هیوا گەیلانی
نووسەر
لە پەراوێزی پێشنیاری سەرۆک بارزانی دا بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆک کۆمار
ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٥/١٢/٢٩، سەرۆک بارزانی لە پەیامێکی مێژووییدا لە بارەی پۆستی سەرۆک کۆمار پێشنیار و دەستپێشخەریەکی کوردانەی راگەیاند و، لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی خستە بەردەم بەرپرسیارێتیەکی مێژوویی و نیشتیمانی و نەتەوەیی.
جەنابی سەرۆک جەخت لەوە دەکاتەوە سەرۆک کۆمار پشکی کوردە و دەبێ نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی گەلی کوردستان بکات بە گشت پێکھاتەکانیەوە.
بۆیە دەبێ میکانیزمی دستنیشانکردنی سەرۆک کۆمار میکانیزمێکی کوردانە و کوردستانیانە بێت، بۆ ئەم مەبەستە سێ پێشنیاری خستۆتە ڕوو کە بریتین لە:
١- لە کۆبونەوەیەکی پەرلەمانی کوردستان دا کەسێک دەستنیشان بکرێت.
٢- لە کۆبونەوەیەکی تێکڕای لایەنە سیاسیەکاندا لە سەر کەسێک بۆ ئەم پۆستە ڕێکبکەون.
٣- نوێنەران و فراکسیۆنە کوردستانیەکان کەسێک بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە دیاری بکەن.
لە ئەگەری بە دەنگەوە ھاتن و جێبە جێکردنی ھەر یەک لەو سێ پێشنیارەدا:
- ھەنگاوێکی گرنگە بۆ ڕێکخستنەوەی ناو ماڵی کورد.
- پەیامێکی گرنگە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و تەواوی لایەنە سیاسیەکانی عیراق کە سەرۆک کۆمار بە کردەیی نوێنەرایەتی گەلی کوردستان دەکات بە گشت پێکھاتە و دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانەوە.
- ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆک کۆمار،لە لایەک ھەست بە بەهێزی و پشتیوانیەکی سیاسی بەھێز دەکات ، لە لایەکی تر دەخرێتە بەردەم بەرپرسیاێتیەکی ئەخلاقی بەرزەوە بەرانبەر گەلی کوردستان و ئەزمونەکەی، وە ناتوانێ خۆی بکات بە کەڕەی شەربەت و لە ماوەی سەرۆک کۆماری دا یەک قسە و ھەڵوێستی جدی نەبێت و، خەریکی پاراستنی بەرژەوەندییە حزبی و خێزانی و کەسیەکانی بێت.
- تەواوی لایەنە سیاسیەکان و پەرلەمانی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانیەکان لە بەغدا پابەند دەبن بە پشتیوانی سەرۆکی کۆمار لە ھەر ھەنگاوو... بڕیارو ... ھەڵوێستە نیشتیمانیەکانیدا کە لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتیدا بێت.
- ھەر یەک لەو میکانیزمانە جێبەجێ بکرێت رێگری دەکات لەوەی لایەنێکی سیاسی بکەوێتە مامەڵە و سەودای ژێر بە ژێر لەگەڵ لایەنە غەیرە کوردیەکان و دەزگا موخابەراتیەکانی داگیر کەرانی کوردستاندا و، لە بەرانبەر بێ ھەڵوێستی و بێدەنگی و، چاوپۆشی کردن لە مادەی « ١٤٠» سەدو چلی دەستور و ، موچە و .. ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستاندا پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ خۆی مسۆگەر بکات.
بێگومان گەر پۆستی سەرۆکی کۆمار بەو میکانیزمانە یەکلایی نەکرایەوە، بە دەستوەردانی وڵاتێکی ھەرێمی و سەودا و مامەڵەی ژێربەژێر و گوماناوی لەگەڵ لایەنی غەیری کوردی و، لە بەرانبەر بێدەنگی و بێھەڵوێستی سەرۆکی کۆماردا یەکلایی دەکرێتەوە .
لەو حاڵەتەش دا سەرۆکی کۆمار نەک نوێنەرایەتی گەلی کوردستان ناکات و، ناتوانێ بەرگری لە مافە دەستوریەکانی ھەرێمی کوردستان بکات، بەڵکو دەبێتە عەبدێکی مەئمور بۆ جێبەجێکردنی سیاسەت و پەیامی خەڵکانی تر .
ماوەتەوە بڵێین سەرۆک کۆمار پۆستێکی تەشریفاتی و بێدەسەڵات نیە وەکو ھەندێ کەس باسی دەکەن بەڵکو پۆستێکی گرنگ و کاریگەرە لە عێڕاقدا و دەتوانێ رۆڵی گرنگ و یەکلایی کەرەوە ببینێ لە کێشە و پرسە ھەڵواسراوەکاندا.
بە پێی بەشی دووەمی دەستوری عێڕاق :
- لە مادەی ٦٦ ی دەستور دا ھاتوە ( دەسەڵاتی ڕاپەراندنی فیدراڵی لە سەرۆک کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران پێک دێت ).
- لە مادەی ٦٧ ی دەستور دا ھاتوە ( سەرۆک کۆمار سەرۆکی وڵات و نیشانەی یەکپارچەیی نیشتیمان و سەروەری وڵاتە ، ھەوڵ دەدات بۆ پابەند بوون بە دەستور ).
- مادەی ٦٨و٦٩ تایبەتن بە مەرجەکانی کەسی پاڵێوراو بۆ سەرۆک کۆمارو یاسای خۆپاڵاوتن .
- مادەی ٧٠و٧١و٧٢ . تایبەتن بە شێوازی ھەڵبژاردن و ، شێوازی سوێندخواردن و، ماوەی سەرۆکایەتی کۆمار.
- مادەی٧٣ تایبەتە بە دەسەڵاتەکی سەرۆک کۆمار کە (۱٠) دە دەسەڵات لە خۆی دەگرێ.
- مادەی ٧٤و٧٥ تایبەتن بە موچە و دەرماڵە و، شێوازی دەست لە کارکێشانەوەی سەرۆک کۆمار و پڕکردنەوەی شوێنەکەی.
واتا لە کۆی ١٤٤ مادەی دەستوری عێڕاق دا،
«١٠» دە مادەیان تایبەتن بە سەرۆک کۆمار.