بەڵێنەکانی لەندەن و واقیعی بەغدا

بەڵێنەکانی لەندەن و واقیعی بەغدا
بەڵێنەکانی لەندەن و واقیعی بەغدا

لە کانوونی یەکەمی 2002دا، لە شاری لەندەن، زیاتر لە سێسەد نوێنەر بە نوێنەرایەتیی دەیان حزب و کەسایەتیی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی کۆبوونەوە؛ کۆنگرەیەک کە ئەو کاتە وەک وێستگەیەکی وەچەرخان بۆ نەخشاندنی سیمای عێراقی دوای رژێمی پێشوو دەبینرا. 

هەستی نزیکبوونەوەی گۆڕانکاری تەواوی هۆڵەکەی تەنیبوو، ئەو زمانەی لەوێدا باڵادەست بوو، زمانی بونیادنانی دەوڵەتێکی مۆدێرن بوو: دەوڵەتێکی پەرلەمانی، فیدراڵی، دیموکرات و فرەخواز، کە تێیدا دەسەڵاتەکان لەیەک جیا دەکرێنەوە، رێز لە مافەکانی مرۆڤ دەگیرێت و دان بە فرەچەشنیی نەتەوەیی و ئایینیی وڵاتدا دەنرێت. 

فیدراڵیزمیش کۆڵەکەیەکی سەرەکی بوو لەو وێنا و تێڕوانینەی بۆ بونیادنانی دەوڵەت خرابووە روو، جەختیش لەوە کرایەوە کە عێراقی نوێ دەبێت لەسەر بنەمای هاوبەشیی نێوان عەرەب و کورد و هەموو پێکهاتەکانی دیکە دابمەزرێت.

بەیاننامەی کۆتایی کۆنگرەکە بە ڕاشکاوی دانی نا بە کارەساتەکانی ئەنفال و هەڵەبجە و راگواستنی زۆرەملێ و گۆڕینی دیمۆگرافیای کەرکووک؛ بەڵێنیشی دا بە قەرەبووکردنەوەی زیانەکان و ئاشکراکردنی چارەنووسی قوربانییان، ئەمەش ئاماژەیەکی روون بوو بۆ ئەوەی کە بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ قوربانییان دەبێتە بەشێک لەو پەیمانە کۆمەڵایەتییە نوێیەی کە وا بڕیار بوو عێراقی دوای ڕووخانی رژێمی پێشوو لەسەری بونیاد بنرێت.

لە چوارچێوەی رێکخستنی خەباتی سیاسیی ئۆپۆزسیۆن و گۆڕینی بڕیارەکانی کۆنگرە بۆ میکانیزمی کردەیی، بەشداربووان بڕیاریان دا بە پێکهێنانی «لیژنەی بەدواداچوون و هەماهەنگی» کە 65 کەسایەتیی سیاسی لە هەموو رەنگ و لایەنە جیاوازەکانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لەخۆ گرتبوو، تاوەکو ببێتە چوارچێوەیەک بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنگرە و هەماهەنگیکردنی هەڵوێستەکان لەنێوان هێزە بەشداربووەکاندا، جگە لە بەشداریکردن لە گەڵاڵەکردنی دیدگایەکی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغی گواستنەوەی دوای رووخانی رژێم.

بەڵام پارادۆکسە هەرە گەورەکە دوای ساڵی 2003 دەستیپێکرد، کاتێک ئەم هێزانە لە گوتاری ئۆپۆزسیۆنەوە گواسترانەوە بۆ پیادەکردنی دەسەڵات. سەرەڕای ئەوەی دەستووری ساڵی 2005 سیستەمی فیدراڵیی بۆ دەوڵەتی عێراق چەسپاند و دانی نا بە هەرێمی کوردستاندا وەک قەوارەیەکی دەستووری لە چوارچێوەی دەوڵەتدا، بەڵام پراکتیکی سیاسی زۆر زوو لەو ڕۆحە لایدا کە لە قۆناغی ئۆپۆزسیۆندا باڵادەست بوو. 

لەناو هەندێک لە هێزە سیاسییەکاندا ئاراستەیەک بۆ ڕەتکردنەوەی فیدراڵیزم یان نیگەرانی و بێمتمانەیی بەرامبەری سەری هەڵدا؛ زۆرجار ئەم هەڵوێستەش لەژێر کاریگەریی لێکدانەوەی ئیقلیمیی ئەو وڵاتانەدا بوو کە دەترسان مۆدێلی فیدراڵی لە عێراقدا ببێتە پێشینەیەک و رەنگدانەوەی لەسەر بارودۆخی ناوخۆیی خۆیان هەبێت. بەم شێوەیە، فیدراڵیزم لەوەی کە چوارچێوەیەکی دەستووری بێت بۆ بەڕێوەبردنی فرەچەشنی، گۆڕا بۆ بابەتێکی مشتومڕی سیاسیی هەمیشەیی.

ئەم وەرچەرخانانە لە چەندین دۆسیەی پەیوەست بە مافەکانی کورد دا رەنگیان دایەوە؛ دۆسیەی دادپەروەری بۆ قوربانییان، بەتایبەتی کەسوکاری ئەنفالکراوان و شەهیدانی هەڵەبجە، هێشتا پێویستیی بە دادپەروەرییەکی راستەقینە هەیە، چونکە قەرەبووکردنەوەکان لە ئاست قەبارەی کارەساتەکەدا نەبوون. لە هەمان کاتدا، جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور بە پەکخراوی مایەوە، سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵانێکی زۆر بەسەر پەسندکردنیدا، ئەمەش وای کردووە شوێنەوارەکانی تەعریب و گۆڕینی دیمۆگرافی لە ناوچە جێناکۆکەکاندا بەبێ چارەسەرێکی دەستووریی روون بمێننەوە، لەگەڵ بەردەوامیی مەترسیی گۆڕینی دیمۆگرافی لەو ناوچانەی لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن.

لە لایەنی ئابووریشەوە، گرژییە سیاسییەکان رەنگیان داوەتەوە سەر پرسی بودجەی هەرێمی کوردستان. 

جێی سەرنجە کە ساڵانی دوایی شایەتی کەمکردنەوە یان سنووردارکردنی بەردەوامی پشکی هەرێم بوون لە بودجەی فیدراڵیدا، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووان روو لە زیادبوونە و پێداویستییە ئابوورییەکان فراوانتر دەبن؛ ئەمەش پرسیار دەربارەی ئەوە دروست دەکات کە تا چەند ئەم سیاسەتانە لەگەڵ بنەمای هاوبەشی و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامانەکاندا دەگونجێن.

بەم شێوەیە، ئەم سیاسەتانە لە پاڵ دۆسیەکانی تریشدا، دەبنە تاقیکردنەوەیەکی راستەقینە بۆ ئاستی پابەندبوونی دەوڵەت بە رۆحی هاوبەشیی دەستوورییەوە. کاتێک سەیری ئەم پەرەسەندنانە دەکەین، وا دەرناکەوێت کێشەکە لە نەبوونی دەقە دەستوورییەکاندا بێت، هێندەی ئەوەی کە لە شێوازی لێکدانەوە و جێبەجێکردنیاندایە. 

دەستووری عێراق فیدراڵیزمی وەک سازانێکی سیاسی داڕشتووە، بەڵام پیادەکردنی سیاسی لە زۆر باردا لۆژیکی مەرکەزییەتی توندی بەرهەم هێناوەتەوە، یان بە جۆرێک مامەڵەی لەگەڵ فیدراڵیزمدا کردووە کە وەک ‘بەدەرکردنێکی کاتی’ بیبینێت، نەک وەک بژاردەیەکی دەستووریی هەمیشەیی.

بۆ ئەوەی نەڵێن ئەوەی روویدا قەدەرێکی حەتمی بووە، تەنها ئاوڕدانەوەیەک لە ئەزموونی ئەو وڵاتانە بەسە کە تێیاندا هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لە هەلومەرجێکی ئۆڵۆزدا گەیشتنە دەسەڵات، بەڵام توانییان پارێزگاری لە پرەنسیپەکانیان بکەن. لە باشووری ئەفریقا، نێڵسۆن ماندێلا گۆڕانکارییەکی مێژوویی لە سیستەمی ئەپارتایدەوە بەرەو دیموکراسی ئەنجامدا. لە ئیسپانیادا، دوای فرانکۆ، گواستنەوە بەرەو دیموکراسی لە ڕێگەی سازانێکی سیاسییەوە بوو کە دانی بە تایبەتمەندیی هەرێمەکاندا نا. لە پۆڵەندا، بزووتنەوەی «یەکگرتوویی» گواستنەوەیەکی ئاشتییانەی لە رژێمی کۆمۆنیستییەوە ئەنجامدا. تەنانەت لە روانداش، هەوڵ درا بۆ تێپەڕاندنی دابەشبوونی رەگەزی لە رێگەی پڕۆژەیەکی نیشتمانییەوە.

ئەم ئەزموونانە دەسەلمێنن کە گەیشتن بە دەسەڵات مەرج نییە بە واتای دەستبەرداربوون بێت لە بەڵێنەکان. جیاوازییەکە لە ئیرادەی سیاسی و رێزگرتن لە دەستووردایە وەک پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی پابەندکەر. دوای زیاتر لە دوو دەیە بەسەر کۆنگرەی لەندەندا، روون دەبێتەوە کە کێشەکە لە عێراقدا لەو کەلێنەدایە کە لەنێوان گوتار و کرداردا هەیە. هێز رەنگە بتوانێت واقیعێکی کاتی بسەپێنێت، بەڵام ناتوانێت شەرعیەتێکی هەمیشەیی دروست بکات؛ شەرعیەتیش تەنها ئەو کاتە بونیاد دەنرێت کە هاوبەش هەست بکات لە بڕیارەکاندا هاوبەشێکی ڕاستەقینەیە.

هێشتا پرسیارەکە بە کراوەیی ماوەتەوە: ئایا دەکرێت ئەو ڕۆحەی ئەو ساتەوەختە بگێڕدرێتەوە کە تێیدا مژدەی عێراقێکی بونیادنراو لەسەر بنەمای هاوبەشی و دەستوور و دادپەروەری دەدرا، یان دابڕانی نێوان گوتاری دوێنێ و پیادەکردنەکانی ئەمڕۆ هەر بەردەوام دەبێت؟