بەرپرسێکی پۆلیسی کەرکووک بەتۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا

بەفەرمانی وەزیری ناوخۆی عێراق، بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆ لە پۆلیسی کەرکووک، لە پۆستەکەی لادرا و بەتۆمەتی تێوەگلانی لە چەندین دۆسیەی گەندەڵی و وەرگرتنی سەرانە دەستبەسەر کرا.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکووک بە کوردستان 24ـی راگەیاند "عەمید محەمەد عەتییە، کە بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆبوو لە پۆلیسی پارێزگای کەرکووک ئێستا لە بەغدا و لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵەوە دەستبەسەر کراوە".

سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە گوتی "ئەو بەرپرسە تۆمەتبارە بەوەی لە بازگەکانی (چیمەن و دارەمان) چاوپۆشی لە تێپەڕبوونی کەلوپەلی بەسەرچوو و قاچاخ کردووە، بەتایبەت هێلکە و جگەری قەدەغەکرا، لە بەرانبەردا بەرتیلی وەرگرتووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، ئەو گەندەڵییە کاتێک ئاشکرا بووە، کە دوو کارمەندی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکووک لە بازگەی پردێ دەستگیرکراون، شەش ماستەرکارد و چەند مۆبایلێکیان پێبووە. ئەو کارمەندانە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانیان بەوەدا ناوە کار بۆ بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆ دەکەن و رۆژانە بڕی چوار هەزار دۆلاریان لە بازگەکە بۆ کۆکردووەتەوە.

هەر دوای دەستگیرکردنی کارمەندەکان، عەمید محەمەد عەتییە هێزێکی جوڵاندووە بە مەبەستی رزگارکردنیان، ئەمەش وایکردووە وەزارەتی ناوخۆی عێراق راستەوخۆ بێتە سەر هێڵ و دوا بڕیار لەسەر لادان و دەستگیرکردنی، دەربکات.