رۆژێکی زیندوو لە یادی نەتەوەیەکدا

رۆژێکی زیندوو لە یادی نەتەوەیەکدا
رۆژێکی زیندوو لە یادی نەتەوەیەکدا

لە سەدەی بیستەمدا کورد چەندین سەرکردەی گەورە و رابەری بەژنبڵندی بە خۆوە بینی. لەنێو تێکڕای سەرکردەکاندا جەنابی مستەفا بارزانی وەک کارێزما و هەڵگر و نوێنەری ناسنامەی نەتەوەیەک، رۆڵێکی یەکجار کاریگەری لە رابەرایەتیکردنی بزاڤی رزگاریخوازی کوردستاندا هەبوو. لە کوردستانی مەزن بە هەر چوار پارچەکەی، وەک ڕابەر و سەرکردەی ڕۆحی و ئیلهامبەخشی گیانی نەتەوەیی و نیشتمانی، جێی خۆی لە نێو دڵ و دەروونی رۆڵەکانی نەتەوەکەیدا بۆ هەمیشە گرت.

هاوکات لە ئاستی هەرێمی و نێونەتەوەییدا وەک سیمبوڵ و ناسنامەی کورد قبووڵ کرا. خەباتی بەردەوامی مستەفا بارزانی نەمر هەر لە شۆڕشەکانی بارزان و بەشداریکردنی کارای لە داکۆکیکردن لە کۆماری دیموکراتی کوردستان، دواتر رێڕۆیشتنە مەزنەکەی بە یاوەریی سەدان کەس لە هەڤاڵانی بەرەو یەکێتیی سۆڤیەت و پاشان گەڕانەوەی بەرەو نیشتمان، ئینجا ڕابەرایەتیکردنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول؛ هەموو ئەمانە بوون بە گوژمەیەکی سەنگین لە سەروەری، هەم بۆ ناساندنی کورد و تێکۆشانەکەی لە ئاستی نێونەتەوەییدا، هەمیش وەک تۆمارێکی پڕ لە شانازی و شکۆ بۆ سەرکردەیەک، کە تەواوی تەمەنی خۆی بۆ بەدیهێنانی ئازادی و سەروەری بۆ وڵات و نەتەوەکەی تەرخان کرد.

رۆژی 1ـی ئاداری 1979 لە مێژووی نەتەوەی کورد و خەباتی رزگاریخوازی کوردستاندا، رۆژێکی بەسوێ و پڕ لە ئازارە، چونکە لەو رۆژەدا ئەستێرەی تەمەنی رابەر و سەرکردەی مەزنی نەتەوە، مستەفا بارزانی لە دووروڵاتدا ئاوابوو. تەمەنێک کە هەر هەمووی خرایە خزمەتی خەبات و تێکۆشان لەپێناوی نەتەوە و وڵاتدا. هەموو ئەو کەسانەی ئەو رۆژەیان لە یادە، زۆر باش دەزانن چۆن چەتری رەشی خەم باڵی بەسەر دڵ و دەروونی تەواوی رۆڵەکانی کورددا کێشا. رۆژێکی پڕ لە ئازار و خەم و پەژارە بوو بۆ نەتەوەیەک، کە بە درێژایی سەدەی بیستەم لەپێناو بەدیهێنانی خەونی ئازادی و سەربەخۆیی، خەباتێکی سەخت و بێوچانی کرد؛ ڕابەری هەرە مەزنی ئەو خەباتەش لەو رۆژەدا ماڵاوایی لە وڵات و نەتەوەکەی کرد.

ئێمە ئەمڕۆ کە ئەو یادە دەکەینەوە، زۆر باش دەزانین ئەوەی لە کوردستاندا بەدی هاتووە، بەری رەنج و دەرەنجامی رێبازی مستەفا بارزانی و پێشمەرگە و یاوەرانی ئەوە. هەر لەو رۆژ و یادەدا گرنگە ئێمە درێژە بەو رۆحی تێکۆشانە بدەین کە مستەفا بارزانی و پێشمەرگەی یاوەری گەڵاڵەیان کرد، پێگیر و پەیوەستی ئەو رێبازەش بین کە ئەوان کردیان بە نەخشەڕێی تێکۆشانی دادخوازی و یەکسانی و لادانی زوڵم و ستەم دەرهەق بە نەتەوەیەک کە دەخوازێت مافی ڕەوای خۆی بەدەستبهێنێت؛ ئەو ماف و خواستەی کە ئاشتی و یەکسانی بەدی دەهێنێت و ڕێ بۆ گەشە و بووژانەوە و پێکەوەژیانێکی شکۆمەندانە خۆش دەکات.

کۆچی یەکجاریی مستەفا بارزانی و تێکۆشانی شکۆمەندانەی ئەو، بۆ ئێمە توێشووی خەباتی بەردەوامە تا گەیشتن بە هەموو مافێکی گەل و وڵاتمان، کە خۆی لە سەروەری و سەربەخۆیی و ئاشتی و پێشکەوتن و ئاوەدانیدا دەبینێتەوە.