سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ میسر؛ ڕەهەندە ستراتیژییەکانی مێژوو و سیاسەت

سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ میسر؛ ڕەهەندە ستراتیژییەکانی مێژوو و سیاسەت
سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ میسر؛ ڕەهەندە ستراتیژییەکانی مێژوو و سیاسەت

سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆماری عەرەبی میسر، لەم کاتوساتە هەستیارەدا کە ناوچەکە و جیهان بە گۆڕانکارییەکی خێرا و ئاڵۆزدا تێپەڕ دەبن، تەنیا سەردانێکی دیپلۆماسی ئاسایی نییە، بەڵکو هەڵگری چەندین پەیامی قووڵی سیاسی، مێژوویی و ئابوورییە. ئەم هەنگاوە وەک کردنەوەی دەروازەیەکی نوێ و ستراتیژی دادەنرێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جیهانی عەرەبیدا، بەتایبەت لەگەڵ وڵاتێکی وەک میسر کە هەمیشە وەک ناوەندێکی بڕیار و هێزێکی میحوەری کاریگەر لە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا ناسراوە.

ئەم سەردانە لە ڕووی مێژووییەوە، زیندووکردنەوەی لاپەڕە زێڕینەکانی ڕابردووە و دووبارەبوونەوەی مێژوویەکی پڕ لە شانازییە. کاتێک بارزانی نەمر لە گەڕانەوەی لە یەکێتی سۆڤیەتی جاران لە ساڵی 1958 سەردانی میسری کرد و لەلایەن جەمال عەبدولناسر، سەرۆکی کۆچکردووی ئەو وڵاتە، بە گەرمی پێشوازی لێکرا، بناغەی پەیوەندییەکی دێرین و دۆستانە لە نێوان هەردوولادا داڕێژرا. ئێستاش سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ قاهیرە، درێژەپێدەری ئەو ڕێڕەوە مێژووییەیە و نیشانەی توندوتۆڵبوونی ئەو پەیوەندییە دێرینەیە کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و بەرژەوەندی هاوبەش بونیاد نراوە.

لە ڕووی سیاسییەوە، ئەم جووڵە دیپلۆماسییە ئاسۆیەکی گەش و نوێ لەبەردەم هەرێمی کوردستان دەکاتەوە تا پێگەی خۆی لە ناوەندە عەرەبییەکاندا بەهێزتر بکات. میسر بەهۆی قورساییە سیاسییەکەیەوە، دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە پشتیوانیکردنی سەقامگیری و گەشەپێدانی هەرێمدا بگێڕێت. هەروەها لە ڕووی ئابوورییەوە، ئەم سەردانە دەبێتە هەوێنی دروستکردنی هەماهەنگی زیاتر لە بوارەکانی وزە، وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی، کە دەرەنجامەکەی خزمەت بە گەشەی ئابووری هەردوولا دەگەیەنێت.

هەموو ئەم دەستکەوتە دیپلۆماسییانە و ئەو کرانەوە گەورەیەی هەرێمی کوردستان بەڕووی جیهاندا، بەرهەمی ئەو سیاسەتە حەکیمانە و دووربینانەیەیە کە سەرۆک مەسعود بارزانی پەیڕەوی دەکات. ئەو دیدگا ستراتیژییەی جەنابی سەرۆک بارزانی وایکردووە کە هەرێمی کوردستان وەک کاراکتەرێکی متمانەپێکراو و کاریگەر لە ناوچەکەدا دەربکەوێت، کە توانای هەیە لە تەک وڵاتە گەورە و خاوەن بڕیارەکاندا گفتوگۆ بکات و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی خۆی بپارێزێت. بە دڵنیاییەوە، ئەم سەردانە وەرچەرخانێکی نوێیە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و قاهیرە و بەرەو داهاتوویەکی گەشتر هەنگاو دەنێت.