ئیمارات لە پەراوێزی جەنگی ئێران و ئەمریکادا

ئیمارات لە پەراوێزی جەنگی ئێران و ئەمریکادا
ئیمارات لە پەراوێزی جەنگی ئێران و ئەمریکادا

لەکاتێکدا تەپڵکوتانی شەڕ و لێدوانی ئاگرین لەنێوان تاران و ئەبوزەبی گەیشتووەتە ترۆپک، راستییەکی سەرسوڕهێنەر لە پشت پەردەوە دەبینرێت؛ ئەو دوو وڵاتەی لەسەر خاک و ئاسایش وەک دوژمن دەردەکەون، بەڵام لە رووی ئابوورییەوە بوونەتە شا دەماری ژیانی یەکتری. ئەم پارادۆکسە سیاسییە بووەتە هۆکاری سەرەکیی رێگری لە تەقینەوەی جەنگێکی گشتگیر لە ناوچەکەدا.

برینە کۆنەکە: دوورگە ناکۆکی لەسەرەکان

ململانێی سەر هەردوو دوورگەی "تونبی گەورە و بچووک" و دوورگەی "ئەبو مووسا" وەک برینێکی کۆن ماوەتەوە و کە ساڕێژبوونی مەحاڵ بووە. ئێران ئەم دوورگانە بە "بەشێکی دانەبڕاو لە خۆی" دەبینێت و ئیماراتیش بە "داگیرکراو"یان ناودەبات. هەر کاتێک ئیمارات لە کۆڕە نێودەوڵەتییەکاندا پشتیوانی بۆ گەڕاندنەوەی ئەم دوورگانە کۆدەکاتەوە، تاران بە مەشقی سەربازی لە گەرووی هورمز وەڵامی دەداتەوە.

دێوەزمە نوێیەکە: فاکتەری ئیسرائیل

لە ساڵی 2020 و دوای واژۆکردنی "پەیماننامەی ئیبراهیمی"، جوگرافیای ململانێکە گۆڕا. بۆ ئێران، هاتنی ئیسرائیل بۆ سەر کەناراوەکانی کەنداوی عەرەبی "هێڵی سوور" بوو. تاران وا دەبینێت کە ئیمارات بە رێگەدان بە گەشتیار، بازرگان و رەنگە دەزگا هەواڵگریی ئیسرائیل، لە هێڵی پێشەوەی جەنگی سێبەری لەگەڵ تەلئەڤیڤ هێناوەتە ناو ماڵی ئێران. ئەم نزیکبوونەوەیە وایکردووە ئێران ئیمارات وەک "ئەسپی تەروادە" ببینێت کە هەڕەشە لە قوڵایی ستراتیژیی وڵاتەکەی دەکات.

هەر ئەمەش نا، لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئێران لە 28ی شوبات، دواتریش راگەیاندنی ئاگربەست، بەپێی زانیارییەکانی دوو بەرپرسی ئیسرائیلی و بەرپرسێکی ئەمریکی بۆ ئەکسیۆس، ئیسرائیل سیستەمی بەرگریی گومەزی ئاسنین (Iron Dome) و تیمێکی سەربازیی رەوانەی ئیمارات کردووە. ئەم هەنگاوە نهێنییەی ئیمارات، پەیوەست بە شەکەت بوونی ئەو وڵاتە لەبەردەم بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووشەک و درۆنەکانی ئێران بە درێژایی جەنگی 40 رۆژە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، سەرەڕای ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران و هێوربوونەوەی دۆخی ئەمنی ناوچەکە، کەچی ئیمارات رووبەرووی ژمارەیەک هێرشی درۆنی و مووشەکی نوێی تاران بووەتەوە؛ هەروەها کاتێک لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایان پرسی، کە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئەبووزەبی پێشێلکاریی ئاگربەستە، ترەمپ گوتی: ئێران خۆی دەزانێت چۆن خۆی لە شکاندنی ئاگربەست بپارێزێت، بەمەش سەرۆکی ئەمریکا خۆی لە وەڵام و بەرپرسیارێتیەکە پاراست.

پارادۆکسی بازرگانی: دۆستی بازاڕ و دوژمنی مەیدان

سەرەڕای هەموو ئەم گرژییە سەربازی و سیاسیانە، ئامارەکان راستییەکی تر دەڵێن، ئیمارات، و بەتایبەت دوبەی، هێشتا گەورەترین و گرنگترین دەرچەی ئابووریی ئێرانە بۆ تێپەڕاندنی سزاکانی ئەمریکا. ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا 20% زیادی کردووە.

ئەم پاشکۆیەتییە ئابوورییە وەک "زمانەی دڵنیایی" کار دەکات. ئەبوزەبی هەرچەندە لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران بترسێت، بەڵام حەزی لە سەرمایەی ئێرانییە؛ تاران-یش هەرچەندە هەڕەشەی وێرانکردنی ئیمارات بکات، بەڵام دەزانێت بەبێ بەندەرەکانی دوبەی، ئابوورییەکەی هەڕەس دەهێنێت.

کۆنترۆڵکردنی کەناراوەکانی ئیمارات

دەسەڵاتدارانی ئێران نەخشەیەکی نوێیان بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا ناوچە دەریاییەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیان فراوانتر کردووە. بە گوێرەی نەخشەکە، سنووری هەژموونی ئێران لە گەرووی هورمز تێپەڕی کردووە و ئێستا بەشێکی درێژ لە کەناراوەکانی دەوڵەتی ئیمارات دەگرێتەوە.

ئەم ناوچە نوێیەی کە ئێران بانگەشەی کۆنتڕۆڵکردنی دەکات، هەردوو بەندەری گرنگی "فوجەیرە"و"خوورفکان"دەگرێتەوە. ئەم دوو بەندەرە دەکەونە لێواری کەنداوی عومان و لە سەرەتای ململانێکانەوە، ئیمارات وەک رێگەیەکی جێگرەوە پشتی پێ بەستوون بۆ هەناردەکردنی نەوت و کاڵاکانی تاوەکو لە گەرووی هورمزی داخراو بەدوور بێت.

بەندەری فۆجەیرە بایەخێکی گرنگی بۆ ئیمارات هەیە، چونکە وێستگەی کۆتایی هێڵی بۆری نەوتی خاوی ئەبوزەبییە. ئەم هێڵە نەوتی خاو لە کێڵگە ناوخۆییەکانەوە دەگوازێتەوە بۆ بەندەرەکە و رێگەی بە ئیمارات خۆشکردووە لە کاتی جەنگدا بەردەوام بێت لە هەناردەی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان بەبێ تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز.

ئەم دەرچەیە فاکتەری بێ باکی ئیمارات بوو تا لە هەردوو رێکخراوەی ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس بکشێتەوە و کۆتایی بە رێککەوتنی 50 ساڵەی نەوتی بێنێت.

پەیوەندیی نێوان ئێران و ئیمارات لەسەر سێ پایە بەندە، بەڵام دژبەیەکن: "رقێکی مێژوویی" لەسەر دوورگەکان، "ترسێکی ئەمنی" لە ئیسرائیل و "بەرژەوەندییەکی هاوبەش" لە بازرگانی. تا ئەو کاتەی "ئاشتییە ئابوورییەکە" قازانجی زیاتر بێت لە "جەنگە سیاسییەکە"، هیچ کامیان ئامادە نین یارییەکە تێک بدەن، بەڵام مەترسییەکە لەوەدایە لە ناوچەیەکی وەک رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زۆرجار یەک هەڵەی سەربازی دەبێتە هۆی باجدانێکی ماددی، کە ملیارەها دۆلار لە پەککەوتنی بازرگانی بکرێتە قوربانی تەقاندنی یەک گولـلە یان هەڵوێستێکی سیاسی.