سەما بەسەر مینەوە؛ پاکستان چۆن بووەتە نێوەندگیری جەنگ؟

سەما بەسەر مینەوە؛ پاکستان چۆن بووەتە نێوەندگیری جەنگ؟
سەما بەسەر مینەوە؛ پاکستان چۆن بووەتە نێوەندگیری جەنگ؟

دوای چەندین ساڵ لە ساردوسڕی پەیوەندی و لاپەڕگەیی جیهانی، پاکستان لە ڕێگەی رێگەی دەروازەی دۆناڵد ترەپمەوە کۆتایی بە گۆشەگیریی هێنا و دووبارە پردی متمانەی لەگەڵ کۆشکی سپی بنیاتنایەوە، لێ ئەمجارە، پاکستان خوێندنەوەیەکی ستراتیژی کرد و پێچەوانەی نەریتە سیاسییە باوەکان، وەک یاریزانێکی سەرەکیی و تاکە هیوای کۆتاییهێنان بە جەنگ خۆی سەپاند. پاکستان لە رێگەی بەهێزکردنی پەیوەندیی کەسی و واژۆکردنی رێککەوتنی دارایی زەبەلاح، دوو چۆلەکەی بە بەردێک کوشت، هەم بووە ترووسکەی هیوای دامرکاندنەوە ئاگری جەنگ و هەم خۆی لە فیتنەیەکی نێوخۆیی پاراست.  

 

پاکستانییە دڵخوزاکەی ترەمپ

عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان، توانی کیمیایەکی تایبەت لەگەڵ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دروست بکات، ترەمپ ئەم فەرماندەیەی بە "موشیری دڵخواز" وەسف کردووە. ئەم پەیوەندییە راستەوخۆیە بەسەر بیرۆکراسییە ئاڵۆزەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا بازیدا و هەرزوو کاریگەریی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی هەردوو وڵات دەرکەوت. عاسم مونیر رۆڵی سەرەکی هەبووە لە واژۆکردنی چەند گرێبەستێکی گەورە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی پەیوەندییەکی راستەوخۆیان بە ترەمپەوە هەیە. 

 

دیپلۆماسییەتی کریپتۆ و هۆتێل رۆزفێڵت

 لە کانوونی دووەمی 2026 پاکستان یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ کۆمپانیای "World Liberty Financial" کە پەیوەستە بە خێزانی ترەمپ و نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا ستیڤ ویتکۆف؛ واژۆ کرد بۆ بەکارهێنانی دراوی جێگیری "USD1" لە پارەدان و مامەڵە نێودەوڵەتییەکاندا. ئەم بەستنەوە ئابوورییە دیجیتاڵییە وای کرد پاکستان ببێتە خاوەن "بەهایەکی وەبەرهێنان" لە لای بازنە نزیکەکەی ترەمپ و هێندەی دیکە پێگەی خۆی قایم کرد، چونکە زەکاری ویتکۆف (کوڕی ستیڤ ویتکۆف) لە کاتی واژۆکردنەکەدا، کەناڵێکی پەیوەندی "بازرگانی-سیاسی" راستەوخۆی لەگەڵ کۆشکی سپی دروستکرد، بەدوور لە ئاڵۆزییەکانی وەزارەتی دەرەوە. دووبارە پەرەپێدانی هۆتێل ڕۆزفێڵت گرێبەستێکی دیکەی ئەم لێکنیزکبوونەوەیە بوو، ستیڤ ویتکۆف رۆڵی هەبوو لە ڕێککەوتنی وەبەرهێنانی سەروەت و سامانە پاکستانییەکانی نیویۆرک لە پەرەپێدان و نۆژەنکردنەوەی هۆتێل رۆزفێڵت و خۆی واژۆی لەسەر گرێبەستەکە کرد. 

 

پۆستەچیی ئاشتی 

لە ئاداری 2026دا، پاکستان وەک کەناڵێکی پشتەوە و جێی متمانە بۆ گەیاندنی "پلانی ئاشتی ئەمریکا کە لە 15 خاڵ پێکهاتبوو" بۆ تاران، هاتە پێشەوە. پلانەکە چەند بڕگەی هەستیاری وەکوو؛ هەڵگرتنی بەشێکی سزاکان لە بەرامبەر سنووردارکردنی بەرنامەی ئەتۆمی، هەڵوەشاندنەوەی توانا مووشەکییەکانی ئێران و دەستەبەری ئەمنی بۆ جوڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز لەخۆگرتبوو.

هێندەی نەبرد ئێران بە پێنج خاڵی پێچەوانە وەڵامی پەیامەکەی ئەمریکای دایەوە و بە داواکاریی و مەرجی تووندڕەو وسفی کردن، لە پێنج خاڵەکەدا تاران داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هەموو "تیرۆرکردنەکان" و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و پێدانی قەرەبووی دارایی بۆ زیانەکانی شەڕکرد، سەرباری ئەوەی دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە سەروەری تەواوی ئێران بەسەر گەرووی هورمز و مافی وەرگرتنی باجی تێپەڕبوون و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکە سەربازییەکانی کەنداو بەشێکی دیکەی داواکارییەکانی ئێران بوون. 

 

نێوەندگیرێکی بەرژەوەندیخواز

پاکستان خۆویستانە وەک نێوەندگیر دەستپێشخەریی نەکردووە، بەڵكوو لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە نێوخۆی و دەرەکییەکانی تەقەڵای یەکخستنەوەی هەوڵەکانی ئاشتییەتی، تۆڕێکی ئاڵۆزی پەیوەندی و بەرژوەندیی کایەیەکی لەبارەی بۆ ئەم نێودگیرییە رەخساندووە: 

- دوورکەوتنەوە لە داوی سعوودییە: دوای واژۆکردنی رێککەوتنی بەرگریی هاوبەش (SMDA) لەگەڵ سعوودییە لە ئەیلوولی 2025 (کە لە ماددەی 5ی پەیمانی ناتۆ دەچێت)، پاکستان کەوتە پابەندییەکی سەربازی بۆ بەرگریکردن لە ریاز، نێوەندگیری و ناوبژیوانی تەنها رێگەیەکە بۆ دوورکەوتنەوە لە تێوەگلان لە جەنگی ئێران.

- سەقامگیریی ناوخۆیی: دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لە هێرشە ئەمریکی-ئیسرائیلییەکان، خۆپیشاندانی خوێناوی لە کەراچی و ئیسلام ئاباد سەریهەڵ دا و  زیاتر لە 20 کوژراوی لێکەوتەوە. سەرکردایەتی پاکستان درکی بەوە کرد بەردەوامبوونی ململانێکان ناوخۆی وڵات لەسەر بنەمای مەزهەبی دەتەقێنێتەوە و مەترسیی شەڕی نێوخۆیی دروست دەبێت. هەرزوو عاسم مونیر درکی بەوە کرد و نێوەندگیریی بوو بە "ئەرکی رزگارکردنی نیشتمان".

- قەیرانی وزە: پاکستان بەدەست کەمییەکی توندی گازی شل (LNG) دەناڵێنێت، بەم دواییە ئێران رێگەی بە 20 کەشتیی هەڵگیری ئاڵای پاکستاندا بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن، ئەمەش وای کرد بەردەوامیی پەیوەندی لەگەڵ تاران ببێتە شادەمار بۆ ئابوویی ئیسلامئاباد.

 

هیوایەک بۆ رێککەوتن ماوە؟

سەرباری دژبەریی پەیام و ئاماژەکان لە نێوان ڕەتکردنەوەی ئاشکرای ئێران و گەشبینیی دۆناڵد ترەمپ، ئیسلام ئاباد وەک تاکە هیوایەک بۆ ڕێگری لە "شەڕێکی ناوچەیی گشتگیر" دەمێنێتەوە. دوای گۆڕینەوەی پەیامەکان و داواکاریی بەئامانجنەگرتنی محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە ئێران وەک هەنگاوێک بۆ بنیاتنانەوەی متمانە، پاکستان کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵی بۆ وڵاتانی نێوەندگیر رێکخستووە و لە هەوڵی دۆزینەوەی زەمینەیەکی هاوبەش لە نێوان لایەنەکانی جەنگدایە.