مو‌سا ئه‌حمه‌د
نووسەر
بێشکچی.. سوقراتی سەدە
کارەساتێکی گه‌وره‌یه له جیهانی ئێمه کەسانێک هه‌بن، ئەگەر بۆ یەک رۆژ خۆیان بە کورد زانیبێ و بۆ یەک دەقیقە کوردایەتیان کردبێ، زمانیان به خراپی به‌رامبه‌ر ئیسماعیل بێشكچی بجوڵێت
کارەساتێکی گه‌وره‌یه له جیهانی ئێمه کەسانێک هه‌بن، ئەگەر بۆ یەک رۆژ خۆیان بە کورد زانیبێ و بۆ یەک دەقیقە کوردایەتیان کردبێ، زمانیان به خراپی به‌رامبه‌ر ئیسماعیل بێشكچی بجوڵێت. بۆ ئێمەی کورد ھەموو داد و فیغانێكمان بۆ نەجووڵانی ویژدانی مرۆڤەکان بووە له بەرامبەر ئەو ھەموو کارەساتەی کەبەسەرمان ھاتوون، کەچی ئێستا خه‌ڵكانێك كه خۆیان به كورد ده‌زانن، پەلار لەو تاکە ویژدانە دەگرن، کە سوقرات ئاسا ئامادەبوو ژەھر بخواتەوە، بەڵام پاشگەز نەبێتەوە لەو راستیانه‌ی كه له‌ویژدانیه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێن.
بێشکچی باش دەزانێ و تێگەیشتوە، کێشەی گەورەی كورد خۆ ونكردنه. به‌شێوه‌یه‌ك به‌ها کۆمەڵایه‌تییه‌کان لاواز بوون، خەریکە بوونییان نامێنێ. ئه‌گه‌رچی باکووری کوردستان زۆرتر لەبەشەکانی تری کوردستان پەیوەست بووه به‌و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی، كه بەدرێژای سەدان ساڵ كوردبوونی ئێمەیان پاراست. به‌ڵام بەداخەوە ئێستا كوردانێك بێویژدانی بەرامبەر بێشکچی دەکەن و هه‌ر ئه‌وانیشن، كه بوونه‌ته ھۆکاری سەرکی ئەو خۆونکردنەی باکوور.
ئه‌وه‌ی جێكه‌ی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه، لە كولتووری ئێمە هیچ كه‌سێك به‌رامبه‌ر تێڕوانینه‌كانی بێشکچی (سووتاوی کورد) و تێڕوانینی خراپی دوژمن ئاسای نه‌بووه و کەس لە بەرامبەر قسه‌كانی زمانی به خراپی نەدەگەڕا، كه‌چی ئێستا کەسانێک كه سەردامانێک رامانەکانی بێشکچیان بۆ بەرخۆدان و رابوونی نەتەوەیەکی کۆلۆنیالکراو به‌كار ده‌هێنا، كه‌وتوونه‌ته په‌لار و دوژمنایه‌تی بێشكچی.
ئێمەی کورد یەکێک لەکێشە گەورەکانمان ئەوەیە ھەڵسەنگاندن بۆخۆمان ناکەین.. بۆیه‌ش جێى خۆیه‌تی له‌وانه‌ی دژی بێشكچی وه‌ستاونه‌ته‌وه بپرسین: بزاڤێکی سیاسی پاش ئەم ھەموو خوێن و خەباتە کوا بەرھەمەکەی؟ ئێستا پێگەی لەکوێی نیشتمان دایە؟ بۆچی دەبێ ھێندە دژی کاری تیمی و پێکەوەیی بن؟ بۆچی لە جیھانی ئێستای دیالۆگ و لێکتێگەیشتن نه‌توانن لەگەڵ هیچ كه‌س و هێزێك لەسەر مێزێک دابنیشن؟ بۆ له خۆتان ناپرسن ئایدیالستی ئێوە بۆچی دەتانخاتە سەنگەری دوژمن! لەکاتێدا نووسین و پەیامەکانی بێشكچی بۆ ئێوه پێشتر وەک په‌یامی پەیامبەران بوون! ئه‌وه‌ی ئێستا گۆڕاوه، بێشكچی نییه، بێشکچی، ھەر لەسەر باوەڕی خۆیەتی، به‌ڵكو ئەوە ئێوەن خۆتان ونکردووە، ئێوە چاک ده‌زانن نیو سەدە ھزری توندوتیژی کەمالیزم (کە کەم لە نەتەوە ناتورکەکان توانییان به‌رگه‌ی بگرن) زەڕییەک کاریگەریان لەھزری بێشکچی نەکرد. ته‌نانه‌ت نەیانتوانی ئەو پاشڤە بزڤرینن. دڵنیام لەم تەمەنه‌دا بێشکچی بەکەس ناوەستێ، بێشکچییەک زیندان و ئەشکەنجه‌ی دەروونی کەمالیزم کاری لە باوەڕەکانی نەکردبێ، پەلار و ھەڵچوونی کەسانێکی ترسنۆک و خۆونکەر و کۆرەمار، تۆزقاڵێک کاری تێناکەن، چونكه ئێوە باشتر لە ئێمە دەزانن ئەو سووتاوی راستییە و به‌ڕاستی بێشكچی بە رۆح گەیشتۆتە ئەو حەقیقەتە.
بێشكچی، چل‌وپێنج کتێبی نوسیوون و ته‌نها یەک تاکە دێڕی له‌و كتێبانه لە دەرەوی راستی بوونی دۆزه رەواكانی کورد نین.. حەڤدە ساڵ و دوو مانگ زیندان، نه‌یانتوانی بۆ ساتێکیش بێشكچی داببڕن لە زه‌روورەتی دروست بوونی دەوڵەتی کوردی. دواجار بێشکچی رۆشنبیرێكی راستەقینەیە، ئەو لەگەڵ ھیچ لایەنێکدا نەبووە و نابێت، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ سەربەخۆیی کوردستان و سەربەخۆخوازاندایە، ھەرلایەنێکیش ئامانجی سەربەخۆیی هه‌بێت، ئه‌وا له‌گه‌ڵ تێگەیشتنی بێشکچی یەک دەگرێتەوە و خۆی به‌خاوه‌نی هزری بێشكچی ده‌زانێت، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه، هه‌ر لایه‌نێك دووركه‌وتبێته‌وه له سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، دوور ده‌بێت له هزری بێشكچی. بۆیه‌ش دڵنیام رۆژێک دێ، رۆژێكی نزیك، ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ دژایه‌تی پێشكچی ده‌كه‌ن، ئەو ھەڵوێست و نووسینانەی ئێستایان لە خێزان و دەورووبەریان دەشارنەوە، شەرم دایان دەگرێ و قێز له خۆیان ده‌كه‌نه‌وه، كه رۆژێک قەڵەمەکانیان بەرامبەر ویژدانی مرۆڤایەتی، بەرامبەر بێشكچیی سوقراتی سەدە، خراپ بەکارھێناوە.