كاروان سه‌ڵاح
پەیامنێر
كورد با ته‌نها جه‌نگاوه‌رێكی ئازا نه‌بێت
دابینكردنی ئاسایشی خۆراك له سه‌رووی ئه‌وله‌ویه‌ته‌كانی ئه‌و كابینه‌یه‌ی حكومه‌ته
خه‌ڵكی كوردستان له ماوه‌ی 100 ساڵی رابردوودا، به‌رده‌وام خه‌باتی كردووه بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه ره‌واكانی و به‌رده‌وامیش ده‌بێت تا گه‌یه‌شتن به هه‌موو ئامانجه‌كان، هه‌رچه‌نده پره‌نسیپه‌كان نه‌گۆڕن، به‌ڵام گۆڕنكارییه‌كان و هه‌لومه‌رجی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تی وامان لێده‌كه‌ن، به سیاسیه‌تی خۆگونجاندن له ناو ئه‌و گۆڕانكاریی و پێكهه‌ڵكێشانانه‌دا جێگای خۆمان بكه‌ینه‌وه.
هه‌رێمی كوردستان وه‌كو قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستووری له ناو عێراق له دوای ساڵی 2003وه تا ئێستا به هه‌موو جۆرێك دژایه‌تی ده‌كرێ و به تایبه‌تی له رووی سیاسیه‌وه و وڵاته ئیقلیمییه‌كان و ته‌نانه‌ت هێزه شۆڤینییه‌كانی عێراقیش هه‌وڵی بێ‌وچان ده‌ده‌ن كه له پێگه‌ی ئه‌م قه‌واره‌یه كه‌م بكه‌نه‌وه، هه‌ر هه‌نگاوێك كه حكومه‌تی هه‌رێم به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی سیاسی و ئابووری ببات، رووبه‌ڕووی چه‌ندین ئاسته‌نگ و هه‌ڕه‌شه ده‌كاته‌وه.
بۆیه له ژێر رۆشنایی ئه‌و راستییه‌دا ده‌بێ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ست بكات به‌و هه‌نگاوانه‌ی كه وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و ته‌نانه‌ت حكومه‌تی عێراقیش نه‌توانێت ده‌ستی بۆ ببات و كاریگه‌ری بخاته‌سه‌ری، له وانه ده‌ستكردن به گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تێكی ئابووری تۆكمه كه كۆڵه‌كه سه‌ره‌كییه‌ی په‌ره‌پێدان به به‌رهه‌می ناوخۆبێت له رێگه‌ی بووژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و گه‌شت و گوزار. گرتنه‌به‌ری هه‌موو رێگا دیپلۆماسییه‌كان بۆ سه‌رخستنی ئه‌و پرۆسه‌یه و دروستكردنی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ وڵاتان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری هاوبه‌ش، كه ببێته مایه‌ی خێر و خۆشی بۆ میلله‌ته‌كه‌مان.
به پێی ئاماره‌كان دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان رێژه‌یه‌كی زۆری گه‌نجن كه به ده‌ستیكار هه‌ژمار ده‌كرێن، پێویسته ئه‌و گه‌نجانه داینه‌مۆی پرۆسه‌ی بنیاتنانه‌وه‌ى ئابووری هه‌رێمی كوردستان بن و سوود له توانا و هێز و بازوویان وه‌ربگیرێت، هاندانی كه‌رتی په‌روه‌رده و زانكۆكان بۆ پێگه‌یاندنی كادیری به‌توانا به‌رهه‌مبهێنن بۆ ئه‌وه‌ى شانبه‌شانی زیادبوونی هه‌لیكار ئه‌و بۆشاییه پربكه‌نه‌وه.
گرنگیدان به وه‌رزش و رۆشنبیری و زمان و كولتووری میلله‌ته‌كه‌مان ئه‌و شتانه‌ن كه دوژمنه‌كانمان ناتوانن رێگه له پێشكه‌وتنی بگرن، هه‌موو ئه‌مانه ده‌بێ به باشترین شێوه به‌كاربهێنرێت بۆ ناساندنی رووی هه‌رێمه‌كه‌مان به دنیای ده‌ره‌وه. ئیتر نابێت چیتر كورد ته‌نها به جه‌نگاوه‌رێكی ئازا بناسرێت، به‌ڵكو ده‌بێت به وه‌رزشوان و هونه‌رمه‌ند و زانستخواز و كولتووری ده‌وڵه‌مه‌ند بناسرێت، كوا ئه‌و رۆژانه بێته‌وه كه هه‌ولێر به ماست بناسرێته‌وه، شاره‌زوور و ئاكرێ به برنج و هه‌ڵه‌بجه و هه‌ورامان به هه‌نار و میوه خۆشه‌كانیه‌وه بناسرێنه‌وه.
هه‌رێمی كوردستان به راكێشانی وه‌به‌رهێنانی بیانی له هه‌موو سێكته‌ره‌كان، ده‌توانێت دۆستایه‌تی و هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دونیا دروست بكات، به‌بێ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق پێمان بڵێت ئه‌وه‌ی ئێوه ده‌یكه‌ین ده‌ستووری نییه. هه‌روه‌ها ده‌رگا بخاته سه‌ر پشت بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران و سه‌رمایه‌دار و پاره‌دارانی عێراقی له هه‌رێمی كوردستان وه‌به‌رهێنان بكه‌ن، كه جگه له سوودی ئابووری و دروستكردنی هه‌لیكار بۆ خاتری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان، له‌وانه‌یه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر گۆڕینی هه‌ڵویستی رای گشتی شه‌قامی عه‌ره‌بی هه‌بێت له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان.
ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان به ئازادی راده‌ربڕین و مافی ئافره‌تان و یه‌كسانی و ئازادی ئایین و نه‌ته‌وه‌یی بناسرێته‌وه، ده‌بێت ببێنه نموونه‌ی شه‌فافیه‌ت و دژایه‌تیكردنی گه‌نده‌ڵی له عێراق و ناوچه‌كه، ئه‌و سه‌روه‌رییانه‌ش ته‌نها به یه‌كڕیزی و هه‌ماهه‌نگی لایه‌نه سیاسییه‌كان دێته‌دی، هه‌موو ئه‌وانه پێگه و هێزێك به هه‌رێم ده‌به‌خشن كه هیچ لایه‌نێك ناتوانێت توانج و كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی بخاته سه‌ر.
ئه‌وه‌ی من ده‌یبینم و گه‌شبینم ده‌كات ئه‌وه‌یه، دابینكردنی ئاسایشی خۆراك له سه‌رووی ئه‌وله‌ویه‌ته‌كانی ئه‌و كابینه‌یه‌ی حكومه‌ته، ئه‌وه‌ش ئه‌و بڕوایه‌م لا دروست ده‌كات، كه هه‌نگاوه‌كانی داهاتوو زۆر گه‌وره ده‌بن، چونكه خۆبژێوی یه‌كێكه له كۆڵه‌كه سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی ئیداری و ئیراده.
*ماسته‌ر له كارگیری كار و شاره‌زا له بواری گه‌شه‌پێدانی كشتوكاڵی