ڕۆژ حەیدەر
نووسەر
مەسرور بارزانی ساڵی 2026 چی ئەنجام دەدات؟
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە یەکەم ساڵی کابینەکەیەوە تا ئێستا، کار لەسەر حوکمڕانی باش (ڕەشید) دەکات، لە ڕووبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و بەهێز کردنی ژێرخانەوە تا دروستکردنی تۆڕی دیپلۆماسی و پەیوەندی بەهێز.
دیدگای مەسرور بارزانی بۆ دیپلۆماسی لەسەر بنەمای واقیعییەت و بونیادنانی توانا و بەرژەوەندی هاوبەش دامەزراوە، نەک لەسەر بنەمای سیمبوڵگەرایی.
لەم دیدگایەدا، دیپلۆماسی بەهێز لە حکومڕانیی باش جیا نییە؛ بەڵکو یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی. بۆ پشتراست کردنەوەی ئەم قسانە، پانۆرامای پەیوەندیە دپلۆماسیەکانی ساڵی 2025 باشترین بەڵگەن.
دیپلۆماسیەتی مەسرور بارزانی لە ساڵی 2025 دا تەنیا زنجیرەیەک سەردانی ئاسایی نەبوو بەڵکو زنجیرەیەک هەنگاوی ستراتیژیبوون، چۆن؟
چیرۆکی 2025 بە سەردانی تورکیا دەست پێ دەکات. تورکیا بۆ؟
تورکیا تەنیا دراوسێ نییە، بەڵکو جوگرافیایەکی گرنگە لەبەردەم ئابووریی هەرێمی کوردستان. تورکیا ڕێڕەوی سەرەکی بازرگانی هەرێمی کوردستانە، هەروەها ڕاگرتنی بۆری نەوتی عێراق - تورکیا دوای ساڵی 2023، بووە هۆی لەدەستدانی دەیان ملیار دۆلار داهات بۆ عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان. ئەم سەردانە لە سەرەتای ساڵدا جووڵەیەکی عەقڵانی بوو بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی مەترسییە ئابوورییەکان.
لە پاش تورکیا، بارزانی بەرەو فراوانکردنی پەیوەندییەکان هەنگاوی نا لە ڕێگەی سەکۆ جیهانییەکانەوە. ئامادەبوونی ئەو لە داڤۆس (WEF) و لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکان (WGS) تەنیا نمایش نەبوو، بەڵکو هۆکار بوون بۆ زیادکردنی متمانە هەرێمی کوردستان، و جێگیرکردنی هەرێمی کوردستان لە ناو تۆڕە سیاسی و ئابوورییەکان. ئەم کۆڕبەندانە گرنگن، چونکە لێرەوە بنەمای پەیوەندییەکان دادەڕێژرێن، هەر لێرەشەوە شیکاری ئاڵنگارییەکانی داهاتوو دەکرێت.
چەقی دپلۆماسیەتی سەرۆک وەزیران لە ساڵی 2025 دا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بوو. دیپلۆماسیی بارزانی لە واشنتن، پەیوەندی سیاسی گۆڕی بۆ پەیوەندیەکی ئابووریی درێژخایەن: واژۆکردنی ڕێککەوتنامەکانی وزە کە بەهایان بە 110 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە، و بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان کە نزیکەی 13 تریلیۆن پێ سێجا گاز و نزیکەی یەک ملیار بەرمیل نەوتیان تێدایە، ئەمە تەنیا یەکەم وەبەرهێنانی ئەمەریکا نیە. بەڵکو دواتر کردنەوەی گەورەترین باڵەخانەی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر بە تێچووی 796 ملیۆن دۆلار، هەنگاوێکی گرنگی وەبەرهێنان بوو، چونکە کاتێک هێزە گەورەکان بەرژەوەندیی جێگیریان هەبێت، پشتگیریان لە دەربڕینی زارەکی دەبێتە پشتگیری بەردەوام و کردەی.
لەوێوە، بارزانی بەدوای هەمەجۆرکردنی بژاردەکاندا گەڕا لە ڕێگەی جیهانی عەرەبییەوە، بەتایبەت کۆبونەوەی لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان سەرۆکی ئیمارات ، هەروەها شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن ، شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیران قەتەر. بۆ ئەم کۆبونەوانە گرنگ بوون؟، چونکە سندووقەکانی سامانی سەروەریی کەنداو (SWFs) بە چوار تریلیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت، ئەم سندووقانە سامانی زیادەی کەنداو لە خۆدەگرێت و بەکاردەهێنرێتەوە لە وەبەرهێناندا، و لە ئەگەری ئاڕاستەکردنی بەشێکی کەمی ئەو سەرمایە بەرەو کوردستان کە خاوەنی داهاتێکی مامناوەندە، کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت لەسەر ئابووریی هەرێم و گۆڕینی بۆ ئابوورییەکی ناوچەیی.
کەوانە دیپلۆماسییەکەی ئەمساڵ لە میسر کۆتایی هات. میسر بە تەنیا هاوبەشێکی سەرەکیی بازرگانی نییە، دەوڵەتێکە خاوەن کێش و سەنگیی دیمۆگرافییە، خاوەنی 119 ملیۆن دانیشتوانە، هەروەها خاوەن کاریگەریی سەربازی و دەسەڵاتێکی سیمبوڵییە لە سیستەمی عەرەبیدا، سەرەڕای شارستانیەتێکی هەزاران ساڵ. کۆتاییهێنان بە دیپلۆماسیی 2025 لە قاهیرە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کوردستان نەک تەنیا لە ناوەندەکانی هێزەوە، بەڵکو لە لانکەی شارستانییەکانیشەوە بەدوای پەیوەندی و گەشەسەندندا دەگەڕێت.
دیدگای مەسرور بارزانی ڕوونە: حکومڕانیی باش پێویستی بە دیپلۆماسییەتی بەهێزە. لە ناو کەشی دەنگەدەنگ و دوبارەبونەوەی دروشم، لەناو ململانێی بەهێزی سیاسی، لە ناو ئاژاوەکانی ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەسرور بارزانی خەریکی کۆکردنەوەی دەستکەوتە بۆ هەرێمی کوردستان، بە وەبەرهێنان لە ناوخۆ ، لە ڕێگای وەبەرهێنان لە دپیلۆماسییەتی درێژخایەن نەوەک چەپڵەڕیزان و دروشمکاری کورتخایەن.
حکوومەت کاتێک بەهێزتر دەبێت کە سەرکردایەتییەکەی بزانێت لە کوێ بوەستێت، پەیوەندی لەگەڵ کێ دروست بکات و چۆن دیپلۆماسییەت بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری، متمانە و داهاتوویەکی ئارامتر بەکاربهێنێت.
مێژوو هەمیشە لایەنی ئەوانە دەگرێت کە پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەت و شارستانییەتەکاندا بونیاد دەنێن، نەک ئەوانەی لە ناو پەرچەکردار و ڕقدا گیریانخواردووە.
سەرۆک وەزیران لەوە تێدەگات کە حکوومەتێکی بەهێز تەنیا لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی ناوخۆییەوە بونیاد نانرێت، بەڵکو لە ڕێگەی دیپلۆماسییەتێکی ژیرانەوە دەبێت کە پێگەی کوردستان لە سیستەمی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا دەپارێزێت.
ئەگەر مەسرور بارزانی لە ساڵی 2025 ئەم دەستکەوتانەی هەبووبێت، دەبێت هەگبەی بۆ ساڵی 2026 چی تیادابێت؟