سەید مەحموود
نووسەر
سامح ئەلسەریتی: گەڕانەوەی هەماهەنگیی هونەری نێوان میسر و کوردستان پێویستییەکی کلتوورییە و دراما پردی زمان و ناسنامەیە
هەوڵەکانی هەماهەنگیی هونەری لە نێوان میسر و کوردستان زۆرن، بەڵام تاوەکو ئێستا بە شێوەیەکی دروست کارا نەکراون،لێرەدا هونەرمەند سامح ئەلسەریتی کە یەکێکە لە پشتگیریکارانی بیرۆکەی ئەم هەماهەنگییە و ئەزموونی پێشتریشی تێیدا هەیە، تیشک دەخاتە سەر ئەم پرسە.
ئەو دووپاتی دەکاتەوە کە هێشتا لە هەوڵی چەسپاندنی ئەم پەیوەندییەیە لە چوارچێوەی کارە هونەرییەکاندا، کە ئامانجی سەرەکی و بڵندیان پاراستنی زمانی عەرەبییە وەک زمانێکی هاوبەش لە نێوان ئەو گەلانەی خاوەن کلتوور و ناسنامەی هاوشێوەن، ئەمەش لە ڕێگەی دراما و زنجیرە مۆدێرن و کلاسیکییەکانەوە کە پەیامی لێکنزیککردنەوەی هەردوو گەلی میسری و کوردییان هەڵگرتووە.
هونەرمەند سامح ئەلسەریتی پێی وایە، کاراکردنەوەی هەماهەنگیی هونەری نێوان میسر و کوردستان تەنها کات بەسەربردنێکی کلتووری نییە، بەڵکو پێویستییەکی هەنووکەییە کە گۆڕانکارییەکانی جیهانی عەرەبی و پاشەکشەی هێزی نەرم و دوورکەوتنەوەی نەوەی نوێ لە زمانی عەرەبی وەک گرنگترین بەستەری نێوان گەلان، دەیسەپێنن،ئەلسەریتی جەخت دەکاتەوە کە دراما و سینەما باشترین و بەهێزترین ئامرازن بۆ دروستکردنی پردی پەیوەندی مرۆیی و کلتووری، هەروەها بۆ داڕشتنی هۆشیارییەکی هاوبەش کە سنوورە سیاسی و جوگرافییەکان دەبەزێنێت.
ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە هەوڵەکانی هەماهەنگی نێوان هەردوولا نوێ نین و بۆ چەندین ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێنەوە، بەتایبەت لەو سەردەمەی کە پلەی بریکاری یەکەمی یەکێتی سەندیکا هونەرییەکان و بریکاری یەکەمی سەندیکای پیشە نواندنەکانی هەبووە، لەو ماوەیەدا چەندین جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و زۆربەی شارەکانی گەڕاوە و پەیوەندییەکی فراوانی لەگەڵ هونەرمەندان، ڕۆشنبیران و بەرپرسانی بوارە جیاوازەکان دروست کردووە، دووپاتی دەکاتەوە کە ئەم سەردانانە تەنها بۆ پڕۆتۆکۆل نەبوون، بەڵکو پڕۆژەیەکی ڕاستەقینەیان لەپشت بووە بۆ بڵاوکردنەوەی درامای میسری لە هەرێم و کاراکردنی ئەو ڕێککەوتنانەی لە نێوان سەندیکای هونەرمەندانی میسر و کوردستان واژۆ کرابوون.
ئەلسەریتی یادی سەردانەکەی بۆ هەرێم لە ساڵی 2013 دەکاتەوە و ڕوونی دەکاتەوە کە ئامانجی سەرەکی لەو کاتەدا کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێ بوو بۆ بڵاوکردنەوەی زنجیرە دراما میسرییەکان لە کەناڵە تەلەفزیۆنییە کوردییەکان، لەپاڵ گۆڕینەوەی ئەزموونی هونەری و ڕاگەیاندن، دەڵێت کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ڕاگەیاندن، کە لەو کاتەدا کاروان ئاکرەیی بەڕێوەبەری کەناڵی کوردستان بوو، باسیان لە ڕێگەکانی نمایشکردنی بەرهەمە میسرییەکان کردووە و ئەوەی چۆن دراما دەبێتە ئامرازێکی کاریگەری پەیوەندی نێوان هەردوو گەل.
بەڵام سەرەڕای ئەم هەوڵانە، هەماهەنگییەکە وەک ئەوەی چاوەڕوان دەکرا بەردەوام نەبوو، ئەلسەریتی هۆکارەکەی بۆ کۆمەڵێک بەربەست دەگەڕێنێتەوە کە لە نێوان هەردوولادا هەبوون، لە پێش هەموویانەوە لایەنی بەرهەمهێنان و ئابووری، و بەرزبوونی نرخی فرۆشتنی زنجیرەکان. هەندێک لە لایەنە بەرهەمهێنەرەکان داوای بڕە پارەیەکی زۆریان دەکرد، ئەمەش ڕێگر بوو لەوەی بەرهەمە میسرییەکان لە هەرێم بڵاو ببنەوە، ئەو دەڵێت ئەگەر من بەرپرسی کەرتی بەرهەمهێنانی تەلەفزیۆنی بوومایە، لە هەر زنجیرەیەک وێنەیەکی بێبەرامبەرم وەک دیاری دەبەخشی، ئەمەش نەک بۆ پیاهەڵدان، بەڵکو بۆ پاراستنی زمانی عەرەبی و پاراستنی ڕۆڵی کلتووری میسر لە ناوچەکەدا.
ئەلسەریتی جەخت دەکاتەوە کە بابەتەکە تەنها بازاڕکردن بۆ کارە هونەرییەکان نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی کلتووریی گشتگیرە کە پشت بە مێژوویەکی درێژی پەیوەندییەکانی نێوان میسر و کوردستان دەبەستێت. ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم مێژووە لە کەس شاراوە نییە، هەر لە سەردەمی ئەیوبییەکان و ناوی سەلاحەدینی ئەیوبی وەک سیمبولێکی کۆکەرەوە، تا دەگاتە کەسایەتییە هونەری و کلتوورییە کوردەکان کە شوێنپەنجەیان لە میسر دیارە، وەک دەرهێنەری گەورە ئەحمەد بەدرخان و کوڕەکەی عەلی بەدرخان، و چەندین کەسایەتی کاریگەری تری ئەدەبی و فکری کە ڕۆڵی چالاکیان لە کایەی کلتووری میسری و عەرەبیدا هەبووە.
ئەم هونەرمەندە دەوەستێتە سەر وێستگەیەکی سیاسی و کلتووری زۆر گرنگ و وەبیرمان دەهێنێتەوە کە یەکەم وڵات سەرکردەی کورد مەلا مستەفا بارزانی بیری لێ کردەوە دوای گەڕانەوەی لە یەکێتی سۆڤیەت سەردانی بکات، میسر بوو، و یەکەم سەرکردەش کە چاوی پێی کەوت جەمال عەبدولناسر بوو. ئەو پێی وایە ئەم ڕووداوە بەتەنها بەسە بۆ سەلماندنی قووڵایی پەیوەندی نێوان هەردوولا و ڕەنگدانەوەی دیدگای میسرە لەو قۆناغەدا بۆ ڕۆڵی عەرەبی و هەرێمی خۆی، نەک تەنها لە ڕووی سیاسی، بەڵکو لە ڕووی کلتووری و ڕاگەیاندنیشەوە.
لەو چوارچێوەیەدا، ئەلسەریتی ئاماژە بە شێوازی بیرکردنەوەی دەوڵەتی میسر لە سەردەمی عەبدولناسردا دەکات، کاتێک ڕادیۆیەکی کوردییان دامەزراند و پێشتریش ڕۆژنامەی کوردستان لە ساڵی 1898 لە قاهیرە دەرچوو کە بۆ چەندین ساڵ بەردەوام بوو، ئەم هەنگاوانە ئامانجیان بەستنەوەی هەردوو گەلی میسری و کوردی و بەهێزکردنی گفتوگۆی کلتووری بوو، دەڵێت ئەو سیاسەتانە هەڕەمەکی نەبوون، بەڵکو لە باوەڕێکی ڕاستەقینەوە هاتبوون کە کلتوور گەرەنتی بەردەوامی پەیوەندی گەلانە و زمان ناسنامە و یادەوەری نەتەوەکانە.
لێرەوە ئەلسەریتی نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت بەرامبەر بە پاشەکشەی گرنگیدان بە زمانی عەرەبی، نەک تەنها لە کوردستان، بەڵکو لە خودی میسریشدا. دووپاتی دەکاتەوە کە مەترسییەکە تەنها لەسەر زمان نییە، بەڵکو لەسەر پەیوەندی نێوان نەوەکانە، چونکە گەنجان کەمتر پەیوەستن بە میراتی کلتووری هاوبەش. پێی وایە دراما دەتوانێت ڕۆڵێکی سەرەکی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تەحەدایەدا بگێڕێت، ئەویش لە ڕێگەی پێشکەشکردنی کارگەلێک کە لە دڵی خەڵکەوە نزیک بن و ڕەنگدانەوەی کێشەکانیان بن و زمانی عەرەبی بە زیندوویی بهێڵنەوە.
سەبارەت بە نمایشکردنی کارە کوردییەکان لە میسر، ئەلسەریتی ڕوونی دەکاتەوە کە ئەمە مەحاڵ نییە و دەکرێت بە ئاسانی لە ڕێگەی وەرگێڕانەوە (ژێرنووس) ئەنجام بدرێت، وەک چۆن بۆ کارە مەغریبی و جەزائیری و تونسەکان دەکرێت، جەخت دەکاتەوە کە جیاوازی زمان و شێوەزارەکان دەبێت وەک دەوڵەمەندییەکی کلتووری سەیر بکرێن نەک ڕێگر، داواش دەکات ئاڵوگۆڕێکی ڕاستەقینەی عەرەبی لە بواری درامادا هەبێت و چیرۆکە میللی و مێژووییەکان بگەڕێنەوە کە خێزانی عەرەبییان لە دەوری یەک شاشە کۆ دەکردەوە.
هەروەها باسی نەبوونی کارە کوردییەکان لە میهرەجانە سینەماییەکانی میسر دەکات و ئاماژە بەوە دەدات کە هەندێک فیلم لە فێستڤاڵی قاهیرە و ئەسکەندەرییە نمایش کراون، و فێستڤاڵی گونەش لە خولەکانی پێشوودا فیلمی کوردی نیشان داوە. بەڵام پێی وایە ئەم بەشدارییانە هێشتا سنووردارن و لە ئاستی داخوازییەکاندا نین، داوا دەکات ئامادەیی هەردوولا چڕتر بکرێتەوە و کۆڕ و کۆبوونەوەی فکری و هونەری بۆ گەنجانی هەردوولا ڕێک بخرێت.
ئەلسەریتی ئاشکرای دەکات کە پێشتر بیرۆکەی ڕێکخستنی فێستڤاڵێکی نێودەوڵەتی و دیداری ڕاگەیاندنی لە هەرێمی کوردستان خستووەتە ڕوو، و بیرۆکەکە لەلایەن بەرپرسانی کلتووری ئەوێوە پێشوازی لێ کراوە، هەروەها ستایشی گرنگی میهرەجانی سینەمایی سلێمانی دەکات و دەپرسێت بۆچی فیلمە میسرییەکان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک تێیدا نمایش ناکرێن، و بۆچی فێستڤاڵە میسرییەکانیش هەوڵ نادەن میوانداری فیلمی کوردی زیاتر بکەن.
لە کۆتایی قسەکانیدا، سامح ئەلسەریتی دووپاتی دەکاتەوە کە هێشتا دۆسیەیەکی تەواوی لایە سەبارەت بە بازاڕکردنی درامای میسری لە کوردستان، و چەندین بیرۆکەی هەیە کە دەکرێت کاریان لەسەر بکرێت بۆ زیندووکردنەوەی پڕۆژەی هەماهەنگی هونەری نێوان هەردوولا. ئاماژە بەوە دەکات کە بینەری کورد لە ڕێگەی کەناڵە ئاسمانییە نەکوردییەکانەوە بینەری درامای میسرییە، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە ئارەزوویەکی ڕاستەقینە بۆ ئەم جۆرە بەرهەمانە هەیە و پێویستە ئەم ئارەزووە بە شێوەیەکی ڕێکخراو و زانستی وەبەرهێنانى تێدا بکرێت.
ئەلسەریتی پێی وایە گەڕانەوەی ڕۆڵی هێزی نەرمی میسر تەنها لە ڕێگەی دیدگایەکی کلتووری گشتگیرەوە بەدی دێت، کە بڕوای بەوە هەبێت هونەر تەنها پیشەسازی نییە بەڵکو پەیامە، و هەماهەنگی لەگەڵ کوردستان دەکرێت ببێتە نموونەیەکی سەرکەوتوو بۆ تەواوکارییەک کە بایەخ بۆ زمانی عەرەبی بگەڕێنێتەوە و پەیوەندییە مێژوویی و مرۆییەکانی نێوان گەلان نوێ بکاتەوە.