پۆڵا سه‌عید
نووسەر
سڕینه‌وه‌ی شوێنه‌واری به عه‌ره‌بکردن
بۆ ئه‌وه‌ی شوێنه‌واری به‌عه‌ره‌بکردن بسڕینه‌وه، ئه‌وا پێویسته له زمانی خۆمانه‌وه ده‌ستپێبکه‌ین، به‌ئاگابوون له‌م راستییه، ئه‌رکێکی نه‌ته‌وه‌ییه.
له به‌هاری ساڵی 2010دا سه‌ردانێکی کورتی کوردستانم کرد. له‌م سه‌ردانه کورته‌دا، رۆژێک کاک مه‌لا به‌ختیار داوای‌کرد، که پێکه‌وه سه‌ردانێکی شاری خانه‌قین بکه‌ین. به‌داخه‌وه من له هه‌موو سه‌ردانێکی کوردستانمدا، تووشی په‌تایه‌کی سه‌خت ده‌بم و سه‌ردانه‌که‌م لێ ناخۆش ده‌کات. له‌وه‌ته‌ی له ساڵی 1994ـه‌وه کوردستانم به‌جێهێشتووه، هه‌تاوه‌کوو ئێستا سێ‌جار سه‌ردانی کوردستانم کردووه. دواجاریشم له به‌هاری ساڵی 2010 دا بوو. کاتێک گه‌یشتینه نزیک خانه‌قین و دواتریش ناو خانه‌قین، هه‌ستێکی دڵخۆشکه‌ر دایگرتم. ئه‌وه‌ی که سه‌رنجی زۆری منی راکێشا بوو، تابلۆی شه‌قام، فه‌رمانگه و قوتابخانه‌کان بوو، که به کوردیی نووسرابوون. به کاک به‌ختیارم گوت، جێگای سه‌رنجه ئه‌م شاره ئه‌و هه‌موو ساڵه به‌عس هه‌تکی ده‌کات، که‌چی ناوی شه‌قام و قوتابخانه و به‌شێکی گه‌وره‌ی شوێنه‌کانی به کوردیی ماونه‌ته‌وه. کاک به‌ختیار له وه‌ڵامدا گوتی، ئه‌وه‌ی ده‌یبینیت، به‌رهه‌می منه. من له رووخاندنی به‌عسدا خانه‌قینم گرته ئه‌ستۆی خۆم. یه‌که‌م کارم له رزگارکردنی خانه‌قیندا بریتیی بوو له نه‌هێشتنی شوێنه‌واری به‌عس. تیمێکم دروستکرد بۆ به کوردییکردنهوهی ناوی شه‌قام و کۆڵان و قوتابخانه و فه‌رمانگه‌کان.
پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌شم له که‌رکووکدا بینی، تابلۆکان هه‌موو عه‌ره‌بیی بوون، ناوی دوکان، شه‌قام، فه‌رمانگه و قوتابخانه ...هتد. ئه‌وانه‌ی به‌رپرسی رزگارکردنی که‌رکووک بوون، له خه‌می ئه‌م کاره‌دا نه‌بوون، به‌ڵام زیاتر له خه‌می ئه‌وه‌دا بوون، که چ ماڵ و بینایه‌ک بۆ چ به‌رپرسێک بێت، هه‌ربۆیه خێرا له‌سه‌ر دیوار و ده‌رگای ماڵه‌کان نووسرا، گیراوه بۆ فڵان به‌رپرس. با لێره‌دا ناوی که‌س نه‌هێنین، به‌ڵام به‌دڵنیایی خه‌ڵکانێکی زۆر ده‌توانن بیریان بێته‌وه، که لێره‌دا قسه له‌سه‌ر کام به‌رپرسانه ده‌کرێت.
هه‌نووکه دوای ئه‌م هه‌موو ساڵه، ده‌بینین به‌غداد له خه‌می ئه‌وه‌دایه، که هه‌موو شوێنه‌کان پڕ عه‌ره‌ب و به عه‌ره‌بیی بکات. بێده‌نگیی کوردییش له به‌رانبه‌ر ئه‌م پرۆسه‌یه‌دا، هه‌تا بێت له‌شکری سوپای ئێراق و حه‌شدی شه‌عبیی، ئێستا به فه‌وجێکی کوردییشه‌وه، هه‌تا بێت به‌ره‌و پێشتر مل ده‌نێت. خه‌می په‌لکانه وێڕای هه‌وڵی داگیرکردنی، ئه‌وه‌یه، که تابلۆی په‌لکانه هه‌تا ئێستا به عه‌ره‌بیی نووسراوه "بهلکانه".
خوێنه‌ر و ره‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌بیی، له‌سه‌ر چه‌مکێکی زانستی ره‌خنه‌یه‌کی زۆر له نووسه‌ر ده‌گرن، به‌ڵام ئاخافتنی خۆیان لانیکه‌م له سه‌دا بیست زیاتری عه‌ره‌بییه. سڕینه‌وه‌ی شوێنه‌واری به عه‌ره‌بکردن له زمانه‌وه ده‌ستپێده‌کات. زمانیش به‌رهه‌می مێشکه، واتا مێشک له خێرایی میلیی چرکه‌دا، پلان بۆ به‌کارهێنانی وشه‌کان داده‌نێت. له فرۆنتال لاپندا، که ده‌که‌وێته به‌شی پێشه‌وه‌ی مێشک، له نێوچه‌واندا، سه‌نته‌ری زمان هه‌یه. ئه‌م سه‌نته‌ره ناوده‌نرێت برۆکا. لێ له‌م سه‌نته‌ره‌دا ته‌نها وشه به‌رهه‌م دێت و هیچی تر. فرۆنتال لاپن به‌رپرسه له پلاندانان، مۆتیڤ و وه‌بیرهاتنه‌وه‌ی کورت. واتا لێره‌دا تاک خاوه‌نی مۆتیڤه کاتێک وشه دهدهۆزێتهوه. به‌و پێیه‌ی، که به‌شێکی گه‌وره‌ی هاووڵاتییان له باشووردا زیاد له سه‌دا بیستی زمانه‌که‌یان عه‌ره‌بییه، خاوه‌نی مۆتیڤن بۆ ئه‌م به عهرهبییکردنهی له سه‌دا بیستی زمانی کوردیی و له هه‌ندێک تاکی تردا زیاتر له سه‌دا بیسته. ئه‌گه‌ر سه‌رنج ته‌نها له کۆمۆمێنتی هاووڵاتییانی کورد له سۆسیال میدیادا بده‌ین، ئه‌وا ده‌بینین، که نه‌فره‌تی تاکی کورد له خودی خۆی خاوه‌نی رووبه‌رێکی پان و به‌رینه. به‌ڵام دۆزینه‌وه‌ی وشه به ته‌نها به‌س نییه بۆ زمان، به‌ڵکو وشه پێویسته ده‌ریببڕیت، هه‌ربۆیه مێشک خاوه‌نی سه‌نته‌رێکی تره بۆ قسه‌کردن، که ده‌که‌وێته تێمپۆراڵ لاپنهوه. له‌م به‌شه‌ی مێشک‌دا، که ده‌که‌وێته ده‌سته چه‌پی مێشکه‌وه، سه‌نته‌ری ڤێرنیکا هه‌یه، که تاک له رێگای ئه‌م سه‌نته‌ره‌وه قسه ده‌کات. واتا له فرۆنتاڵ لاپنهوه وشه‌کان پلانیان بۆ ده‌کرێت و له تێمپۆراڵ لاپندا وشه‌کان به هه‌ستێکه‌وه ده‌بنه خاوه‌نی ده‌نگ. چونکه له‌م به‌شه‌ی مێشک‌دا سه‌نته‌ری هه‌ست هه‌یه، هه‌ربۆیه هه‌ر وشه‌یه و خاوه‌نی هه‌ستێکی خۆیه‌تی. له تێگه‌یشتنیشدا هه‌مانشێوه هه‌ست هه‌میشه به‌شداره، هه‌روه‌کوو چلۆن له دۆزینه‌وه‌ی وشه‌دا مۆتیڤ هه‌میشه به‌شداره. تۆ خاوه‌نی مۆتیڤێک نه‌بیت، درۆ ناکه‌یت. تۆ خاوه‌نی هه‌ستێک نه‌بیت، وشه‌یه‌ک بریندارت ناکات.
بۆ ئه‌وه‌ی شوێنه‌واری به‌عه‌ره‌بکردن بسڕینه‌وه، ئه‌وا پێویسته له زمانی خۆمانه‌وه ده‌ستپێبکه‌ین، به‌ئاگابوون له‌م راستییه، ئه‌رکێکی نه‌ته‌وه‌ییه. خاوێنکردنه‌وه‌ی تابلۆکانی شار و گوونده‌کانمان له زمانی عه‌ره‌بیی ئه‌رکێکی نه‌ته‌وه‌ییه. به ته‌نگه‌وه‌هاتن و به‌ته‌نگه‌وه‌نه‌هاتن له پرۆسه‌ی به‌عه‌ره‌بکردنی کوردستاندا خاوه‌نی مۆتیڤه، ئینجا یان ئه‌وه‌تا دژ به بهعهرهبکردنیت یان ئه‌وه‌تا له‌گه‌ڵ به‌عه‌ره‌بکردنی کوردستاندایت.
له که‌رکووک و خانه‌قیندا به زه‌بری سووپا و حه‌شد بست به بستیان به عه‌ره‌ب ده‌کرێن، له سلێمانیی، هه‌ڵه‌بجه، هه‌ولێر، دهۆک و زاخۆدا به ویستی تاک و کۆ خۆیان زمان و که‌ش و هه‌وای ژیانی رۆژانه به عه‌ره‌ب ده‌کرێن. ته‌ماشای دووکان، باڕ، چێشخانه و کافتریاکان بکه، ئه‌وا دهبینینت، که خاوه‌نی چ که‌ش و هه‌وایه‌کی عه‌ره‌بیین. ژنه چالاکوانێکی ئه‌ڵمانم له ساڵی 2015دا ناسیی. له ساڵی دوو هه‌زار و حه‌ڤده‌دا چه‌ند جارێک سه‌ردانی کوردستانی کرد. له ته‌وێڵه و بیاره‌وه هه‌تاوه‌کوو زاخۆ گه‌ڕا بوو. یه‌کێک له سه‌رنجه‌کانی له سه‌ردانه‌که‌یدا، بریتیی بوو له وشکهه‌ڵهاتنی هه‌ولێر، که له فرۆکه‌وه چه‌ند وێنه‌یه‌کی شاری هه‌ولێری گرتبوو، بێجگه له وشکاییه‌کی بیابانیی هیچ تروسکه‌یه‌کی تری ژیانی تێدا نه‌بوو. لێ خۆشبه‌ختانه، ئێستا رۆژانه حکومه‌ت و خه‌ڵکیی خه‌ریکی سه‌وزکردنه‌وه‌ی هه‌ولێرن. سه‌رنجی دووهه‌م، زاڵبوونی موسیکیی عه‌ره‌بیی و تورکیی له ژیانی رۆژانه‌ی هه‌موو شاره‌کانی کوردستاندا. ده‌شێت هاووڵاتییه‌کی کورد خۆی درک به مانه نه‌کات، لێ بێگانه‌یه‌ک، که به‌سه‌ردان دێته باشوور، ئه‌وا چاوه‌ڕوانی سه‌فه‌رێکی کوردیی ده‌کات، ئه‌گه‌ر نا، ئه‌وا ده‌چنه وڵاته عه‌ره‌بییه‌کان یان تورکیا.
پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئاخۆ حکومه‌ت که‌ی بیر له‌م کێشه‌یه و بیر له چاره‌سه‌رێکیش بۆی ده‌کاته‌وه؟