ترەمپ قسەدەکات، بەڵام سیاسەتەکان نەگۆڕن!

ترەمپ قسەدەکات، بەڵام سیاسەتەکان نەگۆڕن!
ترەمپ قسەدەکات، بەڵام سیاسەتەکان نەگۆڕن!

لەم رۆژانەی دواییدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، جارێکی دیکە لە لێدوانێکیدا باسی لە ئۆپەراسیۆنێکی نهێنی بۆ ناردنی چەک بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران کرد و ئاماژەی بە رۆڵی کوردەکان دا. هەرچەندە لێدوانەکانی دەنگدانەوە و رەنگدانەوەی گەورەی میدیایی کوردی بەدواهات، بەڵام بەپێی بۆچوونی شارەزایانی سیاسی و میدیایی، ئەم جۆرە لێدوانانە بەشێکن لە شێوازی قسەکردنی ترەمپ و نابێت ببنە هۆی نیگەرانیی لەناو کوردستاندا.

سەرەتا لێدوانی ترەمپ: رۆتینێکی بەردەوامی رۆژانەیە، نەک سیاسەتێکی قووڵ. ترەمپ وەک ڕەفتارێکی کەسی تایبەت، بەردەوام بە شێوازێکی توند و تایبەت قسە لەسەر سەرۆک، پادشا و سەرکردەکانی جیهان دەکات، بەبێ ئەوەی ئەو قسانە ببنە فاکتەری گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا. نموونەی ئەم قسە و لێدوانانە لە ماوەی 17 مانگی خوولی دووەمی ئیدارەکەی زۆرن، لەنێویاندا:

دیارترین هێرشە میدیاییەکانی بۆ سەر پاپا لیۆی چواردەهەم بوو، رایگەیاند "پاپا لیۆ بەرامبەر بە تاوان لاوازە و لە سیاسەتی دەرەوەشدا یەکجار خراپ" وەسفی کرد. سەرەڕای ئەوەش، لێدوان و تانەکانی ترەمپ سەبارەت بە سەرۆک ماکرۆن و هاوسەرەکەی بە شێوەیەکی گاڵتەئامێز بوو کە زیاتر لە چەند جارێک دووبارە بووەوە. 

هەروەها بە پاشای بەریتانیا، شا چارڵزی سێیەمی گوت "ئەگەر ئەمریکا نەبووایە، ئێوە بە ئەڵمانی دەدوان"، بەڵام پاشا زیرەکانە وەڵامی دایەوە. ئەوە جگە لە دەیان نموونەی تر لەسەر سەرۆکی ئۆکرانیا زێلێنسکی و رەخنەکانی لە ناتۆ، نەتەوە یەکگرتووەکان، و سەرکردەکانی کەنداو بە بەردەوامی.

هەرچەندە لە بەشێک لە وڵاتان، لەنێویاندا سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، پاپا لیۆ و ماکرۆن لە بەشێک لە گوتارەکانیان وەڵامی قسەکانی ترەمپیان دایەوە و تا رادەیەک پەیوەندییەکانی وڵاتانی ئەوروپا، ناتۆ و وڵاتانی ئەمریکای لاتینی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرەو ساردی رۆیشتووە، سەرەڕای ئەوەش بەردەوامیی ئەم شێوازە تایبەتەی ترەمپ و زۆریی لێدوانە میدیاییەکانی بووەتە هۆکاری کەمکردنەوەی پێگە و کاریگەرییەکانی ئەم ئیدارەیەی کۆشکی سپی لەمەڕ بابەتە هەنووکەییەکان. 

تەنانەت بەشێک لە چاودێران پێیانوایە پێشینەی کارەکانی ترەمپ کە زیاتر بازرگانی و کۆمپانیاکانی قومار و گرەوکردن بوو، رەنگدانەوەی بەسەر وتارەکانی ئێستای بۆ یاریکردن بە بازاڕەکانی نەوت و کانزاکان، قەوالە و پشکەکان هەیە لە پێناو بەدەستهێنانی زۆرترین قازانج.

هەروەک لە چەند راپۆرتێکی رۆیتەرز و بی بی سی لە ئادار تا ئایاری 2026، لێکۆڵەرانی فیدراڵی ئاماژە بە قازانجی گوماناویی زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار لە نەوت و گرەوەکانی بۆرسەکان دەکەن، بە چەند خوولەکێک بەر لە راگەیاندنی ئاگربەستی ترەمپ لەگەڵ ئێران. 

ئەمەش فاکتەرێکە کە میدیاکانی وەک BBC, Reuters, Guardian و Le Monde ئەم لێدوانانەیان وەک "رۆتینێکی راگەیاندن" یان بازرگانی و یاریکردن بە نرخەکان مامەڵەیان لەگەڵ کردووە نەک سیاسەتێکی قووڵ، چونکە جیهان ئێستا تێگەیشتووە، کە قسەکانی ترەمپ زۆرجار هەڕەمەکی و گۆڕاون و کاریگەرییەکی درێژخایەنیان نییە لەسەر سیاسەت.

سەبارەت بە میدیای کوردی، پێویستە ئارامتر و دووربینتر مامەڵە لەگەڵ ئەو ئیدارەیە و سەرۆک ترەمپ بکات. بە بڕوای چاودێرانی سیاسی، میدیای کوردی نابێت ئەم بابەتە گەورە بکات یان هەستێکی ترس و ناسەقامگیری لە کۆمەڵگەدا دروست بکات. لێدوانی ترەمپ بەشێکە لە بانگەشەی "ئەمریکا یەکەم"، کە زۆرتر بۆ فشارخستنە سەر هاوپەیمانان بەکاردێت نەک بۆ گۆڕینی بنەما سیاسی و پەیوەندییە ستراتیژییەکان. تەنانەت ئەم شێوازە لێدوانەی ترەمپ پشتگیرییەکانی لە ناوخۆی ئەمریکاش لاواز کردووە، چونکە بەپێی چەندین راپرسی پێگەی ترەمپ لەناوخۆی ئەمریکا وەک جاران بەهێز نییە. دواین راپرسییەکان نیشانی دەدەن دیموکراتەکان لە "generic congressional ballot"دا بە 15-5 خاڵ پێشن، بەپێی راپرسییەکانی NY Times, AtlasIntel, YouGov و Ipsos.

سەرەڕای ئەوەش، راپرسییەکانی Emerson College و Cook Political Report ئاماژە بە پێگەیەکی بەهێزی دیموکراتەکان دەکەن بۆ هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی (میدتێرم) کە لە تشرینی دووەمی 2026 ئەنجام دەدرێت، بەشێوەیەک رێژەی پاڵپشتی ترەمپ دابەزیوە بۆ نێوان %34-%40، بەتایبەت لەنێو دەنگدەری سەربەخۆ. کەواتە، لێدوانێکی رۆژانەی سەرۆکێک کە زۆرینەی ئەمریکییەکان ئێستا بەدڵیان نییە و زۆربەی هاوپەیمان و دۆستانی لە جیهان پێوەی نیگەرانن و سەرکۆنەی دەکەن، نابێت وەک مەترسی و بنەمای گۆڕینی ستراتیژییەتی ئەمریکا بەرامبەر بە گەلی کورد خوێندنەوەی بۆ بکرێت و وەک بەسەرچوونی کارتی کورد وێنا بکرێت.

لەکۆتاییدا، مێژوو دەریخستەوە کە پەیوەندیی ئەمریکا و کوردەکان سەرەڕای ئاڵۆزییەکان و مامەڵەی ئیدارەی سەرۆکەکان بەردەوام بووە. نموونە لە سەردەمی ئیدارەی جیڕاڵد فۆرد (1974-1977) بەهۆی ڕێککەوتنی شوومی جەزائیر و هەڵوێستەکانی هێنری کیسنجەر بەرامبەر ژەنەڕاڵ بارزانی، بەتەواوی پەیوەندییەکانی سست کرد، بەڵام دوای گۆڕینی ئیدارە و هاتنی جیمی کارتەر (1977-1981) تا رادەیەک نەرمییەک بەسەر سیاسەتدا هات و ئەو کات لەسەر داواکاری بارزانی رەزامەندی لەسەر چوونی ژمارەیەک کورد بۆ ئەمریکا درا و رێگە بە مانەوەی بارزانی بۆ لۆبیکردنی پرسی کورد لەو وڵاتە درا کە لەمەوپێش سی ئای ئەی و سواک فشاریان لە ئیدارەکە بۆ ناردنەوەی بارزانی دەکرد.

بەڵام لە سەردەمی ئیدارەی ڕۆناڵد ڕەیگن (1981-1989) بێدەنگییەک لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر کورد روویدا و تەنانەت لەمەڕ شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی کورد هیچ هەڵوێستێکی نەبوو. لەگەڵ هاتنی جۆرج بۆشی باوک (1989-1993) پرسی کورد پێی نایە قۆناغێکی گرنگ، بڕیاری 688 و ناوچەی ئارامی بەدواداهات، دواتریش بووە هۆی هەڵبژاردنی یەکەم پەرلەمان و لەدایکبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تەممووزی 1992. لە سەردەمی ئیدارەکانی کلینتۆن و بۆشی کوڕ، سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە کورد ئەرێنی بووە. ئەمەش روونە کە شێواز و ئەدای سەرۆکەکان تا رادەیەک گۆڕانکاری و هەوراز و نشێوی بەسەر سیاسەتی ئیدارەکان بەرامبەر بە پرسەکان دەبێت، بەڵام دواتر رێچکەی ستراتیژی و مێژوویی خۆی وەردەگرێتەوە.

لەکۆتاییدا، کورد دەبێت بەرژەوەندیی نیشتمانی و پەیوەندیی درێژخایەنیان لەبەرچاو بگرن، نەک بکەونە ژێر کاریگەریی لێدوانێکی کاتی. پێویستە بەوپەڕی ئارامییەوە فۆکوس بخرێتە سەر یەکگرتوویی ناوخۆیی و بنەما ستراتیژییەکان. دوورکەوتنەوە لە دروستکردنی هەر قەیرانێکی دەروونی، باشترین وەڵامە بۆ ئەم بارودۆخە.

سەرچاوەکان:

.NY Times, Emerson College Polling, Cook Political Report, Decision Desk HQ, Reuters, BBC, Guardian, Le Monde, Ipsos