پێگەی هەرێمی کوردستان لە خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (2021-2025)

پێگەی هەرێمی کوردستان لە خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (2021-2025)
پێگەی هەرێمی کوردستان لە خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (2021-2025)

پێگەی هەرێمی کوردستان لە دەستوری عێراقی ساڵی 2005 جێگير کراوە و بە تایبەتی لە مادەکانی 117/یەکەم و 141 زۆر بەڕوونی هەرێمی کوردستان وەکو هەرێمێکی فيدراڵی دەستوری لە ساڵی 1992ەوە چەسپێندراوە. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، پێگەی هەرێمی کوردستان لە یاسا فيدراڵیەکان کە لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەردەچێت، سروشتێکی گۆڕاوی هەیە. واتا ئەوەی هەستمان پێ کردووە، لە خولێکەوە بۆ خولێکی تری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە یاسایەکەوە بۆ یاساییەکی تر، لە بڕگەیەکەوە بۆ بڕگەیەکی تر لە هەمان یاسا، پێگەی هەرێمی کوردستان بە شێوازی جیا جیا مامەڵەی لەگەڵ کراوە.

 ئەم وتارەی لە بەردەستاندایە، بەشێکی پوختکراوی توێژینەوەیەکی ئەکادیمییە دەربارەی پێگەی هەرێمی کوردستان لە خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە نێوان ساڵانی 2021-2025. 

شێوازی نوسینی توێژینەوەکە، بە شێوەی ئەزموونکار Empirical ئەنجامدراوە و پشت بە داتا و ئەدای ئەنجوومەنی نوێنەران بەستراوە بۆ هەڵسەنگاندنی کارەکانی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەران. واتا لە جیاتی پشت ببەستین بە توێژینەوە یاساناسەکان و ئەکادیمیکارەکان، پشتمان بەستووە بە ژمارە و نیشاندەرەکان (Indicators) وخشتەکاری بۆ ئەنجامدانی ئەم توێژینەوەیە. 

هەڵسەنگاندنی گشتی بۆ خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەران  

لە ماوەی خولی پێنجەمی نوێنەرانی عێراق، (148) دانیشتن ئەنجامدراون و(69) یاسا دەرچوون. لەم ژمارەیەش (23) یاساییان بریتیین لە پەسەندکردنی رێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان کە ڕاستەوخۆ لە هەرێمی کوردستان دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە. لەو ژمارەیەی ڕێکەوتننامە نێودەوەڵەتیەکانیش، حەوتیان ڕێکەوتنامەی دوو لایەنەن لە نێوان عێراق و وڵاتێکی تر و (16)ییان ڕێکەوتننامەی بە کۆمەڵن. تاوەکو نوسینی ئەم توێژینەوەیەش، پێگەی دەستوری و یاسایی ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان لە عێراق روون نییە لە کام ئاستدایە. 

بە بەراورد بە ساڵان و خولەکانی تری ئەنجوومەنی نوێنەران، ژمارەکان زۆر کەمن. بۆ نموونە، تەنها لە ساڵی 2012 زیاتر لە سەد یاسا لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەرچوونە. لەو (69) یاساییە، تەنها (14) لە بنەڕەتدا پێشنیارە یاسای پەرلەمانتاران بووە، واتا زۆربەی زۆری بە ڕێژەی (80٪) یاساکان پرۆژەیاسای حکوومەت بوون. ئەمەش  جۆرێک لە باڵادەستی حکوومەتی فيدراڵی پێشاندەدات بەرامبەر دەسەڵاتی یاسادانان. هەر بۆ زانیاری هەر 10 پەرلەمانتار دەتوانن پێشنیارە یاساییان پێشکەش بە ئەنجوومەنی نوێنەران بکەن. لە کاتێکدا، هەشت یاسایی ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەران تەنها بۆ زیادکردنی ئیمتیازات ومافەکانی پەرلەمانتاران و کەسوکاریان دەرچوونە.

لەو پرسانەی جێی تێڕامان و سەرسوڕمان بوون کە هاوشێوەی لە دنیادا نییە، لەم خولەدا تەنها یەك جار یاسای بودجە پەسەندکرا و بۆ ماوەی سێ ساڵ ئەمەش هاوشێوەی نییە لە وڵاتانی تر و لەوەش سەیرتر خەرجی کرداری (انفاق فعلي) بکرێت بە پێوەر بۆ دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان. 

هەروەها لەو بابەتە کە بە دەگمەن لە جیهاندا ڕوو دەدەن: دادگای ئیتحادی لە 4/9/2023 بە تاك لایەنە ڕێکەوتنامەیەکی دوولایەنەی نێوان عێراق و کوێتی دەربارەی خۆر عەبدوڵلای هەڵوەشاندەوە کە لە ساڵی 2013 لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی پەسەند کرا بوو، لەوەش سەیرتر یاسای ژمارە (15)ی ساڵی 2024 بە ڕاشکاوی یاسایەکی ئەنجوومەنی نوێنەران دەخەتە سەرووی ئەو ڕێکەوتننامانەی کە عێراق پەسەندی کردووە. بە ڕاستی پێگەی ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان لە عێراق لاواز کراون کە ئەمەش بێ متمانەیی نێودەوڵەتی بەرامبەر عێراق دروست دەکات. 

 گرنگترین شکستەکانی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش بریتیین لە دەرنەچوونی یاسایی ئەنجوومەنی فيدراڵی (مجلس الاتحاد) و دەرنەچوونی یاسایی نەوت و گاز و دەرنەچوونی یاسایەکی تایبەت بە دادگای ئیتحادی و هەموارنەکردنی یاسای ئیدارەی دارایی ساڵی 2019 و هەروەها دەرنەچوونی یاسایەكی تایبەت بە دادگاییکردنی داعش لە دوای زیاتر لە دە ساڵ لە ڕوودانی جينۆساید و تاوانە نێودەوڵەتیەکانی تر.

سەبارەت بە بەکارهێنانی زمانی کوردی وەکو زمانی فەرمیی نیشتمانیی سەرانسەری بۆ عێراق، چەند پەرلەمانتارێك لە فراکسيۆنە جیاوازەکانی کوردستان لە دانیشتنەکانی پەرلەمان قسەیان بە کوردی کردووە بەڵام لە کۆنووسەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران دانەنراون. هەر چەندە جێگری دووەمی پەرلەمان لە دانیشتەکانی پەرلەمان جەخت لەوە دەکاتەوە کە وەرگێرانی فەوری هەیە، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا هەنگاوێکی باشە و پێویستە پەرەی پێ بدرێت. بەڵام بابەتی زمانی کوردی لە پەرلەمانی عێراقی لە قۆناغێکی سەرەتاییدایە؛ بۆ نموونە، لە سەر کلێشەی کۆنووسەکان بە کوردی نوسراوە وبە فۆنتێکی سەقەت، لە کۆی حەوت وشە، دوازدە هەڵەی تێدایە. لە ساڵی 2005ەوە، نە یاساکان و نە کۆنووسەکان و ڕۆژنامەی فەرمیی عێراق، بە کوردی بڵاو ناکرێنەوە.

هەڵسەنگاندن لە گۆشەنیگای هەرێمی کوردستان

وەکو ئاشکرایە، فيدراڵیەت بۆ عێراق داخوازییەکی کوردستان بوو، لە ساڵی 1992 ەوە داواکرابوو و لە ساڵی 2005 شەرعیەتێکی دەستوری وەرگرت و تاوەکو ئەمڕۆ تاکە هەرێمێکی فيدراڵیش کە لە عێراق دا هەبێت تەنها هەرێمی کوردستانە. بە داخەوەین ئەوە بڵێین، دوای بیست ساڵ لە چەسپاندنی فيدراڵیەت، ئێستاش دامودەزگا فيدراڵییەکانی لە بەغداد بە شێوازێكی دوور لە سیستەمی فيدراڵی پرسە گرنگەکانی عێراق بەڕێوەدەبەن و مەرکەزیانە بڕیاریان لە سەر دەدەن.

سەبارەت بە پرسی فيدراڵیەت، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش تا ڕادەیەك پرسی بە فيدراڵیبوون پشتگوێ خراوە، لە جیاتی بەکارهێنانی دەستەواژەی فيدراڵی، وشەی بەدیل بەکاردێنن وەکو نیشتمانی (وطني)، عام (گشتی) و تەنانەت مەرکەزیش لە دوو یاسادا لە خولی پێنجەم بەکار هاتووە. تەنها لە یاسای بودجەی گشتی 2023-2025 بە ڕوونی چەمکی (اتحادي) بەکارهاتووە. بە ڕاستی، دەبوایە دەستەواژەی فيدراڵی بۆ یاسایی ژمارە (32)ی ساڵی 2023 بەکار بهاتایە لە بەر ئەوەی پەیوەندی بە دەسەڵاتە حەسرییەکانی عێراقە؛ دەستە دامەزراوەکە دەبووایە ناوبنرایە (دەستەی ئاماری فيدراڵی) نەك (دەستەی ئامار و سیستەمی زانیاری جوگرافی). 

کرۆکی باسەکەمان ئەم ژمارانە و داتایانەی کە لێرەدا هەندێکیان دەخەینە ڕوو:  لە کۆی 69 یاسای 17 یاسا ئاماژەیان بۆ (هەرێمی کوردستان) یاخود بۆ (هەرێم) کردووە واتا بە ڕێژەی نزیکەی 24٪. چوار یاسامان هەیە کە بە تەواوی لە بەرژوەندیی هەرێم دەرچوونە دەکاتە نزیکەی 6٪. سێ یاسامان هەیە کە بە ڕاشکاوی باس لە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.  

دوو یاسای خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەران هەیە بە سەر هەرێمدا سەپێنراون بێ ئەوەی لە دەسەڵاتی حەصری عێراق بن. چوار یاسا هەیە کە بە هەمان شێوە مامەڵەی لەگەڵ هەرێم و پارێزگاکان کردووە. یەك یاسا هەیە کە دەسەڵاتی داوە بە پارێزگاکان و نەیداوە بە هەرێم. سێ یاسا هەیە بە ڕاشکاوای نوسراوە کە لە ناوخۆی هەرێم جێبەجێ نابێت. ئەمانەی سەرەوە بەشێکن لەو داتا و ژمارانە لە بەر کەمیی دەرفەت لەم وتارەدا ناتوانین گشت بابەتەکان بخەینە ڕوو. 

لە دەرئەنجامی توێژینەوەکەمان بۆمان دەرکەوتووە کە هەندێک یاسای خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی مافی داوە بە هەرێم و هەندێکیان ئەرکییان سەپاندوە بە سەر هەرێم. ژمارەیەکی تری یاسا هەیە کە ئاماژەیان بۆ هەرێم نەکردووە، ئەمە واتای ئەوە نییە کە دژی هەرێم یان لە قازانجی هەرێمە، بەڵکوو یاسا بە یاسای ئەنجوومەنی نوێنەران دەبێت دیراسەی تەواویان بۆ بکرێت و بزانرێت چۆن هەرێم مامەڵەیان لەگەڵ دەکات.

پێویستە بە هەمان شێوە هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای دادگای ئیتحادی و حکوومەتی سوودانی ئەنجام بدرێت و گشت بڕیار و فەرمان و کۆبوونەوەکانی دیراسە بکرێن بە تایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە هەرێمەوە هەیە. هەروەها پێویستە هەمان هەڵسەنگاندن بۆ خولەکانی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکرێت، بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بەرچاو ڕوونیان هەبێت لە سەر خولەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و بتوانن بەراورد بکەن لە نێوان خولەکان ودەسەڵاتە فيدراڵیەکانی عێراق.