هیچ ئایدۆلۆژیایەک ناتوانێت دابەشمان بکات

هیچ ئایدۆلۆژیایەک ناتوانێت دابەشمان بکات
هیچ ئایدۆلۆژیایەک ناتوانێت دابەشمان بکات

لە سەروبەندی ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی کە لە وڵاتانی جیهان ڕوودەدەن، هەرجارە و گوێبیستی تاوانێک دەبین، بە تایبەت کاتێک ڕووداوەکان زەقتر دەردەکەون کە کەسێکی کۆچبەر دەرهەق بە وڵاتێک کە باوەشی بۆ کردووەتەوە ئەنجام دەدرێت، ئەمەش تەواوی میدیا و جیهان و ویژدانی مرۆڤەکان دەهەژێنێت.

 لەو نێوەندەدا، ئێمەمانان وەک یەکێک لە سەرپەرشتیارانی گشتی ڕەوەندەکان لە تەواوی جیهان، هەر سەرپەرشتیارێک بەپێی نەتەوە و ئاینەکەی ئەرکێکی قورسترمان دەکەوێتە سەرشان.

ئەویش شۆڕشی ناساندن و یەکتر قبووڵکردن و مرۆڤ بوون و هەوڵدانە بۆ ئاشتی زیاتر و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرێکی خەوتووە، کە ڕەنگە کاتێک بەخەبەر بێینەوە کار لەکار ترازابێ.

لەم وتارەمدا پەیامێکی ڕوونم بۆ گەنجانی گێتی و بە تایبەت گەنجانی کورد لە تەواوی جیهان هەڵگرتووە، کە هیوادارم و مەبەستمە بگاتە هەندێک لەو گوێیانەی کە دەبێ بزانن، ئێستا، کاتی گوێ گرتن و دووبارە نوێبوونەوە و بەرەوپێشچوون و جیهانێکی جیاوازە.

لە درێژە و ناوەڕۆکی وتارەکەمدا دەمەوێ ڕووم بکەمەوە، تەواوی مرۆڤەکانی جیهان و بە تایبەت گەنجانی دیاسپۆرا، ئەوانەی لە هەر بارودۆخێکدا بێت وڵاتی خۆیان جێ هێشتووە و لە وڵاتێکی بیانی نیشتەجێن، پێیان دەڵێم: "ئێوە لەدوای خەونێک و سەرەتایەکی نوێدا هاتنە ئەم وڵاتانە، کاتێک وڵاتێکتان وەک پەناگەیەکی ئارام هەڵبژارد، دەبێت لە گەورەیی ئەو بەرپرسیاریەتییە تێبگەن کە لەسەر شانتان دانراوە، ناوی پاک و ناوبانگی باش و کەرامەتی گەلەکەتان بپارێزن، بە کردارەکانتان و ژیانی ڕۆژانەتان.

هاووڵاتییەکی باشی وڵاتانی بیانی بن، و سوپاسگوزار بن بۆ ئەو دەرفەتانەی کە پێشکەشتان دەکرێت، بۆیە ئەرکی ئێوەیە کە ڕێز لە یاساکانی ئەم وڵاتانە و سیستەمەکەی و دەستوورەکەی بگرن و ڕێز لە ڕێبازی خۆتان و داهاتووتان و ئەو ناوە بگرن کە ئەوەندە هەوڵی دروستکردنی دەدەن.

بیرتان نەچێت، ئەو وڵاتانەی ئێوە تێیدان، پێش چەندان دەیە، وەک وڵاتانی ئێمە تووشی مەرگەسات و شەڕی ناوخۆ و جەنگی درێژخایەن بوون، هەروەها بەشێکیان بە تەواوی وێران و خاپوور بوون، بەڵام دواجار هەستانەوە.!

چونکە خەڵکەکەی ڕێزیان لە یاسا و ڕێسا دەگرت، هەروەها یەکتریان قبووڵە و خاک و وڵاتیان خۆش دەوێت، بەم شێوەیە سەرلەنوێ سەریان هەڵدایەوە و بوون بە مۆدێلێک کە دەبێت لاسایی بکرێنەوە، دواجاریش، ئێمە و هاووڵاتییانمان بۆ ژیانێکی ئارام وەک پەناگە هەڵیان دەبژێرین.

ئەگەر دەتانەوێ نیشتیمانی خۆتان بنیات بنێن، دوور بکەونەوە لە توندڕەوی و تیرۆر و ماددە هۆشبەرەکان و خۆتان بەدوور بگرن لە زیانگەیاندن بە کەسانی تر، چونکە ئەمانە بەهای ئێمە نین وەک هیچ نەتەوەیەکی ڕۆژهەڵاتی ناوین و بەتایبەت لەنێویانشدا نەتەوەی کورد.

لێرەوە سوپاسی وڵاتانی جیهان دەکەم بۆ ئەو دەرفەتانەی کە بە گەنجانی ئێمەمانیان وەک ڕۆژهەڵاتێکی ناوین و لە نێویشیاندا کورد بەخشیوە، هەروەها دەرگاکانیان بەڕووی فێربوون و یەکگرتندا کردووەتەوە، خاک و سروشت و ماڵ و پەناگەی خۆیان پێشکەش کردوون."

بەشێکی تری وتارەکەم بۆ سەرپەرشیارانی ڕەوەندی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوینە، کە ئێستا زۆرترین و گەورەترین هاووڵاتییانیان لە وڵاتانی ئەورووپی و ئەمەریکی و ئوستراڵی هەیە، کوردیش لەو ئامارە ژمارەیەکی بەهێز و گەورە و ئارام و بێ کێشە بووە.

پێویستە پەلە بکرێت لە دروستکردنی کۆمسیۆنێکی جیهانی بۆ ڕێکخراوەیەکی سەرپەرشتیاری ڕەوەندی نەتەوەکان، بەو شێوە گوتار و فکر و هزر و بۆچوونەکان ڕێک دەخرێن و پێش بە هەموو ڕووداوێکی نەخوازراویش دەگرین، بە بڵاوکردنەوەی ڕێنمایی نوێ و یەکخستنی ئامانج و زانینی ئاماری دروست و دەستنیشانکردنی ڕەوەندی باش و ئارام و بێ کێشەکان و خۆ بێبەری کردن لە ڕەوەندە شەڕانگێز و تیرۆرییەکان کە ڕەنگە ببێتە پیسکردنی نازناوی هەر نەتەوەیەک لە ئایندەدا.

دەکرێ ئەو ڕێکخراوە وەک ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەرفراوان و بەهێز بکرێ و لۆبی باشیش بێ بۆ تەواوی نەتەوەکانی جیهان کە لەدەرەوەی خاکی خۆیانن و خەریکی ژیانێکی شایسته و شەڕەفمەندانەن، ئەمەش وادەکات سیمایەکی جوانتر بە هاووڵاتییانمان بدات لە دەرەوە.

لە کۆتا وتارەکەم ڕوو دەکەمە ڕەوەندی کوردی لە تەواوی جیهان بەبێ جیاوازی، دەبێت بزانن ئێمە لە تەواوی نەتەوەکانی جیهان جیاوازترین ئەوەش بەهۆی ئەوەی تاکی کورد، بەردەوام بە کەسێکی ئاشتیخواز و نەرموونیان و دژە تیرۆر و هۆگری خاک و نیشتمانی، ناسراوە.

هەمووتان دووربکەونەوە لە توندوتیژی، ئەو وڵاتانەی لێی دەژین ڕێزی یاسا و دەستوورەکەی بگرن، پێکەوە ژیان قبووڵ بکەن وەک چۆن لە هەرێمی کوردستانی عێراق، تەواوی ئایینەکان و هزرە جیاوازەکان و نەتەوەکان، پێکەوە لەژێر یەک ئاڵا و خاک و نیشتیمان دەژین، لەوێش هەروابن.

وەک جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی جەختی لەسەر دەکاتەوە بەردەوام، "ئەگەر دەتەوێت بەرگری بکەیت نیشتمانی خۆت لێرەیە.

بۆیە فێربە، چونکە تەنها لە ڕێگەی زانستەوە دەتوانن خۆتان ڕزگار بکەن و نیشتمان بنیات بنێن".

ئەمەش پەیامێکی تەواو سەردەمیانە و پڕ بەهایە کە هانی گەنجان دەدات بەرەو زانست بڕۆن، لای هەمووانیش ڕوونە کە ئەوانەی ڕێگەی زانست دەگرن، ڕێیەکی ڕووناک چاوەڕێیان دەکات و وڵات و نیشتیمان و نەتەوەکەشی لەداهاتوودا سوودی لێ وەردەگرن، سەربەرزانە خزمەت و خەباتیان دەکەن.

-ئەم وتارە بە زمانی عەرەبی لە چەندان سایتی عەرەبی و نێودەوڵەتی لەوانە (ئیلاف، الحدث و چەندانی تر) بڵاوبووەتەوە.