د.ئاریانا ئیبراهیم
مامۆستای زانکۆ
پەرەسەندنی تەکنەلۆژیاکانی پەیوەندیکردن و زەرورەتی بڵاوکردنەوەی زانیاری یاسایی
پەرەسەندنی تەکنەلۆژیاکانی پەیوەندیکردن، زەرورەتی بڵاوکردنەوەی زانیاری یاسایی وەک کولتوورێکی مەدەنی بۆ دادپەروەری و سەقامگیری دەخاتەروو.
بڵاوکردنەوەی یاساکان تەنیا ڕێکارێکی کارگێڕی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی فەلسەفەیەکی یاساییە کە نەزانین لە یاساکان وەک زەمینەیەکی پەروەردەکردنی نادادپەروەری و ململانێ دەناسێت، هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئاگادارکردنەوەی تاکەکان لە یاساکانی بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانەیان ناکۆکییەکان کەمدەکاتەوە و پابەندبوونی خۆبەخشانە بە سیستەمی گشتی پەروەردە دەکات، ئەزموونی مێژوویی و مۆدێرن نیشانی داوە ئەو کۆمەڵگایانەی کە ئاستی خوێندەواری یاساییان بەرزە، کەمتر تووشی ململانێ دەبن، توانای چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان بە شێوەیەکی ئاشتیانە و دامەزراوەیی زیاترە و ڕێژەی تاوانکاری و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتیان کەمتر دەبێتەوە.
بە پێچەوانەوە نەخوێندەواری یاسایی هۆکارێکی سەرەکییە کە بەشدارە لە توندبوونەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان، کە دەبێتە هۆی لەدەستدانی مافەکان و بڵاوبوونەوەی قۆرخکردن و پەنابردن بۆ توندوتیژی لەبری پەنابردن بۆ یاسا، هەروەها تاکەکانی بێ ئاگا لە ماف و ئەرکەکانیان زیاتر بەرەوڕووی ململانێ دەبنەوە و زیاتر ئەگەری ئەنجامدانی پێشێلکاری بەبێ مەبەست ئەنجام دەدەن، ئەمەش بارگرانی کۆمەڵگا قورس دەکات و متمانە بە دامەزراوەکان لاواز دەکات، بۆیە ڕوونە کە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری یاسایی تەنیا لە ئەستۆی نوخبەدا نییە، بەڵکو ئەرکێکی کۆمەڵایەتی هەمەلایەنەیە کە بەبێ جیاوازی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەکاتە ئامانج.
پاشای بابلی حەمورابی لە یەکەم سەرکردەکان بوو کە درکی بەوە کرد کە یاسا تەنها بە دەرکردن بە ئامانجەکەی ناگات، بەڵکو لە ڕێگەی زانین و بڵاوبوونەوەی لە نێو خەڵکدا بە ئامانجەکەی دەگات، یاساکانی خۆی لەسەر ستێلەی بەرد نووسی و لە شوێنە گشتییە جیاوازەکاندا نمایشی کرد، هەنگاوێکی مێژوویی بوو بە ئامانجی دەستڕاگەیشتن بە دەقی یاسایی بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا و دامەزراندنی پرەنسیپی دادپەروەری لەسەر بنەمای زانین و تێگەیشتن، نەک لەسەر ناڕوونی یان قۆرخکاری. ئەم پراکتیکە گوزارشت لە هۆشیارییەکی پێشوەختە دەکات لە گرنگی کولتووری یاسایی وەک پایەیەکی بنەڕەتی سەقامگیری کۆمەڵایەتی و گەرەنتی ماف و ئەرکەکان.
ئەمڕۆ لەگەڵ پەرەسەندنی تەکنەلۆجیای پەیوەندییەکان، بڵاوبوونەوەی کولتووری یاسایی لە بەرد و کاغەزدا قەتیس نەماوە، وەک چۆن لە سەردەمی حەمورابیدا بوو، سۆشیال میدیا بووەتە پلاتفۆرمێکی کاریگەر کە توانای گەیاندنی زانیاری یاسایی بە زمانێکی سادە و دەستڕاگەیشتن بە چین و توێژە بەرفراوانەکانی کۆمەڵگا هەیە، دامەزراوە یاسایی و ئەکادیمی و میدیاییەکان بەرپرسیارێتی بەکارهێنانی ئەم پلاتفۆرمانەیان لە ئەستۆدایە بۆ سادەکردنەوەی چەمکە یاساییەکان و بەستنەوەیان بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە، بەم شێوەیەش بەشداری دەکەن لە ڕێگریکردن لە ململانێکان پێش ئەوەی ڕووبدەن.
سەرەڕای دووری مێژووییەکەی، ئەزموونی حەمورابی وەک بەڵگەیەکی زیندوو دەمێنێتەوە بۆ ڕاستییەکی یاسایی بنەڕەتی، ئەویش ئەوەیە یاسایەک کە نەناسرێت، ناتوانرێت ڕێزی لێبگیرێت، تا ئەو ڕادەیەی کە کولتوورێکی یاسایی لە کۆمەڵگەدا دادەمەزرێنین، لە دادپەروەری و سەقامگیری نزیک دەبینەوە، کۆمەڵگەیەکی هۆشیاریش دادەمەزرێنین کە توانای پاراستنی خۆی هەبێت بە یاسا نەک ململانێ و بە مەعریفە نەک نەزانین.