سیپان شێروانی
نووسەر
گەرووی هورمز و نەوتی عێراق
عێراق وەکوو وڵاتێکی نەوتی کە پشتبەستن بە نەوت لەو وڵاتە وەک داهاتی گشتی زیاتر لە 90%ـی کۆی گشتی داهاتە، واتە لە کەرتی داراییەوە عێراق تەواوی هێلکەکانی خستووەتە یەک سەبەتەوە،کە ئەمە دیاردەیەکی نائابوورییە کە ئابووریناس و خەڵکی ناشارەزاش لەو بوارە درکیان پێکردووە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە لە کەرتی نەوتیشەوە عێراق بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی سەرجەم هێلکەکانی خستووەتە ناو یەک سەبەتەوە ئەویش هەناردەکردنی 90%ـی نەوتەکەیەتی لە رێگەی بەندەرەکانی بەسرەوە، کە بە گەرووی هورمز تێدەپەرێت و کەمتر لە 10%ـی لە رێگەی بۆری هەرێم- جەیهان هەناردە دەکرێت.
ئێستاش بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە عێراق قوربانی یەکەمە و هەناردەی 90%ـی نەوتەکەی کە زیاترە لە 3 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە وەستاوە.
ئەم پێشهاتەش باری دارایی عێراقی خستووەتە بەردەم مەترسییەوە، کە ئەگەر داخستنی هورمز درێژە بکێشێت، دوور نییە دارایی عێراق لە قەیرانەوە هەنگاو بۆ داڕمان بنێت.
ئەم پشت بەستنە بە یەک سەرچاوەی هەناردەکردنە دەگەڕێتەوە بۆ ناکارامەیی و شکستخواردووی سیاسەتی نەوتی عێراق لە دوای 2003 یەوە، چونکە عێراق لە سەرەتای سییەکانی سەدەی رابردووەوە هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە کە رێگاکانی هەناردەی نەوت هەمەچەشن بکات، جا لە سەردەمانێکدا کە عێراق بە رێژەی کەمتر لە ئەمڕۆمان پشتی بە داهاتی نەوتی دەبەست.
عێراق لە سیەکانی سەدەی رابردوو بۆڕی نەوتی عێراق- تەرابلوس،دروستکردووە و لە ساڵانی پەنجاکان بۆڕی نەوتی عێراق- سووریای راکێشاوە، کە نەوتی عێراق دەگەیەنێتە سەردەریای ناوەڕاست، وە هەروەها لە کۆتایی حەفتاکان بۆڕی نەوتی عێراق- تورکیای راکێشاوە، تا نەوتی کەرکووک بگەیەنێتە بەندەری جەیهان، وە هەروەها لە هەشتاکان عێراق بۆڕی نەوتی عێراق- سعوودیەی دروستکردووە، کە نەوتی عێراق بگەیەنێتە بەندەرەکانی سعوودیە لە دەریای سوور، کە توانای هەر یەک لەم بۆڕیانە لە نێوان 300 هەزار بۆ 1.6 ملیۆن بەرمیلی رۆژانەیە.
لە هەموو قۆناغێکدا عێراقی سەردەمی مەلیکی و حکومەتەکانی پێش 2003 هەوڵی هەمەرەنگردنی ڕێگاکانی هەناردەکردنی داوە، بەڵام ئەوەی سەیرە لە 2003 یەوە عێراق نەک هیچ بۆڕییەکی نوێی دروست نەکردووە یان هەوڵی چاککردن و چالاککردنی بۆرییە کۆنەکانی نەکردووە، بگرە بە توندی دژی ئەو تاکە بۆڕییەش وەستاوەتەوە ،کە هەرێم بە تورکیا دەبەستێتەوە ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێستا بۆڕی نەوتی هەرێم- تورکیا تاکە فریادرەسی عێراقە.
ئەمەی کە باسمان کرد بەڵگەی سەلمێنەرن، کە بەڕێوەبردنی کەرتی نەوتی لە عێراقی دوای 2003 دا جگەلەوەی بەدەست گەندەڵییەوە دەناڵێت، خراپ بەڕێوەبردن و ناستراتیژیشی پێوە دیارە کە دەرئەنجامی دەرنەکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی و سیاسەتی شۆڤێنیانە دژی نەوتی هەرێمە، کە لە دەرئەنجامدا ئابووری و دارایی و قووتی سەرجەم عێراقییەکانی خستووەتە بەردەم رەحمەتی گەرووی هورمزەوە و دەبێت لە قۆناغی کورتخایەندا گرنگی تایبەت بە بۆڕی نەوتی هەرێم - تورکیا بدرێت و لە داهاتووشدا ریفۆرم لە سیاسەتی نەوتی عێراقدا بکرێت و یاساییەکی نەوت و گازی فیدراڵیانە دەربکرێت، هەر هیچ نەبێت ڕێگاکانی هەناردەکردن هەمەڕەنگ بکرێت.