فەلاح حەسەن
نووسەر
بۆچی دیداری سەرۆک بارزانی لەگەڵ ئەنتۆنیۆ تەیانی گرنگە؟
ئەنتۆنیۆ تەیانی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئێستای ئیتاڵیا و سەرۆکی پارتی (فۆرزا ئیتاڵیا)، یەکێکە لە دیارترین قوتابییە لێهاتووەکان و دەستە ڕاستی سلڤیۆ بەرلسکۆنی بوو، بەندە ماوەی زیاتر لە 12 ساڵە لە نزیکەوە جەنابی تەیانی دەناسم و وەک دوو هاوڕێ لە چەندین کۆنفرانس و کۆبوونەوەی نێودەوڵەتیدا یەکترمان بینیوە.
لە جیهاندا کەسانێک هەن وەک سەربازی ون دەردەکەون، بەڵام پێگە و کاریگەرییان لە سەرۆکی وڵاتە زلهێزەکانی وەک ئەمریکا کەمتر نییە، تەیانی تەنها وەزیر و جێگری سەرۆک وەزیران نییە، بەڵکو ئەو داینەمۆی هاوکێشە گەورەکانی ناو یەکێتیی ئەورووپایە، لە ناوخۆی ئیتاڵیاشدا خاوەن پێگەیەکی وا بەهێزە کە هەر پۆستێک داوا بکات، سەرجەم پارتە سیاسییەکان (هاوپەیمان و نەیار) پشتگیری دەکەن، هەر ئەمەش وای کردووە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە لایەن وڵاتانی وەک ئەمریکا و ڕووسیاوە، لە دانوستاندن و بڕیارە هەستیارەکاندا ڕێزێکی تایبەتی لێ بگیرێت.
کاروانە سیاسییەکەی تەیانی پڕە لە ئەزموون، ئەو پێشتر سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا، کۆمسیاری ئەنجومەنی ئەورووپا و جێگری سەرۆکی پارتی گەلانی ئەورووپا بووە، جگە لەمانە، لە تەمەنی لاویدا هەموو قۆناغە دیپلۆماسی و سیاسییەکانی بڕیوە و لە ڕیزەکانی هێزی ئاسمانی و سەربازیشدا وەک فەرماندەیەکی گەنج خزمەتی کردووە.
پاش دیداری جەنابی سەرۆک بارزانی لەگەڵ پاپای ڤاتیکان، ئەنجامدانی ئەم دیدارە تایبەتە لەگەڵ ئەنتۆنیۆ تەیانی، بە تایبەت لەم کاتە هەستیارەی دوای هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، هەڵگری پەیام و مانایەکی قووڵە، ئەم کۆبوونەوەیە لە ناوەندە سیاسییەکانی ئەورووپا و ئەمریکا وەک بەرنامەیەکی داڕێژراو بۆ پاراستنی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا و ناوچەکە دەبینرێت، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕێگەی سەرچاوە و هاوڕێیە ئیتاڵییەکانمەوە پێم گەیشتووە، کۆبوونەوەکە یەکجار سەرکەوتوو بووە.
لێرەوە، نەک تەنها وەک کادیرێکی پارتی، بەڵکو وەک هاووڵاتییەکی ئەم نیشتمانە، سوپاس و دەستخۆشی لە هەوڵە بەردەوامەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی دەکەم. لێهاتوویی و دیپلۆماسییەتی جەنابیان لە ئاستێکدایە کە دەتوانێت کۆدی دەرگا داخراوەکان بدۆزێتەوە و بیانکاتەوە، تا ببێتە دەرچەیەک بۆ هەناسەدانی گەلەکەمان و بەردەوامبوونی خەباتمان لەپێناو گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکان.
بژیت یەکڕیزیی گەلەکەمان