د. ئیبراهیم خالید
نووسەر
داتاکان دەریدەخەن، کوردستان لە ئاوەدانیدایە و عێراقیش لە نێوان هەژاریی و چەکی نایاساییدایە
لە کۆمەڵگە پێگەیشتووەکاندا، زۆربەی هاووڵاتیان، کارگێڕان و سیاسییەکان، ژمارە، داتا و ئامارەکان وەک سەرچاوەی سەرەکی بۆ تێگەیشتن لەو واقیعەی دەوروبەریان بەکاردەهێنن؛ لە کاتێکدا لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا، لەوانەش کۆمەڵگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زۆربەی هەرە زۆری خەڵک زانیاری و هەڵوێستەکانیان لە وتار، دروشم و لێکدانەوە بێسەروبەرەکانەوە وەردەگرن، داتاکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق سەرنجی رای گشتی لە عێراق راناکێشن، بەڵام وێنەیەکی راستگۆیانەتر نیشان دەدەن بەراورد بە هەموو سەرچاوەکانی تری زانیاری لە وڵاتدا.
داتاکانی وەزارەتی پلاندانان دەریدەخەن کە نزمترین رێژەی هەژاری لەسەر ئاستی عێراق لە هەولێرە، هەروەها رێژەی هەژاری لە پارێزگاکانی تری عێراق بە گشتی بەرزترە لە رێژەی هەژاری لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، کە هەندێک جار دەگاتە زیاتر لە 6 هێندە %600 لەوەی لە کوردستاندا هەیە، ئەو ژمارانەی لە کۆتایی ئەم نووسینەدا هاتوون، راستەوخۆ لە داتاکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق وەرگیراون کە لە 30ـی نیسانی 2026دا بڵاوکراونەتەوە.
ئەمە دۆخێکی نوێ نییە، زۆربەی توێژینەوەکان لە ساڵی 2003وە ئەوە دەسەلمێنن کە دۆخی بژێوی لە کوردستان، سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگ و گێچەڵانەی کە بەغدا دروستیان دەکات، زۆر باشترە لە باقی ناوچەکانی تری عێراق. کەواتە ئێمە لەبەردەم حاڵەتێکی سەلمێنراو و بەردەوامداین کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە دوو دەیە دەگەڕێتەوە، ئەمەش پەردە لەسەر کەموکوڕی و ناتەواوی و خراپیی نییەتی عەقڵییەتی لایەنە باڵادەستەکانی بەغدا و ناڕاستی ئیدیعاکانی ئەو ئۆپۆزسیۆنە کوردستانییەی کە بەوانەوە بەستراونەتەوە، لادەبات.
حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی بەغدا، چەندین دەەیەیە بە هەموو شێوەیەک هەوڵی کەمکردنەوەی رۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فەرزکردنی سەرپەرشتی دەدەن بەسەریدا، بۆ ئەمەش پاساوی جۆراوجۆر بەکاردەهێنن، کە گرنگترینیان ئەوەیە گوایە غیابی چاودێری حکوومەتی ناوەندی دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە کوردستان و دەرکەوتنی هێزی چەکداری دەرەوەی یاسا، بەڵام واقیع پێچەوانەکەی دەسەلمێنێت؛ نموونەی زۆرمان لەسەر ئەمە هەیە، لەوانە پرسی کارەبا، بودجەی وەزارەتی کارەبای عێراق تەنها بۆ ساڵی 2025، بە قەد تەواوی بودجەی هەرێمی کوردستان بوو بۆ هەمان ساڵ، حکوومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، توانی بەو بودجە لەرزۆک و پچڕپچڕەوە تۆڕێکی رێگاوبانی مۆدێرن دروست بکات و کۆمەڵێکی زۆر بەنداو بونیاد بنێت و کارەبا بۆ زۆربەی شارە گەورەکانی کوردستان دابین بکات، لە کاتێکدا بودجەی وەزارەتی کارەبای عێراق لە کۆتایی ساڵی 2025دا تەواو بوو بێ ئەوەی کارەبا بۆ تەنها یەک شاریش دابین بکەن.
سەبارەت بە گرووپە چەکدارە دەرەچووەکان لە یاسا، رووداوەکانی دوایی سەلماندیان کە چەکی بێسەروبەر دژی کوردستان و وڵاتانی کەنداو و تەنانەت دژی بەغدایش بەکارهێنراوە، تەنها لەو ناوچانەدا بوونی هەیە کە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی بەغدا دان. هەموو ئەمانە، سەرەڕای داتاکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، دەریدەخەن کە قەبارەی گەندەڵی و شکستی کارگێڕی و چەکی بێسەروبەر لە هەموو ناوچەکانی تری عێراق زۆر گەورەترە بەراورد بە کوردستان، داتاکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەوە ئاشکرا دەکەن کە حکوومەتی بەغدا نایەوێت ئاشکرای بکات، بە روونی دەریدەخەن کە ئەو پاساوانەی حکوومەتەکانی عێراق بۆ نانەوەی قەیران لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەکاری دەهێنن، تەنها پاساون و لە راستییەوە دوورن، ئامانجیان لادانی سەرنجە لەسەر ئەو گەندەڵی و شکستە کارگێڕییە سیستماتییکەی کە هەموو جومگەکانی دەوڵەتی عێراقی گرتووەتەوە، بەداخەوە، پێکهاتەی زهنی و مێژوویی کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەکان وایان لێدەکات بە ئاسانی بقۆزرێنەوە، لەوانەش قۆستنەوەی سیاسی، ئەمەش رێک ئەو شتەیە کە لە عێراقدا روودەدات.
ئەم جیاوازییانەی کە داتاکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەیسەلمێنن، لە لایەکی ترەوە ئاستی سەرگەردانی و پاشکۆیەتی ئۆپۆزسیۆنی کوردستان و نالۆژیکی بوونی تێڕوانینەکانیان ئاشکرا دەکات، بەرنامەی کاری ئەم ئۆپۆزسیۆنە بە هەردوو باڵە ئیسلامی و عەلمانییەکەیەوە، تەنها لە دژایەتیکردنی پارتە فەرمانڕەواکانی کوردستاندا کورت بووەتەوە، بێ ئەوەی هیچ بەشدارییەکی بونیادنەرانە یان تەنانەت بەشدارییەکی شێوەیی لە دامودەزگاکانی هەرێمدا بکەن بە پاساوی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لای پارتە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان؛ بەڵام لە هەمان کاتدا، بە پەلە و بە شێوەیەکی پاشکۆیانە مامەڵە لەگەڵ پارتە دەسەڵاتدارەکانی بەغدا دەکەن و گیانی خۆیان فیدا دەکەن بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندییان و بەشداریکردن لەگەڵیان لە هەموو بوارەکاندا، هەرچەندە قەبارەی گەندەڵی و شکستی کارگێڕی لای ئەو پارتانە زۆر خراپترە بەراورد بە پارتە فەرمانڕەواکانی کوردستان. هەمیشە دەبینین سەرکردەکانی ئەم ئۆپۆزسیۆنە بەرگری لە حکوومەتەکانی بەغدا دەکەن و پاساو بۆ شکستە کارگێڕییەکانیان دەهێننەوە و بە هەموو شێوەیەک بایەخی ئەو ئامار و داتایانە کەم دەکەنەوە کە شکستەکانیان ئاشکرا دەکات، پرسیارێک لێرەدا سەر هەڵدەدات، ئەم ئۆپۆزسیۆنە چۆن مامەڵەی دەکرد ئەگەر بۆ نموونە ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق هەمان ژمارەیان بە پێچەوانەوە نیشان بدایە؟ واتە ئاستی هەژاری لە کوردستان بەرزتر بوایە لە باقی ناوچەکانی عێراق و بەرزترین ئاستی هەژاری لە زاخۆ یان کۆیە بوایە؟ بە شەخسی پێموایە ئەوان داوایان لە بەغدا و چەندین پایتەختی تر دەکرد کە دەستێوەردانی سەربازی لە کوردستاندا بکەن.
نوێترین بەیانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق:
هەژارترین پارێزگاکان: پارێزگای موسەننا بەرزترین رێژە 43.6%، لە دوای ئەو بابل 34.4% پاشان دیوانییە 28.9%
هاوکات ئەو پارێزگایانەی کەمترین رێژەی هەژاریی تێدایە، هەولێر 7% لە دوای ئەو سلێمانی 8%.
پێناسەی هەژار: ئەو کەسەیە کە داهاتی مانگانەی لە 137 هەزار دینار کەمتر بێت، بەڵام راپۆرتەکە بێبەشبوون لە بوارەکانی تەندروستی، پەروەردە و نیشتەجێبوونیش لەبەرچاو دەگرێت.