لەکۆماری کوردستانەوە بۆ رۆژئاوا

لەکۆماری کوردستانەوە بۆ رۆژئاوا
لەکۆماری کوردستانەوە بۆ رۆژئاوا

ئەمڕۆ یادی دامەزراندنی کۆماری کوردستانە، لە دڵەوە ئەو یادە پیرۆز دەکەین، لە قوڵایی ڕۆحمانەوە ڕێزو گەورەییمان بۆ ئەو دەست پێشخەرییە نەتەوەییە مێژووییەو بڕوا بەخۆبوونە شۆڕشگێڕییە لەسەرەپێچێکی دژوارو تاریکی مێژووی هاوچەرخی کوردا دەردەبرین.

کۆماری کوردستان هاوارێکی وجوودیی و رۆحێکی نەتەوەیی ئیسلامیی تێکهەڵکێشراوی کوردیی هەموو کوردستان بوو، دژبە سیاسەتی  نەتەوەسازیی خوێناوی رەزاشاو پرۆسەی بە مۆدێرن و ناوەندی کردنی ئێرانی نوێ لەسەر حسابی کوردو مافەکانی و هەوڵدان بۆ تواندنەوەی، پێشەوای شەهیدو هاوەڵانی لە (ژ ک ) و دواتر حیزبی دیموکرات و تێکۆشەرانی پارچەکانیتر لەوانەش بارزانیەکان و ناسیۆنالیزمی کوردی لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە لەو قۆناغەدا، سەلماندیان کورد نەك هەر لە سایەی سەرکوتی رەزاشاو دەوڵەتەکەیدا نەتواوەتەوەو ململانێکە بەشکستی رۆحیی ئەو کۆتاییی پێ نەهاتووە، بەڵکو متمانەشی بەخۆی و ئایندەی وەك نەتەوەیەك نەدۆڕاندووە، خەون و داخوازی هەیەو چاوی لە سەر قۆستنەوەی هەر دەرفەتێکە بۆ خۆنمایشکردن وەك نەتەوەو رەتکردنەوەی ئەو داگیرکاری و بێبەشکردنەی کۆڵۆنیالیزمی خۆرئاواو ئیستیبدادو ستەمکاری ناسیۆنالیزمی نەتەوەی سەردەست بەسەریاندا سەپاندووە.

بۆیە ئێمە لە یادی دامەزراندنی کۆماردا پرسە بۆ پاشەکشەکانی ئێستامان دانانێین و وەک قوربانییەکی بێکەس خۆمان نیشان نادەین، لەم روەوە لە کات وسەردەمێکی جیاوازدا نایکەین بەرەمزی خۆ دووپاتکردنەوەی مێژووی کورد بەدیوە غەمگینەکەیدا، بەڵکو لەوگۆشەنیگایەوە سەیری دەکەین و دەیخوێنینەوەو ئیلهامی لێ وەردەگرین، کە کوردو ناسیۆنالیزمەکەی بە قوربانیدانێکی زۆر، بەسەرکەوتوویی لە قۆناغی نەتەوەسازیی تۆتالیتارانەو خوێناوی و هەوڵی سڕینەوەی کورد لەسەدەی بیستەمدا دەربازی بوو، چونکە ئامانجێکی گەورەی خەباتی کورد لەو قۆناغەدا بۆ ئەوە بوو نەتوێتەوەو شکست بەو سیاسەتە تاریك و بێ ئەخلاقە بێنێت، کە بەسوود وەرگرتن لە توانا ترسناکەکانی دەوڵەتی مۆدێرن و هاوکاری کۆمەڵگەیەکی نێودەوڵەتی ستەمکار، هەوڵی بەدیهێنانی ئەو ئامانجەی دەدا.

 مێژوو بۆی تۆمارکردین، نزیکەی سەرجەم سیستەم و رەمزەکانی ئەو قۆناغ و سیاسەتە وەحشیگەری و دژە کوردییە، هەموویان شکستیان خواردو رووخان و چوونە  نێو کونج و کەلەبەرە تاریکەکانی مێژوەوەو کورد مایەوە، لە ئێستاشدا کە کورد لە مەترسیی توانەوە رزگاری بووە، بە پێچەوانەی قۆناغی رابوردوەوە، شەر بۆ مانەوە ناکات، دوژمنەکانیشی لەو ئاستەی شەرەکەدا بەچۆکدا هاتوون و کۆڵیان داوە، بۆیە شەرو ململانێکە لە ئێستادا ئەگەر لە روویەکیشەوە  سەبارەت بە کورد درێژە پێدەری قۆناغی رابردوو بێت، لەروویەکی ترەوە نێوەرۆکەکەی گۆراوە.

کورد شەڕی ئامادە بوونەوە لەناو مێژوو دانپێدانانی سیاسی و دووبارە پێناسەکردنەوەی خۆیی و دەوڵەتانی ناوچەکەو جوگرافیا سیاسییەکەی دەکات، پرۆسەی نەتەوەسازی و ئەو دەوڵەتانەی ڕێبەرایەتیان دەکردو چنگی خویناوی ئەو بوون، بەشی زۆریان نیمچە هەڵوەشاون یاخود لەو سەرە رێگەدان، نابێت دیمەنە کاتیە ئازار بەخشەکان ئەم ڕاستیەمان لەبیر ببباتەوە، بۆیە ئەگەر خۆمان هەبین خوێندنەوەیەکی قووڵترمان بۆ جیهان و خۆمان و مێژووش هەبێت، خوا حەزکات دەگەینە ئەو قۆناغەش کە ئەو سەرکردەو ڕژێمانەی ئێستا دژایەتی تەمکین و هەڵسانەوەی مێژوویی و بەدامەزراوەیکردنی مافەکانی دەکەن، کۆتاییان پێهاتووە، کوردیش  بەزۆرێك لە مافەکانی خۆی گەیشتوەو سەلماندوویەتی، نەتەوەی گەورەی چوارەمی خۆرهەڵاتی ناوەراستەو هیچ هێزێك ناتوانێت تاسەر ڕێگە لە ئامادەبوونەوەی وەك  هێزێکی خاوەن مێژوو بەشدارو کارا و خاوەن رۆڵێکی گەورەی سیاسی و ئەخلاقی و شارستانی بگرێت.