ئه‌وه‌ی ساڵانێكی زۆر بوو چاوه‌ڕێی بووم ئه‌مساڵ بووه‌ راستی

یانه‌ی هه‌ولێر هیچ ده‌رفه‌تی بۆ هیچ راهێنه‌رێكی عه‌ره‌ب نه‌هێشتۆته‌وه‌ كه‌ به‌ كه‌یفی خۆیان یاریزانه‌ كورده‌كان له‌سه‌ر كورسی یه‌ده‌گ ریزبكه‌ن و به‌ ده‌رزه‌نێك یاریزانی عه‌ره‌ب یاری بكه‌ن و كوتله ‌و كوتله‌كاری له‌ نێو پێكهاته‌ی هه‌ولێر دروست بكه‌ن.

پێكهاته‌ی یانه‌ی هه‌ولێر بۆ خولی نایابی عێراق وه‌رزی 2020 ـ 2021
پێكهاته‌ی یانه‌ی هه‌ولێر بۆ خولی نایابی عێراق وه‌رزی 2020 ـ 2021

یانه‌ی هه‌ولێر له‌ ساڵانی رابردوو ببووه‌ سه‌كۆی نماییشی یاریزانه‌ عه‌ره‌به‌كان، چه‌ندان یاریزانی وه‌كو سه‌عد عه‌بدولئه‌میر و ئه‌حمه‌د ئیبراهیم له‌ ده‌رگه‌ی یانه‌ی هه‌ولێر ئاماده‌كران و گه‌شانه‌وه‌ و بۆ یانه‌كانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی په‌ڕینه‌وه‌، هه‌ر له‌ یانه‌ی هه‌ولێره‌وه‌ گه‌وره‌كران و فوویان تێكراو بوونه‌ خاوه‌نی ڤێلا و داهاتێكی زۆر، یاریزانه‌ كورده‌كانیش له‌ دۆخێكی چه‌قبه‌ستوو ده‌خولانه‌وه‌.

ساڵی وا هه‌بوو به‌ درێژایی یه‌ك وه‌رز یانه‌ی هه‌ولێر له‌ پێكهاته‌كه‌ی به‌ 10 یاریزانی عه‌ره‌ب ركابه‌ری ده‌كرد، جاری وا هه‌بوو ته‌واوی پێكهاته‌ی هه‌ولێر له‌ یاریزانی عه‌ره‌ب پێكهاتبوو، ئه‌و یاریزانانه‌ش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی قورساییه‌كی زۆریان له‌سه‌ر قاسه‌ی یانه‌كه‌ دروستكرد بوو، زۆرجاریش بینیومه‌ هه‌ولێر چه‌ندان یاری چاره‌نووسسازی دۆڕاندووه‌ ته‌نیا به‌هۆی نه‌بوونی ئینتیما لای یاریزانه‌ عه‌ره‌به‌كان، ئه‌و عه‌لی فائیزه‌ی له‌ یاری رابردوو وه‌كو به‌رگریكارێكی پۆڵایین به‌ درێسی شوڕته‌ له‌ دژی هه‌ولێر جه‌نگا، پێشتر له‌ یاریگه‌ی شه‌عب له‌ به‌غدا به‌چاوی خۆم بینیم كه‌ ئه‌وكات یاریزانی هه‌ولێر بوو گۆڵێكی وه‌كو دیار پێشكه‌شی شوڕته‌ كرد و هه‌ولێر ناسناوه‌كه‌ی له‌ده‌ستدا و هه‌ر دوای ئه‌و یارییه‌ش‌ عه‌لی فائیز په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌ی شوڕته‌ كرد ئه‌وكات دیار بوو كه‌ رێككه‌وتنێكی ئاشكرا بوو.

نامه‌وێت بابه‌ته‌كه‌ درێژ و ئاڵۆز بكه‌م، مه‌به‌ستمه‌ بڵێم ئه‌و سیاسه‌ت و پلانه‌ی ئێستای یانه‌ی هه‌ولێر بۆ ده‌رخستنی توانای یاریزانانی كورد دایڕشتووه‌، تا سه‌رئێسقان شایه‌نی پشتگیرییه‌، هه‌ولێر كارێكی باشی كردووه‌ ژماره‌یه‌ك یاریزانی به‌هره‌مه‌ندی كوردی له‌ به‌شێكی زۆر له‌ شاروشارۆچكه‌كانی كوردستان كۆكردووه‌ته‌وه‌ و خستوویه‌تییه‌ به‌رده‌ستی راهێنه‌رێكی ئه‌ورووپی، هیچ ده‌رفه‌تی بۆ هیچ راهێنه‌رێكی عه‌ره‌ب نه‌هێشتۆته‌وه‌ كه‌ به‌ كه‌یفی خۆیان یاریزانه‌ كورده‌كان له‌سه‌ر كورسی یه‌ده‌گ ریزبكه‌ن و به‌ ده‌رزه‌نێك یاریزانی عه‌ره‌ب یاری بكه‌ن و كوتله ‌و كوته‌له‌كاری له‌ نێو پێكهاته‌ی هه‌ولێر دروست بكه‌ن.

 بۆیه‌ میدیاكاره‌ كورده‌كان و هانده‌ران ئه‌گه‌ر بتانه‌وێت یانه‌ی هه‌ولێر له‌ داهاتوودا به‌ هێز و بازووی یاریزانه‌ كورده‌كان بجه‌نگێت ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌م پێكهاته‌ی ئێستای یانه‌ی هه‌ولێر ئارام بگرن و پشوودرێژبن و پشتگیری راهێنه‌ر و ئه‌و یاریزانه‌ كورده‌ خوێنگه‌رمانه‌ بكه‌ن، ئاساییه‌ ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌ی وه‌رزێك یانه‌كه‌ قوربانی بدات و خاڵ له‌ده‌ست بدات و ته‌نانه‌ت پێنج یاریش له‌سه‌ریه‌ك بدۆڕێت، ئه‌وه‌ی هه‌موومان هه‌ستی پێده‌كه‌ین ئه‌و یاریزانه‌ كوردانه‌ی ئێستا له‌ یانه‌ی هه‌ولێر یاری ده‌كه‌ن خاوه‌نی به‌هره‌ و توانایه‌كی باشن، ئه‌م یاریزانانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموون وه‌ربگرن و پێشكه‌ون ده‌بێت یاری بكه‌ن و له‌ سۆشیاڵ میدیاش پشتگیری بكرێن.