د. بەنگین مەسیح ئاودەل
ئەندازیاری شارستانی
پێشخستنی پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی ئەندازیارییەوە
جێبەجێکردنی راسپاردەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بۆ بایەخدانی زیاتر بە ژینگە وەرچەرخانێکی گرنگە لە بوژانەوەی زیاتری هەرێم و پێشخستنی هەوڵەکانی ژینگەپارێزی، لە بواری زانستی ئەندازیارییەوە دەکرێت، بەکارهێنانی پاشماوە و کەرەستەکانی ریسایکلکراوی بیناسازی و بەرهەمە لاوەکییە پیشەسازییەکان، بەشێکی گرنگ و سەرەکی بێت لە پاراستنی ژینگە.
پوختە
ئەم راپۆرتە بەدواداچوون بۆ ئەو بوارە دەکات کە بۆچی سەرەڕای سوود و تایبەتمەندییە ئەندازیارییە سەلمێنراوەکانیان، پاشماوەکانی بیناسازی، کەرەستەی ریسایکلکراو، و بەرهەمە لاوەکییە پیشەسازییەکان لە پڕۆژەکانی ئەندازیاری لە هەرێمی کوردستان بەکارنەهێنراون. ئەم راپۆرتە بەربەستە تەکنیکی، ئابووری, دامەزراوەیی، بەڕێوەبردن و کولتوورییەکان دەستنیشان دەکات. هەروەها پراکتیزە ناوخۆییەکان لەگەڵ ئەزموونە نێودەوڵەتییە سەرکەوتووەکان بەراورد دەکات و چارەسەری پراکتیکی دەخاتە روو. ئەم راپۆرتە بۆ ئەندازیاران، حکوومەتە خۆجێیەکان، کۆمپانیاکانی بیناسازی و شارەوانییەکان داڕێژراوە و نەخشەرێگایەکی روون بەرەو بنیاتنانی پایەدار لە هەرێمی کوردستان پێشکەش دەکات.
ئەم گرافیکە پرۆسەی بەکارهێنانی کۆنکرێتی ریسایکلکراو و بەرهەمە لاوەکییەکانی پیشەسازی پۆڵا و ئاسن بە شێوەی چەو و لم لە بەرهەمهێنانی کۆنکرێت و دروستکردنی رێگاوبانەکاندا نیشان دەدات.
پێشەکی
لە دوای ساڵی 2003 و دەستپێکردنی ئاوەدانکردنەوەی وڵات، شارەکان ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەتر و گەورەتر بوون. ساڵانە بە ملیۆنان تۆن کەرەستەی سروشتی لە پڕۆژەکانی ئەندازیاریدا بەکاردەهێنرێت، بەتایبەتی لە کەرتی بیناسازیدا. رێژەی زیادبوونی پاشماوەکانی بیناسازی و پیشەسازی بەهەمان رێژەی گەشەی شارەکانی هەرێمی کوردستانە. بەداخەوە لە کەرتی بیناسازیدا کەرەستەی کوالێتی نزمی زۆر بەکار هاتووە کە دەبێتە هۆی ئەوەی تەمەنی بیناکانیش کەم ببێتەوە، ئەمەش رووخاندنی پێشینەی بیناکان بەدوادادێت و هیچ شوێنێکیش بۆ کۆکردنەوە و ریسایکلکردنی پاشماوەکان لە شارەکانی کوردستان تەرخان نەکراوە.
ناکرێت حکوومەت فڕێدانی پاشماوە لە دەوروبەری شارەکاندا لە لایەن کۆمپانیاکان و خەڵک بە نایاسایی بزانێت و هەندێکجاریش سزا بدات؛ دەبێت حکوومەت خۆی یان بە هاوکاریی کەرتی تایبەت شوێنی گونجاو بۆ کۆکردنەوە و ریسایکلکردن دابین بکات. ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت دەوروبەری هەموو شارەکان دەبێتە زبڵدانەکی زۆر گەورە، نەک تەنها سیمایەکی ناشرین دەبەخشێتە شارەکانمان بەڵکو کێشە ژینگەییەکانیش زیاتر دەبن.
ئەم راپۆرتە تەکنیکییە لە ئەنجامی چاودێریی کەسی و ئەزموونی پیشەیی زیاتر لە 15 ساڵی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و بڵاوکردنەوەی زیاتر لە 35 توێژینەوەی زانستیی نووسەر لە بواری ئەندازیاریی شارستانی سەبارەت بە هەرێمی کوردستانی عێراق ئامادە کراوە.
بەدرێژایی ساڵانێک لە کاری ئەکادیمی و توێژینەوەی زانستی لەسەر کەرەستەکانی سروشتی و پاشماوەکانی بیناسازی، ئەوە روون بووەتەوە کە بڕێکی زۆر لە پاشماوەکان بە تایبەتمەندیی ئەندازیاریی بەرز پشتگوێ دەخرێن و لە پڕۆژە ئەندازیارییەکاندا بەکارناهێنرێن. بەداخەوە ئەم پاشماوانە دەنێردرێن بۆ زبڵدانەکان یان لە دەوروبەری ڕێگاکانی نێوان شارەکاندا فڕێدەدرێن، لەکاتێکدا کۆمپانیاکانی بیناسازی بەردەوامن لە بەکارهێنانی 100%ـی سەرچاوە سروشتییەکان لە پڕۆژەکاندا.
سەرەڕای پێشکەوتنی جیهانی لە "بنیاتنانی پایەداردا" و بەکارهێنانی کەرەستەی دۆستی ژینگە، پراکتیزە هاوشێوەکان لە ناوچەکەدا بەتایبەت هەرێمی کوردستان سنووردار ماونەتەوە. ئەم سنووردارکردنە زۆرجار بەهۆی ترس لە گۆڕانکاری، نەبوونی یاسا و رێنمایی، لاوازیی پشتیوانیی دامەزراوەیی و تەکنیکییەوە دێت.
ئەم راپۆرتە ئامانجی پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان تیۆری و پراکتیکە بە خستنەرووی کێشەکە لە ناو هەرێمی کوردستان و پێشکەشکردنی چارەسەری واقیعی و هەنگاو بە هەنگاو. راپۆرتەکە بە زمانێکی سادە بۆ ئەندازیاران، کۆمپانیاکانی بیناسازی، حکوومەتە خۆجێیەکان، شارەوانییەکان و قوتابیانی ئەندازیاری کە لە هەرێمی کوردستاندا بەرەو بنیاتنانی پایەدار و بەپرسیارانەتر بە دوای رێگای کرداریدا دەگەڕێن، ئامادەکراوە. ئەم راپۆرتە بە زمانی شیرینی کوردی ئامادە کراوە بۆ تێگەیشتن لە گرنگیی بابەتی ژینگەیی و هاندانی حکوومەتە خۆجێیەکان، کۆمپانیاکانی بیناسازی، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کۆنکرێت، فرۆشیارانی کەرەستەی بیناسازی و خەڵک بە گشتی بۆ ئەوەی دەست بکەن بە دووبارە بەکارهێنانی پاشماوە و کەرەستەی ریسایکلکراو لە پڕۆژەکاندا.
بەشی یەکەم: پاشماوە و کێشە ژینگەییەکان لە چەمکی بنیاتنانی پایەداردا
بە گشتی، پاشماوەکان بەرهەمی لاوەکیی نەخوازراون کە لە چالاکییەکانی بیناسازی، پیشەسازی، ئەندازیاری و خزمەتگوزارییەکانی شارەوانیی رۆژانە بەرهەم دەهێنرێن. پێناسەی گشتی و سەردەمیانە لە زانستی ئەندازیاریدا بریتییە لە: "پاشماوەکانی بیناسازی و پیشەسازی ئەو کەرەستانەن کە تایبەتمەندیی ئەندازیارییان هەمان یان کەمێک جیاوازە لە کەرەستە سروشتییەکان کە تەنها لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر گواستراونەتەوە و دەتوانرێت لە پڕۆژەکانی ئەندازیاریدا بەکاربهێنرێن."
لە هەرێمی کوردستان نموونەی باو بریتین لە پاشماوەی بینا و پرد و هتد (لە کاتی بیناسازی، نۆژەنکردنەوە و رووخاندن)، پاشماوەی پیشەسازیی ئاسن و پۆڵا وەکو شلەی پۆڵا، پاشماوەی کۆنکرێتی، کاغەز و پلاستیک.
کەرەستەی ریسایکلکراو ئەو پاشماوەیانەن دوای ئەوەی پرۆسێس دەکرێن و لە پڕۆژە نوێیەکاندا بەکاردەهێنرێنەوە، وەک پڕۆژەکانی بیناسازی، رێگاوبان، یان بەرهەمهێنانی کۆنکرێت. کاتێک بە باشی چارەسەر دەکرێن، زۆرێک لە پاشماوەکان و ماددە ریسایکلکراوەکان دەتوانن بە همان شێوەی ماددە سروشتییەکان لە پڕۆژەکاندا بەکار بهێندرێن. بەڵام لە کوردستان هێشتا زۆربەی پاشماوەکان لە زبڵدانەکان یان شوێنی فڕێدانی کراوەدا فڕێدەدرێن و ئەگەری بەکارهێنانیان لە پڕۆژەکانی ئەندازیاریی شارستانیدا تا رادەیەکی زۆر چاوپۆشی لێدەکرێت.
له سەرانسەری جیهاندا لە کەرتی بیناسازی بڕێکی زۆر لە سامانی سروشتی بەکاردەهێنرێت و بڕێکی بەرچاو لە پاشماوە و دەردانی کاربۆن بەرهەم دەهێنێت. زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی کەرەستە سروشتییەکان بووەتە هۆی تێکچوونی ژینگە و کەمبوونەوەی سەرچاوە سروشتییەکان و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.
ئەم کێشانە لە هەرێمی کوردستانیشدا دیارن، کە گەشەسەندنی خێرای شارەکان خواست لەسەر کەرەستەی بیناسازی زیاد کردووە لە کاتێکدا سیستەمی بەڕێوەبردنی پاشماوە سنووردار ماوەتەوە. فڕێدانی پاشماوەی بیناسازی و پیشەسازی بەبێ کۆنترۆڵ لە گەشەکردندایە و بووەتە نیگەرانییەکی ژینگەیی بۆ مامۆستایانی زانکۆ، رێکخراوەکانی ژینگەپارێز و خەڵک بەگشتی. بە فێربوون لە ئەزموونە جیهانییەکان، ئێستا زۆرێک لە وڵاتان پەرە بە ریسایکلکردن و بەکارهێنانی کەرەستەی پایەدار و دۆستی ژینگە دەدەن، بەڵام هێشتا ئەم جۆرە پراکتیزانە لە کوردستاندا جێبەجێ ناکرێت.
بیناسازیی پایەدار و خۆڕاگر ئامانجی کەمکردنەوەی کاریگەرییە ژینگەییەکانە لە رێگای بەکارهێنانی سەرچاوە سروشتییەکان بە شێوەیەکی کارا و گونجاو، کەمکردنەوەی پاشماوەکان و هاندان بۆ بەکارهێنانی پاشماوەکان و کەرەستەی ریسایکلکراو لە پڕۆژەکاندا. بۆ هەرێمی کوردستان، بیناسازیی پایەدار و خۆڕاگر بە تایبەتی بە هۆی پەرەسەندنی خێرای ژێرخانی ئابووری و سنوورداربوونی سەرچاوە سروشتییەکان زۆر گرنگە.
بەکارهێنانی پاشماوە و کەرەستەی ریسایکلکراو کە لە ناوخۆدا بەردەستە دەتوانێت تێچووی بیناسازی کەم بکاتەوە، پشتبەستن بە کەرەستەی هاوردەکراو لە وڵاتانی دەوروبەر کەم بکاتەوە و یارمەتیی چارەسەرکردنی کێشەکانی فڕێدانی پاشماوەکان بۆ زبڵدانەکان بدات.
سەرەڕای ئەم سوودانە، پراکتیزەکردنی بیناسازیی پایەدار و خۆڕاگر بە دەگمەن لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێن بەهۆی بەربەستەکانی هۆشیاریی تەکنیکی، ڕێکخراوەیی و پەیوەندیدار کە لە بەشەکانی تری ئەم راپۆرتەدا باس دەکرێن. رووبەرووبوونەوەی ئەم تەحەددایانە بۆ گەیشتن بە بنیاتنانی پایەدار و خۆڕاگر بەشێوەی درێژخایەن لە هەرێمی کوردستاندا زۆر گرنگە.
بەشی دووەم: پاشماوە سەرەکییەکان لە هەرێمی کوردستان
پاشماوەی بیناسازی، نۆژەنکردنەوە و رووخاندن بریتییە لە کۆنکرێت، خشت، ئەسفاڵت، خاک و پاشماوەی بیناسازی کە لە پڕۆژەکانی بیناسازی و رێگاوبان و ژێرخان دروست دەبێت.
لە هەرێمی کوردستان فراوانبوونی خێرای شارەکان و چالاکییە بەردەوامەکانی نۆژەنکردنەوە بووەتە هۆی بەرهەمهێنانی بڕێکی زۆر لە پاشماوەکان. زۆربەی ئەم پاشماوەیە لە شوێنە کراوەکان یان زبڵدانەکاندا فڕێدەدرێن بەبێ ئەوەی ڕیسایکل بکرێن یان دووبارە بەکاربێنرێنەوە. بەڵام بۆ نموونە دەتوانرێت کۆنکرێتی وردکراو لە پڕۆژەکانی رێگاوبان، پڕکردنەوە، یان بۆ بەرهەمهێنانی کۆنکرێتی نوێ بەکاربهێنرێتەوە، ئەمەش هەم تێچووی پڕۆژە و هەم کاریگەرییەکانی ژینگە کەمدەکاتەوە.
پاشماوە پیشەسازییەکان وەکو شلەی پۆڵا کە بەرهەمی لاوەکیی بەرهەمهێنانی پۆڵایە (شیش)، لە کاتێکدا خۆڵەمێش بەرهەمی سووتاندنی خەڵوزە لە وێستگەکانی کارەبا (لە کوردستان زۆر کەمە) و پرۆسەی سووتانی پیشەسازییەوە دێت. لەکوردستان شلەی پۆڵا بە شێوەی قوم و چەگل (چەو و لم) و شێوەی تۆز (پاودەر) لە کارگەکانی پۆڵای ناوخۆیییدا بەردەستە، بەڵام بەهۆی سنوورداربوونی دامەزراوەی تاقیکردنەوە و نەبوونی ستاندارد، بە دەگمەن لە کارەکانی ئەندازیاریی شارستانیدا بەکاردەهێنرێت. ئەم پاشماوە و کەرەستەی ریسایکلکراوە دەتوانرێت لە کۆنکرێت، ئەسفاڵت و دروستکردنی رێگاوبانەکاندا بەکاربهێنرێت، ئەمەش بەهێزی و مانەوە و خۆڕاگریی ژینگەیی باشتر دەکات لە هەمان کاتدا پێویستی بە چیمەنتۆ و کەرەستەی سروشتی کەمدەکاتەوە.
پاشماوەی پلاستیکی بە شێوەیەکی سەرەکی لە پرۆسەی بەپاکەتکردن و بەکارهێنانی ناوماڵ و بەرهەمە پەیوەندیدارەکانی بیناسازییەوە سەرچاوە دەگرێت. لە هەرێمی کوردستان پاشماوەی پلاستیک بە خێرایی زیاد دەکات و رێژەی ریسایکلکردنیش زۆر بە نزمیی ماوەتەوە هەرچەندە زیاتر لە پاشماوەکانی تر ڕیسایکل دەکرێت. زۆر جار پلاستیکەکان لە زبڵدانەکاندا فڕێدەدرێن یان دەسووتێنرێن، ئەمەش دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە. لە ئەندازیاریی شارستانیدا دەتوانرێت هەندێک پاشماوەی پلاستیکی پرۆسێس بکرێت و لە تێکەڵەی قیر و ئەسفاڵت، بەهێزکردنی هەندێک تایبەتمەندیی ئەندازیاریی کۆنکرێت، یان کەرەستەی بیناسازیی سووکدا (وەک کۆنکرێتی سووک) بەکاربهێنرێت، ئەمەش چارەسەرێکی پراکتیکی پێشکەش دەکات بۆ پیسبوونی ژینگە.
پاشماوەی لاستیک، بەتایبەتی لە تایەی ئۆتۆمبێلی بەکارهاتوو، یەکێکی دیکەیە لە کێشە ژینگەییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە گەشەکردندایە بەهۆی زیادبوونی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل. تایەی فڕێدراو شوێن و قەبارەی گەورە لە زبڵدانەکان داگیر دەکات و مەترسیی ئاگرکەوتنەوە و تەندروستی دروست دەکات. کاتێک تایەکان دەکرێتە لاستیکی وردکراو، دەتوانرێت لە دروستکردنی ئەسفاڵت و بەکارهێنانی کۆنکرێتدا بەکاربهێنرێت. ماددە دەستکاریکراوەکانی لاستیک دەتوانن نەرمی و مانەوە و بەرگری لە درزبردن باشتر بکەن، بەتایبەتی لە دروستکردنی رێگاوبانەکاندا.
پاشماوەی شووشە لە بەکارهێنانی ناوماڵ و بینا بازرگانی و چالاکییەکانی بیناسازییەوە دروست دەبێت. لە هەرێمی کوردستان ریسایکلکردنی شووشە سنووردارە و زۆربەی شووشەی پاشماوە فڕێدەدرێت. دەتوانرێت شووشەی پاشماوەی وردکراو وەک جێگرەوەیەکی بەشەکیی قوم و چەگل (چەو و لم) لە کۆنکرێتدا، لە دروستکردنی ئەسفاڵت، یان لە دیکۆراتی بیناسازیدا بەکاربهێنرێت.
هەرچەندە پرۆسێسکردنی دروست و کۆنترۆڵکردنی قەبارە پێویستە بۆ ئەوەی کێشەی خۆڕاگری نەبێت، بەڵام پاشماوەی شووشە توانای بەهێزی هەیە بۆ دووبارە بەکارهێنانەوە لە پڕۆژەکانی بیناسازیی ناوخۆییدا.
بەشی سێیەم: ئەزموونە جیهانییە سەرکەوتووەکان
زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا بە شێوەیەکی بەرفراوان پاشماوە و کەرەستەی ریسایکلکراو لە پاشماوەی بیناسازی و رووخاندن، لە دروستکردنی کۆنکریت و رێگاوبانەکاندا بەکاردەهێنن، بەتایبەتی بۆ چینە بنەڕەتییەکان. ڕێسا توندەکان، سیستەمی کۆنترۆڵکردنی کوالێتی، و ستانداردە تەکنیکییەکان دڵنیایی دەدەن لە بەکارهێنانی سەلامەت و متمانەپێکراو لەم ماددانە. ئەم رێگایە فڕێدانی پاشماوەکانی کەمکردووەتەوە و سەرچاوە سروشتییەکانی پاراستووە. بۆ هەرێمی کوردستان، ئەزموونی ئەوروپی دەریدەخات کە بە ستانداردی روون و تاقیکردنەوەی دروست، دەتوانرێت پاشماوە و کەرەستەی ریسایکلکراو بە شێوەیەکی سەلامەت لە دروستکردنی کۆنکریت و پڕۆژەکانی رێگاوباندا بەکاربێنرێت بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر ئەدای کارکردن هەبێت.
ژاپۆن سیستەمی "سفر-پاشماوە" لە کەرتی بیناسازیدا گرتووەتەبەر بە زۆرترین دووبارە بەکارهێنانەوە و ریسایکلکراوی کەرەستەی بیناسازی. سیاسەتی بەهێزی حکوومەت، سیستەمی پێشکەوتووی چارەسەرکردن و هاوکاریی نزیک لە نێوان پیشەسازی و دەسەڵاتداران پشتگیری لەم سیستەمە لە ژاپۆن دەکەن. زۆربەی پاشماوەکانی بیناسازی لە ژاپۆن لە پڕۆژەی نوێدا بەکاردەهێنرێنەوە. ئەم ئەزموونە تیشک دەخاتە سەر گرنگیی رێسا و پلانی بەهێز، کە دەتوانێت یارمەتیی هەرێمی کوردستان بدات لە کەمکردنەوەی پاشماوەی بیناسازی و باشترکردنی کارایی کەرەستەکان.
له ئەمریکا، خۆڵەمێشی سووتاندنی خەڵوز و شلەی پۆڵای دروستکردنی پۆڵا و ئاسن بە شێوەیەکی باو وەک جێگرەوەی بەشەکی بۆ چیمەنتۆ و قوم و چەگل (چەو و لم) لە کۆنکرێتدا بەکاردەهێنرێت. ئەم ماددانە خۆڕاگریی ژینگەیی باشتر دەکەن و بەکارهێنانی چیمەنتۆ و دەردانی کاربۆن کەم دەکەنەوە. ستانداردە روونەکان و توێژینەوە درێژخایەنەکان پشتگیری لە بەکارهێنانیان دەکەن. بۆ کوردستان ئەم نموونەیە ئەوە دەردەخات کە بەرهەمە لاوەکییە پیشەسازییەکان دەتوانن کەرەستەی بیناسازیی بەنرخ بن ئەگەر بە رێنمایی تەکنیکی و پشتڕاستکردنەوەی تاقیگەیی پشتگیری بکرێن.
چین بە شێوەیەکی بەرفراوان بەرهەمە لاوەکییە پیشەسازییەکانی وەکو شلەی پۆڵا، خۆڵەمێش و پاشماوەی شووشە لە پڕۆژە ژێرخانییە گەورەکاندا بەکاردەهێنێت. بەهۆی گەشەی خێرای پیشەسازی، چین سەرنجی لەسەر گۆڕینی پاشماوە بۆ سەرچاوەی بیناسازی بووە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی ژینگەیی. پشتیوانیی حکوومەت و توانای بەرهەمهێنانی گەورە ئەم ئامانجەی کردووەتە ڕاستی. هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە ئەزموونی چین فێربێت بە هاندانی هاوکاریی نێوان پیشەسازی و کەرتەکانی بیناسازی بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی پاشماوەی بەردەست لە پڕۆژەکانی ناوخۆدا.
بەشی چوارەم: دۆخی ئێستای وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
هەرێمی کوردستان بڕێکی زۆر پاشماوە لە پڕۆژەکانی ئەندازیاری، خانووبەرە، پڕۆژەی رێگاوبان، و چالاکییە پیشەسازییەکان دروست دەکات. گەشەی خێرای شارەکان لە شارەکانی وەک هەولێر، دهۆک، سلێمانی، پاشماوەی بیناسازی و رووخاندن زیادی کردووە، لە کاتێکدا سیستەمی بەڕێوەبردنی پاشماوە بە هەمان خێرایی گەشەی نەسەندووە. هەروەک پێشتر ئاماژە پێدرا، زۆربەی ئەم پاشماوەیە لە زبڵدانەکان یان شوێنی فڕێدانی کراوەدا فڕێدەدرێن و کێشەی ژینگەیی و بەکارهێنانی زەوی دروست دەکات. زانیاریی ورد لەسەر بڕی پاشماوە سنووردارە، ئەمەش پلندانان و بڕیاردان زیاتر ئاڵۆز دەکات.
سەرەڕای بەردەستبوونی پاشماوە، دەرفەتی زۆر بۆ دووبارە بەکارهێنانەوە لەدەستچووە و خەریکە لەدەست دەچێت. دەتوانرێت پاشماوەی بیناسازی و رووخاندن دووبارە بەکاربێنرێتەوە بۆ چەگل و قوم (چەو و لم) لە سێکتەری رێگاوبانەکان و پڕکردنەوە، لە کاتێکدا دەتوانرێت شلەی پۆڵا (شیش) و ئاسن لە کارگە ناوخۆییەکان لە ناو کۆنکرێت یان دروستکردنی ئەسفاڵت بەکاربێنرێت. بەڵام نەبوونی دامەزراوەی ریسایکلکردن و ڕێنمایی تەکنیکی و پشتیوانیی حکوومەت وایکردووە ئەم ماددانە بە شێوەیەکی کاریگەر بەکارنەهێنرێن. لە ئەنجامدا سەرچاوە سروشتییەکان بەردەوامن لە بەکارهێنان لەکاتێکدا پاشماوەکان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر کۆدەبنەوە.
لە چەند پڕۆژەیەکی ناوخۆیی رێگاوباندا، پاشماوەی وردکراوی بیناسازی بە شێوەیەکی نافەرمی وەک مادەی پڕکردنەوە بەکارهێنراوە و هەندێک لە کارگەی کۆنکرێتیش تاقیکردنەوەیان کردووە بۆ گۆڕینی بەشەکیی چەکل و قومی سروشتی. بەڵام ئەم هەوڵانە سیستماتیک نین و رەزامەندیی فەرمی یان چاودێرییان نییە. بە ستانداردی دروست و پڕۆژەی تاقیکاری و پاڵپشتیی دامەزراوەیی، هەرێمی کوردستان توانایەکی بەهێزی هەیە بۆ وەرگرتنی کەرەستەی ریسایکلکراو لە رێگاوبانەکان، خانووبەرە، و بەرهەمهێنانی کۆنکرێت، کە پاشماوە دەکاتە سەرچاوەیەکی بەنرخی بیناسازی لە پڕۆژەکانی ئەندازیاریدا.
ئێران لە بواری ریسایکلکردنی پاشماوەی بیناسازی و پیشەسازیدا، بە تایبەت لە شارە گەورەکاندا، پێشکەوتنی کەمی بەدەستهێناووە. هەندێک لە کەرەستەکانی بیناسازیی ریسایکلکراو و بەرهەمە لاوەکییەکانی پیشەسازی لە سێکتەرەکانی رێگاوبان و کۆنکرێتدا بەکاردەهێنرێن. بەڵام هێشتا بەشێکی زۆری پاشماوەکان فڕێدەدرێنە زبڵدانەکان و دامەزراوەکانی ریسایکلکردن بە شێوەیەکی نایەکسان دابەشکراون کە جێبەجێکردنی پرۆسەکە بەشێوەی فراوانتر سنووردار دەکەن. ئەمە دەتواندرێت ببێتە وانە بۆ هەرێمی کوردستان لەسەر گرنگیی سیاسەتی نیشتمانیی یەکگرتوو بۆ پرۆسەی ریسایکلکردنی پاشماوەکان و دابەشکردنی کارگەکان و دامەزراوەکانی ریسایکلکردن بە شێوەیەکی یەکسان.
بە بەراورد لەگەڵ عێراق و ئێران، تورکیا هەنگاوی باشتر و پێشکەوتووتری ناوە بەرەو دووبارە بەکارهێنانەوە و ریسایکلکردنی پاشماوەکان لە بواری بیناسازیدا، بەتایبەتی بەهۆی هاوئاهەنگی لەگەڵ یاساکانی یەکێتیی ئەوروپا. کەرەستەی ریسایکلکراو زیاتر لە پڕۆژەکانی دروستکردنی رێگاوبان و ژێرخانیدا بەکاردەهێنرێت. سەرەڕای ئەم پێشکەوتنە، هێشتا فڕێدانی پاشماوەکان هەیە، بە تایبەت لە شارە کوردنشینەکان و شارۆچکە بچووکەکاندا. ئەزموونی تورکیا نیشان دەدات کە چوارچێوەی یاسایی بەهێز و بەڕێوەبردن و جێبەجێکردن، دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو شێوازەکانی ریسایکلکردنی پاشماوەکان باشتر بکات کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت وانەی لێوە فێر ببێت.
وڵاتانی کەنداو بەهۆی گەشەسەندنی خێرای شارەکانەوە قەبارەیەکی زۆر پاشماوەی بیناسازی دروست دەکەن. لە کاتێکدا هەندێک وڵات وەبەرهێنانیا لە کارگەی ریسایکلکردنی مۆدێرن کردووە، بەڵام بەکارهێنانی کەرەستەی ریسایکلکراو لە پڕۆژەکانی ئەندازیاریدا هێشتا سنووردارە. هێشتا فڕێدانی پاشماوەکان ئاساییە بەهۆی کەمیی تێچووی فڕێدان و بەردەستبوونی زەوی. هەروەها یاسا توندەکانی کوالێتی و پشتبەستن بە کەرەستەی هاوردەکراو، بەکارهێنانی ماددەی ریسایکلکراو سنووردار دەکات. ئەم ئاستەنگانە هاوشێوەی ئەو ئاستەنگانەن کە لە هەرێمی کوردستان رووبەرووی دەبنەوە. لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، زبڵدانی پاشماوەکان وەک شێوازی باڵادەستی بەڕێوەبردنی پاشماوە دەمێنێتەوە بەهۆی لاوازیی ڕێساکان و کەمیی تێچووی فڕێدان. کارگەی ریسایکلکردن لە ژمارە و توانایدا سنووردارە، بە تایبەت بۆ پاشماوەی بیناسازی و پیشەسازی. چارەسەرکردنی ئەو کێشانە زۆر پێویستە بۆ زیادکردنی بەکارهێنانی پاشماوە و کەرەستەی ریسایکلکراو لە پڕۆژەکانی ئەندازیاریی شارستانیدا لە هەرێمی کوردستان.
بەشی پێنجەم: بەربەستە سەرەکییەکان
1- بەربەستی تەکنیکی
* نەبوونی ستاندارد و تایبەتمەندییە ناوخۆییەکان
* خراپی کوالێتی کۆنترۆڵ
* دامەزراوەی تاقیگەیی سنووردار
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دووبارە بەکارنەهێنانی پاشماوە و کەرەستەی ریسایکلکراو لە پڕۆژەکانی ئەندازیاریی شارستانی لە هەرێمی کوردستان، نەبوونی ستانداردی ناوخۆیی و تایبەتمەندیی تەکنیکییە. زۆربەی ئەندازیاران پشت بە کۆدە نێودەوڵەتییەکان دەبەستن، کە هەمیشە لەگەڵ کەرەستە یان بارودۆخە ژینگەییە ناوخۆییەکان ناگونجێن. سیستەمی کۆنترۆڵکردنی کوالێتی زۆر لاوازە و زۆرجار کەرەستە ریسایکلکراوەکان بەهۆی تایبەتمەندییە جیاوازییەکانەوە وەک جێی متمانە نەبوو هەست پێدەکرێت. جگە لەوەش، دامەزراوە تاقیگەییەکان کە توانای تاقیکردنەوەی پاشماوە و ماددە ریسایکلکراوەکانیان هەیە سنووردارن، ئەمەش وایکردووە پشتڕاستکردنەوەی کارایی و بەدهستنیشانکردنی متمانەی ئەندازیاران و کۆمپانیاکان قورس بێت.
2- بەربەستە ئابوورییەکان
* چەگل و قومی (چەو و لم) سروشتیی هەرزان
* تێچووی سەرەتایی بەرزی کارگەی ریسایکلکردن
* نەبوونی هاندانێکی دارایی
لە کوردستان فاکتەرە ئابوورییەکان بە شێوەیەکی سەرەکی کاریگەرییان لەسەر دابینکردنی کەرەستە هەیە. چەگل و قومی سروشتی بە شێوەیەکی بەرفراوان بەردەستن و تاڕادەیەک هەرزانن. ئەمەش وایکردووە کە ماددە ریسایکلکراوەکان لە روانگەی تێچوونەوە کەمتر سەرنجڕاکێش بن. دامەزراندنی کارگەی ریسایکلکردن پێویستی بە وەبەرهێنان و بودجەی سەرەتایی زۆر هەیە، ئەمەش کۆمپانیا تایبەتەکان بێهیوا دەکات. جگە لەوەش، هیچ هاندانێکی دارایی، یارمەتی، یان کەمکردنەوەی باج نییە بۆ هاندانی بەڵێندەران بۆ بەکارهێنانی کەرەستەی ریسایکلکراو. لە ئەنجامدا، ڕەچاوکردنی تێچووی کورتخایەن زاڵە بەسەر سوودە ژینگەیی و ئابوورییە درێژخایەنەکاندا.
3- بەربەستی یاسایی و دامەزراوەیی
* لاوازی یاساکانی ژینگە
* جێبەجێنەکردنی سزادان
* پابەندبوونی لاواز لە پڕۆژە گشتییەکاندا
لاوازیی یاساکانی ژینگەیی و نەبوونی جێبەجێکردنی سزادانی توند، لەمپەری سەرەکین لە هەرێمی کوردستان. هیچ ڕێسایەکی روون نییە کە پێویست بکات کەرەستەی ریسایکلکراو لە پڕۆژەکانی بیناسازیی گشتی یان تایبەتدا بەکاربێنرێت. دەزگاکانی حکوومەت بە دەگمەن چاودێریی شێوازەکانی بەڕێوەبردنی پاشماوە لە پرۆژەکانی ئەندازیاریدا دەکەن. بەبێ پابەندبوونی یاسایی یان سیاسەتی روون، بەڵێندەران و کۆمپانیاکان پاڵنەرێکی کەمیی یاخود هەر نییانە بۆ گۆڕینی پراکتیزە تەقلیدییەکان یان وەبەرهێنان لە چارەسەرە بەردەوام و پایەدار و درێژخایەنەکاندا.
4- بەربەستە پەروەردەیی و کولتوورییەکان
* گرنگینەدان بە چەمکی پایەداری لە مەنهەجی زانکۆکان
* راهاتنی ئەندازیاران بە بەکارهێنانی کەرەستەی سروشتی
* ترس لە شکست و بەرپرسیارێتی
بێجگه لە هۆکارەکانی سەرەوە، هۆکارە پەروەردەیی و کولتوورییەکانیش ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن. زۆرێک لە پرۆگرامەکانی ئەندازیاریی شارستانی لە زانکۆ ناوخۆییەکان گرنگییەکی سنووردار بە چەمکی "بەردەوامی و پایەداری"، کێشە ژینگەییەکان و پرۆسەی دووبارەبەکارهێنان و ریسایکلکردن دەدەن. لە ئەنجامدا ئەندازیاران ئاسوودەتر دەبن لە بەکارهێنانی کەرەستە سروشتییەکان و شێوازی تەقلیدی. لە روانگەی ئەندازیاران و کۆمپانیاکان، پاشماوە و کەرەستەی ریسایکلکراو = کوالێتی نزم! هەروەها ترسێکی بەهێز لە شکستی تەکنیکی و ئەندازیاری و بەرپرسیارێتیی یاسایی هەیە، بەتایبەتی لە غیابی ستاندارد و ڕێنماییە ناوخۆییەکاندا. ئەم جۆرە بیرکردنەوە تەقلیدیانە، بەکارهێنانی پاشماوە و کەرەستەی ریسایکلکراو لە پڕۆژەکانی ئەندازیاریدا لاواز دەکات.
بەشی شەشەم: رۆڵی زانکۆکان و توێژینەوەی زانستی
* لاوازی پەیوەندی نێوان توێژینەوە و سەکتەری پیشەسازی
* مانەوەی توێژینەوەکان بە تیۆری
* نەبوونی پڕۆژەی تاقیکاری
له وڵاته پێشكهوتووهكن، زانكۆ و دامهزراوه ئهكادیمییهكان و سهنتهرهكانی توێژینهوه ڕۆڵێكی گرنگ دهگێڕن له پێشخستنی بهكارهێنانی پاشماوه و كهرهستهی ڕیسایكلكراو له پڕۆژهكانی ئەندازیاریی شارستانیدا. بهڵام له ههرێمی كوردستان پهیوهندیی نێوان توێژینهوهی زانستی و پیشهسازی هێشتا زۆر لاوازه. زۆرێك له توێژینهوهكان تهنها بۆ جێبەجێكردنی پێداویستییه ئهكادیمییهكان ئهنجام دهدرێن و ناگوازرێنهوه بۆ ئاستی پراكتیكی ڕاستهقینه. له ئهنجامدا، دۆزینهوه بهنرخهكانی توێژینهوه پهیوهست به پاشماوه و كهرهستهی ڕیسایكلكراو زۆر به دهگمهن له پڕۆژه راستهقینهكاندا بهكاردههێنرێن.
زۆربەی توێژینەوەکان کە لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن بە تیۆری و لە ناو تاقیگەکاندا دەمێننەوە و گرنگیدان بە جێبەجێکردنی پراکتیکی و توێژینەوەی کارپێکراو زۆر سنووردارە.
لە هەرێمی کوردستان توێژینەوەی پراکتیکی و کارپێکراو زۆر کەمن کە چارەسەری تەحەددیاتی ڕاستەقینەی بیناسازی بکات کە رووبەرووی بەڵێندەران و شارەوانییەکان دەبێتەوە. جگە لەوەش، تا ئێستا هیچ پڕۆژەیەکی تاقیکاری لە هەرێمی کوردستاندا نییە کە بەکارهێنانی سەلامەت و کاریگەرانەی پاشماوە و کەرەستەی ریسایکلکراو لە پڕۆژەکانی واقیعییدا نیشان بدات. بەبێ بەکارهێنانی مەیدانی و پڕۆژەی واقیعی، ئەندازیاران و بڕیاردەران بە دوودڵی دەمێننەوە لە وەرگرتنی ئەم جۆرە کەرەستانە. بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان زانکۆکان و ئۆرگانەکانی حکوومەت و کەرتی تایبەت زۆر گرنگە بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە و پشتگیری کردن لە بیناسازیی پایەدار لە هەرێمی کوردستاندا.
بەشی حەفتەم: چارەسەر و پێشنیاری پراکتیکی
* نوێکردنەوەی ستانداردەکانی ئەندازیاری
* پاڵپشتی و هاندان لە لایەن حکوومەتی هەرێم
* پڕۆژەی تاقیکاری
* بەکارهێنانی ناچاری پاشماوە و کەرەستەی ریسایکلکراو لە کارە گشتیەکاندا
* هاوکاری پیشەسازی و زانکۆ و حکوومەت و کەرتی تایبەت
باشترکردنی بەکارهێنانی پاشماوە و کەرەستەی ریسایکلکراو لە پڕۆژەکانی ئەندازیاری لە هەرێمی کوردستان پێویستی بە کردارگەلی تەکنیکی و ئابووری و دامەزراوەیی هەماهەنگ هەیە. یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکان نوێکردنەوەی ستاندارد و تایبەتمەندییە ناوخۆییەکانە بۆ ئەوەی ڕێگە بدرێت بە بەکارهێنانی سەلامەتی کەرەستەی ریسایکلکراو لە ناو کۆنکرێت و رێگاوبان و پڕۆژەکانی ژێرخانیدا. ڕێنماییە تەکنیکییە روونەکان کە لەگەڵ کەرەستە ناوخۆییەکان بگونجێن، متمانەی ئەندازیاران زیاد دەکات و نادڵنیایی لە دیزاین و بیناسازیدا کەم دەکاتەوە.
هەروەها پشتیوانیی حکوومەت زۆر پێویستە. هاندانە داراییەکانی وەک کەمکردنەوەی باج، یارمەتییەکان، یان کەمکردنەوەی کرێی مۆڵەت دەتوانن هاندەری بەڵێندەران و وەبەرهێنەران بن بۆ دامەزراندنی کارگەی ریسایکلکردن. لە هەمان کاتدا، پڕۆژە تاقیکارییەکان کە لەلایەن دەسەڵاتە گشتییەکانەوە پارەیان بۆ دابین دەکرێت یان سەرپەرشتی دەکرێن دەتوانن ئەدای ڕاستەقینەی ماددەی ریسایکلکراو لە ژێر بارودۆخی ژینگەیی هەرێمی کوردستان نیشان بدەن. ئەم پرۆژانە بەڵگەی پراکتیکی دەخەنە روو و متمانە لە نێوان ئەندازیاران و کۆمپانیاکان و بڕیاردەران دروست دەکەن.
سەرەڕای ئەوەش، پڕۆژەکانی بیناسازیی گشتی دەبێ وردە وردە پێویستییان بە کەمترین رێژەی لەسەدی کەرەستەی ریسایکلکراو هەبێت، بەتایبەتی لە سەکتەری رێگاوبان، شەقامەکان، ڕێڕەوی پیادە، دروستکردنی کۆنکریت و پڕکردنەوە. ئەم سیاسەتە بازاڕێکی جێگیر بۆ کەرەستەی ریسایکلکراو دروست دەکات. لە کۆتاییدا، هاوکاریی بەهێزی نێوان پیشەسازی و زانکۆکان پێویستە بۆ گۆڕینی توێژینەوەی زانستی بۆ چارەسەری پراکتیلی. پڕۆژەی توێژینەوەی هاوبەش، تاقیکردنەوەی مەیدانی، و بەرنامەکانی ڕاهێنان دەتوانن یارمەتیدەر بن لە پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای گونجاو لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە پاڵپشتیی بنیاتنانی پایەدار لە هەرێمی کوردستاندا بکەن.
بەشی هەشتەم: دیدگای داهاتوو
* شارەکانی پاک و دوستی ژینگە
* ئابووری بازنەیی لە بواری بنیاتناندا
* هەلی کار لە بواری ژینگەییدا
* بەرپرسیارێتی لە گۆڕانی کەشوهەوا
ئایندەی بیناسازی لە هەرێمی کوردستان پێویستە هاوتەریب بێت لەگەڵ چەمکی "شارە پایەدارەکان" و دوستی ژینگە، کە سەرچاوەکان بە شێوەیەکی کارا بەکاربهێنرێن، و پاشماوەکان کەمتر بکرێنەوە. دەتوانرێت گەشەپێدانی شارەکان بە شێوەیەک پلانی بۆ دابنرێت کە کاریگەرییەکانی ژینگە کەم بکاتەوە لە هەمان کاتدا پێداویستییەکانی دانیشتووانێکی گەشەسەندوو دابین بکات. بەکارهێنانی پاشماوە و کەرەستەی ریسایکلکراو لە ژێرخانی ئابووری و نیشتەجێبوون و پڕۆژەکانی رێگاوباندا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دروستکردنی شارەکانی پایەدار و کەمکردنەوەی فشار لەسەر سەرچاوە سروشتییەکان.
بەشێکی سەرەکیی ئەم دیدە بریتییەکە لە گرتنەبەری ڕێبازێکی ئابووریی بازنەیی لە کەرتی بنیاتنان و بیناسازیدا. لەبری فڕێدانی پاشماوە، پێویستە کەرەستەکان لە چوارچێوەی خولەکانی بیناسازیی ناوخۆییدا دووبارە بەکاربهێنرێنەوە و ڕیسایکل بکرێنەوە. پاشماوەی بیناسازی و رووخاندن، بەرهەمە لاوەکییە پیشەسازییەکان و پاشماوەی دیکە دەتوانن ببنە سەرچاوەی بەنرخ بۆ پڕۆژەی نوێ. ئەم ڕێبازە دەتوانێت بەشێوەیەکی بەرچاو پاشماوەفڕێدان کەم بکاتەوە و کارایی ماددی لە هەرێمی کوردستان باشتر بکات.
هەروەها ئەم سیستەمە دەرفەت بۆ هەلی کاری لە بواری ژینگەیی لە کارگەکانی ریسایکلکردن، تاقیگەی تاقیکردنەوەی ماددەکردنی پاشماوەکان و خزمەتگوزارییەکانی بیناسازیی پایەدار دەڕەخسێنێت. جگە لەوەش بەکارهێنانی ماددەی ریسایکلکراو یارمەتیی کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن دەدات و پشتگیری لە بەرپرسیارێتی لە گۆڕانی کەشوهەوا دەکات. لە چوارچێوەی هەوڵە جیهانییەکاندا بۆ رووبەرووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتیی ئەوەی لە ئەستۆیە کە پراکتیزەی بیناسازیی بەردەوامتر و پایەدارتر بگرێتەبەر کە ژینگە دەپارێزێت و لە هەمان کاتدا پاڵپشتیی گەشەسەندنی ئابووریی درێژخایەن دەکات.
بەشی نۆیەم: ئامراز و هاندانەکانی حکوومەت
سیاسەتی حکوومەت رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە زیادکردنی دووبارەبەکارهێنانی پاشماوە و کەرەستەی ریسایکلکراو لە پڕۆژەکانی ئەندازیاریدا. لە هەرێمی کوردستان کەرتی تایبەت بە تەنیا ناتوانیت پرۆسەی ریسایکلین بەرەوپێش ببات، چونکە کەرەستە سروشتییەکان لە بازارەکان هەرزانن و رێساکان لاوازن. بۆیە دەستێوەردران و هاندانی حکوومەت پێویستە بۆ پاراستنی ژینگە، ڕێنماییکردنی کەرتی بیناسازی بەرەو پراکتیزەکردنی پایەدار و راستکردنەوەی ئەم ناهاوسەنگییەیە.
ئامرازەکانی ڕێکخستن و بەڕێوەبردن لە کاریگەرترین ئامرازەکانن. ئەمانە بریتین لە بەکارهێنانی ئیجباریی کەرەستەی ریسایکلکراو لە پڕۆژە گشتییەکاندا، سنووردارکردنی فڕێدانی پاشماوەی کۆنترۆڵنەکراوەکان بۆ زبڵدانەکان، و پەسەندکردنی یاسا و ڕێکارەکانی روون بۆ بەکارهێنانی کەرەستە ریسایکلکراوەکان. ئەم جۆرە ڕێسایانە خواست لەسەر کەرەستەی ریسایکلکراو دروست دەکەن و دڵنیایی یاسایی بۆ ئەندازیاران و بەڵێندەران دابین دەکەن. بەبێ ئەم یاسایانە، ریسایکلکردن بە شێوەیەکی خۆبەخشانە و سنووردار دەمێنێتەوە.
جێبەجێکردنی هاندانەکانی ئابووری و دارایی بە یەکسانی گرنگن. کەمکردنەوەی باج، قەرزی کەم سوود و پاڵپشتیکردنی حکوومەت دەتوانن کۆمپانیا تایبەتەکان هان بدەن بۆ وەبەرهێنان لە دامەزراوەکانی ریسایکلکردن و کارگەکانی پرۆسێسکردنی پاشماوەکان. هەروەها دەتوانرێت گەشە بدرێت بە پرۆژەکانی هاوبەش لە بەینی کەرتی گشتی و تایبەت کە بۆ هاوبەشکردنی مەترسییەکان و سوود و زیان لە نێوان حکوومەت و پیشەسازیدا بەکاربهێنرێت، بەتایبەتی بۆ پڕۆژەی گەورەی ریسایکلکردن یان پرۆژەکانی "گۆڕینی پاشماوە بۆ سەرچاوە" لە هەرێمی کوردستان.
هەروەها، ئامرازەکانی پێدانی زانیاری و هۆشیاریی گشتی بۆ باشترکردنی تێگەیشتن زۆر گرنگن. ستاندارد و ڕێنماییە تەکنیکییەکان، بەرنامەکانی ڕاهێنان و هەڵمەتەکانی هۆشیاریی گشتی دەتوانن هەڵوێستەکان بەرامبەر بە پاشماوەکان و کەرەستەی ریسایکلکراو لەنێو ئەندازیاران، بەڵێندەران و بڕیاربەدەستەکان بگۆڕن. بەرزکردنەوەی ئاستی ڕوشنبیری خەڵک و دەرکردنی ستانداردەکان دەبێ لە پێش هەموو شتێکەوە بن، دواتر هاندان و پڕۆژەی تاقیکاری و لە کۆتاییدا یاسا و ڕێنماییە ئیجبارییەکان. چوارچێوەیەکی سیاسەتی روون بۆ بەکارهێنانی کەرەستەی ریسایکلکراو کە هەر ئامرازێک بە سوودمەندەکانییەوە ببەستێتەوە وەک شارەوانییەکان، بەڵێندەران، زانکۆکان و وەبەرهێنەران کە دەتوانێت جێبەجێکردنی کاریگەر و هەماهەنگ مسۆگەر بکات.
بەشی دەیەم: رۆڵی شارەوانییەکان و حکوومەتە خۆجێییەکان
شارەوانییەکان ئەکتەری ناوەندین لە پێشخستنی بەکارهێنانی پاشماوە و کەرەستەی ریسایکلکراو لە پرۆژەکانی ئەندازیاری لە هەرێمی کوردستان. ئەوان بەرپرسیارن لە کۆکردنەوەی پاشماوە، پالندانان بۆ بەکارهێنانی زەوی، ژێرخانی ناوخۆیی و کارە گشتییەکان. لەبەر ئەوەی شارەوانییەکان و حکوومەتە خۆجێییەکان ڕاستەوخۆ رێگاوبان، شەقامەکان، بینا گشتییەکان و خزمەتگوزارییەکانی نیشتەجێبوون بەڕێوەدەبەن، لە پێگەیەکی بەهێزدان بۆ ناساندنی پراکتیزەکردنی بیناسازی پایەدار لەسەر ئاستی ناوخۆیی.
یەکخستنی بەڕێوەبردنی پاشماوە لەگەڵ پالندانانی شارەکاندا زۆر گرنگە. شارەوانییەکان دەتوانن شوێنی دیاریکراو بۆ جیاکردنەوەی پاشماوە، دامەزراوەی ریسایکلکردن و هەڵگرتنی پاشماوەی بیناسازی بەشێوەی کاتی پالن دابنێن. هەروەها دەتوانرێت بەکارهێنانی کەرەستەی ریسایکلکراو لە تەندەرە گشتییەکاندا پەسەند بکرێت، بە تایبەت بۆ شەقامەکان، چینی لاوەکی رێگاوبانەکان، و پڕۆژەکانی دیزاینکردنی زەوی. ئەم ڕێبازە خواستێکی جێگیر بۆ کەرەستەی ریسایکلکراو دروست دەکات.
شارەوانییەکان دەتوانن زیاتر پشتگیری لە گۆڕانکاری بکەن بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی تاقیکاری کە بەکارهێنانی سەلامەت و کاریگەرانەی کەرەستەی ریسایکلکراو لە ژێر بارودۆخ و ژینگەی ناوخۆییدا نیشان دەدەن. هەروەها بنیاتنانی توانا بۆ ستافی شارەوانی گرنگە، لەوانەش ڕاهێنان لە بیناسازی پایەدار، تاقیکردنی کەرەستە، بەڕێوەبردن و گرێبەستەکان. سەرەڕای ئەوەش، هاوکاری نێوان شارەوانییەکان دەتوانێت تێچوونەکان کەم بکاتەوە بە هاوبەشکردنی دامەزراوەکانی ریسایکلکردن، تاقیگە و شارەزایی تەکنیکی. چوارچێوەیەکی کارکردن کە بەرپرسیارێتی و هێڵە کاتییەکان بە روونی دیاری بکات دەتوانێت یارمەتی حکوومەتە ناوخۆییەکان بدات هەر لە پالندانانەوە تاوەکو جێبەجێکردن.
بەشی یازدەیەم – نەخشەڕێگای جێبەجێکردن
بۆ ئەوەی لە شیکردنەوەوە بۆ ئاستی کردار بگوازرێتەوە، هەرێمی کوردستان پێویستی بە نەخشەرێگایەکی روون و واقیعی هەیە بۆ زیادکردنی بەکارهێنانی پاشماوە و کەرەستەی ریسایکلکراو لە پرۆژەکانی ئەندازیاریدا. ئەم نەخشەرێگایە پێویستە قۆناغبەندی و هاوتەریب بێت لەگەڵ توانا دامەزراوەیی و تەکنیکییەکانی ئێستا. لە کورتخایەندا، پێویستە گرنگی بە کۆکردنەوەی زانیاری، بەرنامەکانی بەرزکردنەوەی هۆشیاریی گشتی، نوێکردنەوەی ستانداردە بنەڕەتییەکان و دەستپێکردنی پڕۆژەی تاقیکاری بچووک بدرێت. ئەم کردارانە پێویستییان بە وەبەرهێنانی سنووردار هەیە بەڵام متمانە دروست دەکەن و زانیاریی تەکنیکی زیاد دەکەن.
له ماوەی مامناوەنددا، حکوومەتەکان پێویستە پشتگیری لە دامەزراندنی دامەزراوەی ریسایکلکردن بکەن، پڕۆژە تاقیکارییەکان فراوان بکەن بۆ پراکتیکی ئاسایی، و هاندانێکی دارایی بۆ بەڵێندەران و وەبەرهێنەران دابین بکەن. پێویستە بەرپرسیارێتییەکان بە روونی دابەش بکرێن، شارەوانییەکان وحکوومەتە خۆجێییەکان کۆکردنەوەی پاشماوەی ناوخۆیی و پڕۆژەی تاقیکاری بەڕێوەببەن، لە کاتێکدا دەسەڵتە نیشتمانی و ناوچەییەکان ڕێسا و ستاندارد و میکانیزمی پارەدان پەرەپێبدەن. ئەم قۆناغە متمانەی بازار و توانای تەکنیکی بەهێز دەکات.
له درێژخایەندا پێویستە کەرەستەی ریسایکلکراو ببێتە بەشێکی ئاسایی لە پراکتیکی پڕۆژەکان و بە تایبەت سەکتەری بیناسازی لە کوردستان. کاتێک ئەزموونی پێویست بەدەست دێت، بەکارهێنانی ناچاری کەرەستە ریسایکلکراوەکان لە کارە گشتیەکاندا، یەکخستنی تەواوی بنەماکانی ئابووری بازنەیی، و سیستەمی پێشکەوتووی کۆنترۆڵکردنی کوالێتی دەتوانێت جێبەجێ بکرێت.
چاودێریکردن و هەڵسەنگاندنی ئەدای کارکردن وەک رێژەی بەکارهێنانی ماددە ریسایکلکراوەکان، کەمکردنەوەی قەبارەی زبڵدانەکان، و کەمکردنەوەی تێچوون زۆر گرنگن بۆ هەڵسەنگاندنی پێشکەتنی پرۆسەکە و ڕێکخستنی سیاسەتەکان. خشتەی نەخشەرێگای روون کە هێڵە کاتییەکان و بەرپرسیارێتییەکان دیار دەکات دەتوانێت بڕیاربەدەستەکان بەرەو جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە بە شێوەی سەرکەوتوو، پایەدار و بەردەوام ڕێنمایی بکات.
دەرەئەنجام
ئەم راپۆرتە لێکۆڵینەوەی لەوە کردووە کە بۆچی سەرەڕای توانای تەکنیکی و ژینگەیی و ئابووری، پاشماوە و کەرەستەی ریسایکلکراو زۆر بە دەگمەن لە پڕۆژەکانی ئەندازیاری لە هەرێمی کوردستان بە کار دەهێنرێت. شیکارییەکە دەریخستووە کە کێشەکە کەمی کەرەستە نییە، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە سنووردارکردنی زانیاریی تەکنیکی، یاسا و ڕێنماییە لاوازەکان، نەبوونی پاڵپشتیی ئابووری، بۆشاییی دامەزراوەیی و بەڕێوەبردن و ڕێگرییە کولتوورییەکان لەناو کەرتی بیناسازیدا.
ئەزموونی وڵاتانی دیکە نیشان دەدات کە دەتوانرێت لە ڕێگەی ستانداردی روون و پاڵپشتی و سیاسەتی بەهێزی حکوومەت و هاوکاریی نزیک لە نێوان دامەزراوە حکومییەکان و زانکۆکان و کەرتی تایبەت و پیشەسازییەکاندا ئەم بەربەستانە تێپەڕێنرێن. بۆ هەرێمی کوردستان، گرتنەبەری شێوازەکانی بیناسازیی پایەدار دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە ژینگەییەکان، پاراستنی سامانە سروشتییەکان، و باشترکردنی بەڕێوەبردنی پاشماوە لە هەمان کاتدا پاڵپشتیی گەشەپێدانی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کار.
نەخشەڕێگا و پێشنیازەکانی پراکتیکی کە لەم راپۆرتەدا خراوەتەروو، رێگایەکی واقیعی بۆ پێشەوە دەڕەخسێنن. بە دەستپێکردن لە پڕۆژەی تاقیکاری و بەهێزکردنی توانای ناوخۆیی و هێنانەکایەی ئامرازەکانی ڕێکخستن و ئابووری، پاشماوە و کەرەستەی ریسایکلکراو دەتوانن ببنە بەشێکی ئاسایی لە پراکتیکی ئەندازیاری لە هەرێمی کوردستاندا. گەیشتن بەم ئامانجە پێویستی بە پابەندبوونی لایەنە داڕێژەرانی سیاسەت، شارەوانییەکان، حکوومەتە خۆجێییەکان، ئەندازیاران و توێژەران هەیە بۆ هەنگاونان لە شێوازە تەقلیدییەکانەوە بەرەو داهاتوویەکی بیناسازیی پایەدارتر و بەرپرسیارانەتر.
سەرچاوەکان
کرتە بکە بۆ بینین و خوێندنەوەی توێژینەوەکانی نووسەر.