گۆڕانکارییەکانی گۆڕەپانی سیاسی و دووبارە رێکخستنەوەی هاوکێشەی هێز

گۆڕانکارییەکانی گۆڕەپانی سیاسی و دووبارە رێکخستنەوەی هاوکێشەی هێز
گۆڕانکارییەکانی گۆڕەپانی سیاسی و دووبارە رێکخستنەوەی هاوکێشەی هێز

دوابەدوای شەڕی چل رۆژەی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، خەریکە کاریگەرییەکانی لەسەر پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەردەکەون، بە جۆرێک ئەمریکا لە دوای لاوازبوونی هەژموونی ئێران لە عێراق، پرۆسەی دووبارە رێکخستنەوەی باڵانسی هێزی دەستپێکردووە بە مەبەستی کۆتاییهێنانی یەکجاری بە هەژموونی ئەو وڵاتە لە عێراقدا. ئەمەش خۆی دەبینێتەوە لە گرتنەبەری کۆمەڵێک هەنگاوی یەک لەدوای یەکی بەرنامە بۆداڕێژراو.

بێگومان دەستنیشانکردنی عەلی زەیدی لەدوای ڤیتۆکەی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لەسەر نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، هۆکارێک بوو  بۆ دوورخستنەوەی محەمەد شیاع سوودانی لە دووبارە گرتنەوەی دەسەڵات لە عێراقدا، کە هاوکارێکی جددی گرووپە میلیشیاکان بوو، ئەمەش ئەو راستییەی روونکردەوە کە هەر لە سەرەتاوە ئەمەریکییەکان مەبەستیان بوو کە کەسایەتییەک سەرکردایەتیی عێراق بکات تەواو دوور بێت لە هەژموونی ئێران. بە شێوەیەک سەرۆکوەزیرانی نوێ کەسایەتییەکی شۆڕشگێری رابردوو و ئۆپۆزسیۆن نەبووە لە ئێران ژیابێت و نە لە رابردووشدا کارەکتەرێکی سیاسی بووە کە بەشدار بێت لە شەڕی تائیفی لە عێراق و نە حزبی سیاسی هەیە تا بەشدار بێت لە ململانێ سیاسییەکاندا.

زەیدی هاوکات بە شێوەیەکی یەکسان نزیکە لە هەموو پێکهاتەکانی عێراق، لە هەمووشی گرینگتر پاڵپشتیی تەواوی ئیدارەی ئێستای ئەمریکای هەیە.

هەنگاوی دەستپێکردنی چەکدانانی گرووپە چەکدارەکانی شیعە و چوونە نێو دەزگا ئەمنییەکانی دەوڵەت، دەکرێت بە گۆڕانکاریی جەوهەری لە روئیای هێزە شیعەکان هەژمار بکرێت بۆ داهاتووی دەسەڵاتیان لە عێراقدا، بە شێوەیەک ئەمریکاییەکان هیچ مەودایەکیان بۆیان نەهێشتەوە یاخود دوورکەوتنەوە لە کایەی سیاسی یانیش چەکدانان و بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی، کە ئەمەش بە دڵنیاییەوە بەمانای بێهێزبوونی هەژموونی ئێران دێت لە عێراق، هەرچەندە بۆچوونێک هەیە کە دەبێت مەبەست لەم هەنگاوەی ئەم هێزە چەکدارانە بۆ زیاتر چوون بێت بۆ نێو قووڵایی دەسەڵات، بەڵام لە راستیدا پێچەوانەکەی دروستە و رادەستبوونی ئەم هێزە چەکدارە نزیکانەی ئێرانە بە ئیرادەی ئەمریکا، کە بە بەدڵنیاییەوە بڕیار و جوڵەی  ئەم هێزانە بۆ لەمەبەدوا زۆر سنووردار دەبێت و ئەمەریکییەکان لە رێگەی حکوومەتی عێراقەوە زۆر بە ئاسانتر چاودێرییان بکەن.

لە راستیدا گۆڕانکارییەکی تری زۆر کاریگەر لەسەر دووبارە رێکخستنەوەی باڵانسی هێز لە عێراقدا، دووبارە رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستانە، بە شێوەیەک هەمیشە لە رابردوودا بە هۆی بوونی پەیوەندیی نزیکی هەولێر لەگەڵ ئەمریکا و رۆژئاوا، بووەتە ئامانجی هێزە نزیکەکانی ئێران لە عێراقدا، کە بەردەوام ئاستەنگیان بۆ پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە و رێگر بوون لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بە هۆکاری ئەوەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو حکوومەت، بە واتای کەمکردنەوەی دەستێوەردانی وڵاتانی هەرێمی دێت کە لە رابردوودا هەمیشە ناسەقامگیریی پەیوەندیی نێوان حکوومەتەکان و هێزە سیاسییەکانی عێراقیان بۆ فشار خستنە سەر ئەو هێزانەی بەکارهێناوە کە نەچوونەتە ژێر هەژموونیان لە هەرسێ پێکهاتەکان شیعە و سوننە و کورد.

ئەوەی روونە عێراق لە ئێستادا بە کردەیی و هەنگا و بە هەنگاو لە ژێر ئەم هەژموونە خۆی دەرباز دەکات و سیستمی ئەسیکۆداش رێگایەکە بۆ رێگریکردن لە سپیکردنەوەی دۆلار و کەمکردنەوەی پشبەستنی عێراق بۆ گازی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و کڕینی بەشێکی باش لە کارەبا لە هەرێم و داخستنی گەرووی هورمز و هەناردەکردنی نەوتەکەی لەرێگەی بۆری هەرێمی کوردستان - جەیهان و سووریا و خێراکردنی لە تەواوکردنی رێگای گەشەپێدان و خەریکبوونی ئێران بە شەڕ لەگەڵ ئەمریکا - ئیسرائیل، هەموو ئەمانەش بوار بە عێراق دەدەن ئیدی لە داهاتوودا وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری بتوانێت خۆی خاوەنی بڕیاری خۆی بێت و هەنگاوی کرداری بە هاوکاریی ئەمریکا بە ئاڕاستەی زیاتر پێشکەوتن و سەقامگیریی وڵات بنێت.