رەنگە کابینەکەی عەلی زەیدی بە نیوەچڵی تێپەڕێندرێت
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەشێک لە سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی ئاگادار کردووەتەوە، کە رۆژی یەکشەممە کۆبوونەوەی لیژنەکان ناکرێت و بە ئەگەری زۆرە کۆبوونەوەی ئاسایی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر کابینە وەزارییەکەی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو دەکرێت.
هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ی ئایاری 2026، دوای وەرگرتنی کارنامەی کابینەی نوێی عێراق لە عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، بەشێک لە سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی ئاگادارکردووەتەوە، کە یەکشەممە بۆ پەسندکردنی کابینەی حکوومەتی نوێی عێراق کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکرێت.
هەر بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی کوردستان24، بە ئەگەری زۆرەوە شەممە، واتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، زەیدی ناوی پێکهاتە وەزارییەکەی پێشکەش دەکات بۆ ئەوەی زوو کابینەکەی تێپەڕێندرێت، هەروەها بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەبێت 48 کاتژمێر زووتر، بەر لە هەر کۆبوونەوەیەک سەرۆکی فراکسیۆنەکان ئاگادار بکەنەوە لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە و تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەش بڵاو بکەنەوە.
هەر لەمبارەوە سەرۆکی یەکێک لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بۆ کوردستان24 ئاشكرایکردووە، کە هەیبەت حەلبووسی پێی گوتووە یەکشەممە کۆبوونەوەی لیژنەکانی ناکرێت، بەڵکو کۆبوونەوە ئاسایی پەرلەمان بۆ دەنگدان بە کابینەی وەزاری عەلی زەیدی دەکرێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، تاوەکوو ئێستا پۆستی 15 وەزاری لەنێوان شیعە و سوننە و کورد یەکلایی بووەتەوە و بە ئەگەری زۆر، لە کۆبوونەوەکەی یەکشەممە دەنگیان لەسەر دەدرێت، بەڵام بە هۆی ناکۆکی نێوان لایەنە شیعەکان و سوننەکان، رەنگە دەنگدان لەسەر شەش پۆستی وەزاری بۆ دوای جەژنی قوربان بمێنێتەوە.
هەرچەندە بڕیارە لەم دوو رۆژەدا لایەنە شیعەکانی پێکهێنەری چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ رێککەوتن لەسەر ئەو چەند وەزارەتەی پشکی ئەوانە و ناکۆکیان لەنێوان خۆیاندا هەیە، کۆببنەوە. بە تایبەت دوو لەو وەزاریانەی کێشەیان لەسەرە، وەزارەتی نەوت و ناوخۆیە، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکان پۆستی وەزیری نەوت بۆ لیستەکەی سوودانی یەکلابووەتەوە، هەروەها پۆستی وەزیری ناوخۆ لەنێوان هادی عامری و نووری مالیکی ناکۆکی هەیە، بۆ ئەمەش دەنگۆیەک هەیە کە کاندیدی نووری مالیکی یەکلایی بووەتەوە، هەر لەسەر پۆستی وەزیری ناوخۆ هەوڵێک هەیە، گوایە ژمارەیەک پەرلەمانتار واژۆ کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی ئێستای حکوومەتی عێراق هەر لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە، بەڵام ئەمەش یەکلا نەکراوەتەوە.
عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو پەلەیەتی تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو، ئەگەر بەنیوەییش بێت، بەشێک کابینە وەزارییەکەی لە پەرلەمان تێپەڕێنێت و متمانەی فراکسیۆنەکان مسۆگەر بکات، چونکە نزیکەی 150 پەرلەمانتاری عێراق بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج گەشتی سعوودیە دەکەن، ئەگەر ئێستا پەلە نەکات، عێراق دەکەوێتە بۆشایی یاسایی.