خوێندنەوە بۆ هەندێک لە پەیامەکانی سەرۆک بارزانی

خوێندنەوە بۆ هەندێک لە پەیامەکانی سەرۆک بارزانی
خوێندنەوە بۆ هەندێک لە پەیامەکانی سەرۆک بارزانی

 سەرۆک بارزانی دەڵێت “خۆت هەبیت خەڵک هەیە خۆت نەبیت کەس نییە” مرۆڤ بریتیە لە دوو بەش (بوون و ماهیەت) بوونی مرۆڤ بابەتێکی جەبریە بەو مانایەی من سەرپشک نیم لەوەی نێربم یان مێ، ڕەشبم یان سپی، دایک و باوکم بەدڵی خۆم دیاریکەم... ئەمانە کۆمەڵە بابەتێکی وجوودین مرۆڤ ناتوانێ بیانگۆڕێت، بەڵام مرۆڤ بەرپرسە لە دیاریکردنی ماهیەتی خۆی، باشبم یان خراپ، بیربکەمەوە یان نا، بخوێنم یان ببمە کرێکار، نەتەوەکەی خۆم خۆشبوێ یان دژیبم... ئەمانە ئیختیارین و مرۆڤ خۆی بەرپرسە لەوەی بیانگۆڕێت بەپێی بارودۆخ.

سەرۆک بارزانی کە دەڵێت  “خۆت هەبیت خەڵک هەیە خۆت نەبیت کەس نییە” بابەتەکە بریتیە لە دیاریکردنی ماهیەت و ئەرکی خۆت، واتە تۆ پاڵبدەیتەوە و خەریکی شەڕی میدیایی ناوخۆبیت لەکاتێکدا نەتەوەکەت خوێنی لێئەچۆڕێ ئێ بێگومان کەس نایەت بە هاناتەوە چوون تۆ لەجوغزێکی لۆکاڵیدا دەخولێیتەوە و ئەوەندە سەتحیت هیچ لایەنێکی دەرەکی نایەوێت بێتە ئەو ئاستەت بۆیە کە خۆت نیت ئەوا کەس نیە، بەڵام کە قۆڵت لێ هەڵماڵی و هەموو ناکۆکیەکانت وەلانا و ڕوتکردە ناوەندەکانی بڕیار و تکاکانت لەپێناو میللەتەکەتدابوو و هەنگاوەکانت سیاسیانە و ئامانجداربوو بێگومان خەڵک هەیە.

سەرۆک بارزانی زۆر جەخت لەوە دەکاتەوە “پێویستە کەرامەتمان پارێزراوبێت” یاخود “کەرامەت لە هەموو شت گرنگترە” لەم چەند ڕۆژەدا و لەسەروبەندی شەڕی هێزەکانی شەرع و هەسەدە باسی کەرامەتی تاکی کوردی کرد من گەیشتمە مانایەکی نوێی کەرامەت لەڕوانگەی سەرۆکەوە.کاک مەسعود بۆ خۆی پیاوێکی پڕ لە حەیایە و شاخێکە لە شەرەف و مەردایەتی لێرەدا بڕینی کەزی و دەستدرێژی بۆسەر کچە شەڕڤانان بەر ناوەوەی دەکەوێت، چونکە ئەمە نامۆیە بە فیترەتی سەرۆک و زۆر بەقورسی ئازاری ڕۆحی دەدات.
بۆیە بە ئاماژەیەک جیهان تێدەگەیەنێت کەرامەت کۆتا سنورەکانی بەرگەگرتنی کوردە و کە ئەو سنورەتان تێپەڕاند هەمووان خوێنی خۆمان دەڕژین و دەبینە ئاگر و هەمووتان بەخۆمانەوە دەسوتێنین.

سەرۆک بارزانی سەبارەت بە ڕۆژئاوا دەڵێت “زیانگەیاندن بە خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوا قابیلی قبوڵ نییە” لەئێستادا پێگە و قورسایی هەر دەوڵەتێک لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بە کۆمەڵێک پێودانگ دەپێورێت لەوانە ( هێزی سەربازی، ئابووری گەشەسەندوو، ژمارەی دانیشتوان) سەرۆک لەم تەنگەژە وجوودیەی بەرۆکی کوردانی ڕۆژئاوای گرتوە کارتێکی بەهێزی لایە ئەویش پشتیوانی ملیۆنان کوردە لەسەرانسەری جیهان کە بە ئاماژەیەکی بارزانی ئامادەی گیانفیدایین و ئامادەن لەهەموو پایتەختەکانی دونیا دەنگ و ڕەنگی گەلی کورد بگەیەنن، واتە لێرەدا ژمارەی دانیشتوان کارتە بەهێزەکەی سەرۆکە.

سەرۆک بارزانی دەڵێت “هەرکەس لەسەرکەوتن بەسەر چیاکاندا بترسێت، هەمیشە لەناو چاڵەکاندا دەژی، ئێمە سەرکەوتنمان بەسەر چیادا هەڵبژارد”
لە هەندێک چرکەساتی زەمەنیدا گوێمان لەم پەیامانەی سەرۆک بووە کە ئاڵنگاری و تەنگژەیەکی گەورە بەرۆکی کوردی گرتووە، لێرەدا سەرۆک بە دێڕێک پەیامێکی گەورە دەدات بەگوێماندا ئەویش ئەو تێگەشتنە فراوانەیەتی لە تیۆریای پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان سەرۆک لەمێژە لەواقعی سیاسەتی نێودەوڵەتی تێگەشتوە و دونیای مۆدێرن باش دەناسێت دەزانێت ئەم سەردەمە سەردەمی (سیاسیە ڕیالیست یاخود نیۆ ڕیالیستەکانە) ئەوانەی مامەڵە لەگەڵ واقعدا دەکەن.

تۆ ئیرادەت هەبێ و لەمەیدانی (سیاسەت، ئابووری، پەیوەندیەکان، سەربازی، ئاسایش و ئاشتیدا) خۆت نیشاندەیت ئەوا دەبیتە ئەو واقعەی زلهێزەکانیش ناچارن قبوڵتکەن.
“ئاشتی لەڕێگەی هێزەوە“ ئەو چەمکەی لەدوای دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی کۆشکی سپی بەسەرۆکایەتی ترامپ هاتە ناو قاموسی سیاسیەوە بابەتێکە کە سەرۆک لەمێژە خوێندنەوەی خۆی هەبووە بۆی.

سەرۆک بارزانی دەڵێت “ئیرادە بەهێزترین چەکە” چەمکی ئیرادە لەلای سەرۆک لە ڕوە پەروەردەییەکەوە من لەم ڕۆژانەی پشتیوانی کوردانی باشوور بۆ ڕۆژئاوا بەری کەوتم، ئەوەی ساڵانێکە سەرۆک داوای دەکات لە گەلی کورد ئێستا و لەهەفتەیەکدا لە هەر چوارپارچەکەی نیشتیمان دروست بووە. بڵێسە و ئاگری ئیرادەی گەلی کورد کوژانەوەی ئەستەمە.