هەرمن ئەحمەد
نووسەر
دیپلۆماسییەتی دەوڵەتمەدارانەی مەسرور بارزانی و بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێز لە هاوکێشە جیهانییەکاندا
لە جیهانی ئاڵۆزی سیاسەتی ئەمڕۆدا، دیپلۆماسییەت تەنها ئامرازێک نییە بۆ پەیوەندی، بەڵکو هونەری پاراستنی قەوارە و دەستەبەرکردنی گەشەسەندنە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا توانیویەتی مۆدێلێکی نوێ و پێشکەوتوو لە دیپلۆماسییەتی دەوڵەتمەدارانە پێشکەش بکات، کە تێیدا هەرێمی کوردستانی لە کارەکتەرێکی ناوخۆیی و هەرێمییەوە، بۆ ئاستی هاوبەشێکی جێ متمانەی نێودەوڵەتی بەرزکردووەتەوە.
سەردانی ئەم دواییەی مەسرور بارزانی بۆ کۆماری میسری عەرەبی و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە عەبدولفەتاح سیسی، تەنها گەشتێکی پرۆتۆکۆڵی نەبوو، بەڵکو گوزارشت بوو لە قوڵایی دیدگای سیاسی ئەو بۆ گەڕانەوەی کوردستان بۆ ناو جەرگەی بڕیاری عەرەبی و ناوچەیی. پێشوازیکردن لە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەپێی بەرزترین پرۆتۆکۆڵە نێودەوڵەتییەکان، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەو پێگەیەی کە مەسرور بارزانی بۆ کوردستانی دروستکردووە.
سەردانی سمبولییانەی بۆ قەڵای سەڵاحەدینی ئەیوبی لە قاهیرە، پەیامێکی کلتووری و مێژوویی بەهێز بوو، ئەم هەنگاوە نیشانیدا کە دیپلۆماسییەتی مەسرور بارزانی تەنها لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە سیاسییەکاندا نییە، بەڵکو دەیەوێت پردی کلتووری لەسەر بنەمای مێژوویەکی هاوبەش بنیاد بنێت، کە تێیدا کورد وەک نەتەوەیەکی خاوەن مێژوو و کاریگەر لە شارستانییەتی ناوچەکەدا دەردەکەوێت.
یەکێک لە دەستکەوتە هەرە گەورەکانی مەسرور بارزانی، پاراستنی بالانسی هێز بووە لە نێوان وڵاتانی دراوسێ، ناوچەکە و زلهێزە جیهانییەکان، لە نێوەندی کێشە و ململانێیە توندەکانی ناوچەکەدا، ئەو توانیویەتی کوردستان وەک دوورگەیەکی ئارام بهێڵێتەوە، ئەم هاوسەنگییە وای کردووە کە هەولێر ببێتە ناوەندێکی گرنگی بڕیار و جێگەی بایەخی پایتەختە بڕیاربەدەستەکانی وەک واشنتۆن، لەندەن، پاریس و پایتەختە عەرەبی و ئیسلامییەکان.
ئەم دڵنیاییە سیاسییەی کە سەرۆکی حکوومەت دروستی کردووە، ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی هەبووە لەسەر کەرتی ئابووری، وڵاتان و کۆمپانیا زەبەلاحەکان کاتێک دەبینن سەرۆکێکی خاوەن دیدگا و دامەزراوەیی وەک مەسرور بارزانی سەرکردایەتی هەرێم دەکات، بە متمانەیەکی زۆرەوە دێنە پێشەوە بۆ وەبەرهێنان.
دیدگای مەسرور بارزانی بۆ ئابووری، دیدگایەکی بنیادنەرانەیە، ئەو باوەڕی وایە بێ ئاسایش، ئابووری گەشە ناکات، هەر بۆیە لە ڕێگەی بەهێزکردنی ژێرخانی ئەمنی و سەقامگیری سیاسییەوە، کوردستانی کردووەتە بەهەشتی وەبەرهێنەران، پەرەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتوگوزار و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات، بەشێکن لەو پلانە ستراتیژییەی کە لە کابینەی نۆیەمدا چێنراوە.
ئەمڕۆ کوردستان تەنها بە ناوچەیەکی دەوڵەمەند بە نەوت ناناسرێت، بەڵکو وەک ناوچەیەکی پڕ لە دەرفەتی وەبەرهێنانی مەزن لە جیهاندا سەیری دەکرێت، ئەمەش دەرەنجامی ئەو متمانە نێودەوڵەتییەیە کە سەرۆکی حکوومەت لە ڕێگەی دیپلۆماسییەتە ورد و ژیرانەکەیەوە بەدەستی هێناوە.
ئەگەر کابینەی نۆیەم، کابینەی خۆڕاگری، چاکسازی و دانانی بناغە بووبێت، ئەوا کابینەی دەیەم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، دەبێتە کابینەی گەشەسەندنی خێرا و دروێنەکردنی بەرهەمەکان، ئەو دیدگا ڕوونەی کە سەرۆکوەزیران هەیەتی، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە لە داهاتوودا کوردستان دەبێتە یەکێک لە ناوەندە هەرە گرنگە ئابوورییەکانی ناوچەکە.
لە کابینەی دەیەمدا، چاوەڕوان دەکرێت ئەو پەیوەندییە نێودەوڵەتییانەی ئێستا، ببنە هەوێنی پڕۆژەی ستراتیژی گەورەتر کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر باشترکردنی بژێوی و ژیانی هاووڵاتییان دەبێت، دیپلۆماسییەتی مەسرور بارزانی نیشانیداین کە بە بوونی سەرکردەیەکی خاوەن پرۆژە، دەکرێت نەتەوەیەک لە ناو قەیرانەکانەوە بەرەو لوتکەی شکۆ و پێشکەوتن ئاڕاستە بکرێت.
مەسرور بارزانی سەلماندی کە زمانەوانی دیپلۆماسی و هێزی بڕیار، دەتوانن سنوورەکان ببەزێنن، ئەو نەک تەنها وەک سەرۆکوەزیران، بەڵکو وەک ئەندازیاری پەیوەندییە نوێیەکانی کوردستان لەگەڵ جیهان، مێژوویەکی نوێ بۆ گەلی کورد دەنووسێتەوە، مێژوویەک کە تێیدا کوردستان وەک یاریزانێکی سەرەکی و سەقامگیر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەمێنێتەوە.