پێشەواییەتی سەرۆک بارزانی و کاریگەری لەسەر بزاڤی رزگاریخوازی کورد لە هەر چوار پارچەدا

پێشەواییەتی سەرۆک بارزانی و کاریگەری لەسەر بزاڤی رزگاریخوازی کورد لە هەر چوار پارچەدا
پێشەواییەتی سەرۆک بارزانی و کاریگەری لەسەر بزاڤی رزگاریخوازی کورد لە هەر چوار پارچەدا

پێشەوا (مرجع) کێیە؟

لە کورتترین پێناسەیدا: سەرچاوەی بڕیار  و پشتیوانی تاکەکانی کۆمەڵگایەکەیەتی یان ئەو کەسایەتییەیە کە لە کاتی ئاریشەدا دەبێتە فریادڕەس و خەم خۆری هاونیشتمانیانی.

هەروەها لە فەرهەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەلاندا، تەنیا بە واتای سەرکردەیەکی سیاسی نایەت، بەڵکو گوزارشتە لە رەمزێکی باڵا کە لە کاتی تەنگانە و وەرچەرخانە مێژووییەکاندا دەبێتە چەق و بڕیاردەری کۆتایی بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و بەرژەوەندیە باڵاکانی نەتەوە.

پاساودانی شایستەیی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ مەرجەعی چواپارچەی کوردستان:

1- لایەنی مێژوویی و شەرعیەتی شۆڕشگێڕی:

سەرۆک بارزانی هەڵگری میراتێکی شۆڕشگێڕییە کە لە شێخانی بارزان، لە  عەبدولسەلام و شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفا بارزانییەوە بۆی ماوەتەوە. ئەو لەناو جەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا گەورە بووە. ئەم پاشخانە دەڵەمەندە مێژووییە، وایکردووە شەرعیەتی ئەو لە سەرووی شەرعیەتە رۆتین ئاساکانی تری وەک سندوقی هەڵبژاردنەوە بێت و شەرعیەتێکی مێژوویی و نەتەوەیی بێت کە هەموو کوردێک وەک "کوڕی شۆڕش" سەیری دەکات.

2- توانای دیپلۆماسی و پێگەی جیهانی:

سەرۆک بارزانی بە زمانێکی دیپلۆماسی دەدوێت و سیاسەت دەکات، کە لە یەک کاتدا هاوسەنگی لە نێوان بەرژەوەندییە دژ بە یەکەکانی هێزە ئیقلیمی و جیهانییەکان رادەگرێت. 

مامەڵەکردنی ناوەندە بڕیار بە دەستەکانی وەک واشنتن، مۆسکۆ، ئەوروپا و پایتەختە هەرێمایەتییەکان لەگەڵ بارزانیدا، مامەڵەیەکی دەوڵەتدارانەیە. ئەو وەک نوێنەری نەتەوەیەک دەبینرێت نەک تەنیا وەک سەرۆکی پارتێک، ئەمەش پێگەی پێشەوایی ئەوی تەنیا لەناو کورد دا قەتیس نەکردووە، بەڵکو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک "کلیلی سەقامگیری" و ژمارەیەکی باڵای ناوچە دەبینرێ.

3- رۆڵی سەرۆک لە ناوخۆ و سیستەمی هەرێمایەتی:

لە ناوخۆدا، بارزانی هەمیشە وەک چەترێک بووە بۆ کۆکردنەوەی لایەنە جیاوازەکان، لە ژێر ئەو راستییەی کە زۆر جار ماف و شایستە حزبی و کەسیەکانی وەلاناوە لە پێناو سازان و هاوبەشی و کۆکردنەوەی دەنگ و رەنگە جیاوازەکانی کوردستان.

لە ئاستی هەرێمایەتیشدا، توانیویەتی هەرێمی کوردستان لە ناوچەیەکی پڕ لە ململانێوە بکاتە ناوەندێکی ئارام بۆ وەبەرهێنان و دیپلۆماسی. ئەمە وای کردووە کە وڵاتانی دراوسێ، سەرەڕای هەموو تێبینییەکانیان، بارزانی وەک لایەنێکی متمانەپێکراو ببینن و بۆ هەموو باردۆخی ئاشتیانەو نا ئاشتیانەکاندا بە کلیلی ئاسایش و سەقامگیری کوردستانی بزانن.

4- گواستنەوەی ئەزموونی هەرێم بۆ پارچەکانی تر:

سەرۆک بارزانی پێی وایە هەر پارچەیەک تایبەتمەندی خۆی هەیە، بەڵام "مۆدێلی هەرێم" وەک قەوارەیەکی دەستووری، باشترین نموونەیە کە کورد بتوانێت لە پارچەکانی تریش سوود لە ئەزموونەکەی ببینن، ئەو وەک مەرجەع، پشتگیری واتایی ( معنوی)و سیاسی و مرۆیی بۆ کوردانی رۆژئاوا، باکوور و رۆژهەڵاتی دابین کردووە، هەروەها وەک راوێژکار و پشتیوانێکی گەورەیان نمایشی بیرکردنەوە نەتەوەییەکانی کردووە.

5- شەرعیەتی جەماوەری: 

بەشێکی گەورەی خەڵک و لایەنەکان متمانەیان پێی هەیە و لە کاتی قەیرانەکاندا چاویان لە بڕیاری ئەوە، ئەمەش دەرخەری ئەو راستیەیە کە بارزانی ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ وەڵامدانەوەی داوای کوردانی ستەم لێکراو لە هەر چوار پارچەدا.

6- خاوەنداریەتی لە پڕۆژەی نەتەوەیی و نیشتمانی: 

خاوەنی دیدگایەکی روونە بۆ داهاتوو و پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەی، بە هەموو شێوەیەک پێداگیری مافەکانی خەڵکی هەر چوارپارچەیە و هەر دید و پەیام و هەڵوەستەیەک کە خزمەت بە دۆزی کورد بکات، ئەو پشتگیری دەکات و بە پیرییەوە دەچێت.

7- پاساودانی پێشەوایی بە هۆکاری خاوەنداریەتی و خۆبەخاوەنزانی پارچەکانی تری کوردستان:

(رۆژئاوا بەنموونە)، ئەم خاڵە وەک نموونەیەکی زیندووی پێشەوایەتی بارزانی دەردەکەوێت. لە کاتێکدا سووریا بەدەست شەڕی ناوخۆ، گرووپە تیرۆریستییەکان و کێشەی شەرعیەتی حکوومەتی ناوەندییەوە دەیناڵاند، سەرۆک بارزانی رۆڵی باوکی نەتەوەیی کوردی لە رۆژئاوا گێڕا و ئەو هەڵوێستە بەرزانەی خوارەوەی نیشاندا وەک خەمخۆر و پێشەوای گەلی کورد:

- رێککەوتننامەکانی هەولێر و دهۆک: بارزانی هەوڵی دا لایەنە کوردییەکانی سووریا (نەیار و تەبا) کۆ بکاتەوە تاوەکو گوتارێکی یەکگرتوویان هەبێت بەرانبەر بە دەسەڵاتی دیمەشق.

- بەرگری لە کۆبانێ: ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ بە بڕیاری سەرۆک بارزانی، وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو کە تێیدا (پێشەوایی) مەرجەعیەت سنوورە دەستکردەکانی شکاند و سەلماندی کە پاراستنی هەر بستێکی کوردستان ئەرکی پێشەوا(مەرجەعە).

- پاراستنی هاوسەنگی: لە کاتێکدا هەندێک لایەن دەیانەوێت کورد لە سووریا بخەنە ناو ململانێی تائیفی یان تیرۆریستی، بارزانی جەخت لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی کورد و بەدەستهێنانی مافەکان لە چوارچێوەی شەرعیەتی نێودەوڵەتیدا دەکاتەوە، هەوڵ دەدات کوردەکانی سوریا وەک خاوەن دۆزێکی رەوای نێوخۆیی و نێو دەوڵەتی پێناس بکات.

- بەرگری ماددی و واتایی لەو بەشەی کوردستان، ئەمەش بە هەوڵدان و لۆبی کردنی بێ پسانەوە، بە تایبەت لە قۆناغی راگوزەری ئێسای ڕۆژئاوادا.

- هەروەها کاریگەری دانان لەسەر سەرانی حکوومەتی کاتی ئێستای سووری و پەیوەندی بەردەوام، لە پێناو دەستەبەری مافەکانی کوردی ئەو پارچەیەی کوردستان.

- پەیوەندی گرتن لەگەڵ سیاسەتوان و بڕیار بەدەستانی جیهان و تەکەزکردنەوە لە زامنی مافی کوردانی رۆژئاوا، چ لە هەولێر یان سەردان و پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵیان.

- خستنەگەڕ و هاندانی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان، بۆ خزمەتی کوردانی رۆژئاوا، چ ماددی بێت یان مەعنەوی.

- خستنەگەڕ و هاندانی هێزی نەرمی میدیایی و کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستانی لە هەر چوار پارچەدا، بە ئامانجی ناساندن و خستنە بەر باسی پێشێککارییە سیاسی و یاساییەکانی حکوومەتی سووریا دەرهەق بە کورد لە رۆژئاوای کوردستان.

8- بارزانی و بیری داکۆکیکاری نەتەوەیی:

سەرۆک مەسعود بارزانی هەڵگری بیری راستڕەوی نەتەوەیی و نوێیە.