەست بێت و هەموو تاکێك پێگەی خۆی لە پێکهاتەی دادپەروەریدا بزانێت، لە کاتێکدا ئەرستۆ پێی وابوو سەقامگیری پێویستی بە هاوسەنگی هێز و چینێکی مامناوەند هەیە، کە توانای پاراستنی میانڕەوی هەبێت.
ئیبن خەلدوون (1332-1406) لە یەکێك لە قووڵترین شیکارییەکانی لەم بوارەدا دامەزراندنی دەوڵەتی بە هاودەنگی بەکۆمەڵ و داڕمانی بە لاوازبوونی ئەو پەیوەندییانەی، کە خەڵک لە دەوری پڕۆژەیەکی هاوبەش یەکدەخەن، گرێداوە.
تەنانەت نیکۆلا ماکیاڤێللی (1469-1527) سەرەڕای ڕوانگە ڕیالیزمە توندەکەی، سەقامگیری دەوڵەتی بە ئامانجێکی حەتمی زانیوە بۆ فەرمانڕەوا، چونکە لە ڕوانگەی ئەوەوە ئاژاوەگێڕ تەنها وێرانکاری بەرهەم دەهێنێت، جا مەبەستەکانی هەر چێیەك بن.
لە ژێر ڕۆشنایی ئەم دیدگایانەدا، داڕمانی سەقامگیریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وا دەردەکەوێت فرە ئاست بن.
پێکهاتەی مەعریفی کۆمەڵگاکان بەهۆی گێڕانەوەی دژ بەیەك و لەدەستدانی متمانە بە دامەزراوەکان هەڵوەشاوەتەوە؛ سەقامگیری ئەخلاقی لە بەرامبەر بەرزبوونەوەی دابەشبوونە تایفییەکان و ناسنامە تەسکەکاندا تێكچووە؛ و سەقامگیری سیاسی لەگەڵ لاوازبوونی دەوڵەت و بێتوانایی لە قۆرخکردنی بەکارهێنانی ڕەوایەتی هێز داڕما.
لێرەوە پێویستبوون بە بونیاتنانەوەی فەلسەفەی سەقامگیری سەرهەڵدەدات، کە لە هەمان کاتدا هەم ئامانجە و هەم میتۆد.
ئەم فەلسەفەیە پێویستە لەسەر دووبارە دامەزراندنەوەی بەها هاوبەشەکان وەکوو پێشمەرجێك بۆ یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی بونیات بنرێت، چونکە دامەزراوەکان ناتوانن سەقامگیر بن، ئەگەر لەسەر بنەمایەکی ئەخلاقی تۆکمە جێگیر نەبن، کە ڕێز لە مرۆڤایەتی بگرێت و توندوتیژی ڕەت بکاتەوە و سەروەری یاسا بپارێزێت.
هەروەها پێویستی بە دووبارە داڕشتنەوەی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی نوێ هەیە، کە دادپەروەری سیاسی لەگەڵ یەکسانی ئابووری تێکەڵ بکات، متمانە بۆ هاووڵاتیان بگەڕێنێتەوە، بەوەی کە دەوڵەت کار بۆ هاوڵاتی بکات، نەك دژی هاوڵاتی بێت.
سەقامگیری بەدی نایەت، تا ئەو کاتەی دەوڵەت مافی بەکارهێنانی هێزی شەرعی بەدەست نەهێنێتەوە، چونکە بڵاوبوونەوەی هێزە چەکدارەکان یەکڕیزی کۆمەڵگا تێک دەدات و دەرگا بەڕووی دەستێوەردانی دەرەکی دەکاتەوە و دەبێتە مایەی لەناوچوونی سەروەری.
هەروەها کۆمەڵگا پێویستی بە ئاشتبوونەوە هەیە لەگەڵ واقیعی ناسنامەکەیدا، بۆ ئەوەی پەیوەندییە ئایینییەکان، تایفییەکان، یان نەتەوەییەکان دەروازەیەك نەبن بۆ دابەشبوون، بەڵکو بەشێك بن لە فرەچەشنییەك، کە بە شێوەیەکی عەقڵانی بەڕێوەببرێت، نەك بە بەکارهێنانی میتۆدەکانی ترساندن و هەڕەشەکردن.
هەر کاتێك ئەم فاکتەرانە پێکەوە بونیاتنران، ئەو کاتە سەقامگیری نابێتە دەرئەنجامێکی هەلومەرجی، بەڵکو دەبێتە حاڵەتێکی بوونگەرایی. مرۆڤەکان لە کۆمەڵگەدا لە ئاشتی ناوەوە و دەرەوەدا دەژین، لە قەناعەتەوە ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگادا ئازادانە قبوڵ دەکەن.
پاشان سیستەمی سیاسی دەبێتە چوارچێوەیەك و نوێنەرایەتی هاوڵاتی دەکات. ئەمەش سەقامگیری دەکاتە ئامانجێکی سیاسی و ئەخلاقی و مرۆیی. ئەو ئامانجەی، کە مرۆڤایەتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵگاکانەوە بەدوایدا دەگەڕێت.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە دووبارە گەڕاندنەوەی سەقامگیری هەیە، چونکە ئەمڕۆ سەقامگیری بناغەیەکە بۆ هەر ڕێنیسانسێك یان بۆ هەر ئاشتییەکی بەردەوام.