بەڵگەفیلمی سینەمایی "ئەنفال؛ هەشت ژیان، یەک جینۆساید" بەرهەمهێنرا

بەڵگەفیلمی سینەمایی "ئەنفال؛ هەشت ژیان، یەک جینۆساید" بەرهەمهێنرا
بەڵگەفیلمی سینەمایی "ئەنفال؛ هەشت ژیان، یەک جینۆساید" بەرهەمهێنرا

بەڵگەفیلمی "ئەنفال؛ هەشت ژیان، یەک جینۆساید"، کە لە دەرهێنانی حیسام یوسفییە، بەرهەمهێنرا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ی نیسانی 2026، حیسام یوسفی، دەرهێنەری بەڵگەفیلمەکە بە کوردستان24ی گوت، "بەڵگەفیلمی سینەمایی "ئەنفال؛ هەشت ژیان، یەک جینۆساید" یەکێکە لەو بەرهەمانەی کە هەوڵ دەدات تاوانی ئەنفال بە شێوازێکی هونەری و مرۆیی بگوازێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو. ئەم فیلمە لە هەشت بەش و ماوەی 85 خولەک پێکهاتووە و چیرۆکی هەشت رزگاربووی شاڵاوەکانی ئەنفالی ساڵی 1988 دەگێڕێتەوە."

حیسام یوسفی گوتیشی، "ناوەڕۆکی سەرەکیی فیلمەکە لەسەر ژیانی تاکەکەسیی ئەو رزگاربووانە بونیاد نراوە، کە لەگەڵ گێڕانەوەی یادەوەرییە تاڵەکانیان، ئازاری هاوبەشی گەلێک نیشان دەدەن. فیلمەکە تەنیا رووداوە مێژووییەکان ناگێڕێتەوە، بەڵکو دەچێتە ناو هەست و بیرەوەریی ئەو کەسانەی بە چاوی خۆیان کارەساتەکەیان بینیوە."

ئەو دەرهێنەرە لە رووە هونەرییەکەوە باس لە بەڵگەفیلمەکە دەکات و دەڵێت، "لە رووی هونەرییەوە، بەڵگەفیلمەکە شێوازێکی سادەیی سینەمایی پەیڕەو کردووە، بۆ ئەوەی هاوسەنگی لەنێوان سۆز و بەڵگەکان بپارێزێت. ئەم شێوازە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی بینەر تەنیا کاریگەریی سۆزداری وەرنەگرێت، بەڵکو بچێتە ناو قووڵایی بیرکردنەوە لەسەر جینۆساید و کاریگەرییە درێژخایەنەکانی."

دەربارەی شوێنی دروستکردنی بەڵگەفیلمەکە، ئەو دەرهێنەرە گوتی، "ئەم بەرهەمە لە باشوری کوردستان بەرهەم هاتووە و زۆربەی وێنەگرتنەکانی لە ناوچەکانی گەرمیان و بادینان ئەنجامدراوە، بەتایبەت ئەو ناوچانەی کە زۆرترین زیانی شاڵاوەکانی ئەنفالیان بەرکەوتووە. هەڵبژاردنی ئەم شوێنانە واتایەکی مێژوویی و هەستیاری تایبەتی هەیە، چونکە خۆی شوێنی رووداوەکان بووە."

ئێستا قۆناخی وێنەگرتنی بەڵگەفیلمەکە تەواو بووە و لە قۆناخی مۆنتاژ و بەرهەمهێنان دایە. پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ساڵی 2026 بە تەواوی ئامادە بێت و بڕیارە یەکەم نمایشی لە ئەڵمانیا ئەنجام بدرێت.
هەروەها پلانی ناردنی فیلمەکە بۆ فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان هەیە، بۆ ئەوەی پەیامی کارەساتی ئەنفال بگاتە جیهان و رووناکی بخاتە سەر ئەو تاوانەی لە دژی گەلی کورد ئەنجامدرا.

بەڵگەفیلمی ئەنفال؛ هەشت ژیان، یەک جینۆساید"، کە لە دەرهێنانی حیسام یوسفییە، وارمان سەعید کاری وێنەگرتنی بۆ کردووە، کاری دەنگ لەلایەن ئیدریس عەبدی ئەنجامدراوە، هاوکار ساڵح و جەلال محەمەد کاری بەرهەمهێنانی فیلمەکەیان کردووە، کاری دەنگ و مۆسیقا لەلایەن فرمێسک حەفیز بۆی کراوە، ئۆلوەر شوابێ و ئەلیخاندرۆ باخمان راوێژکاری ئەکادیمی دروستکردنی بەڵگەفیلمە بوون.