د.حەمدی شنگالی
نووسەر
ئابووریی عێراق لە 2025دا؛ لە نێوان سەقامگیرییەکی کاتی و داڕمانێکی هەمیشەییدا
ئەمڕۆ جیاوازییەکە لەسەر ناساندنی دۆخی ئابووریی عێراق نییە، چونکە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان هەموویان بە یەک ئاراستە قسە دەکەن. جیاوازیی ڕاستەقینە لەوەدایە کە ئایا عێراق تا ئێستا لەوە حاڵی بووە ئەوەی ئێستا ڕووبەڕووی ئابوورییەکەی دەبێتەوە، تەنیا قەیرانێکی کاتی نییە، بەڵکو مۆدێلێکی شێواوە کە بە بێدەنگی مەترسییەکان کەڵەکە دەکات و تەنیا چاوەڕێی شۆکی داهاتوو دەکات تاوەکو جارێکی دیکە لەرزۆکیی خۆی نیشان بداتەوە.
عێراق، لە ڕوانگەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانەوە، لە سەر لێواری داڕماندا نییە، بەڵام لە ناوچەیەکی خۆڵەمێشیی مەترسیدا دەژیت کە لە نێوان سەقامگیرییەکی کاتی و مەترسییەکی هەمیشەییدایە.
لە ساڵی 2025دا، ڕاپۆرتەکانی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی، بانکی جیهانی و ڕێکخراوی گەشەپێدانی ئابووری (OECD) هیچ مەیلیان بۆ پیاهەڵدان و پۆزش هێنانەوە نەبووە؛ بە پێچەوانەوە، زمانەکەیان ڕوونتر و تووندتر بووە: عێراق دەوڵەتێکە هێشتا پشت بە یەک سەرچاوەی داهات دەبەستێت، بەکارهێنان و خەرجیی زیاترە لە بەرهەم و هەمیشە چاکسازی دوادەخات لەبری ئەوەی ڕووبەڕووی تێچووە سیاسی و ئابوورییەکانی ببێتەوە. ئەمانە حوکمی ئایدیۆلۆژی نین، بەڵکودەرەنجامی تەکنیکین کە لەلایەن کۆمەڵێک دامەزراوەوە ئامادە کراون کە پشت بە داتا و ژمارە دەبەستن نەک خەون خەیاڵ.
یەکەمین و مەترسیدارترین تەنگەژە، بریتییە لە پشتبەستنی نیمچە تەواو بە نەوت. بە گوێرەی خەمڵاندنەکانی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی، داهاتی نەوت زیاتر لە %90ی داهاتی دەوڵەت پێک دەهێنێت، ئەمەش ژمارەیەکە کە ڕەنگدانەوەی هێز نییە، بەڵکو نیشانەی لاوازییەکی پەیکەریی قووڵە. هەموو بودجەیەک کە لە بەغدا دادەڕێژرێت، لە جەوهەردا قومارکردنە لەسەر نرخی بەرمیلێک نەوت کە نە دەوڵەت خاوەندارێتی دەکات و نە دەشتوانێت کۆنترۆڵی ئاراستەکەی بکات، چونکە کەوتووەتە ژێر کاریگەریی فاکتەرە جیۆپۆلیتیکی و ئابوورییەکانی دەرەوەی سنوورەکانی، لە بڕیارەکانی "ئۆپێک"ەوە تا دەگاتە خاوبوونەوەی ئابووریی جیهانی و گۆڕانکاری لە خواست لەسەر وزە.
ئەم پشتبەستنە تەواوە، ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی بەسەر ئابووری گشتیدا دەبێت. ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان بە ڕوونی ئاماژە بە تێکچوونێکی قووڵ لە پەیکەری خەرجکردندا دەکەن، بە جۆرێک کە مووچە و پشتگیرییە داراییەکان و گواستنەوەکان پشکی شێری بودجەیان بەردەکەوێت، لە کاتێکدا وەبەرهێنانی بەرهەمهێنەر بە لاوازی و پەراوێزخراوی دەمێنێتەوە.
لە بۆشایی یاسا داراییە توندەکان یان سندووقێکی سیادیی کارادا، هەموو خولێکی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەبێتە دەرفەتێک بۆ فراوانکردنی خەرجییە کاتییەکان، لە بری ئەوەی بۆ بنیادنانی یەدەگێکی دارایی یان دابینکردنی بودجە بۆ وەرچەرخانێکی ئابووریی بەردەوام بەکاربهێنرێت. بەم شێوەیە، کورتهێنان دەبێتە ئەگەرێکی هەمیشەیی لەگەڵ هەر دابەزینێک لە نرخی نەوت.
سەبارەت بە هەمەجۆرکردنی ئابووریش، هێشتا وەک ناونیشانێک ماوەتەوە کە زۆرترین باسی لێوە دەکرێت و کەمترین ئەنجامی هەبووە. کەرتی نانەوتی، سەرەڕای هەندێک باشبوونی کاتی، هێشتا لە ڕووی بەرهەمهێنانەوە لاوازە و لەلایەن ژینگەیەکی کارگێڕیی پەککەوتەوە گەمارۆ دراوە. بانکی جیهانی و ڕێکخراوی OECD بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکەن کە کێشەکە نەبوونی دەرفەت نییە، بەڵکو بوونی سیستەمێکی گشتگیری بیرۆکراسیی پەککەوتە، لاوازیی دابینکردنی دارایی، نەبوونی کێبڕکێی دادپەروەرانە و ناڕوونیی سیاسییەکانە. لە ژێر ئەم مەرجانەدا، وەبەرهێنان وەک بڕیارێکی ئابووریی عەقڵانی دەرناکەوێت، بەڵکو سەرکێشییەکی بێبنەمایە.
ئەم شڵەژانە، لە بازاڕی کاردا بە ڕوونترین شێوە دەردەکەوێت. ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان جەخت دەکەنەوە کە ئابووریی عێراق هەلی کاری بەرهەمهێنەری پێویست ناڕەخسێنێت، بەتایبەتی بۆ ئەو گەنجانەی ساڵانە دێنە ناو ئاپۆڕەی بازاڕی کارەوە. فراوانبوونی ئابووریی نافەرمی بە واتای هەلی کاری لەرزۆک و بەرهەمی کەم دێت، ئەمەش قەیرانەکە قووڵتر دەکاتەوە لەبری ئەوەی سووکی بکات. دەوڵەت زیاتر لەوەی کە بەرگەی دەگرێت فەرمانبەر دادەمەزرێنێت و کەرتی تایبەتیش ئەوەندە گەشە ناکات کە ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە، بۆیە ساڵ لە دوای ساڵ بۆشاییەکە گەورەتر دەبێت.
ناکرێت هەموو ئەمانە لە گەندەڵی و لاوازیی حوکمڕانی جیا بکرێنەوە. پلەی عێراق لە پێوەرەکانی شەفافیەتی نێودەوڵەتیدا تەنیا ژمارەیەکی پڕوپاگەندەیی نییە، بەڵکو نیشاندەرێکی کردەیی ژینگەیەکە کە تێیدا سەرچاوەکان بەفیڕۆ دەدرێن و بڕیارەکان دەشێوێنرێن و وەبەرهێنان تێیدا سارد دەکرێتەوە. گەندەڵییش بەشێکە لە خودی شێوازی کاری ئابووری لە عێراق ، ئەمەش وای کردووە هەر چاکسازییەک ئەگەر کەمیش بێت لە ناوەوە ڕووبەڕووی پەکخستن ببێتەوە.
جگە لەم ئالنگارییانە، مەترسییە دەرەکییەکان ڕوو لە زیادبوونن. خاوبوونەوەی جیهانی و ئاڵۆزییە جیۆپۆلیتیکییەکان و گۆڕانکارییە خێراکانی بازاڕی وزە، هەموویان فاکتەرن کە ڕاپۆرتەکانی 2025 هۆشدارییان لێ دەدەن و جەخت دەکەنەوە کە دەوڵەتە تاک داهاتەکانی وەک عێراق، زۆرترین کاریگەرییان بەردەکەوێت. سەرەڕای ئەوەش، سیاسەتە ئابوورییەکان هێشتا وا دەردەکەون کە وەک بڵێیت خواست لەسەر نەوت مسۆگەرە و داهاتەکان هەمیشەیین.
لە کۆتاییدا، قەیرانی ئاو و کەشوهەوا بازنەکە دادەخات. ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان بە ڕوونی پەیوەندی لە نێوان کەمیی ئاو، پاشەکشەی کشتوکاڵ، کۆچی ناوخۆیی و فشار لەسەر شارەکان دەبینن. ئەمانە کۆمەڵێک فاکتەرن کە نەک تەنیا باری ئابووریی نوێ دروست دەکەن، بەڵکو هەڕەشە لە سەقامگیریی کۆمەڵایەتیش دەکەن لە مەودای دووردا. ئەمە قەیرانێکی بێدەنگە، بەڵام مەترسیدارترە لە گۆڕانی نرخەکان، چونکە دەست بۆ بنەماکانی ژیان و بەرهەمهێنان پێکەوە دەبات.
ئەو ئەنجامەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لە ساڵی 2025 دا پێی دەگەن ڕوونە: عێراق تەنیا بەدەست کێشەی بەڕێوەبردنی داهاتەوە گیرۆدەنییە، بەڵکو تووشی قەیرانی مۆدێلێکی ئابووریی تەواو بووە. دەوڵەتێک، کە تەنیا پشتی بە یەک سەچاوەی داهات بەستووە، بە خەرجییەکی بەرز و بەرهەمێکی کەم و دامەزراوەی کۆن و گەندەڵییەک کە ڕێگری لە هەر وەرچەرخانێکی جیدی دەکات. هەر باشبوونێک لە داهاتەکاندا، ئەگەر هاوشانی چاکسازیی پەیکەریی ڕاستەقینە نەبێت لە دارایی گشتی و حوکمڕانی و هەمەجۆرکردنی ئابووریدا، بە باشبوونێکی لەرزۆک و کاتی دەمێنێتەوە و لەگەڵ یەکەم شۆکی نەوتی یان سیاسی یان ئەمنی، ئامادەی داڕمانە.
جیهان ئەمڕۆ عێراق بەم شێوەیە دەبینێت.. نەک وەک دەوڵەتێکی هەژار، بەڵکو وەک دەوڵەتێک کە هێشتا بڕیاری خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە لە نێوان بەڕێوەبردنی قەیرانەکە، یان چوونە دەرەوە لێی.