شفا بارزانی
نووسەر
ڕەوەندی کوردستانی وەک باڵە دیپلۆماسییە بەهێزەکەی کوردستان
لەکاتێکدا کە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و هاوکێشە سیاسییەکان بەردەوام لە گۆڕانکاری دان، هێزی گەلان تەنها لە نێو سنوورە جوگرافییەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکو ڕەوەند و تاراوگەی هەر نەتەوەیەک وەک (سوپایەکی نەرم) و باڵێکی کاریگەری دیپلۆماسی لە جیهاندا دەردەکەون.
لای سەرۆک مەسعود بارزانی، ڕەوەندی کوردستانی تەنها کۆمەڵێک هاووڵاتی نیشتەجێی دەرەوە نین، بەڵکو سەرمایەیەکی نەتەوەیی و باڵیۆزی ڕاستەقینەی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستانن لە نێوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهان.
دروستکردنی لۆبییەکی بەهێز و یەکگرتووی کوردستانی، یەکێکە لە ستراتیژە هەرە لەپێشینەکانی دیدگای سەرۆک بارزانی، سەرۆک هەمیشە جەخت لەوە دەکاتەوە کە کورد لە هەرکوێیەک بێت، پێویستە دەنگێکی یەکگرتوو و کاریگەر بێت، ئەم لۆبییە ئەرکی تەنها ناساندنی مەزڵومییەتی کورد نییە، بەڵکو ئەرکە سەرەکییەکەی بریتییە لە پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان و دروستکردنی گوشاری سیاسی لەسەر ناوەندە گرنگەکانی جیهان بۆ پاڵپشتیکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان، لای سەرۆک، لۆبییەکی بەهێز دەتوانێت ببێتە قەڵغانێکی پۆڵاین بۆ بەرگریکردن لە قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی کوردستان.
یەکێک لە قووڵترین و حەکیمانەترین ڕەهەندەکانی دیدگای سەرۆک بارزانی بۆ ڕەوەندی کوردستانی، پرسی پەروەردەکردنی نەوەی نوێیە لەسەر بنەمای نیشتمانپەروەری، سەرۆک بارزانی باش دەزانێت کە دوژمنانی کورد هەمیشە هەوڵی سڕینەوەی شوناسی کوردییان داوە، بۆیە پاراستنی (زمانی شیرینی کوردی) لە تاراوگە لای وی وەک پاراستنی سەنگەرێکی شەرەف وایە.
هاندانی خێزانە کوردەکان بۆ ئەوەی منداڵەکانیان بە زمانی دایک بدوێن و مێژووی پڕ لە سەروەریی نەتەوەکەیان بزانن، دیدگایەکی دووربینانەیە بۆ ئەوەی زنجیرەی پەیوەندیی نێوان نەوەکان و نیشتمان نەپچڕێت، نەوەیەک کە لە ئەوروپا و ئەمریکا گەورە دەبێت بەڵام دڵ و زمانی بە کوردستانەوە بەستراوەتەوە، دەبێتە ئەو وزە بێکۆتاییەی کە دۆزی کورد بە زیندوویی دەهێڵێتەوە.
ئامانجی باڵای سەرۆک بارزانی، کە دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە، پێویستی بە بناغەیەکی نێودەوڵەتی پتەو هەیە. لێرەدا ڕۆڵی ڕەوەندی کوردستانی دەردەکەوێت؛ ئەوان دەتوانن ببنە ئەو پردە گەیەنەرەی کە ویست و ئیرادەی گەلی کوردستان بۆ سەربەخۆیی بگەیەننە ناو پەرلەمانەکان، ناوەندە ئەکادیمییەکان و میدیا جیهانییەکان. کاتێک کورد لە تاراوگە دەبێتە خاوەن پێگەی زانستی، ئابووری و سیاسی، ئەو کاتە دەتوانێت ڕای گشتی جیهان بە جۆرێک ئاڕاستە بکات کە داننان بە دەوڵەتی کوردستان تەنها داواکارییەکی نەتەوەیی نەبێت، بەڵکو ببێتە پێویستییەکی نێودەوڵەتی بۆ سەقامگیری.
دیدگای سەرۆک بارزانی بۆ ڕەوەندی کوردستانی، نەخشەڕێگەیەکە بۆ گۆڕینی (کوردانی هەندەران) بۆ (هێزی کاریگەری نێودەوڵەتی). ئەم دیدگایە پێمان دەڵێت: تا ئەو کاتەی زمانی کوردی لە ماڵەکانی تاراوگەدا دەنگ بداتەوە و تا ئەو کاتەی کوردانی جیهان وەک یەک جەستە بۆ پاراستنی کوردستان هەڵوێست وەربگرن، خەونی دەوڵەتبوون هەرگیز نامرێت و کوردستان وەک دەنگێکی بەهێز و شەکاوە لە نێوەندە گرنگەکانی جیهان دەمێنێتەوە.